2025-07-29
7224 جار خوێنراوەتەوە
هەرێم بەڵگەى هێرشە درۆنییەكان رادەستى ئەعرەجى دەكات
پوختە
لە کاتێکدا هێشتا کاردانەوەکانی هێرشە درۆنییەكان کە تێیدا دامەزراوە نەوتییەکان و شوێنە سەربازییەکانی هەرێمی کوردستانیان کردۆتە ئامانج، کەم نەبۆتەوە، دەسەڵاتدارانی هەولێر بەردەوامن لە بەدواداچونی تۆمەتەکان بۆ ئەو گروپە چەکدارانەی کە پێدەچێت دەستیان هەبێت لە هەڵکشانی گرژییەكانى ئەو ماوەیەى پێشودا. ئەمەش لەکاتێکدایە کە بەغدا بە فەرمی بێدەنگە سەبارەت بە ئاشکراکردنی ناوى تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکان، و ترسی لە کاردانەوەی سیاسی و ئەمنیی هەیە؛ ئەگەر هاتو تەواوى وردەکارییەکان بۆ ڕای گشتی ئاشكرا بكات.
پارتى سەبارەت بە رادەستكردنى بەڵگەى تێوەگلانى گروپە چەكدارەكان چى دەڵێت؟
لە پێشهاتێکی دیاردا، وەفا محەمەد کەریم بەرپرسى باڵاى پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێكى رۆژنامەوانى دا رایگەیاند، لیژنەی لێکۆڵینەوەى تایبەت بە هێرشە درۆنییەكان فایلێکی تۆکمەی لە حکومەتی هەرێمەوە پێگەیشتوە؛ کە وردەکاری تەواوی هێرشەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی تێدایە، فایلەكە وێنە و ڤیدیۆ و ناوی لیوا و کوتلە چەکدارەکان و جموجۆڵەکانیان و شوێنی هێرشەکان لە ناوچەکانى هەرێم لەخۆدەگرێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، "قاسم ئەعرەجی" ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی لە سەردانەکەی بۆ هەولێر ئەو وردەکاریيانەی پێگەیشتوە.
تا چەندە حكومەتى فیدراڵى كاردانەوەى دەبێت؟
سەرەڕای ئەم هاوکارییە ئەمنییە ڕاگەیاندراوە، ئەو بەرپرسە باڵایەى پارتى گومانی خۆی دەربڕی لە توانای حکومەتی فیدراڵی بۆ ڕاگەیاندنی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بە شەفافیەتێکی تەواو، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە ناوبراو بە "فشاری بەردەوامی ئەمریکا" وەسفی کردو ئەوەشى خستەڕو كە رەنگە فشارەكان پاڵ بە حکومەتەوە بنێت تەنها وردەکاریی بەشەکی و ناوەرۆكى چەند شتێكى بچوك ڕابگەیەنێت، بەڵام بوێری ئەوەی نەبێت هەمو وردەکارییەکان بە تەواوی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکات، "وەک خۆی دەڵێت".
ئایا بەغدا توانای کۆنترۆڵکردنی ئەو کوتلە چەکدارانەی هەیە؟
سەردانەکەی ئەعرەجی بۆ هەولێر هاوکات بو لەگەڵ کەوتنەخوارەوەی دو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە سەرلەبەیانی دوێنێ لە ناوخۆی هەرێمدا بێ لێكۆڵینەوە رویدا و ئەوەش وەك چاودێران ئاماژەى پێدەدەن ڕەنگدانەوەی بەرزبونەوەی ئاستی گرژییە ئەمنییەکانە و پرسیارى ئەوە دەوروژێنێت؛ ئایا بەغدا بەڕاستی توانای کۆنترۆڵکردنی ئەو کوتلە چەکدارانەی هەیە کە چەندین جار تۆمەتبارکراون؟.
