2025-07-30 6267 جار خوێنراوەتەوە

بۆچى كاندیدى هەڵبژاردنەكانى عێراق ژمارە 56 رەتدەكەنەوە؟

 

پوختە

لەماوەى چوار ساڵى رابردودا کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیارێکی سەیرو سەمەرەى دەرکرد بۆ لابردنی ژمارە 56 لە لیستی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بۆ ئەم هەڵبژاردنەى داهاتوش كە لە مانگى تشرینى دوەم ئەنجامدەدرێت؛ هەمان بڕیار كارى پێدەكرێت.

ئەم هەڵوێستەى كۆمیسیۆن دوای ئەوە هات کە زۆرێک لە کاندیدەکان ڕەتیانکردەوە ئەو ژمارەیە وەربگرن و هەڵمەتى هەڵبژاردنەكانى خۆیانى پێ دەستپێبكەن.

نهێنی پشت ئەم ژمارەیە چییە و بۆچی کاندیدەکان ئامادە نین بەکاری بهێنن؟

بەپێى زانیارییەكانى ئیرادە، ناوبانگی ژمارە 56 تەنها پەیوەندی بە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە نییە، بەڵكو ساڵانێکی زۆرە ژمارەیەکی چەواشەکراو و بەدناو بوە لە نێو عێراقییەکان. ئەم ژمارەیە لە هەر شوێنێک دەربکەوێت، زۆرجار باسکردنی و هەڵگرەکەی دەبێتە جێگەی گاڵتەجاڕی و توانج لێدان.

سەبارەت بە هۆكارى رەتكردنەوەى ژمارەكە لەلایەن كاندیدانەوە، دەتوانین بڵێین كە ژمارەكە  پەیوەندی بە ماددەی 456ی یاسای سزادانەوە هەیە، ئەو ماددەیە باس لە تاوانەکانی ساختەکاری و فێڵکردن دەکات، لەبەرئەوە لەسەر بنەمای ئەم مادەیە و سزاکەی، عێراقییەکان ساڵانێکە پەنا دەبەنە بەر ئەوەی هەرکەسێک ببێتە خاوەنى ژمارە 56 لەنێو شەقامى عێراقى دا بە ساختەکاری یان فێڵکردن تۆمەتباری بکەن و پێى بڵێن "56"، كە زۆرجاریش ئەم ناوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی عێراقییەکان لە سیاسییە گەندەڵ و ساختەكارو درۆزنەكان؛ بەکارهاتوە.

كۆمیسیۆن چۆن ژمارەكەى لابرد؟

ناوبانگ و ناوبانگی ئەم ژمارەیە وای لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان کرد لە لیستی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی پێشودا ژمارە 56 لاببات، ئەمەش بۆ ئەوەی شەرمەزاریان نەکات؛ وەک لە پێشتردا ڕویدابو.

هاوكات، هەر لەو سەروبەندەدا جومانە غەلای وتەبێژی کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەكانى عێراق لە لێدوانێكى دا بۆ كەناڵى "ئەلجەزیرە" ڕونیکردبۆوە، پێشنیازی لابردنی ئەم ژمارەیە لەلایەن بەشی کاروباری کاندیدانەوە پێشکەش کراوە، دوای بانگەوازی هەڵوەشاندنەوەی.

جومانە، ئاماژەی بەوەشکردبو؛ دەرکردنی ئەم ژمارەیە لە واتاکانییەوە سەرچاوەی گرتوە، کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر چانسی کاندیدێک لە هەڵبژاردنەکاندا هەبێت، بۆیە بەدەرکرا و ژمارەكە لابرا، بۆ ئەوەی دەرفەتی یەکسان بۆ هەمو کاندیدەکان دەستەبەر بکرێت.

كاندیدەكان چ هەڵوێستێكیان هەبو سەبارەت بە بڕیارەكەى كۆمیسیۆن؟

زۆرێک لە کاندیدەکان سەبارەت بە بڕیارەکەی کۆمیسیۆن ئاسودەیی خۆیان دەربڕی، ئەمەش وایكرد لە شەرمەزاریی هەڵگرتنی ئەو ژمارەیە ڕزگاریان بێت، هەروەها هەستی دڵەڕاوکێ و پێشبینی و مەترسی تۆمەتبارکردنیان بە ساختەکاريی و گەندەڵی تا رادەیەك رەوییەوە، ئیتر بەبێ ئەوەى خەڵك  بە وردی بەرنامە و کەسایەتی و تواناکانی کاندیدەکە بپشکنن.

