×

کێڵگەیەکی نەوت لە هەرێمی کوردستان
2024-10-10 94 جار خوێنراوەتەوە

حكومەتی هەرێمی كوردستان چۆن لە دۆسیەی نەوت شكستی هێنا؟

ناوەندی هەواڵ

 یەكێك لە پڕ نهێنیترین و پەنهان ترین دۆسیەكان لە هەرێمی كوردستان دۆسیەی نەوتە، ئەو دۆسیەیەی لەدوای ڕاگەیاندنی ئابوری سەربەخۆ هەتا ئەمڕۆش زۆرترین ناشەفافی و گەندەڵی تێدایە و زۆرترین قسەوباسی لێوە دەكرێت، چاودێرانی سیاسیی و ئابوریناسان دەڵێن "كابینەی نۆیەم بە تەواوی شكستیهێناوە لە ئیدارەدانی ئەو دۆسیە گرنگە" .  

نەوت لە بەرژەوەندی حزب و دژی خەڵک

بۆچوونەكان كۆكن لەسەر ئەوەی، لە بری بەكارهێنانی داهاتی نەوت لە دروستكردنی ئیمپراتۆریەتی حیزبی و میدیایی و ملیشیای نایاسایی، پێویست بوو لە بەرژەوەندی هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان و پێشخستن و بوژانەوەی ژێرخانی ئابووری و پێشەسازی بەگەڕ بخرایە و خەرج بكرێت.  

پارتی زۆرترین سودی لێوەرگرتووە

بە پێی ئەو داتا و ژمارانەی ئیرادە دەستی كەوتوون، لە ماوەی زیاتر لە 14 ساڵی ڕابردوودا هیچ لایەن و كەس و كۆمپانیایەك بەقەد پارتی دیموكراتی كورستان و بنەماڵەی بارزانی و كۆمپانیاكانیان سودیان لە داهاتی نەوت وەر نەگرتووە، لە ئێستادا پارتی دیموكراتی كوردستان بەتەواوی كۆنترۆڵی دۆسیەی نەوتیان كردوە، بە تاكڕەوانە داهاتی نەوتیان بۆ سود و بەرژەوەندی خۆیان بەكارهێناوە و هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستانیان لێ بێبەش كردووە .  

مەسرور بارزانی دانی بە شکستەکەدا ناوە

وریا حسێن، سەرۆكی ڕێكخراوی (دۆر) بۆ دەزگای میدیای ئیرادە باسی لەوەكرد "مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان خۆی لەبەردەم پەرلەمانی كوردستان بە ئاشكرا دانی بە شكستی كابینەكەی لە ئیدارەدانی دۆسیەی نەوت-دا ناوە و سێ بەڵگەشی وەك پشتڕاستكردنەوە لە شكست هێنانی  كابینەی نۆیەم و حكومەتەكەی مەسرور بارزانی لە دۆسیەی نەوت و خستەڕوو لەوانە: 

- یەكەم: هەرێمی كوردستان 43  ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگی هەبوو، بەڵام ئێستا تەنها سێ ملیار بەرمیل نەوتی دڵنیایی هەیە، واتە 40 ملیار لەدەست دراوە.  

- دووەم: گرێبەستەكانی نەوت لاسەنگن و بەسودی كۆمپانیا نەوتییەكان و زیانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و خەلكی هەرێمی كوردستان كۆتاییان هاتووە.  

- سێیەم: هەرێمی كوردستان لە %84 داهاتەكەی لەڕێگەی داهاتی نەوتەوە بوو، بەهۆی سیاسەت و ستراتیژی هەڵەی كابینەی نۆیەم، حكومەتی هەرێمی كوردستان بەخێراییەكی زۆر توانی سكاڵای دادگای نێوبژیوانی پاریس لە دژی خۆی یەكلایی بكاتەوە، ئەوەش وایكرد هەرێمی كوردستان لە ڕوی ستراتیژیەوە لە دۆسیەی نەوت شكستبهێنێت.  

شارەزایەنی بواری نەوت و وزە پێیان وایە، تا ساڵی 2040 سەدەی نەوت كۆتایی پێدێت و لە بەرامبەردا، غاز جێگای دەگرێتەوە، هەرێمی كوردستانیش خاوەنی یەدەگێكی زۆری غازی سروشتییە دەكرێت لە داهاتوودا سودی گەورەی لێ وەربگیرێت. 

