2   کاتژمێر پێش ئێستا 867 جار خوێنراوەتەوە

مه‌ترسى گه‌وره‌ ئاشكراكراو ئه‌گه‌رى هێرشكردنه‌سه‌ر كوردانى حه‌له‌ب هه‌یه‌

هاوسەرۆکانی گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب دەڵێن، لەشەڕی شەوی ڕابردوو حکومەتی دیمەشق دەستپێشخەر بووە، ئاماژە بەوەشدەکەن، "ئەگەری دووبارەبوونەوەی شەڕو کۆمەڵکوژی هەیەو ڕێگەش نادرێ کەس بێتە گەڕەکەکانمانەوەو گەمارۆدراوین".
 
دوای پێکدادانەکانی شەوی دووشەممەی نێوان هێزەکانی ئاسایشی حکومەتی سووریاو ئاسایشی ناوخۆی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوودو ئەشرەفییەی حەلەب کە کوردن‌و لەژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردان، وەزارەتی ناوخۆی سووریا هێزە کوردییەکانی تۆمەتبارکرد، ڕۆژی سێشەممە هەردوو هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەڕەکە کوردییەکان وتیان، "دەستپێشخەری شەڕ؛ حکومەتی سووریا بووە".
 
نووری شێخۆ: ئەگەری کۆمەڵکوژکردنمان هەیە
نووری شێخۆ هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوودو ئەشرەفییە لەحەلەب، ئاشكرایكرد، "کێشەی حکومەتی سووریا لەگەڵ گەڕەکەکانی ئێمە نوێ نییەو ئەوەی دوێنێ ڕوویدا درێژکراوەی ئاڵۆزییەکانی رابردووە".
 
بەگوێرەی ئاماری ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوودو ئەشرەفییە لەحەلەب، لەئاڵۆزییەکانی شەوی دووشەممە، 22ی ئەم مانگە ژنێک گیانی لەدەستداوەو 19 سڤیلی دیکەش برینداربوون.
 
نووری شێخۆ وتی:"ئەو شەڕەی دوێنێ رێککەوت نەبووەو ئامادەکاریی بۆکرابوو، سەرەتا هێرشی میدیاییان لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دژی گەڕەکەکان دەستپێکرد، گەڕەکەکانیان وەکو نەیارو مەترسی پیشاندەداو دەیانوت شێخ مەقسوودو ئەشرەفییە بۆ دەوڵەتی سووریا زۆر مەترسیدارن."
 
ئەو هاوسەرۆکە وتی:"پێش شەڕەکە درۆنی دەوڵەت یان ئەو گرووپانەی پەیوەندییان بەتورکیاوە هەبوو بەسەر گەڕەکەکاندا دەسووڕانەوە، رۆژێک نییە درۆن بەئاسمانی ئەو گەڕەکانەدا نەسووڕێتەوە، ئێمە پێمانوایە بۆ هێرشەکە پەیوەندیی‌و هاوئاهەنگی تەواو لەنێوان هێزەکانی دیمەشق‌و تورکیادا هەبووە".
 
نووری شێخۆ دەڵێت:"پێش هێرشەکە کارەبای گەڕەکەکانی شێخ مەقسوودو ئەشرەفییەیان بڕی، ئەویش بەو ئامانجەی کە گەڕەکەکەیان داگیرکرد کۆمەڵکوژی بکەن‌و ئەوەی دەیانەوێت بیکەن‌و بەدەستیبهێنن."
 
هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوودو ئەشرەفییە جەختدەکاتەوە، هێرشەکە "بۆ داگیرکردنی هەردوو گەڕەکەکە بوو"، بەڵام ئاسایشی گەڕەکەکان بەتووندی وەڵامیان داونەتەوە.
 
شێخۆ ئه‌وه‌شى وت، "هێرشەکە زۆر سەختبوو، چەکەکان بەشێوەیەک بوون وەکو ئەوەی دژی دەوڵەتێک شەڕ بکرێ، تانکیان بەکارهێنا، لەبەرامبەر ئەوەدا ئاسایشی گەڕەکەکان نزیکەی پێنج کاتژمێر بەرگرییان کرد بەهاوکاری خەڵکی گەڕەکەکە بەرخۆدانی مێژوویی کراو هێرشەکە شکستیهێنا".
 
هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوودو ئەشرەفییە دەڵێت، "هێزەکانی دەوڵەت لەشەڕەکە شکان، ئاگربەست ڕاگەیه‌ندرا بۆ ئەوەی گفتوگۆ پێشبکەوێ، بەڵام ئێستاش ئەگەری هەڵگیرسانەوەی شەڕ هەیە، چونکە ئەوان پابەندی بەڵێنەکانیان نابن‌و تاوەکو ئەمڕۆ رێککەوتنی مانگی ئازاریشیان جێبەجێنەکردووە".
 
