×

تانکێكی دەستبەسەرداگیراوی سوپای سوریا
21   کاتژمێر پێش ئێستا 378 جار خوێنراوەتەوە

لە باكوری ڕۆژئاوای سوریا چی ڕوودەدات و بۆچی ئێستا؟

ناوەندی هەواڵ

پاش ئەوەی گروپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆن هێرشی بەرفراوانیان  لە دژی حكومەتی سوریا دەستپێكرد، سوپای سوریا بەخێرایی هێزەكانی كشاندەوە، ئەو هێزانە ناوچەیەكی بەرفراوانیان  لە باكوری ڕۆژئاوای سوریا و زۆربەی ناوچەكانی حەلەب كە دووەم گەورەترین شاری وڵاتەكەیە گرت. 

سوپای سوریا لە نزیك حەما  لەگەل ئەو گروپە چەكدارانە لەشەڕدایە روسیاش وەك هاوپەیمانی سەرەكی حكومەتی سوریا لە بۆردومان كردنیان بەردەوامە . 

بۆچی شەڕ لە سوریا بەڕێوەدەچێت؟ 

 لە سەروبەندی بەهاری عەرەبییدا لە ساڵی ٢٠١١ خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە دژی بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا بوو بە شەڕێكی ناوخۆیی كە زیاتر لە نیو ملیۆن كەس تێیدا كوژراون و 12 ملیۆن كەسیش ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن، كە نزیكەی پێنج ملیۆنیان پەنابەرن لە دەرەوەی وڵات و هاوكات سەرتاسەری وڵاتەكەی وێران كرد و هێزە ناوچەیی و جیهانیەكانیشی بەرەو سوریا ڕاكێشا. 

سەرەتا وادەردەكەوت شەڕكۆتایی هاتووە،  حكومەتی ئەسەد بە یارمەتی ڕوسیا و ئێران كۆنتڕۆڵی شارەكانی گرتەوە دەست، بەڵام بەشێكی زۆری شارەكان لەدەرەوەی دەسەڵاتی حكومەت مانەوە، بەتایبەت ناوچەكانی رۆژهەلات و باكوری سوریا كە لەژێر دەسەلاتی هێزە كوردییەكاندایە.

هاوكات  باكوری رۆژئاوای پارێزگاكانی حەلەب و ئیدلب كە نزیكی سنوری توركیایە  گرووپە چاكدارەكانی سەربە توركیا دەستیان بەسەردا گرتوە، ژمارەی دانیشتوانی زیاترلە چوار ملیۆن كەسە لە ئێستادا بەهۆی هێرشی گرووپە چە كدارە توندڕەوەكانەوە ئاوارە بوون.

دەستەی تەحریری شام چییە؟ 

 دەستەی تەحریری شام دەستپێك بە ناوی بەرەی نوسرە لە ساڵی 2012 دامەزرا ساڵی دواتر بەیعەتی بە گرووپی تیرۆریستی قاعیدە دا، لەسەرەتای دامەزراندنیەوە بە یەكێك لە كاریگەرترین و كوشندەترین گروپەكان دادەنرا كە دژایەتی بەشار ئەسەدی  دەكرد، بەڵام وا دەردەكەوێت كە ئایدۆلۆژیای جیهادییەكەی هێزی پاڵنەری بووە نەك شۆڕشگێڕی. 

ئەم گرووپە پاش یەكگرتنی لەگەڵ گروپە چەكدارەكانی دیكەی دژ بە حكومەت لەساڵی ٢٠١٦ پەیوەندی بە قاعیدەوە پچڕاند، بەڵام هێشتا نەتەوە یەكگرتوەكان، ئەمریكا و بەریتانیا و چەندین وڵاتی دیكە سەر بە قاعیدەی دەزانن و بە بەرەی نوسرە ناوی دەبەن. 
 
  دەستەی تەحریری شام بە لەناوبردنی گرووپە دژبەرەكانی لە پارێزگاكانی حەلەب و ئیدلب دەسەلاتی خۆی بەهێز كردووە، ئامانجی لەناوبردنی حكومەتی ئەسەد و  دامەزراندنی جۆرێك دەسەڵاتی ئیسلامییە.

بۆچی گروپە چەكدارەكان  هێرشیان  كرد؟ 

 ماوەی چەند ساڵێكە ئیدلب وەك مەیدانی جەنگ ماوەتەوە، سوپای سوریا بەردوام لە هەوڵی  كۆنترۆڵكردنەوەیدا بووە.

لە ساڵی ٢٠٢٠ توركیا و ڕووسیا ناوبژیوانی ئاگربەستیان بۆ وەستانی شەڕ لەوناوچەیەدا كرد، بەڵام هەبوونی شەڕی پچڕپچڕ لەنێوانیاندا ئاگربەستەكەی پەكخست.

 لە مانگی تشرینی یەكەمی 2024، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ سوریا ڕایگەیاند كە دەستەی تەحریری شام هێرشی گەورەی بۆ سەر ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی حكومەتی سوریا ئەنجامداوە.

لە ئێستادا رووسیا هێرشە ئاسمانیەكانی بە چڕی دەستپێكردووەتەوە، هاوكات هێزەكانی سەر بە حكومەتیش دەستیان بە تۆپبارانكردن و هێرشی فرۆكەی بئ فرۆكەوان بۆ سەر گرووپە چەكدارەكان كردووە، پاش ئەوەی ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو  تەحریری شام و گروپە چەكدارەكان دوای زیادبوونی گرژیەكان ڕایانگەیاند  "بۆ بەرگرتن لە دەستدرێژی حكومەت و هێزەكانی سەر بە ئێران هێرشیان دەست پیكردووەتەوە.

