ململانێ و ناکۆکییەکانی دوو ساڵی ڕابردووی نێوان پارتی و یەکێتی، هاوکات لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی داهات، نەوت و قاچاغچێتی، پێگەی هەرێمی کوردستانی لە بەغدا و ئاستی نێودەوڵەتیدا لاواز کردووە. ئەم دۆخە هاوکاتە لەگەڵ ورووژاندنی دۆسیەی گەندەڵی و دەنگۆی هەبوونی دەیان ملیار دۆلار لە حیسابی بانکیی بەرپرساندا کە لەلایەن عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە باسی لێوە کراوە، لە کاتێکدا هاوڵاتیان بەدەست قەیرانی موچە و بژێوییەوە دەناڵێنن.
«دەستپێشخەریی دیالۆگی نیشتمانی و بەشداربووان»
بڕیارە ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو کۆبوونەوەی "دیالۆگی نیشتمانی" بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەڕێوەبچێت؛ ئەمەش دوای ئەوەی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ڕۆژی چوارشەمەی هەفتەی ڕابردوو دەستپێشخەرییەکەی ڕاگەیاند. بەپێی زانیارییەکانی (ئیرادە)، بڕیارە تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا، لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بێت و واشنتن لەسەر پێشنیازی بارزانی نوێنەری گفتوگۆکانی دیاری کردووە.
لەسەر ئاستی بەشداربووانی کۆبوونەوەکە:
لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم.
لە پارتی دیموکراتی کوردستان: نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم.
لە بەغدا: نزار ئامیدی، سەرۆک کۆمار، فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، و عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیران، لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرکردە سیاسییەکانی شیعە و سوننە.
«کۆبوونەوەی باڵای پارتی و یەکێتی پێش چوونە بەغدا»
کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆ شاندێکی باڵای پارتی بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی، جێگرانی سەرۆکی پارتی، لە شاری سلێمانی لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، قوباد تاڵەبانی و بەرپرسانی باڵای ئەو حزبە کۆبوونەوە. ئامانجی کۆبوونەوەکە یەکخستنی هەڵوێستی هەردوو حزبە پێش کۆبوونەوەی سێشەممەی بەغدا.
بەپێی زانیارییەکانی (ئیرادە)، بەغدا وەرەقەی گفتوگۆی ئامادە کردووە کە سەرجەم بڕیارەکانی لەخۆ گرتووە، بەڵام تا ئێستا بەهۆی ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتییەوە، ئەو دوو حزبە ئامادە نین بە یەک پاکێج بچنە بەغدا و جگە لە بەرگریکردن و نەهاتنی هێز بۆ هەرێم، وەرەقەیەکی بەهێز ئامادە نەکراوە.
«بڕیارەکانی زەیدی، قاچاغی نەوت و هەڵوێستی ئەمریکا»
جووڵە و بڕیارە کتوپڕەکانی عەلی زەیدی بۆ ڕێگری لە قاچاغی نەوت، کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان، ڕادەستکردنی داهاتی نەوت و گەڕاندنەوەی کێڵگە نەوتییەکانی ناوچە جێناکۆکەکان بۆ سەر وەزارەتی نەوتی عێراق، دۆخێکی نوێی هێناوەتە ئاراوە. لەم بارەیەوە، هیوا مەلا ئادەم، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی هەڵوێست، ڕایگەیاندووە کە بەپێی داتا و بەدواداچوونەکانیان، لە هەرێمی کوردستان ڕۆژانە لە هەر کاتژمێرێکدا ١٥ تانکەر نەوتی قاچاخ دەبرێتە دەرەوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە بڕیاری هاتنی هێز بۆ خاڵە سنوورییەکان و ئیدارەدانی بیرە نەوتەکان بە ئاگاداری ئەمریکا، تورکیا، پارتی و یەکێتی دراوە، و باسی لە ئەگەری کۆبوونەوەی فراوانتر لە یەکی مانگدا کردووە بە بەشداریی سەرکردە عێراقی و کوردییەکان و نوێنەری کوتلە سێ حزبەکە (هەڵوێست، یەکگرتوو و کۆمەڵ).
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، هەڵوێستی ئەمریکا و جووڵەکانی تۆم باراک لە چوارچێوەی ستراتیژی سنووردارکردنی هەژموونی ئێران و دۆسیەی وزەدا، پشتیوانی لە ڕێگریکردن لە قاچاغی نەوت دەکات. هاوکات، وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە کەناڵی (الجزیرە)ی ڕاگەیاندووە کە واشنتن پشتیوانی لە عێراقێکی یەکگرتووی فیدراڵی و هەرێمێکی سەقامگیر دەکات و داوای چارەسەرکردنی کێشەکان دەکات لە ڕێگەی گفتوگۆ و بەپێی دەستوور. لە ڕووی دەستوورییەوە، جێبەجێنەکردنی زۆرێک لە ماددە دەستوورییەکان و جیاوازیی لێکدانەوەکان، دۆسیەکانی نەوت، ناوچە جێناکۆکەکان و پێشمەرگەی بە هەڵپەسێردراوی هێشتووەتەوە.
«دابەشبوونی شەقام و ڕێگەچارە پێویستەکان»
ئەم پێشهاتانە ڕای گشتیی هەرێمی کوردستانی بەسەر دوو ئاراستەدا دابەش کردووە؛ بەشێک بە نیگەرانییەوە لە بڕیارەکانی بەغدا دەڕوانن و بە هەوڵێک بۆ لاوازکردن و لەقاڵبدانی قەوارەی هەرێمی دەزانن، بەتایبەت کە لە بەغداش لێپرسینەوەی جددی لە گەندەڵی نییە، لە کاتێکدا بەشێکی تر بەرپرسانی هەرێم بە هۆکاری سەرەکیی ئەم دۆخە دەزانن بەهۆی قاچاغی نەوت، قۆرخکاریی بازاڕ و قەیرانی ١١ ساڵەی موچە، و داوای چاکسازیی ڕیشەیی دەکەن.
بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە هەستیارە، چاودێران پێویستیی چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان، پێکهێنانی ژووری عەمەلیات و گوتارێکی هاوبەش، ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و قاچاغچێتی، ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی جددی لەگەڵ بەغدا و گرتنەبەری شێوازێکی نوێی حوکمڕانی جەخت دەکەنەوە بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان و پاراستنی پێگەی هەرێم.