نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، ئەندامانی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی کە پێکهاتبوون لە پەروین بوڵدان، مەدحەت سانجەر و فایەق ئۆزگور ئەرۆڵ، لە نووسینگەی فراکسیۆنی مەهەپە لە ناو پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا کە نزیکەی کاتژمێرێکی خایاند، قۆناغی ئێستای پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک لەگەڵ پێداویستییە سیاسی و یاساییەکانی ئەم قۆناغە هەڵسەنگێندران.
ئەم دیدارە دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی چوارشەممە، ٢٥ی تشرینی دووەم، شاندەکە لەگەڵ ئاکین گورلەک، وەزیری دادی تورکیا، کۆبووبووەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا تیشک خرابووە سەر ڕەهەندە یاساییەکانی پرۆسەکە، کێشەکانی جێبەجێکردنی سزاکان و دۆخی زیندانییە نەخۆشەکان. ئەم زنجیرە جووڵە و کۆبوونەوانەش لە ئەنقەرە هاوکاتە لەگەڵ کۆتا دیداری شاندەکە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجالان لە دوورگەی ئیمراڵی، کە ڕۆژی یەکشەممە، ٢٢ی تشرینی دووەم بەڕێوەچوو.
«ڕوونکردنەوە لەسەر دەنگۆکانی ئیمراڵی و مافە یاساییەکان»
لە لایەکی دیکەوە، ئایشە گوڵ دۆغان، وتەبێژی دەم پارتی، لە میانی بەشداریکردنیدا لە پەخشی مێدیاسکۆپ، وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە کە باسیان لە چوونی خوشکەزای عەبدوڵڵا ئۆجالان بۆ دوورگەی ئیمراڵی دەکرد وەک یاریدەدەر یان ئاسانکار. دۆغان ڕایگەیاند کە خوشکەزاکەی ناوبەناو و بە شێوەی دەوری بە ئاگاداریی وەزارەت و ڕەزامەندیی داواکاری گشتی سەردانی دوورگەکە دەکات، بەڵام لەوێ نامێنێتەوە و تەنیا لەوانەیە بە شێوەیەکی ئاسایی هەندێک پێداویستی جێبەجێ بکات.
سەبارەت بە دۆخی ئێستای دوورگەی ئیمراڵی، وتەبێژی دەم پارتی ئاماژەی بەوە دا کە پێشتر هەندێک زیندانی ڕەوانەی دوورگەکە کراون کە لە تیمی کارکردندان و بە پێگەی زیندانی و سزادراو لەوێن، و جەختی کردەوە کە لە دەرەوە و لە هیچ شوێنێکی دەرەوەی زیندانەوە هیچ کەسێک ڕەوانەی ئیمراڵی نەکراوە. هەروەها ڕایگەیاند کە ئەو مافانەی تا ئێستا بەکارنەهێنراون، لە ڕای گشتیدا وەک ئیمتیازی نوێ نیشان دەدرێن، لە کاتێکدا جگە لە دیداری پارێزەر و خێزان، مافەکانی وەک دیدار لەگەڵ کەسانی دیاریکراو لەلایەن سزادراوەوە، ناردنی نامە و پەیوەندی و بەکارهێنانی تەلەفۆن لە چوارچێوەی یاسادا هێشتا لە ئۆجالان زەوت کراون.
«پەیامی کەجەکە لەبارەی پرۆسەکە و قۆناغی داهاتوو»
هاوکات لە ڕاگەیاندراوێکدا بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکە، هاوسەرۆکایەتیی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە ئاماژەی بەوە دا، پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک کە دوو ساڵە بەردەوامە و ستراتیژیی نوێی تێکۆشانی سیاسی، لەسەر بنەمای تێکۆشانی ٥٢ ساڵە بنیات نراون. لە ڕاگەیاندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە لە تێکۆشانی ئازادیدا وەک دەستپێکێکی نوێ سەیر دەکرێت و پێی وایە لە ڕێگەی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیکەوە دەستکەوتی نوێ بەدەست دێن بۆ گەیشتن بە ژیانێکی دیموکراتیک و ئازاد لە ناوچەکەدا.