2025-05-19 139 جار خوێنراوەتەوە

مێژووی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 1992 بۆ 2024

ئیرادە میدیا

لە 19ی ئایاری 1992، یەکەمین ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو. ھەڵبژاردنەکە بۆ 100 کورسی پەرلەمان بوو لەگەڵ ئەوەشدا پێنج کورسی تایبەتکرا بۆ کەمایەتی سریانییەکان واتە پەرلەمانی کوردستان لەوکاتە لە 105 کورسی پێکھاتبوو. ئەو حیزبەی کورسی بەدەستدەھێنا دەبووایە زۆرتر لە 7% دەنگەکان بەدەستبھێنێت، 178 بنکەی دەنگدان کرایەوە بۆ ئەم ھەڵبژاردنە.

پارتی دیموکراتی کوردستان براوەی ھەڵبژاردنەکان بوو بەوەی توانی 51 کورسی بەدەستبھێنێت. لەبەرامبەردا یەکێتیی نیشتمانی کوردستان توانی 49 کورسی بەدەستبھێنێت، بەڵام دواتر بەڕێککەوتنێک پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان رێککەوتن و بەوەش ھەردوو حیزب کورسییەکانیان بوو بە 50 کورسی، دواتر ھەردوو حیزبەکە بەیەکەوە حوکمڕانی ھەرێمییانکرد تاوەکو سەرھەڵدانی شەڕی براکوژی لە ئایاری 1994.

لە 4ی حوزەیرانی 1992، جەوھەر نامیق سالم وەک سەرۆکی پەرلەمانی ھەڵبژێردرا، فوئاد مەعسووم وەک سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان دیاریکرا.

دووەمین ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 30ی کانوونی دووەمی 2005 ھاوکاتی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەچوو، ئەو ھەڵبژاردنە بەیەکەمین ھەڵبژاردن دانرا لە عێراق لەدوای ھەڵوەشاندنەوەو ڕوخاای حیزبی بەعس، لەو ھەڵبژاردنەی پەرلەمانی کوردستاندا خەڵکی کەرکووک، نەینەوا و دیالە ڕێگەیان پێنەدرا بەشداری بکەن.

لەو ھەڵبژاردنە 13 حیزب و ھاوپەیمانی جیاواز بەشدارییانکرد کەتیایدا 1753919 خەڵک دەنگیدا، لەم ھەڵبژاردنەوە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 105 کورسی بوو بە 111 کورسی، لەئەنجامدا تەنیا سێ بەرە گەیشتنە پەرلەمانی کوردستانیش ئەوانیش ھاوپەیمانی نیشتمانی کوردستان کە 104 کورسی بەدەستھێنا، کۆمەڵی ئیسلامی شەش کورسی و حیزبی زەحمەتکێشان و سەربەخۆکان بە 1 کورسی گەیشتنە پەرلەمان.

لەگەڵ پێکھێنانی حکومەتدا نێچیرڤان بارزانی لە پارتی دیموکراتی کوردستان کرا بەسەرۆکوەزیرانی ھەرێم و عەدنان موفتی لە یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بوو بە سەرۆکی پەرلەمان.

سێیەمین ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ڕۆژی 25ی تەمموزی 2009 بەڕێوەچوو. لەم ھەڵبژاردنەدا 2،5 ملیۆن و نیو ھاوڵاتی لە ھەرێمی کوردستان دەنگیان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکی ھەرێم دا،لەم ھەڵبژاردنە ڕەوەندی کورد لە دەرەوەی کوردستان ڕێگایان پێنەدرا دەنگبدەن لەدەرەوەی کوردستان، ئەم ھەڵبژاردنە پێچەوانەی ھەڵبژاردنەکەی 2005، بوو سەرۆکی ھەرێم ڕاستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە ھەڵبژێردرا.

بانگەشەی ھەڵبژاردن بۆ ئەم ھەڵبژاردنە لە ڕۆژی 22ی حوزەیرانی 2009 دەستیپێکرد تا 48 کاتژمێر بەر لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکە بەردەوامبوو، بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکەش 84 بنکەی خۆتۆمارکردن کرایەوە لەگەڵ پێنج هەزارو 403 بنکە بۆ دەنگدان و پێنج بنکەش لە شاری بەغدا دانرا.

لەم ھەڵبژاردنەوە لە کۆی 111 کورسی پەرلەمان 11 کورسی تایبەتکرا بۆ کەمایەتییەکانی کوردستان، پێنج کورسی بۆ ئاشوورییەکان، پێنج کورسی دیکەش بۆ تورکمانەکان. و یەک کورسیش بۆ ئەرمەنییەکان.

سیستمی دەنگدان

لەم ھەڵبژاردنە سیستمی لیستی داخراو بەکارھات ھەروەکو ھەڵبژاردنەکەی 2005، ھەر حیزبێکیش مەرجبوو لەسەری 30% پاڵێوراوەکانی ژن بن.

