2025-07-31
6577 جار خوێنراوەتەوە
کۆنترۆڵی دەوڵەت بۆ بانکە حکومییەكان؛ نیگەرانی لێدەكەوێتەوە
پوختە
لەنێو پەرەسەندنی ئەو پرسیارانەى تایبەتن بە دەسەڵاتی وەزارەتی دارایی بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوەی نەختینەیی لەناو سیستەمی بانکی حکومەتدا، سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی سروشتی ئەو پارانەى لە بانکەکانی ڕافیدەین و ڕەشیددا هەڵگیراون، بە پێویست دەزانرێت.
لەگەڵ ئەو پێناسەكردنەوەیەدا، چەند پرسیارێكى بێ وەڵام دێنە ئاراوە كە هاوڵاتییان دڵنیاییان دەوێت سەبارەت بە چارەنوسى پارەكانیان و پرسیارەكانیش بەمجۆرەن: ئایا ئەم پارانە بە سندوقی گشتی دادەنرێت کە کەوتونەتە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتەوە؟ یان دەکەونە ژێر خاوەندارێتی تاک و وەبەرهێنەران؟ ئەم پرسیارە دوبارانە جەخت لەسەر ناڕونییەکی یاسایی و چەمکی سیستمى بانكى دەکاتەوە؛ کە لە مێژە تایبەتمەندە بە پەیوەندی نێوان سندوقە گشتییەکان و بانکە فەرمییەکان، هاوكات بەپێی وتەى شارەزایان دەرگا بەڕوی لێکدانەوە جیاوازەکاندا دەکاتەوە، کە هەندێکیان بنەمایەکی دەستوری یان دارایییان نییە.
ئایا پارەكانى بانكى رافیدەین و رەشید پارەى دەوڵەتن؟
لە ژێر ڕۆشنایی ئەو زانیارییانەدا، کەریم ئەلحلو، شارەزای بواری ئابوری، لەلێدوانێكى دا بۆ میدیا ناوخۆییەكانى عێراق؛ ئەوەى پشتڕاستکردەوە کە ئەو پارانەی لە بانکەكانی ڕافیدەین و ڕەشید هەڵگیراون سەر بە دەوڵەتە، و پارەی هاوڵاتیان نین، وەک ئەوەی پەرەی پێدەدرێت.
ئەلحلو، رونیشیكردەوە، وەزارەتی دارایی دەسەڵاتی تەواوی هەیە بۆ گواستنەوە یان سوڕانەوەیان لەنێوان بانک و دامودەزگا حکومییە جیاوازەکان بەپێی پێویست، هەروەها بە پارەی وەبەرهێنەرانی تایبەت هەژمار ناکرێن.
ئایا هاوڵاتییان دەتوانن پارەكانیان وەربگرنەوە، یان وەبەرهێنەرەكان كارى پێدەكەن؟
ئەلحلو، لەدرێژەى لێدوانەكە دا زانیارى زیاترى ئاشكراكردو وتى: ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن کە هاوڵاتییان ناتوانن پارەکانیان لەو بانکانە وەربگرنەوە، لەسەر بنەمای ڕاستییەکان نییە، بەو پێیەی تا ئێستا یەک حاڵەتی بەڵگەدار نەبوە کە کەسێک سەردانی بانکێک بکات بۆ دەرهێنانی پارەکەی و ڕێگريی لێبکرێت، لەبەرئەوە ئەم ئیدیعایە نادروستە و زیادەڕەویی تێداکراوە.
ئەو شارەزایەی بواری ئابوری درێژەی بە قسەکانی دا و وتیشی: ئەوەشی ڕودەدات بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە دزینی پارەی وەبەرهێنەران و پێشێلکردنی مافەکانیانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی نەختینەیی لەلایەن وەزارەتی داراییەوە هەیە، کە ڕێکكارێکی ڕۆتینییە و دەکەوێتە چوارچێوەی دەسەڵاتە یاسایی و کارگێڕییەکانییەوە.
هاوكات ناوبراو راشیگەیاند، زۆربەی پارەی هاوڵاتییان بە هیچ شێوەیەک لە بانکەکاندا دانەنراوە، بەڵکو لە ماڵەکاندا دەهێڵرێتەوە و بۆ کڕین و فرۆشتنی ڕاستەوخۆ بەکاردێت، چونكە بە مەزەندەکردن و بەپێى زانیارییەكانى وەزارەتى دارایى نزیكەى 95 ترلیۆن دیناری عێراقی لە ئێستادا لەنێو دەرەوەی سیستەمی بانکیى دا دەسوڕێتەوە.
كۆى گشتى پارەى چاپكراوى دەوڵەت چەندە؟
ئەلحلو، لە کۆتایی لێدوانەكەى دا ئەوەى خستەڕو كە کۆی گشتی پارەی چاپکراو لەلایەن دەوڵەتەوە لە نێوان 125 بۆ 135 ترلیۆن دیناری عێراقییە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی بڕی نەختینەی بەردەستە لە بازاڕ و ماڵەکاندا.
لەلایەكى ترەوە، هەندێک لە توێژەرانى سیاسى و ئابورى ئاماژە بەوە دەکەن کە گرنگی ئەم ڕونکردنەوەیە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە بانکە حکومییەکان؛ وەک ئامرازی جێبەجێکاری سیاسەتە داراییەکانی دەوڵەت، بە هەمان شێوەی بانکە بازرگانییەکان مامەڵەیان لەگەڵ ناکرێت، بەڵكو ئەو پارانەی تێیدا دانراون زیاتر بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانی خەرجی گشتی و مامەڵەی ناوخۆی دەوڵەت تەرخان دەکرێن، ئەمەش وایکردوە بەشێک لە سیستمی سەروەریی بانكیى؛ نەک بەشێک لە پارەی تایبەتی هاوڵاتییان، جێى گومان بێت، بەڵام نەبونی تێگەیشتنێکی ڕون لەم ئەرکە بۆتە هۆی بڵاوبونەوەی تێڕوانینە نادروستەکان کە جوڵەی ئەم سندوقانە بە مافە داراییەکانی تاکەکانەوە دەبەستنەوە، ئەمەش پێویستی بە گوتارێکی ڕونی هۆشیارکردنەوە هەیە کە جیاوازییە چەمکییەکانی نێوان سندوقە گشتییەکان و موڵک و ماڵی تایبەت لە چوارچێوەی بانکی عێراقیى دا دوبارە دابمەزرێنێتەوە.
-
کۆنترۆڵی دەوڵەت بۆ بانکە حکومییەكان؛ نیگەرانی لێدەكەوێتەوە
|
-
ئەنقەرە بۆ هەرێم و بەغدا.. ملیۆنێك بەرمیل هەناردە بكەن
|
-
قەیرانى نەختینەو كورتهێنان سیستمى دارایى عێراق دەخنكێنێت
|
-
ئیرادە زانیارى نوێ لەسەر تەوتین و موچەى مانگى 6 ئاشكرادەكات
|
-
تواناى شتومەك كڕین لە بازاڕەكانى هەرێم بە تەواوى داڕما
|
-
ژینگەی وەبەرهێنانی عێراق لە لێوارى كەوتنێكى حەتمى دایە
|
-
توندكردنەوەى رێوشوێنەكانى حكومەت نرخى دۆلار دادەبەزێنێت
|
-
عێراق لەوڵاتە دەوڵەمەندەكانى عەرەبەو خەڵكەكەشى برسییە
|
-
هێڵی کەرکوك- جەیهان دەچێتە ناو تونێلێکی تاریکەوە
|
|
|