بازدان بۆ ناوەڕۆک
  • هەولێر: 11°C (ساماڵ)
  • سلێمانی: 7°C (هەوری)
  • دهۆک: 11°C (کەمێک هەوری)
  • هەڵەبجە: 10°C (کەمێک هەوری)
  • کەرکووک: 13°C (کەمێک هەوری)
  • زاخۆ: 10°C (ساماڵ)
  • گەرمیان: 11°C (ساماڵ)
AD • ڕیکلام بۆ ڕیکلام پەیوەندی بکە

مەترسیی بودجەی ٢٠٢٧؛ ئایا هەرێمی کوردستان بەرەو هەڵوەشانەوە هەنگاو دەنێت؟

هەرێمی کوردستان لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژوویی مەترسیداردایە؛ لە کاتێکدا ناکۆکییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گەیشتوونەتە لوتکە و دووئیدارەیی بە تەواوی زەق بووەتەوە، ترسی لێکترازانی یەکجاری و جیابوونەوەی «هەرێمی سلێمانی» بووەتە مژاری گەرمی ناوەندە سیاسییەکان، هاوکات بەغدا و واشنتن لە لەندەنەوە نەخشەی گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی و توندکردنی گەمارۆی بودجەی ٢٠٢٧ دادەڕێژن.

ئیرادە میدیا (فەرمی)

4 خولەک خوێندنەوە

مەترسیی بودجەی ٢٠٢٧؛ ئایا هەرێمی کوردستان بەرەو هەڵوەشانەوە هەنگاو دەنێت؟

پوختەی گرنگترین خاڵەکان:

  • لە کاتێکدا ململانێی پارتی و یەکێتی دۆخی ناوخۆی گەیاندووەتە لێواری دوو ئیدارەیی تەواوەتی، عێراق و ئەمریکا نەخشەیەکی نوێ بۆ عێراق دادەڕێژن
  • گەمارۆی بودجەی ٢٠٢٧: بەغدا ٧ مەرجی قورسی داناوە؛ پشکی هەرێم بۆ ١٢.٧٪ کەمدەکرێتەوە و دەبەسترێتەوە بە خەرجیی فیعلییەوە
  • پرسیارە چارەنووسسازەکە ئەوەیە: ئایا هەرێمی کوردستان بەرگەی ئەم گەمارۆ دەرەکی و لێکترازانە ناوخۆییە دەگرێت؟

هەرێمی کوردستان لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژوویی مەترسیداردایە؛ لە کاتێکدا ناکۆکییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گەیشتوونەتە لوتکە و دووئیدارەیی بە تەواوی زەق بووەتەوە، ترسی لێکترازانی یەکجاری و جیابوونەوەی «هەرێمی سلێمانی» بووەتە مژاری گەرمی ناوەندە سیاسییەکان، هاوکات بەغدا و واشنتن لە لەندەنەوە نەخشەی گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی و توندکردنی گەمارۆی بودجەی ٢٠٢٧ دادەڕێژن.

«پەرتەوازەیی ناوخۆ و تارمایی دروستبوونی «هەرێمی سلێمانی»»

قووڵبوونەوەی ململانێ حزبییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی، چیتر تەنها لە چوارچێوەی ناکۆکیی سیاسی و دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی حکومەتدا نەماوەتەوە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی بەسەر دابەشبوونی جوگرافی و کارگێڕیی هەرێمدا هەبووە. لە سایەی زەقبوونەوەی دیاردەی دووئیدارەیی و نەبوونی متمانەی نێوان پارتی  و یەکێتی، مەترسیی لێکترازانی تەواوەتیی قەوارەی هەرێمی کوردستان و هەنگاونان بەرەو دروستبوونی «هەرێمی سلێمانی» و جیابوونەوە لە هەرێم، وەک کارتێکی فشار و ئەگەرێکی کراوە هاتووەتە پێشەوە.