هۆكاری ئەو هێرشە كتوپرەی گرووپە چەكدارەكان دەگەڕیتەوە بۆ لاوازبوونی گرووپی حیزبوڵڵای لوبنانی پاش هێرشی ئێسرائیل بۆ سەریان كە رۆڵێكی گرنگیان هەبوو لە یارمەتیدانی ئەسەد بۆ بەرپەرچدانەوەی ئۆپۆزسیۆن، هەروەها سەرقالبوونی ڕووسیا بە جەنگی ئۆكرانیاوە كە هۆكارێك بوو بۆ لاوازبوونی سوپاكەی ئەسەد.    

حكومەتی سوریا و هاوپەیمانەكانی چۆن وەڵامیان دایەوە؟ 

 بەشار ئەسەد بەڵێنی دا گروپەكانی ئۆپۆزسیۆن تێكبشكێنێت و بە تیرۆریست ناوی بردن.  

ڕۆژی دووشەممە بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران، ئەسەد هێرشەكانی ئەم دواییەی وڵاتەكەی  خستە ئەستۆی ئەمریكا و وڵاتانی تری ڕۆژئاوا و ڕایگەیاند "ئەوان هەوڵ دەدەن نەخشەی ناوچەكە بكێشنەوە".

لە پەیوەندییەكەدا پزیشكیان جەختی لەوە كردەوە ئێران "بە هێزەوە لەگەڵ حكومەت و گەلی سوریا دەوەستێت" و پاراستنی سەروەری سوریا و پاراستنی خاكی سوریا یەكێكە لە سیاسەتە بنەڕەتیەكانی ئێران.
لەلایەكی دیكەوە، دیمیتری پیسكۆڤ وتەبێژی بەناوی كۆشكی سەرۆكایەتی ڕوسیا "كرملن" ڕوسیا بارودۆخی حەلەب بە "هێرشێك بۆ سەر سەروەری سوریا" دەزانێت و "پشتیوانی لە دەسەڵاتدارانی سوریا دەكات بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایشی ناوچەكە و گەڕاندنەوەی پێگەی دەستووری.

هێزه كانی ڕۆژئاوا و توركیا چی دەڵێن؟

 ئەمریكا و بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا كە دژایەتی ئەسەد دەكەن ڕۆژی دووشەممە ڕاگەیەندراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە و تێیدا داوایان كرد گرژی و ئاڵۆزی نێوان لایانەكان هێور بكرێتەوە و هاووڵاتیانی مەدەنی و ژێرخانی ئابووری بپارێزن بۆ ڕێگریكردن لە ئاوارەبوونی زیاتری خەڵك  و پەكخستنی گەیشتنی هاوكارییە مرۆییەكان.  

هەروەها داوایان كرد "چارەسەری سیاسی بە سەركردایەتی سوریا بۆ چارەسەركردنی ناكۆكیەكان " بێتە ئاراوە". وەك لە بڕیاری ساڵی 2015ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكاندا ئاماژەی پێكراوە 

شۆن ساڤێت، وتەبێژ بەناوی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی كۆشكی سپی ڕایگەیاند: ڕەتكردنەوەی ئەسەد بۆ بەشداریكردن لە پرۆسەی سیاسی و پشتبەستنی بە ڕوسیا و ئێران ئەو هەلومەرجەی دروستكردووە كە ئێستا بەڕێوە دەچێت.

هەروەها جەختی لەوە كردەوە " ئەمریكا هیچ پەیوەندییەكی بەم هێرشەوە نییە ".

هاوكات، هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا ڕایگەیاند "هەڵەیە لەم كاتەدا هەوڵ بدرێت ڕووداوەكانی سوریا بە دەستێوەردانی دەرەكی ڕوون بكرێتەوە" و داوای لە حكومەتی سوریا كرد "لەگەڵ گەلەكەی و ئۆپۆزسیۆنی شەرعی ئاشت ببێتەوە".

 

  • لە باكوری ڕۆژئاوای سوریا چی ڕوودەدات و بۆچی ئێستا؟

  • ئەحرارشام و بەرەی نوسرە كێن و چۆن توركیا بۆ مه‌رامى خۆى به‌كاریان ده‌هێنێت

  • برسێتیی هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆسه‌ر له‌ 10% ى دانیشتوانى جیهان

  • سبەینێ ڕۆژی جیهانیی نەهێشتنی كۆیلایەتییە؛ زیاتر لە 50 ملیۆن كەس كۆیلەی مۆدێرنن

  • ​حكومه‌تى هه‌رێم له‌باره‌ى كۆچبه‌رانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا ڕێكده‌كه‌وێت

  • مۆساد چۆن دزەیكردووەتە ناو دەزگاكانی ئێرانەوە؛ بەرپرسێكی هەواڵگری ئێران دانی پێدادەنێت

  • هێزێكی كوردی چۆن داخی كردووە بە دڵی دوو دەوڵەت و چەندین گروپی چەكداری بەكرێگیراودا

  • سبەینێ پەكەكە پێدەنێتە 47 هەمین ساڵیادی دروستبوونییەوە

  • وه‌فدێكى هه‌رێم ده‌چێته‌وه‌ به‌غداد؛ بۆچى تائێستا به‌غداد مووچه‌ى هه‌رێمى نه‌ناردووه‌؟

سەرەکی