پاڵێوراوەکان

لەم ھەڵبژاردنە 509 کەس خۆیان پاڵاوت لە 25 لیستی جیاواز، پێنجیان ھاوپەیمانی بوو لەنێو چەند حیزبێکدا، لەنێویشیاندا ئەوەی بەرچاوبوو بەردەوامی ھاوپەیمانی دوو حیزبی حوکمڕانی پێشووبوون ئەویش لیستی کوردستانی بوو کە بەسەرۆکایەتی مەسعود بارزانی و مم جەلال  بوو، لیستی کوردستانی لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕانەوە ڕکابەرییان دەکرا کە ئەویان نەوشێروان مستەفا سەرکردایەتی دەکرد ئەوەش دوای ئەوەی نەوشێروان لە یەکێتی ھاتەدەرەوە و بزووتنەوەی گۆڕانی دامەزراند، لیستێکی دیکەش کە کۆکراوەی چوار حیزب بوون ئەوانیش دووان ئیسلامی و دووانیش سێکۆلار بوون ئەویش لیستی خزمەتگوزاری و چاکسازی کە ھەریەکە لە یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵەی ئیسلامی ئەکات، سۆسیالیست دیموکرات و زەحمەتکێشان بەیەکەوە بەشدارییان کرد.

دوای هەڵبژاردنەکان یەکێتیی و پارتی لەسەر سەرۆکوەزیران و سەرۆکی پەرلەمان ڕێکەوتن کە هەر دوو ساڵێک بۆیەکێکییان بێت. 
لەماوەی 28ی تشرینی یەکەمی 2009تا 5ی نیسانی 2012، بەرهەم ساڵح لەسەر یەکێتی بوو بەسەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کەمال کەرکووکی لەسەر پارتی بوو بەسەرۆکی پەرلەمان، دواتر لە دوو ساڵی کۆتایی ئەو خولەدا نێچیرڤان بارزانی لەسەر پارتی بوو بەسەرۆکوەزیران و ئەرسەلان بایز لەسەر یەکێتیی بووە سەرۆکی پەرلەمان، زۆرینەی حیزبەکان هاتنە پاڵ حکومەت و پۆستییان پێدرا بەڵام هەریەکە لە گۆڕان، یەکگرتوو و کۆمەڵ بوونە ئۆپۆزسیۆن.

بەرەی ئۆپۆزسیۆن

هەریەکە لە بزووتنەوەی گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان بوون بە ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمانی کوردستان.

ھەڵبژاردنی 2013ی پەرلەمانی کوردستان لەڕۆژی 21ی ئەیلوولی 2013 بەڕێوەچوو و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی دەکرد، نزیکەی 1129 پاڵێوراو کە 366یان ژن بوون کێبڕکێیان لەسەر 111 کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستان کرد.

بانگەشەی ھەڵبژاردن بۆ ھەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان لەماوەی نێوان 28ی ئابی 2013 تا 18ی ئەیلوولی 2013 بەڕێوەدەچوو.

خەرجی لایەنە بەشداربووەکان

لەبارەی ئەو بڕە پارەی لایەنە سیاسییەکان تەرخانیانکردووە بۆ ئەم ھەڵمەتە بەم شێوەیەیە:

پارتی دیموکراتی کوردستان: بڕی پارەکە ئاشکرا ناکەین و ھەرچەندێک پێویست بکات خەرجی دەکەین.

ئاری ھەرسین: ھەموو پاڵێوراوێک وەکو یەک سەیر دەکرێت بەڵام کێ باری دارایی باشتر بێت دەتوانێت ڕیکلامی زیاتر بکات.

یەکێتی نیشتمانی کوردستان: بڕی پارەکە دیاریکراوە و لەوە زیاتر خەرج ناکەین. ھەروەھا کەناڵی کوردسات ھەڵبژاردن دەکاتەوە بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن.

شۆڕش ئیسماعیل: بڕی پارەی بانگەشە دیاریکراوە و لەوە زیاتر خەرج ناکرێت. بەڵام پاڵێوراو دەتوانێت ڕیکلامی زیاتر بۆ خۆی بکات، بێگومان باری دارایی پاڵێوراوێک کە ئەندامی سەرکردایەتی بێت باشترە لەکەسێک کە ئەندامی ئاسایی بێت.

بزووتنەوەی گۆڕان: بودجەی خۆمان و پشتیوانی خەڵک بڕی پارەی دابینکراوە بۆ ھەڵبژاردن، و کەناڵی کەی ئێن ئێن ئیلێکشن دەکەینەوە بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن.

ڕێباز محەممەد: بڕی پارە بۆ بانگەشە ئەنجومەنێک بڕیاری لەسەر دەدات. بەڵام 900 ھەزار پۆستەرمان چاپکردووە، کە 500 ھەزاریان دروشمی لیستەکەیە و 400 ھەزارەکەی تریش بۆ پاڵێوراوەکانە. ھیچ بڕە پارەیەکیش بەپاڵێوراوەکان نادەین و دەتوانن خۆیان لەگیرفانی خۆیان پارە سەرف بکەن.

