2025-07-31
3239 جار خوێنراوەتەوە
ئایا سیناریۆى دۆرە لەئەنجامى هەڵبژاردنەكاندا دوبارەدەبێتەوە؟
پوختە
لە نێو کاردانەوەی ئەو پێکدادانە خوێناوییانەی کە لە ناوچەى "دۆرە"ی بەغداى پایتەخت ڕویدا، جارێكى تر ترسەکان لە گەڕانەوەی دێوەزمەى "چەکی سیاسی" بەرزبۆتەوە، کە پێشتر لە دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2021 لە دڵی پایتەختدا پێکدادانی خوێناوی لێکەوتەوە.
زاراوەى "چەكى نا ئارام" چییەو چ كاریگەرییەكى دەبێت؟
عەلی ناسر شارەزای کاروباری ستراتیژی و سەربازى لە لێدوانێكى دا بۆ كەناڵەكانى راگەیاندن؛ سەبارەت بەو ڕوداوە هۆشداریی دا لە دابەشبونێکی ڕون لە نێوان سەرۆکی گروپە چەکدارەکان، ئەو پێیوایە بەردەوامی بڵاوبونەوەی "چەکی نا ئارام" دەتوانێت مەترسی لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی داهاتو دروست بکات و وڵات بگەڕێنێتەوە بۆ پشێوی.
زاراوەى "چەكى نا ئارام" مەبەست لێى ئەو چەكانەیە كە لە دەستى دەوڵەتدا نییەو گروپە چەكدارەكانى شیعە كە ناوى "گروپى مەقاوەمەى عێراقى"یان لە خۆیان ناوە، خاوەندارێتى دەكەن.
هاوكات، ناسر لەدرێژەى لێدوانەكەى دا وتوشیەتى: دابەشبونێکی ڕون لە لێدوانەکانی چەند سەرۆکێكی گروپە چەكدارەكاندا سەبارەت بە ڕوداوەکانی ئەم دواییە؛ هەیە، دیارترینیان ئەو پێکدادانە خوێناویانەیە کە لە قەزای دۆرە ڕویدا، کە بۆتە هۆی گیانلەدەستدانی هاوڵاتییانی مەدەنی و ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان.
ناوبراو ئەوەشى خستەڕو كە ئەم دابەشبونە ڕەنگدانەوەی دۆخێکی سەرلێشێواوی ئەمنییە و لەنێو هەندێک گروپى چەکداریى دا پراكتیزە دەكرێت و زۆرجار خودى سەركردەكانیشیان بۆیان كۆنترۆڵ ناكرێت.
ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردو، بەغدای پایتەخت، ڕوداوێکی ئەمنیی جیددی لەناو بەڕێوەبەرایەتییەکی حکومی سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵ لە ناوچەی "دۆرە" بەخۆیەوە بینی. گروپێکی چەکدار هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەکە بۆ ڕێگریکردن لە جێبەجێکردنی بڕیارێکی کارگێڕیی بۆ دەرکردنی بەڕێوەبەری بەشی کشتوکاڵی کەرخ، لەئەنجامی ڕوداوەکەدا هاوڵاتییەکی مەدەنی و ئەفسەرێکی ئەمنی گیانیان لەدەستداوە و 12 کەسی دیکەش برینداربون.
زانیارى نێو بەیاننامە فەرمییەكان چیبو؟
بەگوێرەی بەیاننامە فەرمییەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، ئەو هێزە هێرشبەرە ئەندامانی لیوای 45 و 46ی هێزەکانی حەشدى شەعبى لەخۆگرتبو، هاوكات شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی دەستگیرکردنی 14 تۆمەتبار و کردنەوەی پەڕاوى لێکۆڵینەوەی بەپەلەی ڕاگەیاند.
ئەو پسپۆڕەی کاروباری ستراتیژی و سەربازى ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی ڕویداوە پێویستی بە سەرلەنوێ سەیرکردنەوەی چۆنیَتی کۆنترۆڵکردنی ئەو چەکانە هەیە کە لەلایەن گروپە چەكدارەكانەوە لەبەردەستدایە، یان تەنانەت ئەو چەکانەش کە لەشەقامی عێراقدا هەر بە "نا ئارام" ناودەبرێن دوبارە لەدەرەوەى دەسەڵاتى حكومەتن.
ناسر، رونیشیكردەوە، ئەم ڕوداوە یەکەم ڕوداوى لەوجۆرە نییە، بەڵکو بەشێکە لە زنجیرەیەک هەڵکشان کە شەقامی عێراقی شایەتحاڵی بوە، ئەوەش لە ئەنجامی کردەوەی تاکەکەسی لەلایەن هەندێک لە سەرکردە ئەمنییەکانەوە کە هێزەکان بەپێی خواستی کەسی و سیاسی خۆیان دەجوڵێنن.
