ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان
2024-12-25
192 جار خوێنراوەتەوە
هەڵوێستی ئیدارەی نوێی ئەمریكا بەرامبەر ڕۆژئاوای كوردستان چی دەبێت؟
ناوەندی هەواڵ
ڕۆژئاوای كوردستان و باكوری سوریا بەهۆی هەڕەشەی گروپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا لەگەڵ هێزە كوردییەكان كەوتووەتە دۆخێكی ئاڵۆزەوە، توركیا هەڕەشەی ئەنجامدانی پرۆسەی سەربازی دەكات ئەگەر حكومەتی نوێی سوریا هەسەدە و پەكەكە كۆتایی پێنەهێنێت.
هەر لایەنێك جەخت لەسەر بەدیهێنانی ئامانجەكانی دەكاتەوە، هێزەكانی سوریای دیموكرات چەند ڕۆژێكە بەرپەرچی هێرشی گروپە چەكدارەكان دەداتەوە و لە دوو ڕۆژی ڕابردووشدا لە دۆخی بەرگریكردنەوە چووەتە دۆخی هێرش بردنەوە، گروپەكانی سەر بە توركیاش بەردەوام لە هەوڵدان ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە و ڕۆژئاوای كوردستان داگیر بكەن.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا لە لێدوانەكانیدا بە توندی باس لەوە دەكات لە سوریای داهاتوو هیچ ئایندەیەك بۆ "ڕێكخراوە تیرۆریستییەكان" نییە وەك ئاماژەیەك بۆ هەسەدە و هێزە كوردییەكانی دیكەی ڕۆژئاوا كە توركیا بە درێژكراوە و باڵێكی پەكەكە ناویان دەبات.ئەمرۆش وتی "گروپە چەكدارەكانی پەكەكە و یەپەگە یان چەكەكانیان دادەنێن یان بە چەكەكانیانەوە دەیاننێژین".
بەڵام ئەوەی لە واقیعدا ڕوودەدات تائێستا توركیا نەیتوانیوە هێرشی زەمینی بكاتە سەر ڕۆژئاوای كوردستان و بە درۆن و تۆپهاوێژەكانی هاوكاری گروپە چەتەكان دەكات دژ بە هێزە كوردییەكان، هەرچەندە ئەو هێرشانە نەیتوانیوە ڕێگربێت لەبەردەم هێزە كوردییەكان بەسەر ئەو چەتانەدا سەركەوتن بەدەست بهێنن.
وێڕای ئەو هەڕەشانە، ئەمرۆ هەسەدە مۆڵەتی تا كۆتایی ئەمساڵی دا بە گروپە چەكدارەكانی بەكرێگیراوی توركیا كە هەریەك لە ناوچەكانی سەرێكانی و گرێسپی چۆڵ بكەن، ئەگەرنا هێرشێكی توند دەكاتە سەریان.
لێدوانی بەرپرسانی توركیا لەكاتێكی هەستیاردایە، ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەكان باس لەوەدەكەن توركیا گرەوی لەسەر گۆڕانی هەڵوێستی ئیدارەی نوێی ئەمریكا كردووە بە سەركردایەتی دۆناڵد ترەمپ بەرامبەر سوریا و بەتایبەتیش بۆ پشتیوانی كوردەكان.
توركیا چاوەڕێی چییە؟
سەمیر ساڵحە مامۆستای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە ئیستانبوڵ پێی وایە سیاسەتی ئێستای توركیا تیشكی خستووەتەسەر گۆڕانی دۆخەكە لە سوریا، لەگەڵ گۆڕانكارییە سیاسی و سەربازییەكانی سوریا.
ئەو مامۆستایەی زانكۆ بە "سكای نیوز" ی وتووە "توركیا چاوەڕێی زانینی پلانی داهاتووی ئیدارەی نوێی سوریایە پێش ئەوەی بڕیاری كۆتایی لەبارەی پرۆسەی سەربازییەوە بدات، بەتایبەتیش لەبارەی باكوری سوریا.
لەلایەن خۆشیەوە حەنا سۆمی نوسەر و توێژەری سیاسی لە قامیشلۆ دەڵێت:"ئیدارەی هێزەكانی سوریای دیموكرات بەتەواوەتی كوردی نییە وەك میدیای توركیا باسی دەكات، لە واقیعدا ئەو ئیدارە خۆبەڕێوەبەرییە پێكهاتەی جیاوازی تێدایە لەوانەش كورد و عەرەب و مەسیحی و چەند پێكهاتەیەكی دیكە".
بەوتەی ئەو نوسەرە كوردە بۆ سكای نیوز "كوردەكان رۆڵێكی گرنگ و یەكلاكەرەوە لە سوریا دەبینن لە بەرەنگاربوونەوەی داعش و پاراستنی كەمایەتییە نەتەوەیی و ئاینییەكان لە دڕندەیی ڕێكخراوی داعش و چەكدارە توندڕەوەكان".
لەلایەن خۆشیەوە، گۆردن شاكتیل، توێژەر لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا پێی وایە ئیدارەی داهاتووی ئەمریكا سیاسەتێكی جیاواز لەبارەی دۆخی سوریا دەگرێتەبەر، پێشبینی دەكات جەخت لەسەر كەمكردنەوەی هەژموونی ئێران و دوورخستنەوەی ئاڵۆزی نێوان كورد و توركیا بكاتەوە.
ئەو توێژەرە ئەمریكییە بە سكای نیوزی وتووە "ئەمەریكا سورە لەسەر پاراستنی تەرازووی هێز لە ناوچەكە و ڕێگەنەدان بە ئاڵۆزبوونی دۆخەكە لەنێوان كورد و توركیا تا ببێتە ڕوبەڕووبوونەوەیەكی فراوان".
|