سەردار قادر: من وەکو پاڵێوراوێک بڕی 40 ھەزار دۆلارم داناوە بۆ بانگەشە و زیاتر ڕیکلامەکانیشم لەمیدیا ئەھلییەکانە.

یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان: 150ھەزار دۆلارمان بۆ بانگەشە داناوە و لەلایەن ئەندامانەوە کۆکراوەتەوە.

بەیان نوری: بەئەندازەی 500ھەزار دینار پۆستەری جیاوازمان بۆ ھەر پاڵێوراوێک کردووە.

کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان: بڕی پارە پێویست بۆ بانگەشە مەکتەبی سیاسی خەرجی دەکات.

سۆران عومەر: بۆ ھەر پاڵێوراوێک 100 فلیکس و دوو ھەزار کارت (کارتی بارزگانی) و 400 پۆستەر بەقەبارەی A4 و A3 کراوە.

بزووتنەوەی ئیسلامی لەکوردستان: زیاد لە 150 ھەزار دۆلار دانراوە بۆ بانگەشە و چەندی تریش پێویست بکات خەرجی دەکەین.

حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان: 60%ی بودجەی حیزبەکەمان دانراوە بۆ بانگەشە، کەدەکاتە زیاتر لە 200 ملیۆن دینار.

حیزبی شیوعی کوردستان: بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن400 ملیۆن دینارمان تەرخانکردووە.

لیستی مافەکانی خەڵکی کوردستان: بڕی 30ملیۆن دینارمان بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن تەرخانکردووە.

لیستی مافی گەل: وەکو قۆناغی یەکەمی بانگەشە بڕی یەک ملیۆن دۆلارمان داناوە، چەندیش پێویست بکات خەرج دەکەین بەڵام زیادەڕەوی ناکەین.

ھێرش محەممەد خۆشناو: ھەر پاڵێوراوێک دەربچێت و بگاتە پەرلەمان، وەکو دیارییەک ئۆتۆمبیلێکی لێگززی 2013ی بۆ دەکڕم، کە نرخەکەی 130 ھەزار دۆلارە.

ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، 2018 شەشەمین خوولی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان،بوو لە ڕۆژی 30ی ئەیلوولی 2018 ئەنجامبدرا،سەرەتا بڕیاربوو لە 1ی تشرینی دووەمی 2017 ئەنجامبدرێت بەڵام دواتر بۆساڵی 2018 دواخرا.

دۆخی پێش ھەڵبژاردن

خولی چوارەمی پەرلەمانی کورستان لە ساڵی 2013ەوە دەستبەکاربوو، بەڵام لەمانگی نیسانی 2014 دەستەی سەرۆکایەتی ئەو خولەی پەرلەمان دیاریکرا، مانگی حوزەیرانی 2014 پەرلەمانی کوردستان متمانەی بەکابینەی ھەشتەمی پێنج حیزبە سەرەکییەکە بەخشی.

ساڵی 2015کۆتا وادەی یاسایی سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی بوو، جگە لە پارتی، چوار حیزبەکە پڕۆژەیاسایان بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم ئامادە کرد، پارتی بۆ یەکەمجار بەشداری دانیشتنی پەرلەمانی نەکرد، ڕۆژی 20ی ئابی 2015 پەرلەمانی کوردستان دانیشتنێکی نائاسایی بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم سازدا، بەڵام ڕێژەی یاسایی تەواونەبوو.

دواتر بڕیاربوو لە مانگی تشرینی یەکەمی 2015 پەرلەمان خوێندنەوەی دووەم بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم بکات،ڕۆژی 12ی تشرینی یەکەمی 20154 لەبازگەی پردێ ڕێگە بە یوسف محەممەد نەدرا بگەڕێتەوە بۆ ھەولێر، تا ئەیلوولی 2017 پەرلەمانی کوردستان ھیچ دانیشتنێکی ئەنجام نەداو دەرگاکەی داخرا.

ڕۆژی 15ی ئەیلوولی 2017، پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی دانیشتنێکی نائاسایی ئەنجامدا، ڕۆژی 24ی تشرینی یەکەمی 2017 دوو خولی گرێدانی دانیشتنەکان بۆ ماوەی یاسایی پەرلەمان زیادکرا، ڕۆژی 29ی تشرینی یەکەمی 2017 پەرلەمان یاسای دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێم پەسەندکرد.

بەرھەم ساڵح دوای جیابوونەوەی لە یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لیستی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری لەڕۆژی 17ی ئەیوولی 2017ڕاگەیاند،لیستەکەی بەرھەم ساڵح بەشداریان لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد و توانیان 2 کورسی بەدەستبھێنن، بەر لەھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی 2018 بەرھەم ساڵح ڕایگەیاند ئەوان وەک ھاوپەیمانی بەشداری لەو ھەڵبژاردنە ناکەن،  دواتر لەڕۆژی 19ی ئەیلوولی 2018 بەرھەم ساڵح گەڕایەوە ناو ڕیزەکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و لەلیستی ھاوپەیمانی کشایەوە.

