بازدان بۆ ناوەڕۆک
  • هەولێر: 11°C (ساماڵ)
  • سلێمانی: 7°C (هەوری)
  • دهۆک: 11°C (کەمێک هەوری)
  • هەڵەبجە: 10°C (کەمێک هەوری)
  • کەرکووک: 13°C (کەمێک هەوری)
  • زاخۆ: 10°C (ساماڵ)
  • گەرمیان: 11°C (ساماڵ)
AD • ڕیکلام بۆ ڕیکلام پەیوەندی بکە

سیناریۆی ڕێککەوتنە چینییەکە دووبارە دەبێتەوە؛ عێراق و تورکیا میکانیزمی "نەوت بەرامبەر پڕۆژە" تاوتوێ دەکەن

بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دابینکردنی پارەی نەختینە (کاش) کە بەهۆی دابەزینی داهاتە نەوتییەکان و پشێوییەکانی گەرووی هورمزەوە بەرۆکی عێراقی گرتووە، بەغدا و ئەنقەرە لە پەسەندکردنی میکانیزمێکی نوێی دارایی نزیک دەبنەوە. بەپێی ئەو ڕێککەوتنە چاوەڕوانکراوە، عێراق لەبری پارەی کاش، نەوتی خاو دەداتە کۆمپانیا تورکییەکان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکەی "ڕێگای گەشەپێدان" کە تێچووەکەی بە ١٧ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.

ئیرادە میدیا (فەرمی)

3 خولەک خوێندنەوە

سیناریۆی ڕێککەوتنە چینییەکە دووبارە دەبێتەوە؛ عێراق و تورکیا میکانیزمی "نەوت بەرامبەر پڕۆژە" تاوتوێ دەکەن
فۆتۆ: رێگای گەشەپێدان

پوختەی گرنگترین خاڵەکان:

  • عێراق بە نەوت قەرزی پڕۆژەی "ڕێگای گەشەپێدان" دەداتەوە؛ هەژمارێکی بانکیی هاوبەش لە تورکیا دەکرێتەوە و سەرەتای ٢٠٢٧ بەردی بناغەی دادەنرێت
  • نەوت لەبری پارەی کاش؛ بەغدا و ئەنقەرە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ١٧ ملیار دۆلاریی "ڕێگای گەشەپێدان" هەژمارێکی بانکیی هاوبەش دەکەنەوە

بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دابینکردنی پارەی نەختینە (کاش) کە بەهۆی دابەزینی داهاتە نەوتییەکان و پشێوییەکانی گەرووی هورمزەوە بەرۆکی عێراقی گرتووە، بەغدا و ئەنقەرە لە پەسەندکردنی میکانیزمێکی نوێی دارایی نزیک دەبنەوە. بەپێی ئەو ڕێککەوتنە چاوەڕوانکراوە، عێراق لەبری پارەی کاش، نەوتی خاو دەداتە کۆمپانیا تورکییەکان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکەی "ڕێگای گەشەپێدان" کە تێچووەکەی بە ١٧ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.

«سندوقی دارایی و هەژمارێکی هاوبەش لە تورکیا»

بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "الحرە"، هەردوو حکومەتی عێراق و تورکیا کار لەسەر داڕشتنی میکانیزمی ئاڵوگۆڕکردنی نەوت بەرامبەر پڕۆژە دەکەن. لەم چوارچێوەیەدا، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ڕایگەیاندووە کە گفتوگۆکان لەگەڵ لایەنی تورکی بۆ دامەزراندنی سندووقێکی دارایی تایبەت بە پڕۆژەکە بەرەو تەواوبوون دەچن.

