ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا
2024-12-19
187 جار خوێنراوەتەوە
بلینكن بۆ ته‌حریر شام: له گۆشه‌گیربوونى تاڵیبانه‌وه فێربن
ناوەندی هەواڵ
ئه‌نتۆنى بلینكن وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا داوا له ته‌حریر شام ده‌كات پابه‌ندى به‌ڵێنه‌كانى بێت ئه‌گه‌ر نایه‌وێت وه‌كو تاڵیبان گۆشه‌گیر بكرێت.
ده‌سته‌ى ته‌حریر شام كه سه‌رپه‌رشتى گروپه چه‌كداره‌كانى كرد بۆ ڕوخاندنى ڕ‌ژێمى به‌شار ئه‌سه‌د پێشتر سه‌ر به ڕێكخراوى قاعیده بوو تا له 2016 جیابوونه‌وه‌ى له قاعیده ڕاگه‌یاند، به‌وهۆیه‌شه‌وه له لیستى تیرۆری ئه‌مریكا و ئه‌وروپادایه.
ئه‌نتۆنى بلینكن له وتارێكدا له ناوه‌ندى "كاونسڵ ئۆن فۆریۆن ریلیچنز" بۆ توێژینه‌وه له نیویۆرك وتى "تاڵیبان ڕوویه‌كى نه‌رمى نیشاندا و هه‌وڵى ئه‌وه‌یدا، به‌ڵام كاتێك كۆنترۆڵى ئه‌فغانستانى كرد ڕووى ڕاسته‌قینه‌ى خۆى ده‌رخست، ئه‌نجامه‌كه‌ى ئه‌وه‌یه له ڕووى نێوده‌وڵه‌تییه‌وه گۆشه‌گیر كراوه".
وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا ڕووه و ته‌حریر شام وتى "بۆیه ئه‌گه‌ر ناتانه‌وێت ئێوه‌ش گۆشه‌گیر بكرێن، چه‌ند پرسێكى دیاریكراو هه‌یه بیكه‌ن تا وڵاته‌كه‌تان به‌ره‌و پێش ببه‌ن".
بزوتنه‌وه‌ى تاڵیبان له ساڵى 2021 دواى ماوه‌یه‌كى كه‌م له كشانه‌وه‌ى ئه‌مریكا له ئه‌فغانستان ده‌سه‌ڵاتى گرته‌ده‌ست، له‌سه‌ره‌تاوه هه‌ندێك كرانه‌وه‌ى به‌خۆیه‌وه بینى، به‌ڵام كاتێك ده‌سه‌ڵاتى خۆى سه‌پاند ده‌ستیكرده‌وه به كارپێكردنى یاسا تونده‌كانى.
به‌وهۆیه‌وه تائێستا حكومه‌ته‌كه‌ى تاڵیبان له‌لایه‌ن هیچ وڵاتێكه‌وه به‌فه‌رمى دانى پێدا نه‌نراوه، هه‌رچه‌نده چین و ئیمارات به نافه‌رمى ڕێگه‌یان داوه تاڵیبان نوێنه‌ر بنێرێته وڵاته‌كانیان.
بلینكن ده‌ڵێت "پێویسته حكومه‌تى نوێى سوریا ڕه‌گه‌زپه‌رستانه و مه‌زهه‌بیانه بیر نه‌كاته‌وه، كه‌مایه‌تیه نه‌ته‌وه‌یى و ئاینییه‌كان بپارێزێت و ترسه ئه‌منییه‌كان چاره‌سه‌ر بكات، جگه له‌وه‌ى ده‌بێت به‌رده‌وام بێت له شه‌ڕى دژ به داعش، كۆگاى چه‌كه كیمیاییه‌كانیش له‌ناو ببات".
وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا ده‌شڵێت "ته‌حریر شام ده‌كرێت وانه له ڕژێمه‌كه‌ى ئه‌سه‌دیش وه‌ربگرێت، سه‌باره‌ت به پێویستى گه‌یشتن به یه‌كلاكردنه‌وه‌ى كێشه سیاسییه‌كان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانى دیكه، چونكه یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ى بوونه هۆى ڕووخانى ئه‌سه‌د ئه‌وه‌بوو ڕه‌تى ده‌كرده‌وه له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێك سه‌باره‌ت به پرۆسه‌ى سیاسى بچێته گفتوگۆوه".
|