ئامادەکاریی ھەڵبژاردن

لە 28ی ئەیلوولی 2017 کۆمیسیۆن پەسەندکردنی 21 قەوارەی ڕاگەیاند، بەڵام بەدرێژکرنەوەی ماوەی یاسایی پەرلەمان، کۆمسیۆن ھەڵوەشاندنەوەی قەوارە پەسەندکراوەکانی ڕاگەیاند.

دوای دیاریکردنی 30ی ئەیلوول وەکو ڕۆژی ھەڵبژاردن، کۆمسیۆن دەرگای تۆمارکردنی قەوارە سیاسییەکانی کردەوە،دواتر کۆمسیۆن بڕی بارمتەی بۆ قەوارە تۆمارکراوەکان دیاریکرد و بڕیاریدا کە 25%ی بڕەکە بۆ قەوارە دەرنەچووەکان بگێڕێتەوە.

ڕۆژی 20ی حوزەیرانی 2018، کۆمسیۆن دەرگای تۆمارکردنی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و چاودێرانیشی بۆ ھەڵبژاردن کردەوە.

دوای دامەزراندنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی، کۆمسیۆن دروستکردنی تۆمارێکی نوێی دەنگدەرانی ڕاگەیاند، کە تۆماری دەنگدەرانی تایبەت جیادەکرێتەوە و ناوی مردووان و دووبارە و ئاوارەکان و ھاونیشتمانیانی ناوچە جێناکۆکەکان دەسڕدرێتەوە، دوای وەرگرتنی ناوی مردووان لەوەزارەتی تەندروستی، کۆمسیۆن ئامادەکردنی تۆمارێکی نوێی ڕاگەیاند، کە 300 ھەزار دەنگدەر سڕکراون.

لە 11ی تەمموزی 2018 تا 16ی ئابی 2018، کۆمسیۆن ناوەندەکانی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی کردەوەو لە 7ی ئابی 2018 کۆمسیۆن ناوە سڕکراوەکانی ڕاگەیاند کە نزیکەی 500ھەزار دەنگدەر بوون.

تۆمارکردنی قەوارە و ھاوپەیمانێتی

ڕۆژی 10ی حوزەیرانی 2018، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی پەسەندکردنی 38 قەوارە و ڕەتکردنەوەی 3 قەوارەی ڕاگەیاند،ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ شەشەمین خولی ھەڵبژێردراو بڕیارە لە 20ی تشرینی یەکەمی 2024لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان ئەنجامدرا پاڵپشت بە یاسای ژمارە 1ی ساڵی 1992ھەموارکراو و تانەلێدراو، دووەمین ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو کە بەشێوازی فرەبازنەیی ئەنجامدەدرێت و ھەرێمی کوردستان بەسەر 4 بازنەی ھەڵبژاردن دابەشکراوە، یەکەمین خولی پەرلەمانیش بوو کە ژمارەی ئەندامانی بۆ  100 ئەندامی ھەڵبژێردراوکەمکرایەوە.

دیاریکردنی ڕۆژی ھەڵبژاردن

بەھۆی ئەنجامدانی گشت پرسی و ڕیفراندۆمی 2017ی ھەرێمی کوردستانەوە، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی دروستکرا، کە سەرپەرشتی ھەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی کرد،ماوەی یاسایی کۆمسیۆنەکە لە 23ی کانوونی یەکەمی 2019 بەسەرچوو.

لە کۆبوونەوەی دەستەی سەرۆکایەتی و فراکسیۆنەکان لە 4ی نیسانی 2021، پرسی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن لەچوارچێوەی کاری پەرلەمانیدا تاوتوێکرا.

لە میانەی کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی پاش بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 10ی تشرینی یەکەمی 2021، نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند، ھەڵبژاردن لەو ماوەیەدا بەڕێوەدەچێت کە لە یاسادا ھاتووە و ھێشتا کات ماوە، لە میانەی بەشداریکردنی لە دیداری مێریدا لە 26ی تشرینی یەکەمی 2021 ڕایگەیاند، کە ھەرێمی کوردستان پێویستی بە دەستوورە ھەوڵدەدەین پێش ھەڵبژاردنی داھاتووی ھەرێم ئامادەی بکەین.

بۆ کاراکردنەوەی دامەزراوەکە، سەرۆکایەتی پەرلەمان 18ی تشرینی دووەمی 2021ی وەکو دوا دەرفەت دیاریکرد بۆ وەرگرتنی پێشنیاری فراکسیۆنەکان لەبارەی داھاتووی دامەزراوەکە، پێشنیارەکان لەبارەی زیادکردنی 2 ئەندامی پێکھاتەکان بوو بۆ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران.

مونا قەھوەچی سکرتێری پەرلەمان لە ڕۆژی زمان و کەلتور و ڕۆژنامەگەریی تورکماندا ڕایگەیاند کە کەمکردنەوە یان دەستکاریکردنی کورسی کۆتای پێکھاتەکان ڕەتدەکەنەوە.

