11 کاتژمێر پێش ئێستا
552 جار خوێنراوەتەوە
ناكۆكییەكانى ترەمپ و ئیلۆن مەسك بە كوێ دەگات؟
ناکۆکی سیاسی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و هاوپەیمانی پێشوی، ملیاردێر، ئیلۆن مەسک، لەسەر پڕۆژە یاسای خەرجییەکانی کۆمارییەکان، لەناکاو بو بەو قەترەیەى لە جامى پەیوەندى دۆستانە و "هاوپەیمانێتی بەرژەوەندییەکان"ی نێوان ئەو دو کەسە دا رژا.
شەڕى راگەیاندراوى نێوان سەرۆکی بەهێزترین وڵاتی جیهان و یەکێک لە بەهێزترین سەرمایەدارە داراییەکانی ئەمریکا بە خێرایی پەرەیسەند؛ تا گەیشتە هەڕەشەی بڕینی گرێبەستەکان و ئاماژەی شۆککەر بۆ پەیوەندییە گوماناوییەکان و بانگەوازێکی بێ وێنە بۆ دیپۆرتکردنەوەی مەسک لەلایەن یەکێک لە دیارترین هاوپەیمانەکانی ترەمپەوە، چونكە مەسك كەنەدییەو هەڵگرى رەگەزنامەى ئەمریكییە.
هۆکارەکانی ئەم ناکۆکییە گشتییەی نێوان هەردو هاوپەیمان چین؟ کاردانەوەکانی چى دەبن؟ چانسی گەیشتن بە خاڵی گەڕانەوە لە پەیوەندییە مشتومڕاوییەکەیاندا بە كوێ دەگات؟ لەم راپۆرتەى "ئیرادە"دا هەوڵدەدەین وەڵامى ئەو پرسیارانە بدەینەوە.
ناکۆکییەکان کەی دەستی پێکرد؟
ناكۆكییەكان، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە پەیوەندییەکانی نێوان "ترەمپ و مەسک"دا لە ژێر کۆنتڕۆڵ دەرچون، کاتێک مەسک ڕەخنەی لە پڕۆژە یاسای کەمکردنەوەی باج و خەرجییەکانی سەرۆکی ئەمریکا گرت. مەسک پڕۆژە یاساکەی بە "خراپەیەکی قێزەون" وەسف کرد و وتی: دەبێتە هۆی زیادکردنی کورتهێنانی فیدراڵيی، ناوبراو لە پۆستێکدا لەسەر تۆڕى ئێکس نوسیویەتی: "ببورە، بەڵام ئیتر ناتوانم وەریبگرم.. پڕۆژە یاسای خەرجییە گەورەكان لە کۆنگرێسدا شتێکی قێزەونە"، ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو پڕۆژە یاسایە دەبێتە هۆی زیادکردنی کورتهێنانی بودجە کە لە ئێستاوە زیادیكردوە بۆ 2.5 تریلیۆن دۆلار و بارگرانيی لەسەر هاوڵاتییانی ئەمریکی دروستدەکات.
لەلایەكى ترەوە ئەنجومەنی نوێنەران لە مانگی ڕابردودا بە یەک دەنگ پڕۆژە یاساکەی پەسەند کرد، دوای ئەوەی فەرمانگەی بودجەی کۆنگرێس ڕایگەیاند، ئەو یاسایە کەمکردنەوەی باجی ساڵی 2017 درێژ دەکاتەوە، کەئەوەش گرنگترین دەستکەوتی یاسایی ترەمپ بو لە خولی یەکەمیدا، بەڵام بۆ قەرزی حکومەتی فیدراڵی بڕى 3.8 تریلیۆن دۆلار زیاد دەکات كە خۆى لە بنەمادا قەرزەكان بە بڕی 36.2 ترلیۆن دۆلارە.
پڕۆژە یاساکە تریلیۆنەها دۆلار لە باج و زیادکردنی خەرجییەکانی بەرگری لەخۆدەگرێت و ڕێگە بە حکومەتی ئەمریکا دەدات قەرزی زیاتر بکات.
بەپێی خەمڵاندنەکان، بەم شێوەیەی ئێستا کە ترەمپ بە "پڕۆژە یاسایەکی جوان و گەورە" ناوی دەبات، کورتهێنانی بودجەی ئەمریکا واتا- جیاوازی نێوان خەرجییەکانی حکومەت و داهات- بە نزیکەی ٦٠٠ ملیار دۆلار زیاد دەكات.
هەر لایەنێک لەبارەی ئەویترەوە چییان وت؟
لە وەڵامی ڕەخنەکانی مەسک لە پڕۆژە یاسای خەرجییەکان کە لەلایەن دیموکراتەکانەوە پشتگیريی دەکرێت، ترەمپ بێدەنگی خۆی شکاند و لە ئۆفیسی ئۆڤاڵ بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند کە "نائومێد بوە"، ئاماژەی بەوەشکردوە، من و ئیلۆن پەیوەندییەکی زۆر باشمان هەبو، نازانم بۆ هەتا هەتایە پەیوەندییەکى لەو چەشنەمان دەمێنێت یان نا؟.
