لە دۆسیەی توندوتیژیی دژی ژنان و خێزاندا، زانیارییە فەرمی و گشتییەکان زۆر کات سنووردار و ناڕوون دەمێننەوە؛ ئەم کەمیی زانیارییە تەنیا تایبەت نییە بە وردەکاریی پێشێلکارییەکان و ڕێکارە یاسایی و ئەمنییەکان، بەڵکو ژمارە و ناونیشانی سەنتەرەکانی داڵدەدان، شێوازی پاراستن، جۆری خزمەتگوزارییەکان، ماوەی مانەوە و بەرنامەکانی خوێندن و پەروەردەش دەگرێتەوە، سەرەڕای ئەوەی ئەم وردەکارییانە بۆ ئەو ژنانەی بەدوای پەناگەیەکی سەلامەتدا دەگەڕێن، جێی بایەخێکی ڕاستەوخۆ و خێران.
«لە پەیوەندیی فریاکەوتنەوە تا گەیشتن بە شوێنی پاراستن»
لە یەکێک لە نموونە تۆمارکراوەکانی کەرکووک و کەربەلا و ناوچەکانی دیکەدا، حاڵەتی وا هەبووە کە بەهۆی بوونی مەترسیی توندوتیژی لە نێو خێزاندا، پەیوەندی بە هێڵی فریاکەوتنی (911)ـەوە کراوە و هێزەکانی پۆلیس و بەشی "پاراستنی خێزان و منداڵ" دوای وەرگرتنی ڕەزامەندییەکان چوونەتە شوێنی نیشتەجێبوون و کەسی زیانلێکەوتوویان گواستووەتەوە. هەرچەندە پاراستنی ناسنامە و نهێنیی کەسیی قوربانی مافێکی بنەڕەتییە، بەڵام لە زۆر ڕاگەیاندندا کاتی وردی پەیوەندیکردن، ماوەی چاوەڕوانی، ئەوەی ئایا ئەم ڕێکارە لە درەنگانی شەو و دوای کاتەکانی دەوامی فەرمیدا بە هەمان شێوە کارا دەبێت یان نا، و جۆری ئەو ناوەندەی کەسەکەی بۆ دەگوازرێتەوە، بە ڕوونی نەخراوەتە ڕوو.
لە ڕێنماییەکانی بوابة (ئور) و لێدوانی بەرپرسانی سیستەمی وەڵامدانەوەدا باس لە تۆڕێکی پەیوەندی دەکرێت کە هێڵی گشتی بە بنکەکانی پارێزگاکان و پێکهاتە پسپۆڕەکانەوە دەبەستێتەوە؛ ئەمە یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی ژنێک کە ناوی بەشە کارگێڕییەکان نەزانێت، بتوانێت لە ڕێگەی دەروازەیەکی دیاریکراوەوە پەیوەندی بکات. بەڵام جیاوازییەکی بەرچاو هەیە لە نێوان وەرگرتنی پەیوەندی لە ناوەندێکی گشتیدا و دڵنیابوون لەوەی کەسێکی پسپۆڕ مەترسییەکە هەڵدەسەنگێنێت، گوێ لە چیرۆکی کەسەکە دەگرێت و شوێنێکی ئامادەکراو و گونجاو بۆ مانەوەی دابین دەکات. هەروەها کاتێک سەرچاوەی توندوتیژی لە نێو خودی خێزان یان کەسە نزیکەکان بێت، گەڕانەوە بۆ ناو خێزان خۆی دەکرێت ببێتە سەرچاوەی مەترسییەکی نوێ.
«ئامارەکان، شێوازی پۆلێنکردن و ئاڵۆزیی دۆخی دایکان و منداڵان»
لە ڕاپۆرت و لێدوانە جیاوازەکانی دامەزراوە فەرمی و مەدەنی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا، ژمارە و ئاماری جیاواز دەخرێنە ڕوو؛ لەوانە ئامارەکانی سکاڵای توندوتیژیی خێزانی لە دادگاکان، داتاکانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، و هەروەها ڕاگەیاندنی دامەزراوە کۆمەڵایەتی و خێرخوازییەکان سەبارەت بە ناوەندەکانی چاودێری و ڕاهێنان.