ئەم كێشانە لەداهاتودا چ دەرئەنجامێكى لێدەكەوێتەوە؟
بەپێى بیروڕاى چاودێرانى سیاسى، کێشەکە تەنها پەیوەندی بە چەکەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە سیستەمی قێزەونی پشك پشكێنەو و تەرخانکردنی پۆست بۆ لایەنە سیاسییەکانیش هەیە، چونكە گەندەڵی بەربڵاوی ناو دامەزراوەکان لەلایەن هەندێک هێزەوە بۆ پاڵپشتیکردنی ئابورییەکانیان دەقۆزرێتەوە، ئەمەش بەڕونی کاریگەری لەسەر دۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابوری وڵاتەکە دروستکردوە.
شەڕو پێكدادانەكانى ناوخۆى شیعە پرۆسەى دیموكراسى دەگەیەنێت بە كوێ؟
زۆرێك لە سیاسەتمەدارانى دەرەوەى بازنەى شیعە لە عێراق؛ سەبارەت بە پرۆسەی دیموکراسی، جەخت لەوەدەكەنەوە كە لەم نزیکانە وڵات لە هەڵبژاردن نزیک دەبێتەوە، شەقامی عێراقیش پێویستی بە دڵنیایی و متمانەیە بۆ دەرەنجامەکانیان، هاوكات ئەو سیاسییانە هۆشداریى ئەوەشدەدەن كە بەردەوامیی ئەو جۆرە پێشێلکارییانە دەتوانێت سێبەرێک بخاتە سەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، بەتایبەتی ئەگەر هەندێک گروپی چەکدار بڕیار بدەن ئەنجامەکان ڕەتبکەنەوە یان بە زۆر تەحەددای بکەن.
هاوكات پەرلەمانتارانى سوننە پێیانوایە بەڕێوەبردنی دامودەزگاکانی دەوڵەت پێویستی بە گوتارێکی ڕون و هەڵوێستێکی پتەو و بێ لایەنگریی هەیە، لە هەمان کاتدا دڵنیابون لە کەسانی گونجاو لە پێگەی گونجاودا، چونكە نەبونی ئەو بناغانە دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی قەیرانى یەک لە دوای یەک، وەک ئەوەی لە خولی پێشوى پەرلەماندا ڕویدا.
جێى ئاماژەیە، ڕوداوەکەی ناوچەى "دۆرە" چەند ڕۆژێک دوای ئەوە هات کە ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان ئاشکرایانکرد، ژمارەیەك چەکداری نەناسراو دەستیان بەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکانى ناوچەی "مەدائین" لە باشوری بەغدا گرتوە، كە ئەو زەوییانە بەڕواڵەت بۆ دابەشکردنی بەسەر کەسوکاری شەهیداندار تەرخانكرابو، لەبەرئەوە پێدەچێت ئەمەش هۆکارێکی ڕاستەوخۆی دەرکردنی بەڕێوەبەری کشتوکاڵ بوبێت، پێش ئەوەی قەیرانەکە پەرەبستێنێت و ببێتە پێکدادانێکی خوێناوی.
-
محەمەد حاجی مەحمود: ئەو دەسەڵاتەی لە بەغداد هەیە فیدڕاڵ نییە بەس کورد بە فیدراڵ ناوی نابات
|
-
ترەمپ بۆ مێدڤێدێڤ: ئاگاداری قسەکانت بە
|
-
ئایا سیناریۆى دۆرە لەئەنجامى هەڵبژاردنەكاندا دوبارەدەبێتەوە؟
|
-
گروپێكى نوێی خوێن لەنێو مرۆڤ دا دۆزرایەوە
|
-
حکومەتی كاربەڕێكەر: ئەو بڕە نەوتەی ئێستا ئامادەیە بۆ هەناردەكردن، رادەستی سۆمۆ دەكرێت
|
-
دەستەی مافی مرۆڤ: ئومێد بەرۆشکی تاوانی دیکەی ئەنجامداوە بۆیە خراوەتەوە زیندان
|
-
بۆچى كاندیدى هەڵبژاردنەكانى عێراق ژمارە 56 رەتدەكەنەوە؟
|
-
تسۆنامییەك لەكەناراوەكانى روسیا كارەساتى گەورەى لێدەكەوێتەوە
|
-
شكانى زیندانەكانى داعش مەترسى بۆ هەرێم و بەغدا دروستدەكات
|
|
|