هەر لەو چوارچێوەیەدا سەعد ئەلمەتڵەبى کاندیدی پێشوى نوێنەرایەتی بەغدا، ئەو هەنگاوەى بە ئەرێنی و لە بەرژەوەندی کاندیدەکان وەسفكردو ئەوەى خستەڕو كە ناو و ناوبانگی ئەو ژمارەیە شتێکی نوێ نییە، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی نەوەدەکان، کە بەهۆی بارودۆخی سەختی ئابوری و ئەو گەمارۆیەی عێراق لەوکاتەدا توشی هاتبو، ساختەکاری و فێڵکردن لە پارەی هاوڵاتییان زیادی کردبو.

دوای پرۆسەى ئازادى عێراق لە ساڵى 2003 و روخانى رژێمى سەددام و بڵاوبونەوەى گەندەڵییەكى بەرچاو لە حكومەتە یەك لە دواى یەكەكانى بەغدا، ئەم تۆمەتە کە ئەلمەتڵەبى بە ناڕەوا وەسفی کرد، لەسەر سیاسەتمەداران چەسپێندرا.

ناوبراو لەو سەروبەندەدا ئاماژەى بەوەدابو كە هەمو سیاسەتمەدارەکان گەندەڵ نین و جەختیشی لە گرنگی هەڵوەشاندنەوەی ئەو ژمارەیە کردەوە و وتبوی: هەر کاندیدێک هەڵگری ئەو ژمارەیە بێت توشی گاڵتەکردن و ناوزڕاندن دەبێتەوەو ناتوانێت بگاتە ئەنجومەنی نوێنەران، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە تەنانەت پێش دەستبەکاربونیشیان بە گەندەڵی تۆمەتبار دەکرێن، لەبەرئەوە لابردنى ژمارە 56 لە لیستى كاندیدەكانى هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەى عێراق؛ كارێكى دروست و عاقڵانە بوە.

كاردانەوەى شەقامى عێراقى لەسەر بڕیارى لابردنى ژمارەكە چیبو؟

لابردنی ژمارە 56 لەنێو لیستى كاندیدەكاندا بە بڕیارى كۆمیسیۆن، لەنێو تۆڕە كۆمەلایەتییەكان دا بە کۆمێنتی گاڵتەجاڕانە پێشوازی لێکرا، تەنانەت كۆمێنتەكان بونە هۆى دورخستنەوەی ئەو کاندیدانەی کە تۆمەتبارن بە گەندەڵی لەبری ژمارەکانیان.

هاوكات، بەشێكى زۆر لە هاوڵاتییان پێیانوابو؛ بڕیارى لابردنی ئەو ژمارەیە هەڵە بوە، بەوپێیەی تەنها ژمارەیەكەو هیچى تر، دواتریش بە گاڵتەجاڕییەوە نوسیبویان: ژمارەكە لەگەڵ ڕێژەیەکی زۆر لە سیاسەتمەداران و بەرپرسان و پەرلەمانتاران دەگونجێت و هەمویان پەنجاو شەشن.

 

 

 

  • ترەمپ بۆ مێدڤێدێڤ: ئاگاداری قسەکانت بە

  • ئایا سیناریۆى دۆرە لەئەنجامى هەڵبژاردنەكاندا دوبارەدەبێتەوە؟

  • گروپێكى نوێی خوێن لەنێو مرۆڤ دا دۆزرایەوە

  • حکومەتی كاربەڕێكەر: ئەو بڕە نەوتەی ئێستا ئامادەیە بۆ هەناردەكردن، رادەستی سۆمۆ دەكرێت

  • دەستەی مافی مرۆڤ: ئومێد بەرۆشکی تاوانی دیکەی ئەنجامداوە بۆیە خراوەتەوە زیندان

  • بۆچى كاندیدى هەڵبژاردنەكانى عێراق ژمارە 56 رەتدەكەنەوە؟

  • تسۆنامییەك لەكەناراوەكانى روسیا كارەساتى گەورەى لێدەكەوێتەوە

  • شكانى زیندانەكانى داعش مەترسى بۆ هەرێم و بەغدا دروستدەكات

  • مەزڵوم عەبدى: پابەندین بە ڕێککەوتنی 10ی ئازارەوە

سەرەکی