2025-07-30
6901 جار خوێنراوەتەوە
شكانى زیندانەكانى داعش مەترسى بۆ هەرێم و بەغدا دروستدەكات
پوختە
لەسەردەمى حوكمڕانى حافز ئەسەد و بەشارى كوڕى و تا ئێستاش كە ئەحمەد شەرع سوریا بەڕێوە دەبات، بەردەوام كوردانى رۆژئاڤا مافى سیاسى و كۆمەڵایەتى و نەتەوایەتییان پێشێل كراوەو دەچەوسێنرێنەوە، شەڕو ئاڵۆزییەكانى ئەم دواییەش شایەتی پەرەسەندنی چەندین ناكۆكى ئەمنى و سیاسییە كە مافى كورد لەو بەشە گرنگەى كوردستان دا بەردەوام زەوت دەكرێت، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ڕاپۆرتەکان باس لە هەستیاریى دۆخى بەڕێوەبردنی زیندانەکانی شوێنى نیشتەجێبونی هەزاران ئەندامی داعش دەکەن، كە لە حاڵەتى شكانى ئەو بەندیخانە مەترسیدارانە بەهۆى پلانى نێودەوڵەتى و ناوخۆییەوە، ترسێكى گەورەى ئەمنى بۆ سەر هەرێمى كوردستان و تەواوى ناوچەكانى ترى عێراق دروستدەكات.
بۆچى بەردەوام هەسەدە دەكرێتە ئامانج؟
چاودێران هۆشداری دەدەن لەوەی هەر بۆشایییەکی ئەمنی لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، دەتوانێت ببێتە هۆی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ڕێکخراو دژ بە شەڕڤانان یان هەڵاتنی بەکۆمەڵی ئەندامانی داعش، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی بونی زیاتر لە دە هەزار دەستگیرکراو، کە بەپێی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان بە "زۆر مەترسیدار" پۆلێنکراون.
ڕاپۆرتە مەیدانییەکانی سوریا ئاماژە بە ئەگەری داڕمانی لێکتێگەیشتنەکانی نێوان حکومەتی کاتی دیمەشق بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع "پێشتر بە ئەبو محەمەد ئەلجولانی ناسرابو" لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات سەبارەت بە بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانەی کە زیندانەکانی داعشی تێدایە، دەردەخەن، هەمو ئەمانەش بۆ ئەوەیە كە ئەگەر رۆژێك كوردانى رۆژئاڤا داواكارى زیاتریان هەبێت، ئەوا لە رێى پلانێكى پێشوەختەوە بەو ئەندامانەى داعش كە لە ئێستادا وەك شانەى نوستون، كێشە لە ناوچە كوردنشینەكانى رۆژئاڤادا دروستبكەن.
هەرێم و عێراق چۆن سیستمى ئەمنيى خۆیان چالاك بكەن؟
سەرەڕای هەوڵە دوبارەکان بۆ دۆزینەوەی فۆرمولەیەکی گشتگیر بۆ گواستنەوەی کۆنترۆڵى ئەو زیندانانە، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی پراکتیکی نەنراوە بۆ کۆتاییهێنان بە دۆخی ئێستای پارچەپارچەبونی کارگێڕیی لەو وڵاتەدا. ئەمەش دەرگا بەڕوی ئەگەری شەڕ یان یاخیبون لەناو زیندانەکاندا دەکاتەوە، کە داعش دەتوانێت دۆخەكە ئیستغلال بکات بۆ چالاککردنەوەی شانەکانی یان دوبارە خۆجێگیرکردنەوەیان لەودیوى سنورەكانەوە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، سەفا ئەلئەعسەم لیواى خانەنشینكراو كە شارەزایەكى دیارى سەربازییە، لە لێدوانێكى دا بۆ میدیا عێراقییەكان ئەوەى پشتڕاستکردەوە کە عێراق وهەرێم بە جیددی بیر لە ئەگەری تەشەنەسەندنى قەیرانی سوریا دەکاتەوە و سیستەمی ئەمنیی خۆی چالاک دەکات بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەر پێشێلکارییەکی سنوریی و ئەگەریی.
