لە ڕاپۆرتێکی شیکاریی فراواندا، ئاڵۆزییە دیپلۆماسی و ئەمنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە چەند تەوەری گرنگدا خراونەتە ڕوو؛ لە کاردانەوەی میلیشیاکان بەرامبەر حکومەتەکەی عەلی زەیدی، تا دەگاتە سەردانی نهێنیی بەرپرسانی عێراق بۆ تاران و جموجۆڵە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لەگەڵ بەغدا و هەولێر.
«بۆردومانی کۆرمۆر؛ پەیامی گرووپە چەکدارەکان بۆ زەیدی و بەکارهێنانی "ئاڵای ساختە"»
ڕۆژنامەی "مەدا" ئاشکرای کردووە کە بۆردومانکردنی کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سلێمانی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە، وەڵامێک بووە بۆ هەڵوێستەکانی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ. ئەم هێرشە دوای دوو ڕۆژ هات لە تۆمەتەکانی "کەتایبی حزبوڵا" بۆ سەر زەیدی و حکومەتەکەی بە ئەنجامدانی سەودا لەگەڵ ئیمارات.
هاوکات لەگەڵ ئاڵۆزییە ناوخۆییەکانی هەرێم، هەوڵێک هەبووە بۆ بڵاوکردنەوەی گێڕانەوەی "ئاڵای ساختە" (False Flag) تاوەکو یەکێک لە دوو حزبە سەرەکییەکەی هەرێم تۆمەتبار بكرێت. لای خۆشیەوە کیفاح مەحمود، ڕاوێژکاری مەسعود بارزانی ڕایگەیاندووە کە ئەم تۆمەتانە گێڕانەوەی دروستکراوی میلیشیاکانن بۆ دروستکردنی پشێوی و لاوازکردنی هەرێمی کوردستان. هەروەها سەرچاوەکانی نزیک لە حکومەت ئاماژەیان بەوە کردووە کە زەیدی چاوەڕێی ڕێگەپێدانی چوارچێوەی هەماهەنگییە بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی چەک لە دەرەوەی دەوڵەت بەکاردێنن، دوای ئەوەی لێکتێگەیشتنەکان لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان هەرەسی هێناوە.
«سەردانە نهێنییەکەی عەلی زەیدی بۆ تاران»
بەپێی زانیارییەکانی سایتی "میدڵ ئێست نیوز" و ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی، عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق هاوڕێ لەگەڵ فالح فەیاز (سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی) و هادی عامری (فەرماندەی ڕێکخراوی بەدر) سەردانێکی نهێنییان بۆ تاران ئەنجامداوە. لەو سەردانەدا زەیدی لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆمار و محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کۆبووەتەوە. ئەم سەردانەی تاران دوای گفتوگۆکانی زەیدی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و تۆم باراک هات، بەڵام سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زەیدی لەم گەشتەیدا هیچ ئەنجامێکی دڵخوازی بۆ ئەمریکا دەستنەکەوتووە.
«کۆبوونەوەی ئاستبەرزی تۆم باراک لەگەڵ شاندی عێراق لە لەندەن»
لە لایەکی دیکەوە، تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق لە شاری لەندەن لەگەڵ شاندێکی ئاستبەرزی عێراق بە سەرۆکایەتی د. فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و بەشداری وەزیری کارەبا، پارێزگاری بانکی ناوەندی و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆبووەوە. باراک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" ڕایگەیاند کە کۆبوونەوەکە دیالۆگێکی مێژوویی بووە بۆ داڕشتنی هاوبەشییەکی تۆکمە لە بوارەکانی گەشەپێدانی ئابووری، وەبەرهێنان، وزە، ئاسایش و سەروەریی یاسا لە ڕێگەی دەزگای دادوەریی سەربەخۆوە.
«پەیوەندی تەلەفۆنیی مەسرور بارزانی و تۆم باراک»
دوای سەردانەکەی بۆ بەغدا، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تۆم باراک پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی ئەنجامدا. لە پەیامێکدا مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە هاوڕابوون لەسەر گرنگیی یەکگرتوویی حکومەتی هەرێم و چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ بەغدا بەپێی دەستوور. هەروەها هەردوولا پێشوازییان لە بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتەکەی زەیدی لە بابەتی یاسای بودجە کرد و هیوایان خواست ڕێککەوتنی نەوت و غاز لە زووترین کاتدا بێتە ئاراوە.