فازیل عەباس، بەڕێوەبەری بەشی پڕۆژەکان لە کۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسنینی عێراق ئاشکرای کردووە کە لە ڕێگەی ئەو سندووقەوە، شایستە داراییەکانی کۆمپانیا تورکییە جێبەجێکارەکان لە بەرامبەر بڕێک نەوتی عێراقدا دەدرێتەوە. هاوکات، یوسف کاتب ئۆغڵو، توێژەری ئابووریی تورکی ئاماژەی بەوە کردووە کە هەردوولا سەرقاڵی کردنەوەی هەژمارێکی هاوبەشن لە یەکێک لە بانکەکانی تورکیا بۆ کۆکردنەوەی ئەو پارانەی بۆ پڕۆژەکە تەرخانکراون و پێدانی شایستەی کۆمپانیاکان، هەرچەندە هێشتا ئەم ڕێکارە داراییانە پێویستیان بە تەواوکردنی هەماهەنگیی نێوان هەردوو وڵات هەیە. لە لایەکی دیکەوە، ئەنیل بۆرا ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، خواستی ئەنقەرەی بۆ چەسپاندنی میکانیزمێکی دارایی تۆکمە دووپات کردووەتەوە وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنی قۆناغی جێبەجێکردن.

«وادەی دەستپێکردن و گرنگیی ستراتیژیی پڕۆژەکە»

پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان کە بە شادەماری نوێی گواستنەوەی ناوچەکە دادەنرێت، بەندەری گەورەی فاو لە باشووری عێراق بە سنوورەکانی تورکیاوە دەبەستێتەوە. پڕۆژەکە لە ڕێگایەکی وشکانیی خێرا و هێڵێکی ئاسنین پێکدێت بە درێژیی نزیکەی ١٢٠٠ کیلۆمەتر، کە ڕێڕەوێکی بازرگانیی گرنگ دابین دەکات بۆ بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو بە تورکیا و ئەوروپاوە.

عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوودا و لە میانی دیدارێکیدا لەگەڵ وەبەرهێنەران لە ئوردن ڕایگەیاند، سەرەتای ساڵی ٢٠٢٧ بەردی بناغەی پڕۆژەکە و شارە پیشەسازییە هاوپێچەکانی دادەنرێت، هاوکات لەگەڵ کردنەوەی بەندەری فاو بە تەواوی توانای بازرگانییەوە. بڕیاریشە پڕۆژەکە بە سێ قۆناغ جێبەجێ بکرێت کە لە ساڵانی ٢٠٢٨، ٢٠٣٣ و ٢٠٥٠ کۆتاییان دێت.

«خوێندنەوەی شارەزایان و ئەزموونی پێشووی عێراق»

ئەحمەد ئەنساری، شارەزای ئابووری پێی وایە پەنابردن بۆ ئاڵوگۆڕکردنی نەوت بەرامبەر پڕۆژە، فشارەکانی سەر پارەی نەختینەی عێراق لە سایەی دابەزینی داهاتەکاندا کەمدەکاتەوە. بەڵام لە هەمان کاتدا هۆشداری دەدات کە ئەم میکانیزمە بە تەنیا گەرەنتیی تەواو نییە بۆ سەرکەوتنی پڕۆژەکە، بەڵکو پێویستی بە تەواوکردنی توێژینەوە هونەرییەکان، یەکلاکردنەوەی گرێبەستەکان، دابینکردنی پێداویستییە یاساییەکان و ڕوونیی میکانیزمەکانی نرخاندنی نەوت هەیە تا مافە داراییەکانی عێراق پارێزراو بن.

شایانی باسە، عێراق پێشتریش ئەزموونی هاوشێوەی لەم بوارەدا هەبووە؛ بەپێی ڕێککەوتنە ستراتیژییەکەی ساڵی ٢٠١٩ لەگەڵ چین، کۆمپانیا چینییەکان بە بەهای ملیاران دۆلار پڕۆژەیان لە عێراق جێبەجێ کرد لە بەرامبەر وەرگرتنی نەوتی خاودا، ئێستاش بەغدا دەیەوێت هەمان مۆدێل لەگەڵ ئەنقەرە تاقی بکاتەوە.

 

ئەم بابەتە بەسوودە؟ لەگەڵ هاوڕێکانت هاوبەشی بکە:

بابەتە پەیوەندیدارەکان

هەمووی لە ڕاپۆرتە هەواڵ
AD • ڕیکلام بۆ ڕیکلام پەیوەندی بکە