لەم قۆناغە هەستیارەدا، میدیای عەرەبی و تورکی بە چڕی سەرنجیان خستووەتە سەر دۆخی هەرێمی کوردستان و بە شێوەیەکی بەرنامەبۆداڕێژراو باس لە بەقاچاغبردنی نەوت و دۆسیە داراییەکان دەکەن؛ ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ ناشرینکردنی سیمای هەرێم و ڕەخساندنی زەمینە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی بەغدا دەبینرێت.
«وادیارە ئێران یارییەکی نوێ لە عێراق بەڕێوەدەبات»
هاوکات، محەمەد سدیق یەلدرم، لێکۆڵەر و ڕۆژنامەنووسی تورک، لە سەکۆی (ئێکس) ڕایگەیاندووە بە لەبەرچاوگرتنی پێشهاتەکانی ئەم دواییە، وادیارە ئێران یارییەکی نوێ لە عێراق بەڕێوەدەبات و ئاگادارکردنەوەکانی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بۆ هەرێمی کوردستان پەیوەندییان بەو گەرەنتییانەوە هەیە کە بە گرووپە شیعە لایەنگرەکانی ئێرانی داوە. بەپێی لێکدانەوەکانی یەلدرم، یەکێک لە بڕگەکانی ڕێککەوتنێکی نهێنی لە پشت پەردەوە سنووردارکردنی پێگە و دەسەڵاتەکانی هەرێم و خستنەژێر کۆنترۆڵی دەروازە سنوورییەکان و داهاتی نەوت و غازە بۆ ژێر دەسەڵاتی بەغدا، لە کاتێکدا وادیارە ئەمریکا و تۆم باراکیش بە ئەرێنی لەم هەنگاوانە دەڕوانن و پشتیوانی لە زەیدی دەکەن.
ئەم لێدوان و شیکارییانە لە کاتێکدان کە گرووپە چەکدارەکانی عێراق لە ماوەی ڕابردوودا کۆمەڵێک مەرجیان بۆ حکومەتی عێراق داناوە لە بەرامبەر دانانی چەکەکانیاندا، کە دیارترینیان سەپاندنی سەروەریی تەواوی هێزە ئەمنییە فیدراڵییەکانە بەسەر تەواوی خاکی عێراقدا لە باکوورەوە تا باشوور، وەرگرتنی کۆنترۆڵی سنوورەکانی عێراق لە هەرێم لەلایەن سوپای عێراقەوە وەک ئەرکێکی سەروەری، بەڕێوەبردنی سەرجەم دەروازە سنوورییەکان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، هەروەها داواکاریی ئەوەی پرۆسەی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت هێزی پێشمەرگەش بگرێتەوە.
لە لایەکی ترەوە، موقتەدا سەدر، ڕابەری ڕەوتی شیعە، لە بانگەوازێکدا داوای لە لایەنگرانی کردووە ڕۆژی هەینی داهاتوو لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا نوێژی هەینی یەکگرتوو ئەنجام بدەن بۆ پشتیوانیکردن لە تەواوکردنی پڕۆژەی چاکسازی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و قاچاغچییەکان لە هەموو بستێکی خاکدا، و پاراستنی عێراق لە داگیرکاری، میلیشیا و هەر زیانبەخشێک.
«نەوتی هەرێم تەنها لە سەدا ٨ی کۆی نەوتی عێراق پێکدەهێنێت»
لە ناوەڕۆکی گفتوگۆ و میدیاکانیشدا، وەک لە بەدواداچوونەکانی کەناڵی (سکای نیوز عەرەبی)دا ڕەنگی داوەتەوە، تۆمەتبارکردنی هەرێم بە قاچاغچێتیی نەوت و گەیاندنی زیانی ١٠٠ ملیار دۆلار ڕووبەڕووی مشتومڕ بووەتەوە؛ لە کاتێکدا عیماد باجلان، سیاسەتمەداری کورد، ئەو ژمارانە بە "پڕوپاگەندە" بۆ پەردەپۆشکردنی باڵادەستیی میلیشیاکان و قاچاغچێتیی نەوتی کەرکوک لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ دەزانێت و جەخت دەکاتەوە کە نەوتی هەرێم تەنها لە سەدا ٨ی کۆی نەوتی عێراق پێکدەهێنێت، تۆم حەرب، بەڕێوەبەری هاوپەیمانیی ئەمریکیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ دیموکراسی، پێی وایە جووڵەکانی واشنتن لە چوارچێوەی گەمارۆی سەر ئێران و ڕێگریکردنە لە گەیشتنی نەوت و پارە بە تاران، هاوکات لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر پاراستنی فیدراڵییەت و کاروباری ناوخۆیی هەرێم و دوورکەوتنەوە لە بڕیاری تاکلایەنە.
لە کۆتاییدا، دۆخی ئێستا ئەوە دەردەخات کە ململانێی نێوان هەولێر و بەغدا تەنها پرسی داهات و سنوور نییە، بەڵکو گەیشتووەتە قۆناغێکی هەستیار کە تێیدا گوشاری میدیایی، هاوکێشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان و مەرج و بڕیارە ناوخۆییەکانی عێراق یەکیان گرتووە، سەرەکیترین ڕێگە بۆ پاراستنی پێگەی هەرێم گەڕانەوەیە بۆ دەستوور، دیاریکردنی دەسەڵاتەکان بەپێی یاسای نەوت و گاز و ئەنجامدانی گفتوگۆی جددی و یەکگرتوو.