2025-05-13 142 جار خوێنراوەتەوە

تره‌مپ: جه‌نگی ئیسرائیل-حه‌ماس جه‌نگێكی دڕندانه‌یه‌

ئیرادە میدیا

دۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ڕایگه‌یاند جه‌نگی "ئیسرائیل-حه‌ماس" جه‌نگێكی دڕندانه‌یه‌ و "عیدان ئه‌لكسانده‌ریش"  دواهه‌مین هاوڵاتی ئه‌مریكیی ئیسرائیلیە کە له‌ لایه‌ن حه‌ماسه‌وه‌ ئازاد ده‌كرێت.

تره‌مپ له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی "ترۆس" كه‌ خاوه‌ندارێتییه‌كه‌ی بۆ خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ تویتێكی كردوو دەڵێت: دڵخۆشم به‌ ڕاگه‌یاندنی ئه‌وه‌ی كه‌ عیدان ئه‌لیكسانده‌ری هاوڵاتی ئه‌مریكی كه‌ له‌ ئۆكتۆبه‌ری 2023ه‌وه‌ له‌ غه‌ززه‌ ده‌ستبه‌سه‌ره،‌ ئازاد ده‌كرێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ناو خێزانه‌كه‌ی، من سوپاسگوزاری هه‌موو ئه‌وانه‌م كه‌ ئه‌م كاره‌ گرنگه‌یان به‌جێهێناوه‌، ئه‌م هه‌نگاوه‌ نیه‌تباشی پیشان ده‌دات به‌رامبه‌ر هه‌وڵی نێوندگیره‌كان، میسر و قه‌ته‌ر، بۆ كۆتایهێنان به‌م جه‌نگه‌ زۆر دڕندانه‌یه‌ و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ڕفێنراوه‌ زیندووه‌كان و ڕوفاتی مردووه‌كان بۆ ئازیزانیان، ئومێده‌وارین ئه‌مه‌ ببێته‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌می كۆتایهێنان به‌م ململانێ دڕندانه‌یه‌، تامه‌زرۆی ئاهه‌نگگێڕانم به‌ ڕۆژێكی وا.

ئه‌م هه‌واڵه‌ی دۆناڵد تره‌مپ گه‌رچی پێشتر له‌ ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ ئاماژه‌ی بۆ كرابوو، خودی تره‌مپیش چه‌ند كاتژمێرێك پێش نووسینی هه‌واڵه‌كه‌ ڕایگه‌یاند كه‌ هه‌واڵێكی سه‌رنجڕاكێش و سه‌رسوڕهێنه‌ری پێیه‌ و به‌مزوانه‌ له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تروس بڵاوی ده‌كاته‌وه‌.

هه‌رچه‌نده‌ ئازادكردنی عێدان ئه‌لیكسانده‌ر هه‌واڵێكی له‌پڕ و نه‌زانرا و نه‌بوو، چونكه‌ پێشتر هه‌واڵه‌كه‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهان بڵاوبووبووه‌وه‌، به‌ڵام ئاماژه‌ی تره‌مپ به‌وه‌ی شه‌ڕی غه‌ززه‌ شه‌ڕێكی "دڕندانه‌یه‌" ئه‌وه‌ بوو به‌ هه‌واڵێكی سه‌یر، به‌و پێیه‌ی دۆناڵد تره‌مپ پێشتر و له‌ به‌رایی ده‌ستبه‌كاربوونیدا چه‌ندین جار هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كردبوو ده‌رگای دۆزه‌خ به‌سه‌ر حه‌ماس و غه‌ززه‌دا ده‌كاته‌وه‌.

 ئه‌گه‌ر هاوڵاتییه‌ ئه‌مریكییه‌كان ئازاد نه‌كرێن، ئاماژه‌ی تره‌مپ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م شه‌ڕه‌ دڕندانه‌یه‌ وه‌ك دابڕانی لانی كه‌م تره‌مپ - نه‌ته‌نیاهۆ ده‌خوێنرێته‌وه‌، به‌وپێیه‌ی تره‌مپ له‌ماوه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنیدا به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی دابوو كه‌ بارمته‌كانی لای حه‌ماس ئازاد ده‌كات و شه‌ڕی غه‌ززه‌ كۆتایی پێ ده‌هێنێت، به‌ڵام زیاتر له‌ 100 ڕۆژ له‌ ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تێكه‌ی ته‌واو بووه‌ و شه‌ڕه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌ و زیاتر له‌ 59 ده‌ستبه‌سه‌ری ئیسرائیلی و ئه‌مریكی ئیسرائیلی له‌ لای حه‌ماس ماونه‌ته‌وه‌، بۆ ئه‌مه‌ش پێش ئه‌وه‌ی په‌نجه‌ی تۆمه‌ت بۆ حه‌ماس درێژ بكرێت، په‌نجه‌ی سه‌ره‌كی تۆمه‌ت بۆ نه‌ته‌نیاهۆ درێژ ده‌كرێت كه‌ گوایه‌ نایه‌وێت شه‌ڕی وێرانكاریانه‌ی غه‌ززه‌ كۆتایی پێ بهێنێت.

