ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم کۆدەبێتەوە. کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ لە ڕەوشێکی سیاسیی هەستیاردا بەڕێوەدەچێت، بەتایبەت لە سایەی بەردەوامیی بایکۆتی تیمی وەزاریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و نادڵنیایی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
بەپێی زانیاریی و بەرنامەی کاری راگەیەندراو، کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیران تەرخانکراوە بۆ تاوتوێکردنی دوو تەوەری سەرەکی و جەوهەری کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان و ئاسایشی ئابووریی هەرێمی کوردستانەوە هەیە:
«تەوەری یەکەم: ئەنجامی سەردانەکەی شاندی هەرێم بۆ بەغدا»
لە تەوەری یەکەمدا، مەسرور بارزانی ڕاپۆرتێک لەسەر ئەنجامی سەردانە فەرمییەکەی ڕۆژی سێشەممەی بۆ بەغدا و کۆبوونەوەکەی لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەخاتەڕوو. لەم تەوەرەدا گفتوگۆ لەسەر سێ پرسی یەکلاکەرەوە دەکرێت کە بریتیین لە: پرسی مووچەی فەرمانبەران، دۆسیەی نەوت و بەشە بودجەی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقدا. هاوکات رێکار و هەنگاوەکانی داهاتووی شاندی دانوستانکاری حکومەت بۆ ئامادەکردنی پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی دیاری دەکرێن.
«تەوەری دووەم: لێکەوتەکانی هێرشکردنە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر»
تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکە تەرخانکراوە بۆ بەدواداچوون بۆ لێکەوتە ئەمنی و ئابوورییەکانی ئەو هێرشانەی کە کرابوونە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە ناوچەی چەمچەماڵ. ڕاپۆرتی مفەسەڵ لەلایەن وەزیری سامانە سرووشتییەکانەوە دەخڕێتەڕوو تا زیانەکان و ئاستی کاریگەرییەکانی لەسەر بەررهەمهێنانی کارەبا و غاز هەڵسەنگێندرێن.
«بایکۆت و غیابی بەرچاو لە ئەنجومەنی وەزیران»
خاڵی دیاری ئەم کۆبوونەوەیە بەڕێوەچوونییەتی بەبێ بەشداریی تیمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. بەپێی زانیارییەکان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت، لەگەڵ وەزیرەکانی یەکێتی (شۆڕش ئیسماعیل، دارا رەشید، ئارام محەمەد، بێگەرد تاڵەبانی و حەمەی حەمەسەعید) و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران ئامانج رەحیم، بەرپرسی نوسینگە و راگەیاندنی جێگری سەرۆک وەزیران بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کردووە.
جگە لە تیمی یەکێتی، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی بەهۆی دەستلەکارکێشانەوەی و ڤالا فەرید بەهۆی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بەشدار نین. لە بەرامبەردا، کۆبوونەوەکە بە بەشداریی سەرۆکی حکومەت، وەزیرەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و وەزیرەکانی بزووتنەوەی گۆڕان (کوێشتان محەمەد، کەمال موسلیم، دانا عەبدولکەریم) بە هاوکاریی وەزیرەکانی پێکهاتەکان و شەهیدان (ئایدن مەعروف و عەبدوڵا حاجی مەحمود) بەڕێوەدەچێت.