ئایا لاى شیعە ترسى هێرشكردنە سەر گروپە چەكدارەكان لە ئارادایە؟
موخەلەد حازم، شارەزای بواری ئاسایش و سەربازی، لەمیانەى بەشداریكردنى لە یەكێك لە پرۆگرامە سیاسییەكانى میدیاى نزیك لە پارتى؛ ئەوەى خستەڕو كە لاى شیعەكان ترسی هێرشکردنە سەر گروپە چەکدارەکان لە ئارادایە، ئەگەرچى حکومەتى بەغدا هەوڵی زۆر دەدات دۆخەکە کۆنترۆڵ بکات، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت ئەو میلیشیا چەكدارانە ڕوبەڕوی هێرشێکی دەرەکی و نێودەوڵەتی ببنەوە.
موخەلەد، پێیوایە لێدانى گروپە چەكدارەكان تاکە ڕێگەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، چونكە لە روداوى هاوشێوەدا پێشتر حكومەتى لوبنان دەستەوەستان بو لەبەردەم یاخیبونەكانى حزبوڵادا و نەیتوانى هێرش و گرژییەكانى ئەو حزبە لەناوخۆدا كۆنترۆڵ بكات، تا ئەو رادەیەى ئیسرائیل گورزى كوشندەى لێوەشاندن، دواتریش هەریەك لە سوریا و حەماس و حوسییەكانیش روبەڕوى هەمان چارەنوس بونەوە.
كاردانەوەى وەزارەتى ناوخۆى هەرێم سەبارەت بە سەردانەكەى ئەعرەجى چیبو؟
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیى دا ڕایگەیاند، ئەو شاندەی کە هاتبون بۆ هەرێمی کوردستان شاندێک بو لە زۆربەی دامەزراوە ئەمنیی و سەربازییەكانى عێراق پێکهاتبون، ئامانجى سەردانەكەیان بۆ لێکۆڵینەوە بو لەگەڵ لیژنەیەکی دیکەی هەرێمی کوردستان، لەسەر ئەو هێرشە درۆنییانەی کە لە ماوەکانی ڕابردو ئاراستەی هەرێمی کوردستان دەکران و تێیدا کێڵگە نەوتییەکان بە ئامانج دەگیران.
وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم لەو كۆنگرە رۆنامەوانییەدا ئاماژەى بەوەدا كە دەبێت سنورێك بۆ ئەو گروپە چەكدارانە دابنرێت و جارێكى تر هەوڵى تێكدانى سەقامگیريى كوردستان نەدەن، چونكە ئەوە چەندەمین جارە ئەو هێرشانە دوبارە دەبنەوە و هەرچەندە لیژنەكانیش گەیشتونەتە دەرئەنجامى تەواو؛ بەڵام تا ئێستا هیچ رێككارێكى پێویست بۆ ئەو مەبەستە لەلایەن حكومەتى بەغداوە نەگیراوەتەبەر.
-
ترەمپ بۆ مێدڤێدێڤ: ئاگاداری قسەکانت بە
|
-
ئایا سیناریۆى دۆرە لەئەنجامى هەڵبژاردنەكاندا دوبارەدەبێتەوە؟
|
-
گروپێكى نوێی خوێن لەنێو مرۆڤ دا دۆزرایەوە
|
-
حکومەتی كاربەڕێكەر: ئەو بڕە نەوتەی ئێستا ئامادەیە بۆ هەناردەكردن، رادەستی سۆمۆ دەكرێت
|
-
دەستەی مافی مرۆڤ: ئومێد بەرۆشکی تاوانی دیکەی ئەنجامداوە بۆیە خراوەتەوە زیندان
|
-
بۆچى كاندیدى هەڵبژاردنەكانى عێراق ژمارە 56 رەتدەكەنەوە؟
|
-
تسۆنامییەك لەكەناراوەكانى روسیا كارەساتى گەورەى لێدەكەوێتەوە
|
-
شكانى زیندانەكانى داعش مەترسى بۆ هەرێم و بەغدا دروستدەكات
|
-
مەزڵوم عەبدى: پابەندین بە ڕێککەوتنی 10ی ئازارەوە
|
|
|