پارتی پێشنیاری کردبوو ئەنوومەنی کۆمیسیاران بەپێی ئەنجامی ھەڵبژاردنی 2018 دابەشبکرێتەوە، دەست لەبیرۆکەی ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن ھەڵبگیرێت، گۆڕان و یەکێتی لەگەڵ مانەوەی پێکھاتەی ئەنجومەنی کۆمیسیاران بوون، یەکێتی داوای فرەبازنەیی دەکرد و گۆڕانیش لیستی داخراو.

پارتی ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنی بە بیانوو بۆ ئەنجامنەدانی ھەڵبژاردن دەبینی، یەکگرتوو سەرەڕای پێداگری لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لەوادەی یاساییدا، داوای فرەبازنەیی دەکرد، ھەروەھا پێکھاتەکان خۆیان نوێنەرەکانیان ھەڵبژێرن.

حازم تەحسین میری ئێزیدیان لە دیدارێکی لەگەڵ جێگری سەرۆکی پەرلەمان، داوایکرد لەکاتی ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن 5 کورسی کۆتا بۆ پێکھاتەی ئێزیدی تەرخان بکرێت.

نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گوتیرێس کۆبوونەوە و جەخت لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی لەکاتی خۆیدا کرایەوە.

ڕۆژی 24ی شوباتی 2022، نێچیرڤان بارزانی بە مەرسومێکی ھەرێمی ڕۆژی 1ی تشرینی یەکەمی 2022ی وەکو ڕۆژی ھەڵبژاردن دیاریکرد.

جێگری سەرۆک و سکرتێری پەرلەمان لەگەڵ بەرپرسانی بیانی باسی ھەڵبژاردنی پەرلەمان و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی ھەرێمیان کرد، لەمیانەی دیدارێکدا، سەرۆکی پەرلەمان ڕایگەیاند یاسای ھەڵبژاردن پێویستی بەڕێککەوتن و سازانی سیاسی ھەیە.

لە وتەی کردنەوەی خولی بەھارەی ساڵی چوارەمدا، ڕێواز فایەقی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان جەختی لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە وادەی یاسایی خۆیدا کردەوە.

لە 6ی حوزەیرانی 2022، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ پێکھاتەکان کۆبووەوە و جەخت لە پاراستنی مافەکانیان لە ھەڵبژاردن کرایەوە، سێ ڕۆژ دواتر، نێچیرڤان بارزانی و جینین پلاسخارت و لایەنە سیاسییەکان لەبارەی ھەڵبژاردنەکان و ئاستەنگەکانی کۆبوونەوە و بڕیاردرا تا ١ی تەممووز ڕاپۆرتێک ئامادە بکرێت، لە 10ی ئاب، جارێکی تر کۆبوونەوە و ڕاپۆرتەکە خوێندرایەوە، بڕیاردرا لە سەرەتای مانگی ئەیلوول دوا کۆبوونەوە بۆ بڕیاردان ئەنجامبدرێت.

لە 28ی ئابی 2022، ھێمن ھەورامی باسی ئەگەری درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کرد، لەکاتێکدا سەرۆکی ھەرێم ڕۆژی 1ی تشرینی یەکەمی 2022ی دیاریکردبوو بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن، لەبەرنامەی کاری دانیشتنی ژمارە 9ی ئاسایی پایزە، پێشنیارە یاسای بەردەوامبوونی خولی پێنحەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ خوێندنەوەی یەکەم ھات،لەدانیشتنەکە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا و ئاڕاستەی لیژنەی یاسایی کرا و سیفەتی بەپەلەی پێدرا، لە دانیشتنی ژمارە 10 خوێندنەوەی دووەمی بۆ کرا و لە دانیشتنی ژمارە 11 بە دەنگی 80 پەرلەمانتار پەسەندکرا، کە لە 3 ماددە و ھۆکاری دەرچواندنی پێکھاتبوو، یاساکە بە بێ واژووکردن و توانجدان لێی لەلایەن سەرۆکی ھەرێمەوە بەدەرچوێندراو ھەژمارکرا و لە ژمارە 293ی وەقایعی کوردستان بڵاوکرایەوە.

لە بارەی واژوونەکردنی یاسای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند لە کۆبوونەوەکان ھاوکار بووە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا و پەیامێکیشی ئاڕاستەی پەرلەمان کردووە کە ڕێکارەکان تەواو بکەن و ڕۆژی ھەڵبژاردن دیاریکراوە، بەڵام پەرلەمان بڕیاری درێژکردنەوەیدا، ھیوای خواست لەو ماوەیەدا دەستووری ھەرێم ئامادەبکرێت.

لە دانیشتنی ژمارە 13ی پایزە، شایان کاکەساڵح داوای دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشکرد و پەسەندکرا، لە دانیشتنی ژمارە 15، سۆز عەبدولقادر لەجێگەی سوێندی یاسایی خوارد.