 لێدوانه‌کەی تره‌مپ پێش یه‌ك ڕۆ له‌ سه‌ردانی چاوه‌ڕوانیكراوی ئه‌و بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هات، كه‌ وابڕیاره‌ سه‌ردانی هه‌ریه‌كه‌ له‌ وڵاتانی سعودیه‌ و ئیمارات و قه‌ته‌ر بكات بێ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی ئیسرائیل بكات.

سه‌ردانینه‌كردنی ئیسرائیل له‌ لایه‌ن تره‌مپه‌وه‌ له‌م گه‌شته‌یدا وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك ده‌بینرێت بۆ دووركه‌وتنه‌وه‌ی دیگای ئیداره‌كه‌ی تره‌مپ له‌ حكومه‌ته‌كه‌ی نه‌ته‌نیاهۆ، هه‌روه‌ك ئیسرائیلییه‌كان نیگه‌رانی خۆیان ئاشكرا كردووه‌ له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری دووركه‌وتنه‌وه‌ی دیدگای ئه‌مریكا له‌ ئیسرائیل له‌باره‌ی شه‌ڕی غه‌ززه‌ و كێشه‌كانی تری ناوچه‌كه‌وه‌.

هه‌روه‌ك بڕیاری ئازادكردنی چاوه‌ڕوانكراوی "عیدان ئه‌لیكسانده‌ر" به‌ بێ ئاگاداری و ناوه‌ندگیری ئیسرائیل به‌ڕێوه‌ چووه‌، ئیسرائیل له‌ په‌یوه‌ندیكردنی ئه‌مریكییه‌كان به‌ حه‌ماسه‌وه‌ به‌ بێ ئاگاداری ئه‌وان ته‌واو نیگه‌رانن.

ئه‌و ئاماده‌باشییه‌ی حه‌ماس بۆ ئازادكردنی ئه‌و ڕفێنراوه‌ ئه‌مریكییه‌ ئیسرائیلییه‌ وا ده‌خوێنرێته‌وه‌ كه‌ هه‌وڵێكی حه‌ماسه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا فشار بكات بۆ كۆتایهێنان به‌ شه‌ڕی غه‌ززه‌، و هه‌روه‌ها هه‌ڵگرتنی ئابڵوقه‌ی ئابووری گورچكبڕی ئیسرائیلی له‌سه‌ر زیاتر له‌ دوو ملیۆن هاوڵاتیانی هه‌رێمی غه‌ززه‌ كه‌ دوو مانگه‌ به‌رده‌وامه‌، به‌تایبه‌ت له‌وه‌ته‌ی ئیسرائیل ئاگربه‌ستی كاتی له‌گه‌ڵ حه‌ماس هه‌ڵوه‌شاندۆته‌وه و بۆردومانی شارو ئاوه‌دانییه‌ وێرانكراوه‌كانی ده‌ستپێكردۆته‌وه‌.

"یائیر لابید"ی سه‌ركرده‌ی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسرائیلی ڕایگه‌یاند، كه‌ په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی نێوان ئه‌مریكا و حه‌ماس بۆ ئازادكردنی "عیدان ئه‌لیكسانده‌ر" شكسته‌ بۆ حكومه‌ته‌كه‌ی نه‌ته‌نیاهۆ، هه‌رچه‌نده‌ پێشوازی ده‌كه‌ین له‌ ئازادبوونی ئه‌و ڕفێنراوه‌، به‌ڵام نابێت ئه‌مه‌ لێره‌دا بوه‌ستێت، ده‌بێت ڕێكه‌وتنی ئازادبوونی ته‌واوه‌تی هه‌موو ڕفێنراوه‌كان ئه‌نجام بدرێت، كاته‌كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئێمه‌دا نییه‌.

