داداگایی باڵای فیدڕاڵی ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌باره‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان بڵاو كرده‌وه‌
2025-06-01 412 جار خوێنراوەتەوە

دادگای باڵای فیدڕاڵی ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌

ناوەندی هەواڵ

له‌ ڕوونكردنه‌وه‌كه‌ی دادگای فیدڕاڵیدا هاتووه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ، چه‌ند فه‌رمانبه‌رێكی هه‌رێمی كوردستان سكاڵایه‌كی یاساییان سه‌باره‌ت به‌ به‌رده‌وامیدان به‌ خه‌رجكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی كوردستان و ته‌وتینكردنی موچه‌كانیان له‌ دادگاكه‌یان تۆمار كردووه‌، دادگاكه‌شیان، به‌ پشتبه‌ستن به‌ بڕیاره‌كانی پێشوویان، له‌ نزیكترین كاتدا "فه‌رمان سالاری-الامر الولائی" له‌باره‌وه‌ ده‌رده‌كات.

ده‌قی ڕوونكردنه‌وه‌كه‌ی دادگای باڵای فیدڕاڵی:
 
ڕوونکردنەوە سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان

ئه‌مڕۆ، سکاڵایەکی یاسایی لەلایەن فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە، سەبارەت بە داواکاری بەردەوامیدان به‌ خەرجکردنی مووچە لە هەرێمی کوردستان و له‌كاتی دیاریكراوی خۆیدا بە پێی بڕیاری پێشووی ئەم دادگایە به‌ ژمارە (224 و  269/فیدراڵی/ ی 2023 و لە 21-2-2024)، تۆمارکراوه‌. داوایان كردووه‌، فەرمان سالارییه‌ك ده‌ربكرێت کە وەزارەتی دارایی فیدراڵیی پابەند بکات بە پێدانی مووچە وه‌ك جێبەجێکردنی بڕیاری پێشووی دادگاكه‌ كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌ی بۆ كراوه‌، و هەردوو سەرۆکی حکومەتی فیدراڵی و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان - عێراق پابه‌ند ده‌كات بە ته‌وتینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی سەرجەم وەزارەت و پارێزگاكان و ئه‌و فه‌رمانگانه‌ی نه‌به‌ستراون به‌ وه‌زارته‌كانه‌وه‌، و سەرجەم فەرمانبەرانی دەزگاکانی تری حکومەت، خانەنشینان، و سودمەندانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە هەرێم لە بانکەکانی حکومەتی فیدراڵی کە لە دەرەوەی هەرێم کاردەکەن، و به‌ لێبڕین لە پشکی هەرێم کە بەپێی یاسای بودجە دیاری کراوە.

ئەو سكاڵایه‌ی کە لە سەرەوە ئاماژه‌ی بۆ كراوه‌، لە ئەم دادگایەدا بە ژمارە (104/فیدراڵی/2025) تۆمار کرا، و کرێی یاسایی دراوه‌. داواکاری دەرکردنی "فەرمان سالاری"، بە زووترین کات بڕیاری لەسەر دەدرێت. چاوه‌ڕاوان ده‌كرێت، ئه‌م فه‌رمان سالارییه‌ی كه‌ دادگای فیدڕاڵی به‌ڵێنیداوه‌ به‌زووترین كات ده‌ریبكات، په‌یوه‌ندییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی ناوه‌ندی بخاته‌ دۆخێكی نوێوه‌، هه‌روه‌ك جارێكی تر، پرسی "ته‌وتین"كردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بوروژێنێته‌وه‌.

هه‌فته‌ی ڕابردوو، (28ی ئایاری 2025) ته‌یف سامی وه‌زیری دارایی عێراق نووسراوێكی ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم كردوو ئاگاداری كردنه‌وه‌ كه‌ چیتر موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بۆ 8 مانگی ئاینده‌ی ئه‌مساڵ خه‌رج ناكه‌ن به‌هۆی ته‌واوبوونی پشكی هه‌رێمی كوردستان، وه‌ك له‌ یاسایی بودجه‌ی فیدڕاڵی دیاریكراوه‌.

له‌به‌رامبه‌ریشدا وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم و به‌رپرسانی هه‌رێم ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕی و پێیان وابوو ڕاگرتنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم سیاسییه‌ نه‌ك یاسایی، و تێكه‌ڵكردنی ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كانی نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی فیدڕاڵی و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ به‌ پرسی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمه‌وه‌. به‌تایبه‌ت ناكۆكییه‌كانیان له‌باره‌ی به‌سه‌ربه‌خۆ مامه‌ڵه‌كردنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌پرسی نه‌وت و غازدا، دوای واژۆكردنی دوو گرێبه‌ستی نوێ له‌گه‌ڵ دوو كۆمپانیای ئه‌مریكیدا له‌ 19ی ئایاری ڕابردوو.

 

  • عەلی حەمە ساڵح: گەورەترین تاڵانی زەوی لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت

  • توندوتیژی دژ به‌ پیاوان له‌ هه‌رێم زیادی كردووه‌

  • ئاڵوگۆڕی دیل و ته‌رمه‌كان لەنێوان ھەسەدە و حکومەتی دیمه‌شق ده‌ستیپێكرده‌وه‌

  • حکومەتی هەرێمی کوردستان لێبڕینی خانەنشینی دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە

  • بە فەرمى.. هەڵەبجە كرا بە پارێزگا

  • رێبوار هادى: نەوت و بانكەكانى هەرێم بەشێكن لە عێراق

  • بۆ چارەسەرى موچە؛ كورد گرەو لەسەر گۆچانى ئەمریكا دەكات

  • دادگای باڵای فیدڕاڵی ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌

  • بۆ لەمەودوا ڤیزاى ئەمریكا بە پلانى پێشوەختە دەدرێت

سەرەکی