ئەلئەعسەم ئاماژەی بەوەشکرد، هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق و هەرێم کۆنترۆڵی تەواویان بەسەر کەرتی سنوری لەگەڵ سوریادا هەیە، دەروازەو رێڕەوە نایاساییەکانیش لەژێر چاودێرییەکی توند و بەردەوامدان، لەگەڵ جێگیرکردنی چەندین مەفرەزە و بەرزکردنەوەی توانای هەواڵگریی بەدرێژایی سنورەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد، دۆخی سنورەکان لە ئێستادا سەقامگیرە، هەماهەنگییەکی ئاست بەرز لە نێوان سەرجەم لقەکانی هێزە ئەمنییە عێراقییەکان بە كورد و عەرەبەوە هەیە، لەگەڵ بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و کامێرای چاودێری پێشکەوتو لە چوارچێوەی سیستەمێکی چاودێری یەکگرتودا. ناوبراو ئەوەشى رونكردەوە كە عێراق ئامادەیە، چ لەسەر ئەرزى واقیع و چ لەڕوی هەواڵگرییەوە، بۆ هەر پێشهاتێکی ئەمنی، جا هەوڵێک بێت بۆ بەقاچاخبردنی ئەندامە تیرۆریستییەکان لە زیندانەکانەوە یان دزەکردنی سنور بەزاندن.
بۆچى عێراق پرسى سنورەكانى خۆى لەگەڵ سوریا بە گرنگ دەزانێت؟
چاودێران پێیانوایە عێراق وەک وانەیەکی توندی ئەمنی مامەڵەی لەگەڵ ئەزمونی پێشوی داعش کردوە، ئەمەش وایکردوە پرسی سنورەکان وەک بەشێک لە مەلەفى بەرگرییەکەی؛ لە پێشینەی کارەکانیدا دابنێت.
هاوكات، پێدەچێت بەغدا لە نزیکەوە چاودێری پێشهاتەکانی سوریا بکات، چ لەڕێگەی کەناڵە هەواڵگرییەکانەوە کە لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هاوبەشن و چ لەڕێگەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانەوە، ئەمەش بۆ دڵنیابون لەوەی کە داڕمانی ئەگەریی لە دۆخى زیندانەكانى سوریا نەگۆڕێت بۆ کاردانەوەی مەترسیدار کە هەڕەشە لە ئاسایشی نیشتمانی عێراق و هەرێم بکات.
لە کاتێکدا چارەنوسی زیندانەکانی سوریا بە نهێنی پۆشراوە، بەڵام ئەو ئاماژانەی کە لە بەغداوە دێن ئاستێکی بەرزی ئامادەکاریی و ئاگاداری بەردەوام نیشان دەدەن بۆ ئەوەی هەر کاردانەوەیەکی ناوچەیی ئەگەریی لەخۆبگرن، بەڵام ئەوەى رون ئاشكرایە ئەوەیە شەڕڤانانى رۆژئاڤا بە شێوەیەكى تۆكمە و ئیداریى تر شارو پارێزگاكانى ژێر دەسەڵاتى خۆیان بەڕێوەدەبەن و لەتەواوى ناوچەكانى ترى سوریا جیاوازن كە بەردەوام لە روى ئیدارییەوە لە كێشەو گرفت و قەیراندان.
-
ترەمپ بۆ مێدڤێدێڤ: ئاگاداری قسەکانت بە
|
-
ئایا سیناریۆى دۆرە لەئەنجامى هەڵبژاردنەكاندا دوبارەدەبێتەوە؟
|
-
گروپێكى نوێی خوێن لەنێو مرۆڤ دا دۆزرایەوە
|
-
حکومەتی كاربەڕێكەر: ئەو بڕە نەوتەی ئێستا ئامادەیە بۆ هەناردەكردن، رادەستی سۆمۆ دەكرێت
|
-
دەستەی مافی مرۆڤ: ئومێد بەرۆشکی تاوانی دیکەی ئەنجامداوە بۆیە خراوەتەوە زیندان
|
-
بۆچى كاندیدى هەڵبژاردنەكانى عێراق ژمارە 56 رەتدەكەنەوە؟
|
-
تسۆنامییەك لەكەناراوەكانى روسیا كارەساتى گەورەى لێدەكەوێتەوە
|
-
شكانى زیندانەكانى داعش مەترسى بۆ هەرێم و بەغدا دروستدەكات
|
-
مەزڵوم عەبدى: پابەندین بە ڕێککەوتنی 10ی ئازارەوە
|
|
|