هه‌روه‌ها ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسرائیلی وتی كه‌ ڕاپۆرته‌ هه‌واڵییه‌كان باس له‌ به‌ڕێوه‌چوونی گفتوگۆی ڕاسته‌وخۆی نێوان حه‌ماس و ئه‌مریكا ده‌كه‌ن ئه‌مه‌ش له‌ ڕاستیدا شكستهێنانێكی شه‌رمهێنه‌ری دبلۆماسییه‌ بۆ حكومه‌تی ئیسرائیلی و سه‌رۆكه‌كه‌ی كه‌ بنیامین نه‌ته‌نیاهۆیه‌.

 نه‌ته‌نیاهۆ و سه‌ركرده‌كانی دیکەی حكومه‌ته‌كه‌یی و سووربوونی خۆیان پیشان ده‌ده‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌موو ئامانجه‌كانی شه‌ڕی غه‌ززه‌ به‌دیده‌هێنن، له‌وانه‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ڕفێنراوه‌كان كه‌ تا ئێستا دوای زیاتر له‌ 19 مانگ هێشتاكه‌ له‌ژێر ده‌ستی چه‌كدارانی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسدان، له‌گه‌ڵ كۆتایهێنان به‌ ده‌سه‌ڵاتی حه‌ماس و ڕاده‌ستكردنی ئه‌و كه‌رته‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتێكی بێلایه‌نی فه‌ڵه‌ستینی یان عه‌ره‌بی یاخود نێوده‌وڵه‌تی.

دوای19 مانگ له‌ هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕ له‌ ئه‌نجامی په‌لاماری حه‌ماس بۆ سه‌ر شارو ئاوه‌دانییه‌ سنوورییه‌كانی ئیسرائیل و به‌ بارمته‌گرتنی زیاتر له‌ 200 كه‌سی مه‌ده‌نی ئیسرائیلی و هتد، دواتر ڕاگه‌یاندنی شه‌ڕی ئیسرائیل دژ به‌ حه‌ماس و تۆپبارانكردنی به‌رده‌وامی شارو و ئاوه‌دانییه‌كانی كه‌رتی غه‌زه‌ كه‌ ته‌نیا درێژێكه‌ی 41 كیلۆمه‌تره‌ و پانێكه‌شی له‌ زۆرترین ئاستیدا ته‌نیا 14 كیلۆمه‌تره‌ و زیاتر له‌ دووملیۆن و نیۆ هاوڵاتی تێدا ده‌ژیا، بوو به‌هۆی وێرانیبوونی به‌شی هه‌رزۆری ئه‌و هه‌رێمه‌ و كوژرانی زیاتر له‌ 50 هه‌زار كه‌سی مه‌ده‌نی فه‌ڵه‌ستینی و بریندارابوونی سه‌دان هه‌زاری تر، به‌ڵام هێشتاكه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و وڵاتانی عه‌ره‌بی و جیهان نه‌یتانتوانیوه‌ به‌ر به‌و كاره‌ساته‌ مرۆییه‌ بگرن، كۆتایی به‌و كێشه‌یه‌ بهێنن كه‌ له‌پاڵ كاره‌ساته‌ گه‌وره‌كانی تری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وه‌ك كێشه‌ی كورد كه‌ له‌ ئه‌نفال و ڕوخاندنی دێهاته‌كانیدا به‌رجه‌سته‌ بوو به‌ گه‌وره‌ترین كاره‌ساتی ماوه‌ درێژی دوای جه‌نگی جیهانی دووه‌م ئه‌ژمار ده‌كرێن.

ئاماژه‌ی تره‌مپ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌م شه‌ڕه‌ی غه‌ززه‌ شه‌ڕێكی دڕندانه‌یه‌ ئومێدی ئه‌وه‌ی هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌ كه‌ ئه‌مریكا كارێك بكات كۆتایی به‌و كاره‌ساته‌ مرۆییه‌ی سه‌ده‌ی 21 بهێنێت.

 

  • مێژووی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 1992 بۆ 2024

  • هه‌زاران هاوڵاتی له‌ غه‌ززه‌ چاویان له‌ ده‌ست دەدەن

  • زیلینسكی: هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌م بۆ ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پۆتین

  • تره‌مپ: جه‌نگی ئیسرائیل-حه‌ماس جه‌نگێكی دڕندانه‌یه‌

  • جیهان خۆی پڕ چه‌ك ده‌كات

  • گرنگترین بابه‌ته‌كانی سه‌رمێزی گفتوگۆكانی تره‌مپ له‌گه‌ڵ وڵاتانی كه‌نداو چین؟

  • فەلەستین بەرەسمی برسیەتی لە غەززە راگەیاند

  • 3ی ئایار رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەگەریی

  • کەناڵی BBC لەبارەی تاوانەکانی تورکیا لە خاکی هەرێم، زانیاری گرنگ ئاشکرادەکات

سەرەکی