11   کاتژمێر پێش ئێستا 486 جار خوێنراوەتەوە

ئیرادە ئەگەرەكانى بەردەم هەمواكردنەوەى دەستور ئاشكرادەكات

 

ئاشكرایە، پەرلەمانتاران و شارەزایانی سیاسی و یاسایی هاوڕان لەسەر گرنگی چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەتی فیدراڵی لە بەڕێوەبردنی پرسە سەروەرییەکان، بەتایبەتی ئەوانەی لە نێوان بەغدا و هەرێمدا هەیە، لەنێویشیاندا ئەوانەی پەیوەندییان بە دابەشکردنی دەسەڵاتەکان و سامانە سروشتییەکان و دەروازە سنورییەکانەوە هەیە، ئەوان جەخت لەوە دەكەنەوە كە بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە پرسە سەروەرییەکان، بەتایبەتی نەوت، بەندەرەکان و دابەشکردنی داهات، نوێنەرایەتی لادان لە پرەنسیپی لامەرکەزیی ناکات، بەڵکو مەرجێکی پێشوەختەیە بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی دادپەروەر و بەهێز و سەروەری ڕاستەقینە، لەسەر بنەمای بڕگە و ڕۆحی دەستوری عێراق،  ئەمەش بە مەبەستی سنوردارکردنی سەرپێچییە سیاسی و ئابورییەکانە کە دەتوانێت سەقامگیریی وڵات تێکبدات و ببێتە بەربەست لە گەشەسەندنی دامودەزگاکانیدا.

ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاپرسییەکی سەبارەت بە بۆچونی ژمارەیەک پەرلەمانتار و شارەزای سیاسی و یاسایی سازداوە، کە بە کۆی دەنگ جەختیان لەسەر گرنگی پابەندبونی توند بە دەستور وەک دەسەڵاتی باڵا و ڕێکخستنەوەی پەیوەندی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێم کردەوە، ئەوان دەڵێن ئەم دەستورە وەک بناغەیەک بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی بەهێزە کە لەسەر بنەمای یاسا و دامەزراوەکان بێت و توانای بەڕێوەبردنی سامانی وڵات و دەستەبەرکردنی مافی هاوڵاتییانی هەبێت. ئەوەى پێویستە سەبارەت بەو راپرسییە بوترێت ئەوەیە كە بۆچونەکان جیاواز بون لە نێوان داواکارییەکان بۆ دەرکردنی یاسا دواخراوەکان، یان بانگەوازەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەو دابەشکارییە سیاسییانەی کە ڕێگریی لە یاسادانان دەکەن، هەروەها پێشنیاری کردەیی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە دوبارەبوەکان لەسەر بەڕێوەبردنی سامان و سەرچاوەکان سروشتییەكان.

 پێویستبونى دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر پرسە سەروەرییەکان دا

 پەرلەمانتار ڕوقەیە ئەلنوری، ئەندامی لیژنەی ئابوری و وەبەرهێنان و بازرگانی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: "دەسەڵاتی دەوڵەت لەسەر پرسە سەروەرییەکان پێویستە و ئەمەش لەگەڵ دەستوردا یەکدەگرێتەوە و ڕێگریی دەکات لە پێشێلکردنی مافەکانی خەڵک".

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا، وتى: سنوردارکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت بۆ ئەم پرسانە دڵنیایی دەدات لەوەی کە جێبەجێکردنی یاساکان یەکسان و دادپەروەرانە بێت بۆ هەموان، ئەمەش هەموان لە نادادپەروەری دەپارێزێت و ڕێگریی دەکات لە پێشێلکردنی یاساکان و دەستور، روقەیە ئاماژەی بەوەشکردوە، كە ئەو هەنگاوە مەترسییەکانی ستەمکاری و گەندەڵی و کودەتاکانی دژی دەستور سنوردار دەکات، بەمەش پشتگیری لە پاراستنی سامانی گشتی دەكرێت.

لای خۆیەوە پەرلەمانتار هیبە ئەلقەس، ئەندامی لیژنەی ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزارییەکان و ئەندامی لیستى بابیلۆن، بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی  جەختی لەسەر گرنگیی ئەوەی کە "پرسە سەروەرییەکان تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بن" كردەوەو رایگەیاند؛ ئەمە نوێنەرایەتی پایەیەکی بنەڕەتییە بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی دادپەروەر و بەهێز. ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت: پرسە سەروەرییەکانی وەک نەوت، بەندەرەکان، بەرگری، بازرگانی و ئەوانی دیکە، دەبێت تەنها لەلایەن دەوڵەتەوە بەڕێوەببرێن.