لە خوێندنەوەی ئەم داتایانەدا، تێکەڵنەکردنی چەمک و پۆلێنەکان زۆر گرنگە:
«جیاوازیی تاک و خێزان»
لە هەندێک ئاماردا ژمارەکان بەپێی خێزان تۆمار دەکرێن و لە هەندێکی تر بەپێی تاک؛ هەروەها ئاماری ئەو کەسانەی سوودمەندن لە خزمەتگوزاریی چاودێری یان پەروەردە و نیشتەجێبوون، هەمیشە بەو واتایە نایەت کە هەموویان بەهۆی توندوتیژیی خێزانییەوە ڕوویان لەو شوێنە کردبێت.
«ماوەی مانەوە و توانای وەرگرتن»
ژمارەی ئەو کەسانەی لە ڕۆژێکی دیاریکراودا لە ناوەندێکدا دەمێننەوە، جیاوازە لە کۆی ئەو کەسانەی بە درێژایی ساڵێک سوودمەند بوون، چونکە هەندێک دۆسیە و پێداویستی بۆ چەند مانگێک درێژە دەکێشن.
«پرسی هاوڕێیەتیی منداڵان»
بۆ ژنێک کە منداڵی لەگەڵە، بڕیاردان بۆ بەجێهێشتنی ماڵەوە تەنیا پەیوەست نییە بە دۆزینەوەی شوێنی خەوتن؛ بەڵکو پرسیاری پراکتیکیی وەک: ئایا دایک و منداڵ پێکەوە دەتوانن لە یەک شوێن بمێننەوە؟ چۆن درێژە بە خوێندنی منداڵان دەدرێت؟ و چ میکانیزمێک هەیە بۆ پاراستنی سەلامەتییان لە کاتی گواستنەوە و دوای دەرچوون؟ ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان هەیە.
«لە نۆرینگە و دادگاوە تا سەربەخۆیی ئابووری و قۆناغی دوای دەرچوون»
زۆر جار یەکەم وێستگەی ژنێک دوای ڕوودانی توندوتیژی، ناوەندە تەندروستییەکانە نەک پۆلیس؛ لەم قۆناغەدا بوونی شوێنی تایبەت بۆ گفتوگۆی پارێزراو و هەماهەنگیی تەندروستی و یاسایی گرنگیی زۆری هەیە، بەتایبەت کاتێک پێداویستیی چارەسەر یان سکاڵا و پێداچوونەوە بە دۆسیەکانی وەک نەفەقە و مافە یاساییەکان بۆ ماوەیەک بەردەوام دەبێت.
لە لایەکی دیکەوە، لاوازیی سەرچاوەی ئابووریی سەربەخۆ و کەمیی بەشداریی ژنان لە بازاڕی کاردا، هەنگاوی چوونەدەرەوە و مانەوە لە دەرەوەی ماڵەوە قورستر دەکات؛ چونکە نەبوونی داهاتی خێرا یان شوێنی جێگرەوەی سەلامەت وا دەکات هەندێک ژن لەبەر نەبوونی بژاردەی تر ناچار بن بگەڕێنەوە یان بێدەنگی هەڵبژێرن. هاوکات، قۆناغی دوای دەرچوون لە پەناگە و گەڕانەوە بۆ کۆمەڵگە یان خێزان، پێویستی بە بەدواداچوونی وریا و پارێزراو هەیە بە شێوەیەک کە نهێنی و سەلامەتیی کەسەکە نەخاتە مەترسییەوە.
