3   کاتژمێر پێش ئێستا 3432 جار خوێنراوەتەوە

سەرۆکی فەڵەستین تەمەنی 90 ساڵە... ئەو پیاوە کێیە 20 ساڵ حوکمڕانی کردوەو کێ شوێنی دەگرێتەوە؟

ئەمڕۆ مەحمود عەباس سەرۆکی فەڵەستین تەمەنی دەبێتە 90 ساڵ، دوای ئەوەی 20 ساڵ سەرکردایەتی دەسەڵاتی فەڵەستینى کردووە، لەکاتێکدا ئه‌وه‌ پرسیارە ئاخۆ کێ لەقۆناغێکی زۆر ئاڵۆزدا بۆ فەڵەستینییەکان ده‌بێته‌ جێنشینی.

لەکاتێکدا ڕۆژی شەممە تەمەنی بوو بە 90 ساڵ، مەحمود عەباس کە نازناوی "ئەبو مەزن"ی لێنراوە، سەرەڕای دابەزینی ناوبانگەکەی، بەردەوامە لەچەسپاندنی دەسەڵات، عەباس دووەم بەتەمەنترین سەرۆکی دەوڵەتی جیهانە لەدوای پاوڵ بیای کامیرۆنی کە تەمەنی 92 ساڵەو لەماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا بەبێ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەپۆستەکەیدا ماوەتەوە.

ڕەخنەگرانی دەڵێن، ئەم واقیعە وایکردووە فەڵەستینییەکان ڕووبەڕووی بۆشایی سەرکردایەتی ببنەوە لەساتێکدا کە ڕووبەڕووی قەیرانی وجودی دەبنەوە، لەکاتێکدا ئاسۆی دەوڵەتی فەڵەستینی کە ناوەکی پڕۆژە سیاسییەکەی پێکهێناوە، کاڵدەبێتەوە.

لەناو ناوچەکانی کەرتی ڕۆژئاوا کە دەسەڵاتی فەڵەستین لەژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتی فەڵەستیندایە، فەڵەستینییەکان بەردەوام ئاماژە بەگەندەڵی بەربڵاو دەکەن.

عەباس بەدەگمەن بارەگاکەی لەڕامەڵڵا بەجێدەهێڵێت، جگە لەگەشتەکانی بۆ دەرەوەی وڵات‌و بڕیاردان لەناو بازنەیەکی بچووکی نزیکترین کەسانی متمانەپێکراودا چڕ دەبێتەوە، لەنێویاندا حوسێن ئەلشێخ کە بەجێنشینێکی ئەگەری دادەنرێت.

مەحمود عەباس کێیە؟
ئەبو مازن لە 15ی تشرینی دووەمی ساڵی 1935 لەشاری سەفد لەباکووری فەڵەستین لەدایکبووە، یەکێکە لەو پەنابەرانەی ساڵی 1948 ئاوارەبوون بۆ سوریا.

ئەندامی دامەزرێنەری فەتحە کە کوتلەی سەرەکییە لەناو ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەڵەستین کە لەسەرەتای ساڵی 1965 بەسەرکردایەتی یاسر عەرەفات دەستیپێکردووە.

خوێندنی لەسوریا تەواوکردووەو لەساڵی 1958 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لەیاسا لەزانکۆی دیمەشق بەدەستهێناوە، پاشان دکتۆرای لەزانکۆیەکی ڕووسی لەمۆسکۆ بەدەستهێناوە.

عەباس دوای کۆچی دوایی عەرەفات لە 11ی تشرینی دووەمی 2004 پۆستی سەرۆکایەتی ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەڵەستینی گرتە ئەستۆ، لە 9ی 1ی 2005 وەک سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستین دەستبەکاربوو، ئەوەش دوای سەرکەوتنی لەهەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی فەڵەستین کە لەوساڵەدا بەڕێوەچوو.

عەباس بەشێوەیەکی بەرفراوان وەک تەلارسازێکی ڕێککەوتنەکانی ئۆسلۆ دادەنرێت، لەساڵی 1989دا لەڕێگەی ناوەندەکانی هۆڵەندییەوە دەستی بەگفتوگۆی نهێنی لەگەڵ ئیسرائیلییەکان کردووە، لەکاتی کۆنفرانسی مەدریددا هەماهەنگی بەڕێوەبردووەو سەرپەرشتی ئەو دانوستانانەی کردووە کە بووە هۆی ڕێککەوتنەکانی ئۆسلۆ لەساڵی 1993.

