2025-05-17 95 جار خوێنراوەتەوە

هه‌زاران هاوڵاتی له‌ غه‌ززه‌ چاویان له‌ ده‌ست دەدەن

ئیرادە میدیا

زیاتر له‌ یه‌ك ساڵ و حه‌وت مانگ به‌سه‌ر شه‌ڕی وێرانكارییانه‌ی حه‌ماس-ئیسرائیلدا تێده‌په‌ڕێت، له‌ماوه‌ی 588 ڕۆژه‌دا، زیاتر له‌ 52 هه‌زار له‌ خه‌ڵكی مه‌ده‌نی گیانیان له‌دستداوه‌ و زیاتر له‌ 119 هه‌زاری دیکەش برینداربوون، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ناو برینداره‌كاندا كه‌متر ئاوڕی لێدراوه‌ته‌وه‌ سه‌رنجی خراوه‌ته‌ سه‌ر، هه‌موو ئه‌و منداڵ و ژن و پیاوانه‌ن كه‌ به‌هۆی تۆپباران و ته‌قه‌مه‌نی جێماو و مینه‌كان و پاشماوه‌ جه‌نگییه‌كانه‌وه‌ به‌ ته‌واوه‌تی كوێر بوون یان چاوێكیان له‌ده‌ستداوه‌.

له‌ماوه‌ی19 مانگی ڕابردوودا جگه‌ له‌ گیان له‌ده‌ستدانی زیاتر 15000 هەزار منداڵ، پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌كان و تۆپبارانی به‌رده‌وامی شاره‌كه‌ له‌ لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌ بووەته‌ هۆی تێكدانی ژێرخانی ته‌ندروستی کەرتی غەززە، جگه‌ له‌ وێرانبوونی چه‌ندین نه‌خۆشخانه‌ و بنكه‌ی ته‌ندروستی زیاتر له‌ 1411 كه‌س له‌ پزیشك و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی گیانیان له‌ده‌ست داوه‌.

به‌ ئامانجگرتنی ماڵ و خەڵکی مەدەنی و شوێنە گشتییەکان و ده‌ست نه‌پاراستن له‌ هیچ جێگایه‌ك ئه‌وه‌نده‌ی دیکە كاره‌ساتی مرۆیی  دروست كردووه‌، داڕوخانی ژێرخانی ته‌ندروستی ناوچه‌كه‌ش وایكردووه‌ ده‌ستڕاگه‌شتن به‌ خزمه‌تگوزاری به‌ په‌له‌ی ته‌ندروستی ئه‌سته‌م بێت، ئه‌وه‌ش گیان له‌ده‌ستدان و كه‌مئه‌ندامی هه‌میشه‌یی به‌شێكی زۆری بریندارانی بۆردومانه‌كانی لێكه‌وتووەته‌وه‌.

له‌ناو ئه‌و كاره‌ساته‌ مرۆییه‌دا، ئه‌وانه‌ی به‌هۆی پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌كان و بۆردومانه‌ به‌رده‌وامه‌كانه‌وه‌ چاوه‌كانیان له‌ده‌ستداوه‌، یاخود زه‌بر به‌رچاوه‌كانیان كه‌وتووه‌ و به‌هۆی دره‌نگ گه‌شتن به‌ چاره‌سه‌ر یاخود ده‌ستڕانه‌گه‌شتن به‌ فریاگوزاری ته‌ندروستی چاویان له‌ده‌ستداوه،‌ كه‌مترین سه‌رنجی خراوه‌ته‌ سه‌ر.

به‌پێی راپۆرتی بەرپرسانی تەندروستی لەکەرتی غەززە تا ئێستا زیاتر له‌ 1500 هاوڵاتی لە غه‌ززه‌ چاوه‌كانیان له‌ده‌ستداوه‌، ئه‌وه‌ش یان له‌ ئه‌نجامی بۆردومان و پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌كان بووه‌، یاخود به‌هۆی ده‌ستڕانه‌گه‌شتنیان بووه‌ به‌ خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی به‌ په‌له‌.

د. عه‌بدولسه‌لام سه‌باح، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی نه‌خۆشخانه‌ی چاو له‌ غه‌ززه‌ ڕایگەیاندووە، له‌ده‌ستدانی چاو له‌ غه‌ززه‌ ته‌نیا په‌یوه‌ندی به‌ بریندارانی پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌كانه‌وه‌ نییه‌ به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به‌ نه‌بوونی چاره‌سه‌ریی به‌ په‌له‌ی نه‌خۆش و برینداره‌كان و نه‌بوونی‌ پێداویستییه‌ پزیشكییه‌كان و به‌رده‌ست نه‌بوونی توانایی چاره‌سه‌رییه‌وه‌ هه‌یه‌.

