لە کاتێکدا گەیشتن بە ناوچە شاخاوییە سەختەکان بۆ دەزگا هەواڵگرییەکانی تورکیا و ئێران ئاسان نییە، هەردوو وڵات پەنا بۆ شێوازە جۆراوجۆرەکانی شەڕی نەرم و بەکارهێنانی هاووڵاتییان وەک قەڵغانی سیخوڕی دەبەن، بۆ ئەوەی جووڵە و چاڵاکییە ستراتیژییەکانی پارت و هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاودێری بکەن و سنوورداری بکەن.
تورکیا و ئێران چاودێرییە هەواڵگرییەکانیان لە ناوچە شاخاوییەکان و دژی پارت و هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چڕتر دەکەنەوە؛ لە ڕێگەی بەکارهێنانی مەدەنییەکان، گەشتیاران و فشارخستنە سەر بنەماڵەکانەوە، هەوڵی کۆکردنەوەی زانیاری و پەکخستنی جووڵە سیاسی و چەکدارییەکان دەدەن.
«هاوئاهەنگیی ئەمنیی ئەنقەرە و تاران لە سنوورە شاخاوییەکان»
هەریەک لە تورکیا و ئێران لێکتێگەیشتن و هاوئاهەنگییە ئەمنییەکانیان بردووەتە قۆناغێکی نوێوە، بە جۆرێک کە تەواوی سنوورە شاخاوییەکانی سێگۆشەی تورکیا و ئێران و هەرێمی کوردستان بوونەتە مەیدانی چاودێری و سیخوڕی دژی پارت و هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
لەبەر ئەوەی گەیشتن بە ناوچە شاخاوییە سەختەکان و ناردنی بریکار و فەرماندە سەربازییەکان بۆ ئەم ناوچانە کارێکی ئاسان نییە، بۆیە هەردوو وڵات پەنایان بۆ شێوازە نامۆکان، شەڕی نەرم و بەکارهێنانی هاووڵاتییان وەک خۆبەخش یان قەڵغانی سیخوڕی بردووە.
«تورکیا؛ بەکارهێنانی گەشتیاران و سەرچاوە مەدەنییەکان»
تورکیا، جگە لە بوونی دەیان و سەدان بنکە و بارەگای سەربازی و سیخوڕی لە ناوچە سنوورییەکان کە بە دوربینی هەستەوەر تەندراون، لە ناوخۆی تورکیاشەوە هەوڵی کۆکردنەوەی زانیاری دەدات.
ئەمەش لە ڕێگەی فشار، پێدانی پارە و پاداشت، یان سوودوەرگرتن لە دۆخی نالەبار و کەمدەرامەتیی گەشتیارانەوە ئەنجام دەدرێت، بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر جووڵە و چاڵاکییە سەربازی و سیاسییە کوردییەکان.
لە بەرامبەردا، ئێرانیش پێشتر و بە هەمان شێوە، لە ڕێگەی خێزان و بنەماڵەکانی ڕۆژهەڵات یان سیخوڕە چێنراوەکانی لە ناو شار و شاخدا، هەوڵی کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون بۆ ژیان و هاتوچۆی کەسایەتییە حزبییەکانی داوە و دەدات.
ئامانجی سەرەکیی هەردوو وڵات لەم هاوئاهەنگییە شاراوەیەدا تەنها کۆکردنەوەی زانیاری نییە، بەڵکو پەکخستنی ئەو جووڵە سیاسی و چەکدارییانەیە کە بە مەترسیی ستراتیژی دەیانبینن.
هەردوو وڵات پێیان وایە بەکارهێنانی هاووڵاتییانی ئاسایی و گەشتیاران و ناچارکردنی بنەماڵەکان بۆ سیخوڕی، هەم تێچووی کەمترە و هەم بەرپرسان و سەربازەکانیان لە مەترسییەکانی چاڵاکییە ڕاستەوخۆکان دەپارێزێت.
لە هەمووشی گرنگتر، ئەم شێوازە دەتوانێت ببێتە هۆی لەناوبردنی متمانە و بڕوابەخۆبوون، دروستکردنی درز و ناسەقامگیری لە ناوماڵی کوردیدا و لەو ڕێگەیەوە دەستێوەردان لە پلان و جووڵە سیاسی و سەربازییەکان ئاسانتر بکات.