مەسک، کە نزیکەی 300 ملیۆن دۆلاری بۆ پاڵپشتیکردنی ترەمپ لە هەڵمەتى هەڵبژاردنەكان دا خەرجکرد، لە وەڵامدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێكس نوسیویەتی، "بەبێ من ترەمپ لە هەڵبژاردنەکاندا دۆڕاو دەبو".
هاوكات، ترەمپ هەڕەشەی "هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەستە حکومییانەى كرد كە بە مەسک دراوە و لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروت سۆشیال ڕایگەیاندوە، "ئاسانترین ڕێگە بۆ پاشەکەوتکردنی ملیارەها دۆلار لە بودجەکەمان، نەهێشتنی یارمەتییەکانی حکومەت و ئەو گرێبەستانەیە کە بە ئیلۆن دەدرێن".
کاردانەوەی دەستبەجێی پەرەسەندنەکە چین؟
پشکەکانی کۆمپانیای تێسلا کە مەشك خاوەندارێتی دەکات، لە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەكانی ڕۆژی پێنجشەممەی رابردودا بە ڕێژەی زیاتر لە ١٤% دابەزی و نزیکەی ١٥٠ ملیار دۆلاری لە بەهای بازاڕی کۆمپانیاکەى سڕییەوە، ئەمەش گەورەترین دابەزینی یەک ڕۆژەیە لە مێژوی کۆمپانیاکەدا.
لە مامەڵەکانی پێش بازاڕدا و لە ڕۆژی هەینییدا، پشکەکان بەشێک لەو زیانانەیان وەرگرتەوە، دوای ئەوەی لە ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان دا ئەوە دەركەوت کە بڕیار بو ئەو دو کەسە پێكەوە قسە بکەن، ئەو هەوڵە بوە مایەى ئەوەى پشكەكان بە ڕێژەی 5% بەرزببنەوە.
بەپێى زانیارى میدیا جیهانییەكان و لە كاردانەوە خێراكانى مەسك بۆ بڕیارەكانى ترەمپ، ناوبراو ئەوەى رایگەیاندوە کە کۆمپانیاکەیان بەناوی سپەیس ئێکس دەستدەکات بە وەستاندنی کارەکانی "دراگۆن" کە تاکە کەشتی ئاسمانی ئەمریکییە و توانای ناردنی کەشتیوانی ئاسمانيی هەیە بۆ وێستگەی ئاسمانيی نێودەوڵەتی، میدیاكان هۆکاری ئەو بڕیارەی مەسك بۆ هەڕەشەکانی ترەمپ دەگەڕێننەوە.
بەپێی ڕیزبەندی ڕۆژانەی بلومبێرگ، مەسك 33.9 ملیار دۆلاری لەدەستداوە، کە دوەم گەورەترین زیانە لە مێژوی پێوەرەکەدا، دوای ئەوەى لە مانگی نۆڤەمبەری 2021دا توشی گەورەترین دابەزین بو.
چانسی گەیشتن بە خاڵى گەڕانەوە
ناکۆکی نێوان ئەو دو کەسە ئەوكاتە زیاتر پەرەیسەند كە ستیڤ بانۆن ڕاوێژکاری پێشوی ترەمپ هاتە ناو شەڕەکەوە و داوای لێکۆڵینەوەی لە دۆخى یاسایى و دیپۆرتکردنەوەی دەستبەجێی مەسك کردەوەو لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز وتی: من بەوپەڕى قەناعەتەوە پێموایە کە مەسک کۆچبەرێکی نایاساییە و پێویستە دیپۆرتى وڵاتى خۆى بكرێتەوە.
-
ئیرادە ئەگەرەكانى بەردەم هەمواكردنەوەى دەستور ئاشكرادەكات
|
-
ناكۆكییەكانى ترەمپ و ئیلۆن مەسك بە كوێ دەگات؟
|
-
لە هەڵبژاردنى داهاتوى عێراق دا تەقینەوەى سیاسى رودەدات
|
-
ئیسرائیل.. كنێست لە لێوارى هەڵوەشاندنەوەدایە
|
-
هەڵوێستى كورد لە هەڵبژاردنى داهاتوى عێراق چى دەبێت؟
|
-
نیگەرانییەكانى عێراق لەسەر چارەنوسی كەمپى هۆڵ پەرەدەسێنێت
|
-
عێراق لەسەر سیاسەتی ئەمڕۆ بە رۆژى خۆى بەڕێوەدەبرێت
|
-
لە نێوان هەڕەشەکانى هەرێم و دەستشکاندنەوەکانى بەغدا مووچە خۆران دەبنە قوربانى
|
-
بۆچی ڕۆژئاوا نهیتوانی شكست به ڕوسیا بهێنێت؟
|
|
|