ئەم دابەشبوونە ناوخۆییە وایکردووە هێزە کوردییەکان بە وەفدی جیاجیا و ئەجێندای دژبەیەکەوە ڕوو لە بەغدا بکەن، ئەمەش پێگەی دانوستانکاری کوردی لە بەردەم حکومەتی فیدراڵیدا بە تەواوی لاواز کردووە ، دەرگای بۆ بەغدا واڵا کردووە تاوەکو قورسترین مەرجە دارایی و یاساییەکان بەسەر هەرێمدا بسەپێنێت.

«کۆبوونەوە نهێنییەکەی لەندەن؛ گۆڕینی دەستوور و لاوازکردنی هەژموونی کورد»

هاوتەریب لەگەڵ پەرتەوازەیی ناوماڵی کورد، جووڵە دیپلۆماسییەکان لە دەرەوەی وڵات ئاماژە بە گۆڕانکاریی گەورە دەکەن لە سیستمی حوکمڕانیی عێراقدا. بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی «عەرەبی جەدید»ی قەتەری، ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو لە لەندەن کۆبوونەوەیەکی گرنگ لە نێوان فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق و تۆماس باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆ عێراق و سووریا بەڕێوەچووە.

لەو کۆبوونەوەیەدا، زێدان بە ڕاشکاوی داوای گۆڕینی دەستووری عێراق و وەرچەرخانی سیستمی سیاسیی لە «پەرلەمانی»یەوە بۆ «سەرۆکایەتی» کردووە، بەو پاساوەی حکومەتەکانی دوای ٢٠٠٣ بە «نەشتەرگەریی قەیسەری» لەدایک دەبن نەک بە شێوەیەکی سروشتی. بەگوێرەی سەرچاوەکان، زێدان جەختی کردووەتەوە کە لایەنە کوردییەکان ڕێگری سەرەکی و تێبینییان لەسەر سیستمی سەرۆکایەتی هەیە چونکە هێز و هەژموونی پارتە سیاسییەکان لاواز دەکات، بەڵام گەشبینیی خۆی نیشانداوە کە چیتر پارتە تەقلیدییە کوردی، شیعی و سوننییەکان هێزی ساڵی ٢٠٠٣یان نەماوە و لە سایەی حکومەتەکەی عەلی زەیدی و هاتنەپێشەوەی دەنگی نوێدا، دەتوانرێت سازانێک بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور بکرێت.

لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، زێدان هۆشداریی داوەتە ئەمریکی و بەریتانییەکان کە داخستنی سنوورە ١٤٠٠ کیلۆمەترییەکەی نێوان عێراق و ئێران (جگە لە دوو دەروازە) لەسەر داوای واشنتن، باجێکی سیاسیی قورسی دەبێت بۆ سەر عێراق و عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیران، چونکە پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و ئاینییەکان ڕێگە نادەن پەیوەندییەکان بگەڕێنرێنەوە بۆ خاڵی سفر.

«بودجەی ٢٠٢٧؛ حەوت مەرجە قورسەکەی بەغدا و گورزی کۆتایی لە کەرتی غاز»

لاوازبوونی پێگەی کورد بەهۆی ململانێی یەکێتی و پارتی و مەترسیی دووئیدارەیی، ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەی لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٧ هەبووە. بەغدا ئەمساڵ حەوت مەرجی زۆر توندی بۆ خەرجکردنی پشکی هەرێم داناوە کە نەک تەنها کێشە داراییەکان قووڵتر دەکەنەوە، بەڵکو ستراتیژییەتی وزە و کەرتی غازی هەرێمیش ئیفلیج دەکەن:

یەکەم (قەرەبووکردنەوەی مافە داراییەکان): یەکلایی کردنەوە و پاکتاوکردنی شایستە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ ساڵانی (٢٠٠٤ تاوەکو ٢٠٢٦) کە بڕەکەی ١٢.٧٧٥ ترلیۆن دینارە لە ماوەی ٣ ساڵدا، لە کاتێکدا میکانیزمی هەژمارکردنی قۆناغی (٢٠١٤-٢٠٢٦) هێشتا ناڕوونە.