ڕۆژی 23ی کانوونی دووەمی 2023، دەستەی سەرۆکایەتی و فراکسیۆنەکان لەبارەی ڕێکارەکانی ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن کۆبوونەوە،کە بە پێی یاسای بەردەوامبوونی خولی پێنجەم، ماوەی یاسایی درێژکراوە بە کۆتاییھاتنی خولی پایزەی 2023 کۆتایی دەھات.

نێچیرڤان بارزانی لە دیدارێکدا ڕایگەیاند بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن سەردانی لایەنە سیاسییەکان دەکەین و ھەوڵدەدەین ھەڵبژاردن ئەنجامبدرێت، کە دەبوو ساڵی ڕابردوو ئەنجامبدرایە.

لە دانیشتنی کردنەوەی خولی بەھارەی ساڵی پێنجەم، سەرۆکی پەرلەمان باسی ئامادەکارییەکانی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی کرد، ھەر لەو دانیشتنەدا پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی یەکگرتوو و عەلی حەمەساڵح و کازم فارووق داواکاری دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەشکرد و پەسەندکرا،لە دانیشتنی دواتر جێگەیان پڕکرایەوە، کە جێگەی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی یەکگرتوو لەلایەن بزووتنەوەی ئیسلامی لە کوردستان پڕکرایەوە،ھەر لەو دانیشتنەدا لیژنەیەکی پێنج کەسی بۆ پاڵاوتنی کۆمیسیاران پێکھێنرا.

ڕۆژی 26ی ئازاری 2023، بۆ جاری دووەم نێچیرڤان بارزانی مەرسومی ھەرێمی بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە 18ی تشرینی دووەمی 2023 واژوو کرد.

ڕۆژی 29ی ئازار، لیژنەی پاڵاوتنی کۆمیسیاران کۆبووەوە و ڕێکەوتی وەرگرتنی پاڵێوارانی ڕاگەیاند کە 5 بۆ 12ی نیسان بوو، لە دانیشتنی ژمارە 3، داواکاری دەستلەکارکێشلنەوەی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان پێشکەشکرا و پەسەندکردنی بۆ دانیشتنی داھاتوو دواخرا.

لە 20ی ئایار، کارنامەی دانیشتنی ژمارە 4ی بە واژووی دەستەی سەرۆکایەتی بڵاوکرایەوە، کە دوو خاڵی لەخۆگرتبوو، ڕۆژی دواتر بە واژووی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و سکرتێری پەرلەمان، بڕگەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن بۆ ماوەی پێنج ساڵ و پڕکردنەوەی جێگەی کۆمیسیارە بەتاڵەکان بۆ کارنامەکە زیادکرا، 22ی ئایار، ڕێواز فایەق دانیشتنەکەی کردەوە و دواتر دواخست، بەڵام ھێمن ھەورامی بەردەوامبوونی دانیشتنەکەی ڕاگەیاند بۆ پەسەندکردنی بڕگە زیادکراوەکە، ئەمەش بووە ھۆی دروستبوونی پشێوی لەنێوان پەرلەمانتارانی پارتی و یەکێتی، ھێمن ھەورامی پەسەندکردنی بڕگەکەی ڕاگەیاند و دانیشتنەکەی دواخست و داواکاری پەرلەمانتارانی کۆمەڵ باسنەکرا،ڕۆژی دواتر بڕیارەکە بەواژووی ھێمن ھەورامی لە وەقایعی کوردستان بڵاوکرایەوە.

لە 3ی ئابی 2023، بۆ جاری سێیەم مەرسومی ھەرێمی بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 25ی شوباتی 2024 دەرچوێندرا.

پاش پەسەندکردنی سکاڵانامەکەی یەکێتی لەسەر یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 1ی ساڵی 1992ی ھەموارکراو، نێچیرڤان بارزانی چوارەمین مەرسومی دەرچواند بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە 10ی حوزەیرانی 2024.

رۆژی 26ی حوزەیرانی 2024، لەلایەن سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستانەوە پێنجەمین مەرسووم دەرچوو بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن لە 20ی تشرینی یەکەمی 2024.

یاسای ھەڵبژاردن

دوای بەرکاربوونی یاسای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، پەنابرایە بەر دادگای باڵای فێدراڵیی عێراق بۆ ھەڵوەشاندنەوە و بە نادەستووریبوونی یاساکە، ھەریەک لە سروە عەبدولواحید (ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق) یووسف محەممەد (سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان 2014-2017) و کاوە عەبدولقادر (سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە خولی پێنجەمی پەرلەمان) و شاسوار عەبدولواحید (سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ) سکاڵایان تۆمارکرد بە زنجیرەکانی 233و 248 و 253 و 239ی فیدراڵیی 2022، یەکەم دانیشتنی دادگا لە18ی کانوونی یەکەمی 2022بوو، سکاڵاکان بە 233ی فیدراڵیی 2022کران بە یەک بەھۆی لێکچوونی داواکانیان.