 کۆتایی هێنان بە ناکۆکی سیاسی

شرۆڤەکاری سیاسی حەمزە مستەفا ئاماژەی بەوەدەكات کە دەستوری عێراق چوارچێوەی یاسایی باڵایە و کاری دەوڵەت ڕێکدەخات و بە ڕونی بە شێوەیەکی یاسایی دەسەڵاتەکان قۆرخ دەکات، ئەم چوارچێوەیە نابێت بە پشتبەستن بە ڕەچاوکردنی لایەنى دەرەکی بنوسرێتەوە، هاوكات ڕونیشیکردەوە، لە دوای پەسەندکردنی دەستور لە ساڵی 2005 تا ئەمڕۆ کێشەی سەرەکی ڕوبەڕوی عێراق بۆتەوە، نەگۆڕینی زۆرێک لە ماددە دەستورییەکانە بۆ یاسای کاریگەر ڕێگر دەبێت لە جێبەجێکردنی دروستی دەستور.

 جێبەجێکردنی دەستور

عەلی ئەلبەیدەر شرۆڤەکاری سیاسی پێیوایە، هەندێک لەو خاڵانەی وروژێنراون لە بناغە جەوهەرییەکانی سەروەری دەوڵەت و بنیاتنانی سیستمی سیاسیدان و نابێت بە پشتبەستن بە ئیرادەی سیاسی یان قازانجی شەخسی چارەسەر بکرێن. ئەلبەیدەر بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی جەختی لە پێویستی گەڕانەوە بۆ جێبەجێکردنی دەستور بە نوسراو و ڕۆح كردۆتەوەو پێیوایە؛ پێویستە یاسای نوێ کە هاوتا بێت لەگەڵ ئاڵۆزیی و جددیی بونى ئەو پرسانەی کە ئێستا لە ژێر گفتوگۆدان بێنە ئارا.

 چارەسەرە دەستورییەکان

عەلی ئەلتەمیمی شارەزای یاسایی کۆمەڵێک چارەسەری دەستوری و مرۆیی پێشنیار کرد بۆ چارەسەرکردنی بەشێک لە کێشەکان،  ئەلتەمیمی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی وتوە؛ بە پشتبەستن بە مادەکانی 14، 15، 110، 80، 81، و 82ی دەستوری عێراق، ئەگەری ئەوە هەیە ئەنجومەنی وەزیران قەرز بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بدات، ڕونیشیکردەوە کە ئەم قەرزکردنە پەیوەندی بە پشکی تەرخانکراوی هەرێمەوە نییە و لەگەڵ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیدا ناکۆک نییە، بەڵکو نۆرمێکی نێودەوڵەتییە و لە دۆسیە مرۆییەکاندا کاریپێدەکرێت.

دواجار، ژمارەیەکى زۆر لە شرۆڤەکارانی سیاسی و یاسایی هاوڕان لەسەر ئەوەی کە نەبونی دەقی یاسایی ئاشکرا و تەواونەکردنی دەرکردنی یاساکانی ڕێکخستنی دەستور، ئەم ناکۆکییە دوبارەبوانە بەردەوام دەکات و ڕێگریی لە چارەسەری بەردەوامیان دەکات، لەبەرئەوە هەمواركردنەوەى دەستور زەرورەتێكى حەتمییە بۆ سەرجەم گەلانى عێراق.

 

  • ئیرادە ئەگەرەكانى بەردەم هەمواكردنەوەى دەستور ئاشكرادەكات

  • ناكۆكییەكانى ترەمپ و ئیلۆن مەسك بە كوێ دەگات؟

  • لە هەڵبژاردنى داهاتوى عێراق دا تەقینەوەى سیاسى رودەدات

  • ئیسرائیل.. كنێست لە لێوارى هەڵوەشاندنەوەدایە

  • هەڵوێستى كورد لە هەڵبژاردنى داهاتوى عێراق چى دەبێت؟

  • نیگەرانییەكانى عێراق لەسەر چارەنوسی كەمپى هۆڵ پەرەدەسێنێت

  • عێراق لەسەر سیاسەتی ئەمڕۆ بە رۆژى خۆى بەڕێوەدەبرێت

  • لە نێوان هەڕەشەکانى هەرێم و دەستشکاندنەوەکانى بەغدا مووچە خۆران دەبنە قوربانى

  • بۆچی ڕۆژئاوا نه‌یتوانی شكست به‌ ڕوسیا بهێنێت؟

سەرەکی