بەشێك لە سەرچاوەكان ئاماژە بەوە دەدەن هەرێمی كوردستان خاوەنی (3%)ی یەدەگی غازی جیهانە، یەدەگی غازەكەی بە 100-200 ترلیۆن پێ سێجا مەزەندە دەكرێت كە بەشی زۆری لە ناوەڕاست و باشوری هەرێمی كوردستان چڕ بووەتەوە، گەورەترین و دیارترینیان كێڵگەكانی غازی (بنەباوێ، كۆرمۆر، خورمەڵە، میران، چەمچەماڵ، كوردەمیر...)ە. 

لەبارەی دۆسیەی غاز، وریا حسێن دەڵێت "ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە غازی سروشتی هەرێمی كوردستان لە زۆنی زەرد و ژێر كۆنترۆڵی بنەماڵەی بارزانی و پارتی دا نییە و لە زۆنی سەوزە و لەدواین لێدوانیدا لەبارەی غازی سروشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان جەختی لەوە كردەوە "ڕێگە نادات دۆسیەی غاز وەك دۆسیەی نەوتی لێ بێت".  

بەشێكی زۆری چاودێرانی سیاسیی گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی، كابینەی نۆیەم بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دۆسیەی نیشتمانسازی، دروستكردنی حكومڕانی ڕەشید، لە دۆسیەی پاراستنی مافی مرۆڤ و هەتا دۆسیەی ئابوری و پێشخستنی كەرتی پیشەسازی و سێكتەرە جیاوازەكانی دیكەی خزمەگوزاری گشتی وەك (تەندروستی، كارەبا، ڕێگەوبان، پەروەردە) ..هتد شكستیهێناوە.  

دۆسیەی نەوت لە دەستی پارتی و یەکێتیدا نامێنێت

هەر لەبارەی شكستی كابینەی نۆیەمی هەرێمی كوردستان لە دۆسیەی نەوتدا، محەمەد حسێن، ئەندامی دەستەی كارگێڕی ئابووریناسانی عێراق، بە ئیرادە میدیای ڕاگەیاند: "بەهۆی خراپ ئیدارەدانی دۆسیەی نەوت چیتر بەڕێوەبردنی ئەو دۆسیەیە لەدەستی پارتی و یەكێتی-دا نامێنێت و لەلایەن دامودەزگا فیدراڵییەكانی سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراق بەرێوە دەبرێت، نەوتی هەرێمی كوردستان لەرێگەی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوت- سۆمۆوە هەناردە دەكرێت و چیتر نەوتی هەرێمی كوردستان بەو ئەقڵیەتەی پێشووی بەرپرسانی هەرێمی كوردستان بەڕێوە نابرێت".

 

  • ئیسرائیل بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر ئێران ئاماده‌یه‌؛ ماڵى چه‌ند به‌رپرسێكیش ده‌گرێته‌وه‌

  • ڕۆژنامه‌یه‌كى ئه‌مریكى: واشنتۆن به‌ نهێنى كۆماندۆى ناردووه‌ته‌ ئیسرائیل

  • سه‌رلێشێوان له‌ عێراق؛ نیشته‌جێكردنى لوبنانییه‌كان كێشه‌ى ناوەتەوە

  • ده‌نگدانى تایبه‌ت به‌ ژماره‌؛ ڕێنمایى لیژنه‌ى ئه‌منیی: مۆبایل و كامێرا مه‌به‌ن بۆ بنكه‌كان

  • 16ی ئۆكتۆبەر و ڕۆژانی دواتر

  • هەرێمی کوردستان 20 ڕۆژی بانگەشە بەڕێدەکات

  • ​ 679 كاندیدى په‌رله‌مانى كوردستان بێ بڕوانامه‌ن

  • ​ له‌گه‌ڵ توندبوونه‌وه‌ى بانگه‌شه‌ى نێوان پارتى و یه‌كێتى؛ ئێران هه‌وڵى نزیككردنه‌وه‌یان ده‌دات

  • عێراق یه‌كێكه‌ له‌ زیانمه‌نده‌كان؛ بۆچى ئیسرائیل ناتوانێت هێرش بكاته‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ نه‌وتییه‌كانى ئێران؟

سەرەکی