دوای چەندین دواخستن و وەرگرتنی ڕای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان بۆ بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردن، دواجار دادگای فیدراڵی ڕۆژی 30ی ئایاری 2023 نادەستووریبوونی یاسای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی ڕاگەیاند، سەرجەم بڕیار و یاساکانی پەرلەمانی لەپاش 6ی تشرینی دووەمی 2023 بە ھەڵوەشاوە دانا، بڕیارەکە بە زۆرینەی دەنگ دەرچوێندرا بوو،لە سکاڵاکەدا پشت بە ماددەکانی 5 و 20ی دەستووری عێراق و ماددەی 51ی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 1ی ساڵی 1992ی ھەموارکراو بەسترابوو بۆ بە نادەستووریبوونی یاساکە. لایەنی سکاڵالێکراو پشتی بە بڕیاری دادگاکە بەستبوو کە ژمارەکەی 39ی فیدراڵیی 2009 بوو، کە نەوشیروان مستەفا لەدژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان تۆماری کردبوو، دادگا کارەی بە یاسایی ھەژمارکردبوو، ھەروەھا سکاڵاکاران پێش بەرکاربوونی یاساکە سکاڵایان تۆمارکردووە و پشتیان بەستووە بە ڕەشنووسی پڕۆژە یاساکە.

دادگا کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی وەکو لایەنی سێیەم بۆ سکاڵاکە زیادکرد، کۆمیسیۆن پاڵپشت بە بڕگەی 1ی ماددەی 1 و بڕگەی 2ی ماددەی 18ی یاساکەی کە ژمارە 39ی ساڵی 2019 یە، ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردن بەپێی یاسای تایبەتمەند، ھەروەھا بە بڕیاری دادگا 156ی فیدراڵیی 2022 کە تایبەت بوو بە یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی و دەستەواژەی «تاکە دەسەڵاتی ڕێپێدراوە بۆ بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردن لەھەرێم» بە نادەستووری دانراوە.

سەرەڕای ھەڵوەشاندنەوەی کارەکانی پەرلەمانی کوردستان لە پاش تەواوبوونی تەمەنی یاسایی، زیاد جەبار محەممەد سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان سکاڵایەکی لە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق تۆمارکرد بە مەبەستی دەرکردنی فەرمانێک بۆ وەستاندنی کارەکانی ئەنجومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی، دادگا سکاڵاکەی بە ژمارە 84ی فیدراڵیی 2023 وەرگرت، لە16ی تەمموزی 2023 داواکەی ڕەتکردەوە بە بیانووی تایبەتمەندنەبوونی بە کارەکانی دادگاکە.

لە ماوەی تەمەنی یاسایی پەرلەمانی کوردستان نەتواندرا یاسای ھەڵبژارنی پەرلەمانی کوردستان ھەمواربکرێتەوە، بە تایبەت دابەشکردنی ھەرێم بۆ چەند بازنەیەکی ھەڵبژاردن بەپێی پارێزگاکان و کورسی کۆتای پێکھاتەکان، لە 6ی ئابی 2023 ئامانج نەجیب شەمعون سکاڵای ژمارە 131ی فیدراڵیی 2023 تۆمارکرد، داوای کرد نادەستووریبوونی ماددەی تایبەت بە کۆتاکان و ھەژمارکردنی ھەرێم بەناوچەیەک و دابەشکردنی بۆ چەند بازنەیەکی ھەڵبژاردن ڕابگەیەنێت. لە 24ی ئەیلوولی 2023، ناوبراو سکاڵایەکی دیکەی بە ژمارە158ی فیدراڵیی 2023 تۆمارکرد بۆ دانانی تەواوی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 1ی 1992ی ھەموارکراو بە نادەستوورییبوون. زیاد جەبار سکاڵایەکی دیکە لەسەر ھەمان یاسا تۆمارکرد، سکاڵاکانیان کرا بەیەک و ژمارە 83ی فیدراڵیی 2023 وەرگرت، تانەکانیان لە ماددەکانی 1 و 9 و 15 و 22 و 36ی دووبارە بوو.

نوێنەری پەرلەمانی کوردستان داوای دواخستنی سکاڵاکەی ئامانج نەجیبی کرد بۆ پاش بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پەرلەمان، بەڵام داواکەی ڕەتکرایەوە. سەبارەت بە سکاڵاکەی دووەم، نوێنەری سکاڵالێکراوان وەڵامی دادگایان دایەوە، کە ناوبراو و حیزبەکەی سوودمەندی یاسای تانەلێدراون، کە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆیی دادگا، «نابێت سکاڵاکار سوودی وەرگرتبێت لە بەشێکی دەقی تانەلێدراو یان ھەمووی»، ھەروەھا بەپێی ماددەی 141ی دەستوور "یاسا و بڕیارەکانی ھەرێمی کوردستان کارپێکراون، مەگەر لایەنی پەیوەندیدار لەکاری بخات و پێچەوانەی ئەم دەستوورە بێت" ھەروەھا ماددەی 9ی یاسا تانەلێدراوەکە و ماددەکانی 16 و 20ی دەستوور پەیوەندییان بەیەکەوە نیە، کە تایبەتە بە بازنەی ھەڵبژاردن. ماددەی 15 کە تایبەتە بە تۆماری دەنگدەران لە کارخراوە بە دەرچوونی یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی، ماددەی 22 ڕێگر نیە لەبەردەم خۆپاڵاوتنی پاڵێوراوانی تاک و سەربەخۆ، بەڵکو پارێزگاری لە کۆتای ژنان دەکات. ماددەی 36 بۆ دابینکردنی ماف و پێکەوەژیانی پێکھاتەکانە.

