سودانیی
16 کاتژمێر پێش ئێستا
103 جار خوێنراوەتەوە
پەنابەرانیش دەگرێتەوە؛ سەرۆكوەزیرانی عێراق هاوبەشیی ستراتیژی و ڕێككەوتنی ئەمنیی لەگەڵ بەریتانیا واژۆ دەكات
ناوەندی هەواڵ
دوای ئەوەی ڕۆژی دووشەممە سەردانی بەریتانیای كرد، محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، ڕێككەوتنی هاوبەشی ستراتیژی و ڕێككەوتنی ئەمنیی لەگەڵ بەریتانیا واژۆ دەكات.
سەردانەكەی سودانی بۆ بەریتانیا لەگەڵ وەفدێكە لە ئاستی وەزاری و پەرلەمانی، بانگهێشتەكەش لەسەر داوای كیر ستارمەر سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا بووە.
بڕیارە سەردانەكەی سودانی بۆ بەریتانیا سێ رۆژ بخایەنێت و چاوی بە كیر ستارمەر سەرۆك وەزیران و شا چارلزی سێیەم و گەورە بەرپرسانی دیكە و ژمارەیەك كۆمپانیای بەریتانی بكەوێت، دۆسیەكانی ئاسایش و ئابوریی لە پێشینەی گفتوگۆكانیەتی.
دۆسیەی پەنابەران
لەبارەی سەردانەكەوە، ئاژانسی بلۆمبێرگ بڵاوی كردەوە، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا ئامانجیەتی لەو سەردانەدا دۆسیەی پەنابەرە عێراقییەكان لەگەڵ سودانی یەكلایی بكاتەوە بگەنە رێككەوتنێك لەوبارەیەوە، بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پەنابەرانەی دۆسیەكانیان رەتكراوەتەوە یان هێشتا یەكلایی نەكراوەتەوە.
ستارمەر، دەیەوێت كۆبونەوەكەی دوانینگ ستریت ببێتە وێستگەی یەكەمی رێككەوتنێكی درێژخایەن لەگەڵ حكومەتی عێراق، بۆ چارەسەركردنی دۆسیەی هەزاران كۆچبەری عێراقی كە ساڵانە بە رێگایەكی نایاسایی خۆیان دەگەیەننە بەریتانیا.
ئاماری پەنابەرانی عێراقی
بەپێی ئامارە فەرمییەكان، لە سەرەتای ساڵی 2020 تا كۆتایی 2024، زیاتر لە 16 هەزار و 500 هاوڵاتی عێراقی لە رێگەی بەلەمی بچووك و بەرێگای نایاسایی لە كەناڵی ئینگلیزەوە خۆیان گەیاندوەتە بەریتانیا، بەجۆرێك 12%ی ئەو كەسانەیان پێكهێناوە كە لەماوەی ئەو چوار ساڵەدا گەیشتونەتە خاكی بەریتانیا.
پێش گەیشتنی سودانی بە لەندەن، ستارمەر لە بەیاننامەیەكدا بڵاوی كردەوە؛ ئەو رێككەوتنەی چاوەڕوانی ئەنجامدانیەتی، یارمەتیدەرە بۆ هەڵوەشاندنەوەی گەورەترین پرۆسەی بازرگانی بە مرۆڤ و كاری قاچاخچێتییەوە، سنورێكی ئارام ئامانج و بنەمای سەرەكیی پلانی وڵاتەكەیەتی.
بەپێی ئامارەكانی حكومەتی بەریتانیا، لە ساڵی 2023 عێراقییەكان لە ریزبەندی پێنجەمی ئەو هاوڵاتیا بیانییانە بوون كە بە بەلەمی بچوك لە فەرەنساوە گەیشتبونە بەریتانیا، ساڵی 2024 ریزبەندییەكەیان دابەزیووە بۆ حەوتەم.
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، گفتوگۆی چڕوپڕ لەسەر واژۆكردنی ئەو لێكتێگەیشتن و رێككەوتنە بكرێت، كە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو ئیڤیت كوبەر وەزیری ناوخۆی بەریتانیا لە سەردانەكەی بۆ بەغداد گفتوگۆی لەسەر كرد و بناغەكەی داڕێژرا، ئەویش تەرخانكردنی بڕە پارەیەكە بەناوی هاوكارییەوە بۆ عێراق، بۆ یارمەتیدانی حكومەتی ئەو وڵاتە بۆ روبەڕوبوونەوەی بازرگانانی مرۆڤ و قاچاخچییەكان.
حكومەتی بەریتانیا چی دەوێت؟
حكومەتی بەریتانیا دەیەوێت بە واژۆكردنی رێككەوتنی هاوبەشی و هەماهەنگی لە بوارەكانی وەبەرهێنان لەرێگەی كۆمپانیا بەریتانییەكان ئەوانەی لە عێراق كاردەكەن دەرفەتی كاری زیاتر لە عێراق دەستەبەر بكات، بەتایبەتی لە پرۆژەكانی ئاو، وزە، پەیوەندییەكان و گەیاندن، ژێرخانی بەرگریی.
|