بانگەوازە بەردەوامەکانی بۆ ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا مشتومڕێکی بەرچاوی لەنێو فەڵەستینییەکان بەدوای خۆیدا هێناوە.

کێ شوێنی عەباس دەگرێتەوە؟
هەرچەند عەباس پێشتر ئامادەیی خۆی بۆ خانەنشینی ڕاگەیاندبوو، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە خۆی بۆ کۆتاییهاتنی ژیانی سیاسی ئامادەدەکات، بەڵام لەهەمانکاتدا خواستێکی ڕوونی بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامیی فراکسیۆنەکەی لەناو دەسەڵاتی فەڵەستین نیشاندا.

لەو چوارچێوەیەشدا ئەمساڵ هەنگاوێکی بەرچاوی ناوە بەدانانی حوسێن ئەلشێخی ڕێبەری دیاری فەتح وەک جێگری خۆی لەسەرکردایەتیی ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەڵەستین.

ئەم بڕیارە لەکاتێکدا هات کە بانگەوازە عەرەبی‌و نێودەوڵەتییەکان بۆ چاکسازیی لەدامەزراوەکانی دەسەڵاتی فەڵەستین پەرەیسەندووە، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ ڕۆڵی زیاتر لەبەڕێوەبردنی کەرتی غەززە دوای جەنگ.

بەرپرسان‌و شرۆڤەکارانی فەڵەستینی پێیانوایە کە دانانی حوسێن ئەلشێخ ڕێگا خۆشدەکات بۆ ئەوەی ببێتە جێنشینی ئەگەری عەباس وەک سەرۆکی ڕێکخراوی فەڵەستین‌و ڕەنگە بەهێزترین کاندید بۆ سەرۆکایەتی دەسەڵاتی فەڵەستین ئەگەر هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت.

حسێن ئەلشێخ تەمەنی 64 ساڵەو ئەندامی بزووتنەوەی فەتحە، زیاتر لە10 ساڵ لەزیندانەکانی ئیسرائیل لەنێوان کۆتاییەکانی حەفتاکان‌و سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا بووە، پێشئەوەی دواتر لەڕێگەی سەرۆکایەتیی دەسەڵاتی گشتیی کاروباری مەدەنییەوە بەپلەی وەزیر، ئەو دەزگایەی بەرپرسیارە لەبەڕێوەبردنی پەیوەندی ڕۆژانەی لەگەڵ لایەنی ئیسرائیلی، لەکاری ئیداریی‌و سیاسیدا بەرزبێتەوە.

شێخ زمانی عیبری شارەزایە، کە لەکاتی زیندانیکردنیدا فێری بووە. بڕیارەکەی ئەمدواییە ڕێگەی پێدەدات بۆ چەند مانگێک ڕۆڵی سەرۆکی کاتی دەسەڵاتی فەڵەستین وەربگرێت ئەگەر ئەو پۆستە بەهۆی مردن یان بێتوانایی مەحمود عەباس (ئەبو مەزن) چۆڵبوو.

  • زانیاریى نوێ له‌باره‌ى مووچه‌وه‌.. كۆبوونه‌وه‌ى حكومه‌ت پێشخرا

  • سەرۆکی فەڵەستین تەمەنی 90 ساڵە... ئەو پیاوە کێیە 20 ساڵ حوکمڕانی کردوەو کێ شوێنی دەگرێتەوە؟

  • ئه‌مریكا بڕیاره‌ مه‌ترسیداره‌كه‌ى تره‌مپ جێبه‌جێده‌كات

  • ئۆجەلان پێش ٢٨ ساڵ: گەر بۆ یەک دەقەش بێت ئاستی باشترە لە خوێن ڕشتن

  • كێ سه‌رۆكایه‌تى یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مانى عێراق ده‌كات؟

  • ئەمریکا گەورەترین بنکەی سەربازیی لەغەززە دروستدەکات

  • وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا له‌باره‌ى چاره‌نووسى لاهور شێخ جه‌نگى‌و پۆڵادى براى هاته‌ده‌نگ

  • كۆمسیۆن په‌یامێكى به‌په‌له‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌

  • وڵاتان خەریکی خۆپڕچەککردنن.. ڕوبەڕوبونەوەیەکی جیهانیی نزیکه‌

سەرەکی