بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق
7   کاتژمێر پێش ئێستا 73 جار خوێنراوەتەوە

سلێمانی: 136 کاندید هەوڵی بەدەستهێنانی 18 کورسی دەدەن

ئیرادە میدیا

بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ڕاگیراو سبەی دەنگدانی تایبەت و ڕۆژی سێشەممەش،، دەنگدانی گشتی بۆ   پەرلەمانی عێراق عێراق بەڕێوەبچێت.

لە سنوری پارێزگای سلێمانی 136 کاندید کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی 18 کورسی، لەکۆی ئەو ژمارەیەش پێنج کورسی بۆ ژنان تەرخانکراوە،بۆ ڕۆژی دەنگدانیش لەسنوری سلێمانی  506 ناوەند و دوو هەزار و 200 وێستگە بۆ پڕۆسەکە دابینکراون.

بڕیارە سبەینێ یەکشەممە9ی11ی2025، دەنگدانی تایبەت بەڕێوەبچێت و تیایدا کارمەندانی هێزکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ و هێزە ئەمنییەکان لە 82 ناوەند و 378 وێستگە دەنگ دەدەن.

ئامارەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان دەریدەخەن کە ژمارەی دەنگدەران گەیشتووەتە 29 ملیۆن و 262 هەزار و 588 دەنگدەر، لەناویاندە 21 ملیۆن و 404 هەزار و 291 دەنگدەر زانیارییەکانی دەنگدانی بە بایۆمەتری نوێکردووەتەوە.

ئەو دەنگدەرانە خۆیان ئامادە دەکەن بۆ دەنگدان بە حەوت هەزار و 754  کاندید لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق، کە پێنج هەزار و 504 کاندیدی (پیاو) هەن لە بەرامبەر دوو هەزار و 250 کاندیدی ژن،  کاندیدەکان نوێنەرایەتی 31 هاوپەیمانی و 38 حزب و 75 لیستی تاکەکەسی دەکەن.

لە هەرێمی کوردستان چەند لایەنێکی سیاسی بەشداریی هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دەکەن، ئەوانیش:

 -پارتی دیموکراتی کوردستان بە ژمارە(275) 

– یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بەژمارە(222) 

– نەوەی نوێ بەژمارە(288) 

– یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بەژمارە(278) 

– کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بەژمارە(285) 

– ڕەوتی هەڵوێستی نیشتمانی بەژمارە(225) 

– بەرەی گەل بەژمارە(261) 

– سۆسیال دیموکراتی کوردستان بەژمارە(216) 

بەپێی زانیارییەکان، ژمارەی دەنگدەرانی کوردستان بەپێی پارێزگاکان و کورسییەکان بەم شێوەیە دەبێت:

پارێزگای سلێمانی:

ژمارەی دەنگدەرانی سلێمانی بۆ دەنگدانی گشتی یەک ملیۆن و 201  هەزار و 658 دەنگدەرە، لە بەرامبەر 82 هەزار دەنگدەر بۆ دەنگدانی تایبەت، هەروەها ژمارەی کاندیدەکان گەیشتووەتە 136 کاندید، کە لەنێویاندا 99 پیاو و 37 ژن هەن، کە چوار کەسیان سەربەخۆن و دابەشبوون بەسەر 9 حزب و چوار لیستی تاکەکەسی.
کاندیدەکان کێبڕکێ لەسەر 18 کورسی دەکەن، کە پێنج کورسییان بۆ کۆتای ئافرەتان تەرخانکراوە.

پارێزگای هەولێر:

ژمارەی دەنگدەرانی هەولێر بۆ دەنگدانی گشتی یەک ملیۆن و 87 هەزار و 880 دەنگدەرە و 85 هەزار دەنگدەریش بۆ دەنگدانی تایبەت، هەروەها ژمارەی کاندیدەکان گەیشتووەتە 108 کاندید، کە لەناویاندا 71 پیاو، 37 ئافرەت هەن، کە دوو کەسیان سەربەخۆن و چوار کاندیشیان بۆ کەمینەکانە، کاندیدەکان بەسەر 9 حزب و شەش لیستی تاکەکەسی دابەشبوون.
کاندیدەکان کێبڕکێ لەسەر 16 کورسی دەکەن، کە چوار کورسییان بۆ کۆتای ئافرەتان و کورسییەکیشیان بۆ کەمینەکان تەرخانکراوە.

پارێزگای دهۆک:

ژمارەی دەنگدەرانی دهۆک بۆ دەنگدانی گشتی 778 هەزار و 846 دەنگدەرە و 55 هەزار و 993 دەنگدەریش بۆ دەنگدانی تایبەت، هەروەها ژمارەی کاندیدەکان گەیشتووەتە 59 کاندید، کە  39 پیاو و 20 ژن هەن.

