17 کاتژمێر پێش ئێستا
287 جار خوێنراوەتەوە
ئەنجامی سەرەتایی ئەو لیژنەیەی بۆ یەكلاكردنەوەی مشتومڕی نێوان هەرێم و بەغداد پێكهێنراوە
ناوەندی هەواڵ
لیژنەی تایبەت بە وردبینی لە خشتەی بودجەی ساڵانی 2024 و 2025 بۆ یەكلایكردنەوەی مشتومڕەكانی هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغداد لەبارەی ئەو پارەیەی بۆ موچە لە ساڵی رابردوو رەوانەكراوە، گەیشتووەتە ئەنجامی سەرەتایی.
لیژنەكە كە لەشەش ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێكهاتووە، لە دوای كۆبوونەوەی رۆژی شەممە (11ی كانوونی دووەمی 2025) لەنێوان لیژنەی دارایی و تەیف سامی وەزیری دارایی پێكهێنرا، دوای بڵاوكردنەوەی ئاماری جیاواز لەلایەن هەرێم و بەغدادەوە لەسەر ئەو بڕە پارەیەی ساڵی رابردوو بۆ موچە نێردراوە.
رۆژی دووشەممە (13ی كانوونی دووەمی 2025) لیژنەكە یەكەم كۆبوونەوەی لەگەڵ بەڕێوەبەرە گشتییەكانی (بودجە، ژمێركاری، قەرزی گشتی) لە وەزارەتی دارایی عێراق ئەنجامدا بۆ وردبینی لە شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق.
نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەكە لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بەپێی داتاكانی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ دەركەوتووە تاكۆتایی مانگی 12ـی 2024 لەكۆی زیاتر لە 89 تریلیۆن و 743 ملیار و 203 ملیۆن دینار بۆ موچە لە عێراق، نزیكەی 10 تریلیۆن و 738 ملیار و 629 ملیۆن دینار بۆ تەمویلی موچەخۆرانی هەرێم (فەرمانبەران + خانەنشینان+ چاودێری كۆمەڵایەتی) خەرجكراوە كە دەكاتە رێژەی ( 11.96٪).
وتیشی :"بەم پێیە بڕی تەمویلكراو بۆ مووچەی هەرێم كەمترە لە كۆی تەرخانكراو بۆ موچەی هەرێم لە بودجە".
لە بودجەی ساڵی 2024 پشكی هەرێم بۆ موچە بە 11 تریلیۆن و 576 ملیار و 521 ملیۆن 335 هەزار دینار خەمڵێنرابوو، لە كۆی زیاتر لە 95 تریلیۆن دینار تەرخانكراوی بودجە بۆ موچەی هەموو موچەخۆرانی عێراق.
"زیاتر لە 11 تریلیۆن بۆ مووچە لە هەرێم نێردراوە"
وەزارەتی دارایی عێراق یەكشەممە (12ـی كانونی دووەمی 2025) لە راگەیەنراوێكدا ڕایگەیاند: ساڵی رابردوو بەپێی یاسای بودجە، موچەی سەرجەم خانەنشینان، چاودێری كۆمەڵایەتی، فەرمانبەرانی مەدەنی و شارستانی بۆ ساڵی 2024 رەوانەی هەرێمی كوردستان كردووە، سەرەڕای پابەندنەبوونی هەرێم بە بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ رادەستكردنی داهاتی نانەوتی كە بەپێی تەرازووی پێداچونەوە چوار تریلیۆن و 350 ملیار دینار بووە.
وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان ساڵی رابردوو بەپێنج گوژمە نزیكەی 399 ملیار دیناری رەوانەی بەغداد كرد وەك پابەندبوون بە یاسای بوجە كە ناردنی موچەی فەرمانبەرانی پەیوەست كردووە بە رادەستكردنی داهاتی نانەوتییەوە.
بەپێی راگەیەنراوەكەی وەزارەتی دارایی عێراق، ساڵی رابردوو ئەم بڕە پارانە بۆ موچە رەوانە كراون:
موچەی فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازی: 9 تریلیۆن و 556 ملیار و 348 ملیۆن دینار
چاودێری كۆمەڵایەتی: 130 ملیار و 931 ملیۆن دینار
خانەنشینی سەربازی: 650 ملیار و 40 ملیۆن دینار
خانەنشینی مەدەنی: 776 ملیار و 657 ملیۆن دینار
كەسوكاری ئەنفالكراوان: 98 ملیار و 346 ملیۆن دینار
شەهیدانی سەربازی: 338 ملیار و 479 ملیۆن دینار
زیندانیانی سیاسی: 10 ملیار و 721 ملیۆن دینار
عێراق.. هەرێم تۆمەتبار دەکات
وەزارەتی دارایی عێراق، حكومەتی هەرێم تۆمەتباردەكات بەوەی موچەی فەرمانبەرانی لەكاتی خۆیدا دابەش نەكردووە، ئەوەش بەهۆكاری پابەندنەبوون بە تەوتینی موچەی فەرمانبەران و دەڵێت، بەغداد بەرپرسیارێتی ئەو دواكەوتنە لەئەستۆ ناگرێت.
هەرێم: 10 ترلیۆن و 752 ملیار دینار نێردراوە
حكومەتی هەرێمی كوردستان جەختدەكاتەوە سەرەڕای بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ بۆ ڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی بۆ بەردەوامبوون لەسەر خەرجكردنی موچە تا كۆتایی ساڵی 2024، بەڵام حكومەتی فیدراڵ پابەند نەبوو بە خەرجكردنی تەواوی موچەی موچەخۆران.
حكومەتی هەرێم ڕۆژی چوارشەممە هەشتی كانوونی دووەمی 2025 ڕایگەیاند: بەپێی خشتەكانی تەرخانكراوی هەرێم لە بودجەی فیدراڵ كە بڕی (11) ترلیۆن و (576) ملیار دینارە، تەنها بڕی (10) ترلیۆن و (752) ملیار دینار بە فیعلی رەوانەكراوە، بۆیە حكومەتی هەرێم لە داهاتی ناوخۆ، 960 ملیار دیناری خەرجكردووە بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی موچە.
ئەوەشی خستەڕوو: سەرەڕای ناردنی بەشی خەزێنەی فیدڕاڵی لە داهاتی ناوخۆی و نانەوتی هەرێم و ئەوەشی لە داهاتی ناوخۆ ماوەتەوە بۆ خەرجیی بەكاربردن تایبەت بە خزمەتگوزارییە گشتیەكان و پڕۆژەكانی وەبەرهێنان خەرج كراوە، بەو پێیەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ جگە لەو بڕە پارەیە هیچ شایستەیەكی دیكەی هەرێمی خەرج نەكردووە لە تەرخانكراوەكانی دیكەی هەرێم وەك بودجەی بەكاربردن و بودجەی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان.
|