2025-06-04 180 جار خوێنراوەتەوە

عێراق لەسەر سیاسەتی ئەمڕۆ بە رۆژى خۆى بەڕێوەدەبرێت

 

ترسەکان لە داڕمانی دارایی نزیک مەودا لە عێراق لە زیادبوندایە و نیشانە بێ وێنەکانی ناتوانایی دەوڵەت لە پێدانی موچەی فەرمانبەرانی وردە وردە دەردەکەون.

لە نێوان لێدوانەکانی پەرلەمانتار رائید مالیکی کە "پەردەپۆشکردنی حکومەت"ی بە کورتهێنانى دارایى ئاشکرا کرد و دواتریش وەڵامی وەزارەتی دارایی کە هەوڵیدا نیگەرانییەکان کەم بکاتەوە، پەلدەكێشێت بۆ قەیرانێکی دارایی دامرکێنەر و هەڕەشەی تەقینەوەی کۆمەڵایەتی دەکات ئەگەر خەرجییەکان بەردەوام بن بەبێ ئەوەی پارەیەکی واقیعی لە ئاستى خەرجییەكان دا بونى هەبێت.

پەرلەمانتار رائید مالیکی مشتومڕی زیاترى بەدوای خۆیدا هێنا و رایگەیاند: قەرزی عێراق 130 ملیار دۆلاری تێپەڕاندوە، و داهاتەکانیش بە تەنها بەس نین بۆ دابینکردنی موچەی مانگانە، ئەو لێدوانەی ناوبراو دوای کۆبونەوەی لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی هات، کە بە وتەی مالیکی دانی بە بێتوانایی وەزارەتەکەیدا نا لە ئامادەکردنی خشتەی بودجە و كار گەیشتۆتە ئەوەى قەیرانی دارایی چارەسەر نەکرێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی بانکی ناوەندی رەتیکردەوە رێگە بە قەرزکردن بدات.

لە دوفاقییەكى جێی پرسیاردا، مالیکی ڕەخنەی لە تەرخانکردنی بڕی ١٦٠ ملیار دینار بۆ قۆناغی دوەمی پڕۆژەی "بەغدای جوانتر" گرت، لە کاتێکدا هەزاران پڕۆژە وەستاون و باجی بەڵێندەران راگیراون، ژێرخانی ئابوریش بە بێدەنگی دەڕوخێت.

جددیترین ئاشکراکردن کە رائید مالیکی قسەى لەسەر كرد، پەنابردنی حکومەت بو بۆ کشاندنەوەی پارەی "ئەمانات" و فرۆشتنی "سامان"ى دەوڵەت، لەنێویاندا بینایەک لە ناوچەی سەوز بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی کارکردن.

بە وتەی ئابوریناسان، ئەم هەنگاوە نوێنەرایەتی "پێشێلکردنی ئاشکرای یاساکانی بەڕێوەبردنی دارایی" دەکات، دەوڵەتێک هەرگیز سەروەت و سامانی نەگۆڕی خۆی بۆ پێدانی موچەی فەرمانبەرانی نەفرۆشتوە، تەنها لە حاڵەتەکانی ئیفلاس یان شەڕی گەورەی ئابوری دا نەبێت.

لە کاتێکدا ئەم کارانە لە داهاتە نانەوتییەکاندا جێگیرکرابون، مالیکی بە ڕەنگدانەوەی قەیرانێکی درێژخایەنی دارایی زانی کە حکومەت هەوڵی شاردنەوەی دەدات بە زمانێکی ناڕونی بیرۆکراتی، واتا خاوبون لە بڕیاردان و دواخستنى پێشكەشكردنى خزمەتگوزارییەكان، لە کاتێکدا واقیعەکە ئاماژەیە بۆ کەمبونەوەی یەدەگی ماوە لە ئامرازی دارایی.

لەلایەكى ترەوە، وەزارەتی دارایی جەوهەری لێدوانەکانی مالیکی رەتنەکردەوە، بەڵکو هەوڵیدا لە ڕێگەی بەیاننامەیەکی رونکردنەوە کاریگەرییە سیاسییەکانیان کەمبکاتەوە و دوپاتیکردەوە کە "موچە مسۆگەرکراوە" و "کار بۆ ئامادەکردنی خشتەی بودجە بەردەوامە"، سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە پێنج مانگی ساڵی دارایی بەبێ بودجەیەکی رون تێپەڕیوە.