نووری شێخۆ باسی دۆخی ئێستای ئەو دوو گەڕەکە کوردنشینەی حەلەبی کردو وتی:"ئێستاش بەشێوەیەکی دیکە گەمارۆدانی شێخ مەقسوود بەردەوامە، هەرکەس بچێتە دەرەوەی ئاساییە، بەڵام ڕێگەنادرێت کەس بێتەوە ناو گەڕەکەکە، ئەگەری هێرشی دیکە هەیەو داواکارین ڕای گشتیی لەسەرهێڵ بن، چونکە شەڕ ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەیەو ئەگەری کۆمەڵکوژیش هەیە، ئێمەش بەهەمووی ئەو توانایەی هەمانە بەردخۆدان دەکەین".
 
هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوودو ئەشرەفییە ئاماژەی بەوەکرد، ئەمڕۆ پارێزگاری حەلەب وتوویەتی لەگەڕەکەکانەوە هێرشکراوە، "بەڵام ئەوە هیچ ڕاست نییە، هیچ بەرژەوەندییەک بۆ ئێمە نییە تاوەکو هێرشبکەین".
  
له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌، هێڤین سلێمان هاوسەرۆکەکەی دیکەی ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوودو ئەشرەفییەی حەلەبەو باسی ئاڵۆزییەکانی دوێنێی سنوورەکەی کردو ڕایگەیاند، هێزەکانی حکومەتی دیمەشق "دەستپێشخەر بوون" بۆ شەڕەکە.
 
هێڤین سلێمان ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، "سەرەتا گرووپە چەکدارەکانی حکومەت هێرشیانکردەسەر خاڵێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆو دوو ئەندامی هێزەکەیان بریندارکرد، دواتر شەڕەکە فراوان بوو".
 
بەوتەی هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوودو ئەشرەفییە، "هێزەکانی حکومەتی سووریا تانک‌و جۆرەها چەکی قورسیان دژی خەڵکی سڤیل ئەنجامداوەو بەهۆیەوە ژنێکی تەمەن 40 بۆ 45 ساڵ‌و 19 کەسی دیکە برینداربوون، کە منداڵی حەوت ساڵانیان تێدایە".
 
هێڤین سلێمان جه‌ختیكرده‌وه‌، "شەڕەکەی دوێنێی ئەشرەفییەو شێخ مەقسوود بەرێککەوت نەبووەو ئامادەکاریی پێشوەختەی بۆ کراوە، ئەم هێرشە پەیوەندیی بەسەردانی دوێنێی شاندی تورکیا بۆ دیمەشق هەیە؛ لەچوارچێوەی ئەو کۆبوونەوەیەدا ئەم هێرشە کرا؛ چەند ڕۆژێک پێش هێرشەکەش، درۆنەکانی هەواڵگریی سوپای دیمەشق بەسەر گەڕەکەکەدا دەسوڕانەوەو ئامادەکارییان بۆ هێرش دەکرد".
 
سەبارەت بە دۆخی ئێستای ئەو دوو گەڕەکە کوردنشینەی حەلەب، هاوسەرۆکی گەڕەکەکان وتی، "هێرشەکان تاوەکو نیوەشەو بەردەوامبوون، دواتر ئاگربەست ڕاگەیه‌ندرا".
 
بەوتەی هێڤین سلێمان، ئاگربەست لەنێوان هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی گەڕەکەکان و حکومەتی دیمەشق واژۆکراوە و ئێستا بێدەنگی لەسەر سنوورەکە بەدیدەکرێت.
 
وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە روونکردنەوەیەک دا شەوی رابردوو رایگەیاند: "هێزەکانی هەسەدە لە حەلەب، سەرەڕای رێککەوتنەکان، ستەمیان لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کرد کە لە بازگە هاوبەشەکان بوون و بەشێوەیەکی لەناکاو کشانەوە و تەقەیان لە بازگەکان کرد."
 
بە گوێرەی وەزارەتی ناوخۆی سووریا، بەهۆی تەقەی هێزەکانی هەسەدەوە ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و سەربازێکی سوپا بریندار بوون، هەروەها ژمارەیەک بریندار لە ریزەکانی بەرگریی شارستانی و هاووڵاتییانی مەدەنی هەن.

  • مه‌ترسى گه‌وره‌ ئاشكراكراو ئه‌گه‌رى هێرشكردنه‌سه‌ر كوردانى حه‌له‌ب هه‌یه‌

  • بۆ لەپڕ هێرش کرایە سەر گەڕەکە کورد نشینەکان؟

  • ئەمریکا چۆن ئەجێندای تورکیای لە سوریا پەکخست؟

  • بۆچی مەسرور بارزانی لە سەردانەکانیدا تەنها پارتییەکانی لەگەڵە؟

  • سوننەکان سبەینێ کاندیدی سەرۆکی پەرلەمان یەکلادەکەنەوە

  • كه‌ى شه‌وى یه‌ڵدایه‌و ده‌بێته‌ درێژترین شه‌وى ساڵ؟

  • مه‌زڵوم عه‌بدى وه‌ڵامى نه‌یارانى كورد ده‌داته‌وه‌

  • ئەمریکا لەهێرشی بۆ سەر "پێگەکانی داعش" لە سوریا؛ چەندین جۆر فڕۆکەی بەکارهێناوە

  • قۆناغێكى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ به‌ڕێوه‌یه‌... ئه‌وروپا ئاماده‌باشیى سه‌ربازییان گرته‌به‌ر

سەرەکی