گرژییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار. لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ مەرج بۆ هێرشنەکردنەسەر ئێران دادەنێت و ڕاوێژکار و هاوپەیمانەکانی هانی دەدەن بۆ خۆپاراستن لە پێکدادانی سەربازی، لە لایەکی ترەوە پەرەسەندنە مەیدانییەکان لە گەرووی هورمز و لێدوانە توندەکانی بەرپرسانی ئەمریکی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن که دۆخەکە هەر لە پاشەکشەدا نییە.
«هەڵوێستی ترەمپ و ڕاوێژی هاوپەیمانەکان»
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی (رۆیتهرز) کە لەزاری سێ سەرچاوەی ئاگادراوەوە بڵاوی کردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گەورە ڕاوێژکارەکانی ئاگادار کردووەتەوە کە ئەگەر ئەمریکا ڕووبەڕووی هیچ گێچەڵێکی نوێی ئێران یان حوسییەکانی هاوپەیمانی لە یەمەن نەبێتەوە، ئەوا ڕەنگە خۆی لە هێرشکردن بۆ سەر ئێران بپارێزێت. ترەمپ لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانیدا لەگەڵ محەمەد بن سەلمان، جێنشینی سعودی، و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، راوێژی پێکردوون و ئەوانیش داوایان لێکردووە دەست بە هێرش نەکاتەوە.
سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە کە ترەمپ لە ٣١ی تۆکتۆبەردا بە بن سەلمانی وتووە پلانی هێرشکردنی هەبووە پاش هەڵبژاردنی گۆنگرێس، بەڵام جێنشینی سعودی داوای کشاندنەوەی کردووە و جەختی لە کاریگەریی سزادانە ئابوورییەکان کردووەتەوە. هاوکات دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەوە کردووە که ئابووریی ئێران بەهۆی گەمارۆ دەریاییەکان و سزاکانەوە زەرەرمەند بووە. لە بەرامبەردا، سوپای ئەمریکا لە ئامادەباشیدایە و کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگری سێیەمیش بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێدەکەوێت. سەرچاوەیەک ئاماژەی بەوە داوە کە ڕەنگە ترەمپ بژارەی بۆردومانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ژێر زەوی هەڵبژێرێت، هەرچەندە بەرپرسانی ئەمریکی پێیان وایە هێرشی نوێخواستەکانی ئێران لە دانوستاندا ناگۆڕێت، لە کاتێکدا ئیسرائیل بەردەوامە لە فشارەکانی بۆ دەستپێکردنی پرۆسەیەکی سەربازی.
لە لێدوانێکی تونددا، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە کۆنفرانسی نیشتمانیی کۆمەڵگەی فیدراڵیدا ڕژێمی ئێرانی بە پێشێلکاری گەورەی مافی مرۆڤ تۆمەتبار کرد و هۆشداری دا لەوەی ئامانجی کۆماری ئیسلامی هەناردەکردنی شۆڕش و هەژموونە بەسەر تەواوی ناوچەکەدا، و ئاماژەی بەوە دا کە پیاوانی ئایینی توندڕەو لە ئێران گرنگی بە دۆخی ئابووریی گەلەکەیان نادەن.
«جەنگی مین لە گەرووی هورمز»
لە گۆڕەپانی مەیدانیدا، گرژییەکان ڕەنگدانەوەی خێرایان هەبووە. هێزی دەریایی سوپای پاسداران ڕاگەیاند، بەربەیانی ئەمڕۆ کەشتییەکی نەوتهەڵگری سەرپێچیکار کە ئامێرەکانی ناسینەوەی کوژاندبووەوە لە ناوچەیەکی قەدەغەکراوی ڕۆژهەڵاتی گەرووی هورمز تووشی بەرکەوتن بە مینی دەریایی بووە و ئاگری تێبەربووە. سوپای پاسداران هۆشداری دا کە هەر کەشتییەک سەرپێچی بکات و پشتی بە ئەمریکا ببەستێت، ڕووبەڕووی هەمان مەترسیی "جەنگی مین" دەبێتەوە، دوای ئەوەی پێشتریش باسی لە سووتانی دوو نەوتهەڵگری تر کردبوو بەهۆی مینی دەریاییەوە.
«قەیرانی گەشتە ئاسمانییەکانی ئەمریکا»
هاوکات لەگەڵ ئەم گرژییە سیاسی و سەربازییانە، کەرتی گواستنەوەی ئەمریکا تووشی پەککەوتنێکی گەورە بوو. بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەوانیی فیدراڵی ڕایگەیاند کە بەهۆی تێکچوونی سیستەمی پەیوەندی و چاودێریی ئاسمانییەوە، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان لە سەرتاسەری وڵاتدا بۆ ماوەی نزیکەی چوار کاتژمێر راگیران. سەرەڕای کرانەوەی ئاسمان، بەپێی ماڵپەڕی "فلایت ڕادار ٢٤"، زیاتر لە ٦٦٠٠ گەشت هەڵوەشاونەتەوە و ٨٦٠٠ گەشتی تریش دواکەوتوون، و پێشبینی دەکرێت قەیرانەکە بۆ چەند ڕۆژێکی تریش خشتەی گەشتەکان تێکبدات.
«دیدگای ترەمپ بۆ داهاتووی ململانێکان»
لە چاوپێکەوتنێکدا، دۆناڵد ترەمپ دانی بەوەدا نا کە لە ڕووی مێژووییەوە بڕیاردان لە دژی ئێران کارێکی مەزن دەبێت، بەڵام لە مەودای کورتدا لە ڕووی سیاسییەوە قورسە، بەتایبەت بەهۆی ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و سووتەمەنی کە ڕەنگە ناڕەزایی جەماوەری لێبکەوێتەوە. سەرەڕای ئەوەش، ترەمپ جەختی کردەوە که دوودڵ نابێت لە گرتنەبەری رێوشوێنی سەربازیی زیاتر بۆ پاراستنی هاوپەیمانان و هێزەکانی ئەمریکا، و هۆشداری دا کە مانەوەی رژێمی ئێران لە دەسەڵاتدا بە واتای شکست دێت بۆ ئیدارەکەی.