دووەم (بڕی بەرهەمی نەوت): پابەندکردنی هەرێم بە هەناردەکردنی لانیکەم ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لە ڕێگەی کۆمپانیای (سۆمۆ)وە بۆ بەندەری جەیهان، یان ڕادەستکردنی بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی، بەبێ دیاریکردنی هیچ چارەسەرێک بۆ ئەگەری کەمبوون یان زیادبوونی ئەو بڕە.

سێیەم (داهاتی نانەوتی): ڕادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان بە خەزێنەی گشتی و وردبینیکردنی مانگانە لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی هەردوولاوە، بەبێ یەکلایی کردنەوەی پێناسە و جۆری ئەو داهاتانەی دەگەڕێنەوە بۆ بەغدا.

چوارەم (ڕادەستکردنی غازی زیادە): پابەندکردنی هەرێم بە ڕادەستکردنی تەواوی ئەو غازەی لە پێداویستیی ناوخۆ زیاترە بە حکومەتی فیدراڵی، ئەگەرنا بەهاکەی لە پشکی بودجەی هەرێم دەبڕدرێت؛ ئەمەش هەموو هیوایەک بۆ دامەزراندنی تۆڕی بۆریی غازی ماڵان لە هەرێم لەناودەبات.

پێنجەم (هەڵوەشاندنەوەی شەرعییەتی گرێبەستەکان): بە پشتبەستن بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لە (١٥-٢-٢٠٢٢)، هەرێم لە واژۆکردنی هەر گرێبەستێکی نەوت و غاز بەبێ وەزارەتی نەوتی فیدراڵی دەستبەستراو دەکرێت، ئەمەش هەردوو گرێبەستە گازییەکەی کۆمپانیاکانی (وێستێرن زاگرۆس) و (ئێچ کەی ئێن - HKN) کە لە ئایاری ٢٠٢٥ واژۆ کران، دەخاتە ناو قەیرانی یاسایی و شەرعییەتیان هەڵدەوەشێنێتەوە.

شەشەم (کەمکردنەوەی پشکی هەرێم): دابەزاندنی ڕێژەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیدا بۆ ١٢.٧٪ لە بری ١٤.١٤٪، کە  قەرزە کەڵەکەبووەکانی ساڵانی ڕابردووش بە زیانی هەرێم دەگۆڕێت.

حەوتەم (خەرجیی فیعلی): بەستنەوەی پشکی هەرێم بە خەرجیی ڕاستەقینە (الإنفاق الفعلي) لە بری خەرجیی خەمڵێنراو، ئەویش دوای دەرکردنی خەرجییە سیادییەکان، کە ساڵانە بەشە بودجەی هەرێم بەرەو کەمبوونەوەی زیاتر دەبات.

«دەرئەنجام: ساڵ بە ساڵ خۆزگەم بە پار»

ئەو گەمارۆ دارایی و یاساییەی لە بودجەی ٢٠٢٧دا ڕەنگی داوەتەوە و ئەو مەترسییە دەستوورییەی لە لەندەنەوە نەخشەی بۆ دەکێشرێت، دەرەنجامی ئەو لێژبوونەوە سیاسییەیە کە بەهۆی نەبوونی دیدگایەکی ستراتیژی و ململانێی توندی یەکێتی و پارتییەوە دروست بووە. ئەگەر هێزە کوردییەکان کۆتایی بە دووئیدارەیی و مەترسیی لێکترازانی هەرێم نەهێنن و بە یەک تیم ڕووبەڕووی پێشهاتەکان نەبنەوە، هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ناو بازنەیەکەوە کە ساڵ بە ساڵ پێگە دەستووری و داراییەکەی لاوازتر دەبێت و پەندە کوردییەکەی بەسەردا دەسەپێت کە دەڵێت: «ساڵ بە ساڵ خۆزگەم بە پار».

ئەم بابەتە بەسوودە؟ لەگەڵ هاوڕێکانت هاوبەشی بکە:

بابەتە پەیوەندیدارەکان

هەمووی لە ڕاپۆرتە هەواڵ
AD • ڕیکلام بۆ ڕیکلام پەیوەندی بکە