دادگای باڵای فیدراڵی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی وەکو لایەنی سێیەم بانگھێشت کرد و پاش وەڵامدانەوە کرایە دەرەوە. دادگا داوای کرد کە تۆماری دەنگدەرانی بەکارھاتوو چۆن دەبێت و چۆن بازنەکانی ھەڵبژاردن دروستدەکات و کورسییەکان چۆن دابەش دەکەن بە پارێزگاریکردن لە کۆتای ژنان. نوێنەری کۆمیسیۆن وەڵامی دادگای دایەوە، تۆماری دەنگدانی فیدراڵی بەکاردەھێنرێت کە تۆمارێکی بایۆمەترییە و بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بەکاردەھێنرێت، کە ژمارەی دەنگدەران سێ ملیۆن و 789 ھەزار و 360 دەنگدەرە، کە تەنھا ملیۆنێک و ھەزار و 671 دەنگدەر تۆماری بایۆمەتری نەکردووە،سەبارەت بە دابەشکردنی کورسییەکان لە ئەگەری بەڕێوەچوونی بە چەند بازنەیەک، ئەوا پشت بە یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارە 12ی 2018ی ھەموارکراو بەپێی یاسای ژمارە 4ی 2023 دەبەستێت، کە ھەرێمی کوردستان خاوەنی 44 کورسییە، لە ئەگەری دانانی ھەڵەبجە بە بازنەیەکی ھەڵبژاردن کە بەپێی یاسای ژمارە 1ی 2015 دروست کراوە، کە لەو ھەڵبژاردنەدا بازنەی 3ی پارێگای سلێمانی بووە و خاوەنی3 کورسییە، کە ناوچەکانی ھەڵەبجە، سەید سادق، شارەزوور و پێنجوێن دەگرێتەوە و خاوەنی پێنج ناوەندی تۆمارکردنی دەنگدەرانە. لە ئەگەری دابەشکردنی 11 کورسیی کۆتای پێکھاتەکان، سلێمانی و ھەولێر ھەریەکەیان 4 کورسییان دەبێت بۆ پێکھاتەکانی مەسیحی و تورکمان، دھۆکیش 3 کورسی بۆ پێکھاتەکانی مەسیحی و ئەرمەن و تورکمان، لەکاتێکدا لە یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران تەنھا دھۆک و ھەولێر تاکە کورسی کۆتای مەسیحییان ھەیە، سەبارەت بە کۆتای ژنان، کۆمیسیۆن پارێزگارییان لێدەکات و ھەر لیستێک دەبێت بەلانی کەمەوە 3 پاڵێوراو بن، کە یەکێکیان ژن بێت، بەڵام پاڵێوراوی تاک ناکەوێتە ژێر کاریگەری کۆتای ژنان.

ھەڵبژاردنەکان و گشتپرسییەکان لە کوردستان
پەرلەمان

•١٩٩٢
٢٠٠٥
٢٠٠٩
٢٠١٣
٢٠١٨
٢٠٢٤
سەرۆکایەتیی ھەرێم

•       ١٩٩٢
٢٠٠٩
٢٠١٨

ئەنجومەنی پارێزگاکان
٢٠٠٥
٢٠١٤

جیاکردنەوەی دەسەڵاتی کارگێڕی
٢٠٠٠
٢٠٠١
گشت پرسی

٢٠٠٥
٢٠١٧

تێبینی: لەبەشێکی ئەم بابەتەدا سوود له پێگەی ویکیپیدیا وەرگیراوە

  • مێژووی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 1992 بۆ 2024

  • هه‌زاران هاوڵاتی له‌ غه‌ززه‌ چاویان له‌ ده‌ست دەدەن

  • زیلینسكی: هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌م بۆ ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پۆتین

  • تره‌مپ: جه‌نگی ئیسرائیل-حه‌ماس جه‌نگێكی دڕندانه‌یه‌

  • جیهان خۆی پڕ چه‌ك ده‌كات

  • گرنگترین بابه‌ته‌كانی سه‌رمێزی گفتوگۆكانی تره‌مپ له‌گه‌ڵ وڵاتانی كه‌نداو چین؟

  • فەلەستین بەرەسمی برسیەتی لە غەززە راگەیاند

  • 3ی ئایار رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەگەریی

  • کەناڵی BBC لەبارەی تاوانەکانی تورکیا لە خاکی هەرێم، زانیاری گرنگ ئاشکرادەکات

سەرەکی