هاوكات، وەزارەتەکە رونیشیکردەوە، فرۆشتنی خانوبەرە و دوبارە دابەشکردنەوەی داهاتە نانەوتییەکان بەشێکە لە دەسەڵاتە یاساییەکانی، ئاماژەی بەوەشکرد، کاردەکات بۆ کەمکردنەوەی خەرجی و زۆركردنى سەرچاوەى دارایى، بەبێ ئەوەی میکانیزمی جێبەجێکردن یان خشتەی کاتی پرۆگرامە داراییەكە رونبکاتەوە.

لە وەڵامی لێدوانەکەی وەزارەتدا، مالیکی پابەندبونی خۆی بە هەمو ئەو شتانەی لە لێدوانەکەی پێشویدا وتبوى دوپاتکردەوە، بە لەبەرچاوگرتنی وەڵامی وەزارەتەکە كە "بە شێوەیەکی کاریگەر دان بەوەدا دەنێت كە مالیكى وتویەتى"، بەتایبەتی سەبارەت بە راگرتنی گواستنەوەکان بۆ هەرێمی کوردستان، و راگرتنی پشتڕاستکردنەوەی گرێبەستەکان، و رەتکردنەوەی پێدانی پلەبەرزکردنەوە، و بێتوانایی لە دابینکردنی کورتهێنانەکە.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشدابو کە وەزارەتی دارایی وەڵامی چەند خاڵێکی چارەنوسسازى نەداوەتەوە، لەوانە: رادەی راستەقینەی قەرزەکانى سەر دەوڵەت، چارەنوسی سندوقەکانی پڕۆژەی "بەغدای جوانتر"، پاساوەکانی راگرتنی پلە بەرزکردنەوە سەرەڕای بڕگە یاساییەکان، هەروەها نەبونی خشتەی دارایی كە تاوەكو ئێستا هیچ ئاسۆیەكى دیار نییە.

رائید مالیكى زیاتریش لەسەر ئەو بابەتە رۆیشت و تەنانەت حکومەتی تۆمەتبار کرد بەوەی هەوڵی پەردەپۆشکردنی پشێوی دارایی دەدات و داوای لە پەرلەمان کرد بە خێرایی دەستوەردان بکات بۆ وەستاندنی دابەزینەکە.

دواجار، سەرەڕای ئەو زمانە دیپلۆماسییەی کە هەردولا بەکاریدەهێنن، ئەوەی رودەدات دانپێدانانی ناڕاستەوخۆیە بە گەورەیی قەیرانەکە، چونكە کاتێک وەزارەتی دارایی دەڵێت: کار لەسەر ئامادەکردنی بودجە دەکات، وپەرلەمانتارەکەش جەخت لەوە دەکاتەوە کە تەنانەت ناتوانێت بینێرێتە پەرلەمان، ئیدى بۆشاییەکە فراوانتر دەردەکەوێت و جەختکردنەوەی وەزارەتەکەش کە موچەی فەرمانبەران "مسۆگەرە"، بەبێ ئەوەی ئامارەکان یان هێڵێکی کاتیی رون بخاتەڕو، چیتر رای گشتی دڵنیا ناکاتەوە، بەڵکو ئەو لێدوانانەى وەزارەتى دارایى سوتەمەنی گومانە گشتییەکانە، بەتایبەتی لەگەڵ زیادبونی کورتهێنان و دابەزینی نرخی نەوت و ئاسۆی رێگریکردن لە چاکسازی راستەقینەی ئابوری.

 

  • لە هەڵبژاردنى داهاتوى عێراق دا تەقینەوەى سیاسى رودەدات

  • ئیسرائیل.. كنێست لە لێوارى هەڵوەشاندنەوەدایە

  • هەڵوێستى كورد لە هەڵبژاردنى داهاتوى عێراق چى دەبێت؟

  • نیگەرانییەكانى عێراق لەسەر چارەنوسی كەمپى هۆڵ پەرەدەسێنێت

  • عێراق لەسەر سیاسەتی ئەمڕۆ بە رۆژى خۆى بەڕێوەدەبرێت

  • لە نێوان هەڕەشەکانى هەرێم و دەستشکاندنەوەکانى بەغدا مووچە خۆران دەبنە قوربانى

  • بۆچی ڕۆژئاوا نه‌یتوانی شكست به‌ ڕوسیا بهێنێت؟

  • مێژووی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 1992 بۆ 2024

  • هه‌زاران هاوڵاتی له‌ غه‌ززه‌ چاویان له‌ ده‌ست دەدەن

سەرەکی