«چی پێویستە ڕوونتر بکرێتەوە؟»
لە کاتێکدا پاراستنی نهێنیی ژنان و ناونیشانی وردی شوێنەکانی داڵدەدان پێویستییەکی جیدی و یاساییە، بەڵام خستنەڕووی زانیاریی گشتیی ڕوون سەبارەت بە: شێوازی وەرگرتنی داواکاری لە دەرەوەی کاتی دەوامی فەرمی، میکانیزمی گواستنەوە، ڕێساکانی مامەڵە لەگەڵ دایک و منداڵ، و داتای گشتیی پارێزراو لەبارەی داواکارییەکان و ڕادەی وەڵامدانەوە، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی ژنان لە کاتی پێویستدا بەرچاوڕوونی زیاتریان هەبێت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانیش بتوانن بە شێوەیەکی کاریگەرتر وەڵامی پێداویستییەکانیان بدەنەوە.
«لە ساڵی 2025 چەند حاڵەتی توندوتیژی تۆماركراوە و حاڵەتەكانیش لە دەوری چییدا خۆیان بینیوەتەوە»
- توندوتیژی خێزانی ... بەپێی ئامارەكانی روانگەی عیراقی بۆ مافەكانی مرۆڤ، لە ساڵی 2025دا 36 هەزار 289 حاڵەتی توندوتیژی خێزانی تۆماركراون، لەكاتێكدا لە ساڵی 2024دا وەزارەتی ناوخۆ نزیكەی 14 هەزار سكاڵای تۆماركردبوو، ئەمەش بەرزبوونەوەیەكی بێپێشینەیە بە رێژەی زیاتر لە سەدا 150، چاودێران هۆشداری دەدەن كە ئەم ژمارانە تەنها بەشێكی راستییەكانن، چونكە ترسی كۆمەڵایەتی و فشارەكان ڕێگرن لەوەی زۆربەی قوربانییان پەنا بۆ پۆلیس و دادگا ببەن.
- توندوتیژی ئابووری ... توندوتیژی ئابووری یەكێكە لە بڵاوترین جۆرەكانی پێشێلكاری كە بریتییە لە دەستبەسەرداگرتنی مووچەی ژن، بێبەشكردنی لە میرات و نەفەقە و ڕێگریكردن لە كاركردن. بەپێی ڕووپێوییەكی ساڵی 2021، توندوتیژی ئابووری بە ڕێژەی سەدا 22 لە پێشەنگی جۆرەكانی توندوتیژیدا بووە. هەروەها لە توێژینەوەیەكی ساڵی 2025دا بە ڕێژەی سەدا 15 پۆینت هەشت لە پلەی سێیەمدا هاتووە، كە وایكردووە ژنان بەهۆی بێداهاتییەوە نەتوانن لە ژینگەی توندوتیژ دەربازبن.
- توندوتیژی جەستەیی ... لە توێژینەوەیەكی نیشتمانیی ساڵی 2025دا كە لە شەش پارێزگای عیراق ئەنجامدراوە، توندوتیژی جەستەیی بە ڕێژەی سەدا 34 پۆینت دو لە پلەی یەكەمدا هاتووە .
- هەڕەشەی ئەلیكترۆنی ... لەگەڵ فراوانبوونی سۆشیاڵ میدیا، توندوتیژی ئەلیكترۆنی بووەتە هەڕەشەیەكی جدی، وەزارەتی ناوخۆ لە سەرەتای ساڵی 2026 تا مانگی ئەیلوول، 864 حاڵەتی هەڕەشەی ئەلیكترۆنی تۆماركردووە كە زیاتر لە سەدا 88 یان دژی مێینە بوون. هاوكات راپۆرتێكی نێودەوڵەتی لە تشرینی دووەمی 2026دا 250 حاڵەتی وتاری ڕقوكینە و ناوزڕاندنی دژی چالاكوانان تۆماركردووە، و بەپێی ئامارەكان نزیكەی سەدا 50 ژنانی توندوتیژیلێكراو رووبەڕووی گێچەڵی