 بەپێی ڕاپۆرتە پزیشکییەکان لە كه‌رتی غه‌ززه‌ زیاتر له‌ 4000 هەزار هاوڵاتی دیكه‌ لە غه‌ززه‌ پێویستییان به‌ خزمه‌تگوزاریی تەندرستی هەیەبۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشییه‌كانی و به‌ركه‌وتنه‌كان كه‌ به‌ر چاوه‌كانیان كه‌وتووه‌.

 به‌هۆی شه‌ڕی به‌رده‌وام و ئابڵوقه‌ سه‌ربازییه‌كانی سەرکەرتی غەززە، زۆرینه‌ی ئه‌و ئامێره‌ پزیشكیانه‌ی كه‌ پێویستن بۆ چاره‌سه‌ری و بۆ نه‌شته‌رگه‌ری چاو نەماون، له‌وانه‌ ئامێری له‌یزه‌ر بۆ چاره‌سه‌ركردنی تێكچوونی تۆڕی چاو، یاخود خوێنبه‌ربوونی ناوه‌كی چاو و فشاری چاو، ئه‌و هه‌زارن نه‌خۆشه‌ ئه‌گه‌ر به‌ په‌له‌ نه‌شته‌رگه‌ری چاوییان بۆ ئه‌نجام نه‌درێت، مه‌ترسیی ئه‌وه‌یان له‌سه‌ره‌، هه‌ردوو چاوه‌كانیان، یان چاوێكیان به‌ته‌واوه‌تی له‌ده‌ست بده‌ن.

پزیشك و كارمه‌ندانی چاو له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌، ته‌نیا دژ به‌ كوێربوونی نه‌خۆشه‌كانیان ناجه‌نگن، به‌ڵكو پێشبڕكێیانه‌ له‌گه‌ڵ كات و ململانێیانه‌ له‌گه‌ڵ كه‌می پێداویستییه‌ پزیشكییه‌كانی به‌رده‌ستییان، چونكه‌ زیاتر له‌ 1200 نه‌خۆشی چاو پێویستییان به‌ چاره‌سه‌ریی به‌ په‌له‌ی پزیشكی هه‌یه‌ و یه‌كێك له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی نه‌خۆشیی چاویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ به‌ زوترین كات به‌ هانایانه‌وه‌ بچیت، به‌ڵام ئه‌مه‌ له‌ هه‌رێمی غه‌ززه‌ ئاسان نییه‌ ئه‌نجام بدرێت، به‌هۆی بۆردومانی به‌رده‌وام و نه‌بوونی پێداویستییه‌ پزیشكییه‌كان به‌تایبه‌ت له‌ بواری نه‌خۆشییه‌كانی چاودا.

له‌ناو بریندار و كه‌ئه‌ندامبوونی هه‌میشه‌یی هه‌زاران له‌ دانیشتوانی كه‌رتی غه‌ززه‌، كه‌مئه‌ندامبوونی نیوه‌یی یان ته‌واوه‌تی بینین یه‌كێكه‌ له‌ هه‌ره‌ كاره‌ساته‌ مرۆییه‌كان كه‌ ده‌رئه‌نجامی كاره‌ساتباری مرۆیی لێده‌كه‌وێته‌وه‌.

كوێربوونی ته‌واوه‌تی منداڵان و هاوڵاتیانی سڤیلی مه‌ده‌نی ده‌رئه‌نجامێكی سه‌ختی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی بۆ سه‌ر ئه‌و هاوڵاتیانه‌ و خێزانه‌كانیانی لێده‌كه‌وێته‌وه‌.

دوای تێپه‌ڕبوونی ئه‌و هه‌موو ماوه‌یه‌دا به‌سه‌ر شه‌ڕی حه‌ماس-ئیسرائیل و وێرابوونی شوێنی ژیانی زیاتر له‌ دوو ملیۆن هاوڵاتی هێشتاكه‌ جیهان نه‌ك ده‌سته‌وه‌ستاوه‌ له‌ ڕاگرتنی ئه‌و شه‌ڕه‌دا، به‌ڵكو توانای هاوكاریكردنی پێوستی پزیشكی هاوڵاتیانی سڤیلی ناوچه‌كه‌شی نییه‌.

  • مێژووی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 1992 بۆ 2024

  • هه‌زاران هاوڵاتی له‌ غه‌ززه‌ چاویان له‌ ده‌ست دەدەن

  • زیلینسكی: هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌م بۆ ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پۆتین

  • تره‌مپ: جه‌نگی ئیسرائیل-حه‌ماس جه‌نگێكی دڕندانه‌یه‌

  • جیهان خۆی پڕ چه‌ك ده‌كات

  • گرنگترین بابه‌ته‌كانی سه‌رمێزی گفتوگۆكانی تره‌مپ له‌گه‌ڵ وڵاتانی كه‌نداو چین؟

  • فەلەستین بەرەسمی برسیەتی لە غەززە راگەیاند

  • 3ی ئایار رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەگەریی

  • کەناڵی BBC لەبارەی تاوانەکانی تورکیا لە خاکی هەرێم، زانیاری گرنگ ئاشکرادەکات

سەرەکی