چاوەڕوان دەكرێت لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027ی عێراق ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بكرێت، ئەوەش لە کاتێکدایە کە گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغداد لەسەر چەند ماددە و بڕگەیەکی تایبەت بە شایستە داراییەکان توندتر بوونەتەوە و بەربەستی سەرەکی لەبەردەم ناردنی پڕۆژەیاساکەدا دروست کردووە.
«وادەی ناردنی بودجە و پابەندییە داراییەکان»
بەگوێرەی یاسای كارگێڕی دارایی، دەبێت تاوەكو 15ی تشرینی دووەم ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژەیاساكە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بنێرێت. لە ڕەشنووسی پڕۆژەیاساکەدا، زیاتر لە پێنج پابەندیی توند لە بواری دارایی و وزە بۆ هەرێمی كوردستان دیاری كراون کە جێبەجێکردنیان بە ئەستەم دەزانرێت و لە کاتی نەکردنیاندا، پشکە داراییەکانی هەرێم دەبڕدرێن. گرنگترین ئەو پابەندییانە برێتین لە:
دۆسیەی نەوت و هەناردەکردن: دەبێت هەرێمی كوردستان ڕۆژانە لانیكەم 400 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ و بەندەری جەیهانەوە هەناردە بكات، یان لە کاتی نەتوانیندا، ئەو بڕە تەسلیمی وەزارەتی نەوت بكرێت بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی بەپێی خواستی ئەو وەزارەتە.
«قەدەغەکردنی گرێبەستی نوێ»
حکومەتی هەرێمی كوردستان بۆی نییە بەبێ ڕەزامەندیی وەزارەتی نەوتی عێراق گرێبەستی نوێ بۆ گەڕان و کارکردن لە کێڵگە نەوتییەکان لەگەڵ کۆمپانیا بیانی و خۆجێییەکان ئەنجام بدات.
«پاکتاوکردن و دانەوەی قەرزەکان»
یەکێکی تر لە مەرجەکان ئەوەیە کە دەبێت هەرێم لە ماوەی سێ ساڵدا ئەو شایستە داراییە کەڵەکەبووانەی نێوان ساڵانی 2004 بۆ 2026 کە بڕەکەی 12 ترلیۆن و 775 ملیار دینارە، پاکتاو و بگەڕێنێتەوە.
«تەسلیمکردنی غازی زیادە»
بڕگەیەکی تریش تایبەتە بە تەسلیمکردنەوەی غازی زیادە بە حکومەتی فیدراڵ.
هەر بەم هۆکارانە دوێنێ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پەلە خۆی گەیاندە بەغداد، بەڵام بەپێی زانیارییەکان تەنها لەسەر پرسی مووچە لێکتێگەیشتن هەبووە و بەغداد سوورە لەسەر داواکارییەکانی و دەیەوێت بەپێی دەستوور هەرێم پابەندی جێبەجێکردنی ئەو مەرجانە بکات.
«هەڵسەنگاندنی شارەزایان؛ "بۆمبی کاتی" لە بودجەدا»
لەلای خۆیەوە، نەبیل مەرسوومی، پسپۆڕی ئابووریی عێراق، ئەو پابەندییانە بە "بۆمبی کاتی" بۆ هەرێمی كوردستان ناودەبات و دەڵێت کە ئەوانە ڕێوشوێنی کردایی نیین؛ چونکە لە لایەک توانای بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم لە سنووری 175 هەزار بەرمیلدایە و تەنها 50 هەزار بەرمیل بۆ پێویستیی ناوخۆ دەمێنێتەوە، لە لایەکی تریشەوە دانەوەی ئەو قەرزە زەبەلاحە لە ماوەیەکی کەمدا کارێکی مەحاڵە و دەبێت ئەم جۆرە دۆسیانە لەڕێگەی یاسای نەوت و غازەوە یەکبچنەوە نەک لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانەدا.
بەهۆی ئەم کۆمەڵە ئاستەنگ و ناكۆكییە کارگێڕی و ئەمنییانەوە، پێشبینی دەکرێت پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 مشتومڕێکی زۆر بەدوای خۆیدا بهێنێت و بە ئاسانی لە پەرلەماندا پەسەند نەکرێت.