شەڕی دیپلۆماسی و ئەلیكترۆنی لە نێوان تاران و پاریسدا گەیشتە لوتكە، دوای ئەوەی حكومەتی فەرەنسا بە ڕەسمی سوپای پاسدارانی ئێرانی بە ئەنجامدانی هێرشێكی فراوانی ئەلیكترۆنی تۆمەتبار كرد، هێرشێك كە لە نێوان شەوی 11 بۆ 12ی مانگی تشرینی یەكەمدا، سەدان فرۆشگای گەورەی لە فەرەنسا و چەند وڵاتێكی تری ئەوروپا هەژاند و زیانی بە دەیان ملیۆن یۆرۆی لێكەوتەوە.
بە پێی زانیارییەكان، هاككەرەكان دەستیان بەسەر سیستمی كۆنتڕۆڵكردنی پلەی گەرمیی ئەو ساردكەرەوە و بەفرگرە گەورانەدا گرتووە كە بە ئینتەرنێتەوە بەستراونەتەوە. بەرزبوونەوەی لەناكاوی پلەی گەرمییەكە بووە هۆی خراپبوونی بڕێكی یەكجار زۆر لە كەلوپەلی خۆراكی، لە هەندێك شوێنیشدا كێشەكە بۆتە هۆی شۆرتی كارەبایی و سەرهەڵدانی ئاگركەوتنەوەی بچووك لەناو بەفرگرەكاندا.
«فەرەنسا داوای سەپاندنی سزای توندی ئەوروپی بەسەر لێپرسراوانی ئەم هێرشەدا كرد»
ئەم پێشێلكارییە توندە بۆ سەر ئاسایشی هاووڵاتیانی فەرەنسا، ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسای ناچار كرد سوپای پاسداران وەك "ڕێكخراوێكی تیرۆریستی" پێناسە بكات و وەزارەتی دەرەوەش باڵیۆزی ئێران لە پاریس بانگهێشت بكات، هاوكات فەرەنسا داوای سەپاندنی سزای توندی ئەوروپی بەسەر لێپرسراوانی ئەم هێرشەدا كرد.
لەم بەرانبەردا، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بە توندی وەڵامی پاریسی دایەوە و تۆمەتەكانی رەتكردەوە. عێراقچی لە لێدوانێكدا هێرشی كردە سەر حكومەتی فەرەنسا و رایگەیاند "حكومەتی فەرەنسا كە تەنانەت لە بەڕێوەبردنی ساردكەرەوەكانیشدا بێتوانایە، چ جای چارەسەركردنی ناڕەزایەتییەكانی گەلەكەی خۆی، بۆ پەردەپۆشكردنی بێتوانایی خۆی تاوانەكە دەگوازێتەوە سەر كەسانی تر."
وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها جەختی كردەوە، هەرچەندە ئێران وڵاتێكی بەهێزە، بەڵام پێچەوانەی فەرەنسا، دەسەڵاتی خۆی بۆ پشتگیریكردن لە كۆمەڵكوژییەكانی غەززە یان بۆردومانكردنی نەخۆشخانە و قوتابخانەكان بەكارهێنانی نییە، بەمەش ئاڵۆزییە سیاسی و دیپلۆماسییەكانی نێوان هەردوولا قووڵتر كردەوە.