پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر دوای بڕیارەکانی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەبارەت بە دەروازە سنوورییەکان، مۆڵەتی هەناردەی نەوت و بەرەنگاربوونەوەی قاچاغچێتی، هەرێمی کوردستانی خستە بەردەم قۆناغێکی هەستیار و مەترسیدارەوە. سەرەڕای قووڵبوونەوەی قەیرانە ناوخۆییەکان و ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر حوکمڕانی و ململانێی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم، شەپۆلێکی بەرفراوانی پشتیوانی لە ناوخۆی باشوور و پارچەکانی دیکەی کوردستانەوە بۆ پاراستن و مانەوەی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان سەریهەڵداوە.
«عەلی زەیدی فەرمانی بە دەسەڵاتە فیدراڵییەکان کرد دەروازە سنوورییەکانی ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان کۆنترۆڵ بکەن»
گرژییەکان دوای ئەوە توندبوونەوە کە عەلی زەیدی فەرمانی بە دەسەڵاتە فیدراڵییەکان کرد دەروازە سنوورییەکانی ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان کۆنترۆڵ بکەن و ڕێگری لە بەقاچاخبردنی نەوت بکەن. لە سەرەتادا وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ئاماژەی بە بڵاوەپێکردنی یەکە سەربازییەکان و داخستنی ڕێگا نافەرمییەکان کرد، کە ئەمەش نیگەرانیی توندی لێکەوتەوە. دواتر سەرچاوەیەکی فەرمیی حکومەتی عێراق بۆ ڕۆژنامەی "شەرقولئەوسەت" هەموو نیازێکی بۆ جوڵاندنی هێزی سەربازی بەرەو هەرێمی کوردستان ڕەتکردەوە و جەختی کردەوە کە کێشەی دەروازەکان بەپێی میکانیزمەکانی دەستوور و بە هەماهەنگیی نێوان بەغدا و هەولێر چارەسەر دەکرێت، بە مەرجێک حکومەتی فیدراڵی ئاگاداری تەواوی کاروباری دەروازەکان بێت. هاوکات نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش ڕایگەیاند کە بڕیارەکان لە ئیرادەی سەربەخۆ و دەستووریی عێراقەوە سەرچاوە دەگرن و دوورن لە هەر دەستوەردانێکی دەرەکی.
«بڕیار درا سەرەتای مانگی داهاتوو گفتوگۆیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا بەڕێوەبچێت»
لەلای خۆیانەوە، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، داوایان کرد هەمووان پابەندی دەستووری 2005 بن، لە زمانی گرژیی میدیایی دوور بکەونەوە و دادگای باڵای فیدراڵی وەک مەرجەعی یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان بناسێنن. دواجاریش لە کۆبوونەوەی هەر چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراقدا بڕیار درا سەرەتای مانگی داهاتوو گفتوگۆیەکی نیشتمانی بە چاودێریی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا بەڕێوەبچێت.
لە هەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنی وەزیران و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم، بەکارهێنانی زمانی سەربازییان بە پێشێلکاریی دەستوور و هەنگاوێکی مەترسیدار بەرەو ناوەندگەرایی وەسف کرد. ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە قەوارەی هەرێم بەرهەمی خوێنی شەهیدان و قوربانیدانی پێشمەرگەیە و ناکرێت مافەکانی تەنیا لە مووچەدا کورت بکرێتەوە. مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمیش، وێڕای ڕەتکردنەوەی بڕیارە تاکلایەنەکانی بەغدا، دەرگای گفتوگۆی بە کراوەیی هێشتەوە.
«بارزانی:هەرێم ناچێتە ژێر باری بڕیاری نادەستووری و میزاجی کەسی»
لەسەر ئاستی حیزبی، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، هۆشداریی دا لە پێشێلکردنی پڕەنسیپەکانی هاوبەشی و سازان و ڕایگەیاند کە هەرێم ناچێتە ژێر باری بڕیاری نادەستووری و میزاجی کەسی. بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش، جەختی لە پاراستنی شکۆ، خاک و پێگەی دەستووریی هەرێم و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و پەنابردن بۆ چارەسەری دیپلۆماسی کردەوە. هاوکات کاروان گەزنەیی، وتەبێژی یەکێتی، ئاماژەی بە ئامادەیی حیزبەکەی کرد بۆ یەکخستنی هەوڵەکان لەپێناو پاراستنی قەوارەی هەرێم بە مەرجی پێداچوونەوە بە هەنگاوە تاکلایەنەکانی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەیەکی دادپەروەر.
