2025-06-04
141 جار خوێنراوەتەوە
نیگەرانییەكانى عێراق لەسەر چارەنوسی كەمپى هۆڵ پەرەدەسێنێت
پاش ئەوەى سەیف رەعد شارەزای کاروباری ئەمنى و ستراتیژیی، ئەوەى ئاشکراکرد كە نیگەرانییەکانی عێراق سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان حکومەتی ئەحمەد شەرع و هێزەکانی سوریای دیموکرات "هەسەدە" سەبارەت بە ئاییندەی کەمپی "هۆڵ" لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا لەپەرەسەندندایە، لە ئێستادا عێراق ئەو كەمپە بە یەكێك لە هەڕەشە ئەمنییە گەورەكان وێنا دەكات و مەترسییەكى گەورەى سەبارەت بە داهاتوى كەمپەكە هەیە، چونكە لانكە و شوێنى زۆرترین ئەندام و سەركردە باڵاكانى رێكخراوى تیرۆریستى داعشە.
سەیف رەعد لەلێدوانێكیى دا بۆ میدیا عێراقییەكان ئەوەى رونكردۆتەوە كە پێشهاتەکانی ئەم دواییە لەسەر گۆڕەپانی سوریا نیگەرانییەكانى زیاترکردوە، لە کاتێکدا ئاماژەکان بۆ پەرەسەندنی چالاکییەکانی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە لە چوارچێوەی خاکی سوریادا لە زۆربوندایە.
ناوبراو ئەوەشى راگەیاندوە كە رێککەوتنی نێوان حکومەتەكەى ئەحمەد شەرع و هێزەکانی سوریای دیموکرات سەبارەت بە بەڕێوەبردنی کەمپەکە، مەترسییەكانى قوڵتركردۆتەوە، بەتایبەتی ئەگەر ئەندامە تیرۆریستە مەترسیدارەکان ئازادبکرێن، یان ئەگەر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریا لەسەر كەمپەكە کەمببێتەوە، ئەمەش رەنگە دەرگا بە روی هەوڵەکانی داعشدا بکاتەوە بۆ بەئامانجگرتنی زیندانییەکان یان کۆنترۆڵکردنەوەی.
ئەو شارەزایەى کاروباری ئەمنى و ستراتیژیی جەختیش دەكاتەوە لەوەى عێراق بە وریایی و نیگەرانییەکی زۆرەوە چاودێریى هەر رێکخستنێک یان لێکتێگەیشتنێکی ناوخۆیی سوریا سەبارەت بە کەمپی "هۆڵ" دەكات، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی کاریگەریی راستەوخۆی ئەندامە توندڕەوەكانى داعش لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، بەتایبەت بە لەبەرچاوگرتنی سنورە دور و ئاڵۆزەکانی نێوان هەردو وڵات و دژواریی کۆنترۆڵکردنی جموجۆڵ لە بەرامبەریدا، ئەگەر هاتو بارودۆخى ئەمنى سوریا لەهەر حاڵەتێكى لەناكاودا تێكبچێت.
نیگەرانییەکانی عێراق لە ژێر ڕۆشنایی نزیکیی سنوری نێوان هەردوو وڵات و مێژوی پێشێلکارییە ئەمنییەکان لە سنوری سوریا و عێراق و ناسکی دۆخی ئەمنی ناوچە سنورییەکان سەرهەڵدەدەن.
هەرچى تایبەتە بە گروپە تیرۆریستییەكانى سوریاو پێشینەى خودى ئەحمەد شەرع-ەوە، ئەو راستییانەیە كە پاش ئەوەى شەرع لەگەڵ ئەبوبەكرى بەغدادى كەوتە ناكۆكییەوە لەسەر لكاندنى بەرەى نوسرە بە رێكخراوى تیرۆریستى داعش-ەوە، ئیدى شەرع لەساڵى 2016 بێبەریبونى خۆى لە رێكخراوى قاعیدە راگەیاند و لێیان جیابۆوە و لە ساڵى داهاتوتریشدا بەرى نوسرەى بەستەوە بە رێكخراوى "دەستەى تەحریرى شام"ەوە و دەسەڵاتى خۆى لەناوچەكەدا فراوانتر كرد.
دواجار، کەمپی "هۆڵ" کە دەکەوێتە پارێزگای حەسەکە لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا، یەکێکە لە کەمپە مەترسیدارەکانی ناوچەکە، کە دەیان هەزار ژن و منداڵی تێدایە، لەنێویاندا خێزانی چەکدارانی داعش، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی داعش کە لە شەڕەکانی پێشو هەڵاتبون و كەمپەكەش لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە بەڕێوەدەبرێت و هاوپەیمانانیش پاڵپشتی دەكەن و لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا وەک سەرچاوەیەکی بەردەوامی نیگەرانی ئەمنی و مرۆیی پۆلێن دەکرێت.
-
لە هەڵبژاردنى داهاتوى عێراق دا تەقینەوەى سیاسى رودەدات
|
-
ئیسرائیل.. كنێست لە لێوارى هەڵوەشاندنەوەدایە
|
-
هەڵوێستى كورد لە هەڵبژاردنى داهاتوى عێراق چى دەبێت؟
|
-
نیگەرانییەكانى عێراق لەسەر چارەنوسی كەمپى هۆڵ پەرەدەسێنێت
|
-
عێراق لەسەر سیاسەتی ئەمڕۆ بە رۆژى خۆى بەڕێوەدەبرێت
|
-
لە نێوان هەڕەشەکانى هەرێم و دەستشکاندنەوەکانى بەغدا مووچە خۆران دەبنە قوربانى
|
-
بۆچی ڕۆژئاوا نهیتوانی شكست به ڕوسیا بهێنێت؟
|
-
مێژووی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 1992 بۆ 2024
|
-
ههزاران هاوڵاتی له غهززه چاویان له دهست دەدەن
|
|
|