کاندیدەکانی پارێزگای دهۆک بەسەر هەشت حزب و پێنج لیستی تاکەکەسی دابەشبوون.

کاندیدەکان کێبڕکێ لەسەر 12 کورسی دەکەن، کە سێ کورسییان بۆ کۆتای ژنان و کورسییەکیشیان بۆ کەمینەکان تەرخانکراوە.

لە ماوەی ڕۆژانی بانگەشەدا، زیاتر لە یەک ملیۆن و 600 هەزار دۆلار تەنها لەتۆڕەکانی تایبەت کۆمپانیای مێتا (فەیسبووک، ئینستاگرام، سرێد) لە بواری ڕیکلامی سۆشیال میدیا لەسەر ئاستی عێراق بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن خەرج کراوە. 

بەپێی ئاماری شارەزایانی بواری سۆشیاڵ میدیا،  تا ئێستا لە بەغدا 444 هەزار دۆلار بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن خەرج کراوەو لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش، سلێمانی بە خەرجکردنی 109 هەزار دۆلار  لەپلەی یەکەمدایەو هەڵەبجەش بە کەمترین پارێزگا دادەنرێت کە پێنج  هەزار و 565 دۆلاری خەرج کردووە.

لەسەر ئاستی عێراق:

بەغدا: 444 هەزار و 462 دۆلار (زۆرترین). 

لەسەر ئاستی کوردستان:

پارێزگای سلێمانی: 109 هەزار و 901 دۆلار.

پارێزگای هەولێر: 100 هەزار دۆلار.

پارێزگای کەرکووک: 65 هەزار و 292 دۆلار.

پارێزگای دهۆک: 43 هەزار و 27 دۆلار.

پارێزگای هەڵەبجە: پێنج هەزار و 429 دۆلار (کەمترین بڕە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق).

 پێشتر کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئامادەکارییەکانی بۆ ڕووماڵکردن و چاودێریکردنی پرۆسەکە خستەڕوو، کە تێیدا زیاتر لە 1500 ڕۆژنامەنوسی ناوخۆیی و بیانی و سەروو 300 چاودێری نێودەوڵەتی بەشدار دەبن.

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاندبوو، 304 کەسایەتی نێودەوڵەتی وەک چاودێر بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا دەکەن، چاودێرەکان نوێنەرایەتی حەوت باڵیۆزخانە و 36 ڕێکخراوی نێودەوڵەتی دەکەن و لە نزیکەوە چاودێریی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانەکە دەکەن.

بۆ ڕووماڵکردنی هەڵبژاردن، زیاتر لە 1500 ڕۆژنامەنووس ئامادە دەبن، کە 200 کەسیان ڕۆژنامەنووسی بیانی دەبن و لە میدیا جیهانییەکانەوە هاتوون، کۆمسیۆن 140 بنکەی تایبەت بە ڕووماڵی میدیایی لە سەرانسەری عێراق دیاریکردووە، کە 41 بنکەیان لە هەرێمی کوردستانە.

بەپێی قسەی بەرپرسانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق،دوای 24 کاتژمێر لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن، ئەنجامە بەراییەکان ڕادەگەیەنرێن، واتە کاتژمێر 6ی ئێوارەی چوارشەممە 12ی تشرینی دووەمی 2025 ئەنجامەکان ڕادەگەیەندرێت.

  • سلێمانی: 136 کاندید هەوڵی بەدەستهێنانی 18 کورسی دەدەن

  • بەپڕۆژەیەک ئامادەکاری دەکرێت بۆ گەڕانەوەی گەریلا بۆ تورکیا

  • هه‌سه‌ده‌ هۆشداریده‌دات‌و ئاماده‌باشى بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێك ڕاگه‌یاند

  • بازنەی سلێمانی، دەنگ و كورسیەكان چی بەسەردێت؟

  • ته‌ندروستى پۆڵاد شێخ جه‌نگى تێكچووه‌و ئۆكسجینى بۆ دانراوه‌

  • دواى نزیكه‌ى سێ مانگ ته‌رمێكى سوتاوى لاله‌زار دۆزرایه‌وه‌

  • ئه‌لو لوئلوئه‌ كێیه‌و بزانه‌ له‌فاشەر چى كردوه‌

  • دۆخێکی نائاسایی لەدیمەنی سیاسیی عێراقدا ده‌رده‌كه‌وێت

  • ئێران شەڕێکی بەوەکالەت لەسەر جێنشینی خامنەیی.. گورزی گه‌وره‌ لەکوڕی ڕێبەری باڵا درا

سەرەکی