هەرچەندە لایەنە ئۆپۆزسیۆن و دەرەوەی دەسەڵات، لەوانە کۆمەڵی دادگەری، یەکگرتووی ئیسلامی، بزووتنەوەی گۆڕان و حیزبی شیوعی، ڕەخنەی توندیان لە دەسەڵاتدارانی هەرێم گرت بەهۆی ناشەفافیەت، تاکڕەوی و ڕێکنەکەوتنیان لەسەر پێکهێنانی حکومەت دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە هەڵبژاردن، بەڵام هەمووان کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە قەوارەی هەرێمی کوردستان دەستووری و جێگیرە و هەر هەوڵێک بۆ بچووککردنەوە و لاوازکردنی، هێڵی سوورە و دژی دەوەستنەوە.
«ئەوەی لەم تەنگژە نوێیەدا بە ڕوونی دەرکەوت»
ئەوەی لەم تەنگژە نوێیەدا بە ڕوونی دەرکەوت، ئەوە بوو کە سەرەڕای قووڵیی قەیرانە دارایی و سیاسییەکان کە بەهۆی ململانێ و خراپیی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی کوردییەوە بەرۆکی خەڵکی گرتووە، هێشتا لە ناوخۆی باشووری کوردستاندا هاووڵاتیان و هێزە جیاوازەکان جیاوازی دەکەن لە نێوان دەسەڵاتی حیزبی و قەوارەی دەستووریی هەرێمدا، و پشتیوانی لە مانەوە و پاراستنی قەوارەکە دەکەن وەک دەستکەوتێکی نەتەوەیی. لەم چوارچێوەیەدا، عەگید کەلاری، فەرماندە و سیاسەتمەدار، ئاماژەی بەوە دا کە پەرتەوازەیی ناوخۆیی و دوو ئیدارەیی دەرفەت بۆ بەغدا و ئەجێندا دەرەکییەکان دەڕەخسێنێت تاوەکو مۆدێلی ناوەندگەرایی بەسەر ناوچەکەدا بسەپێنن و قەوارەی هەرێم لاواز بکەن. هاوکات مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)، هۆشداریی دا کە مەترسییەکانی سەر هەرێم بەشێکیان بەرهەمی ڕێکنەکەوتنی لایەنە دەسەڵاتدارەکانن، و داوای کرد بەر لەوەی کات لەدەستبچێت، یەکڕیزیی نیشتمانی دروست بکەن چونکە قەوارەی هەرێم موڵکی هەموو کوردە.
«شەپۆلێکی بەرفراوانی هاوسۆزی و یەکڕیزی لە پارچەکانی دیکەی کوردستان»
هاوکات لەگەڵ ئاڵۆزییەکان، شەپۆلێکی بەرفراوانی هاوسۆزی و یەکڕیزی لە پارچەکانی دیکەی کوردستانەوە بەرەو باشوور دەستی پێکرد. لە ڕۆژئاوای کوردستان و بە دیاریکراوی لە شاری عاموودا و شارەکانی دیکە، هەزاران هاووڵاتی و گەنج ڕژانە سەر شەقامەکان و وەک وەفایەک بۆ پشتیوانییەکانی باشوور لە کاتی هێرشەکانی سەر هەسەدە لە سەرەتای ئەمساڵدا، ئامادەیی خۆیان بۆ بەرگریکردن لە قەوارەی هەرێم دەربڕی، فەرهاد شامی، وتەبێژی پێشووی هەسەدەش ڕایگەیاند کە وەستان لەگەڵ هەرێم و گەلەکەیان لە باشوور جێی هیچ سازش و مامەڵەیەک نییە. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە شاری سنەش، هاونیشتمانیان بانگەوازیان بۆ گردبوونەوە و خۆپیشاندان لە شەقامی فیردەوسی بڵاوکردەوە لەژێر دروشمی "باشوور تەنیا نییە، سنە پشتیوانییە؛ یەکگرتووییی ئێمە سنوور ناناسێت"، وەک پەیامێک بۆ پاراستنی ئاسایش و مانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان.