2025-05-03
3049 جار خوێنراوەتەوە
سرى سورەییا کۆچى دوایى کرد
دواى مانەوەى کەمتر لە 20 رۆژ لە لە ژێر چاودێرى چڕ، سری سورەییا ئۆندەر، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی توركیا و ئەندامی شاندی ئیمڕاڵی، کە توشی جەڵدەی دڵ بوبوو کۆچى دوایى کرد.
شەوی 15ی نیسانى ئەمساڵ سری سورەیا ئۆندەر، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی توركیا و ئەندامی شاندی ئیمڕاڵی، توشی جەڵدەی دڵ بو و گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە و هەمان شەو نەشتەرگەری بۆ ئەنجامدرا و دواى مانەوەى بۆ نزکەى 20 رۆژ لە نەخۆشخانە دواجار کۆچى دوایى کرد.
سری سورەیا ئۆندەر لە ساڵی 1962 لە شاری ئەدیەمان لە خێزانێکی تورکمانی لەدایکبووە، باوکی، زیا ئۆندەر، یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی پارتی کرێکارانی تورکیا لە پارێزگای ئەدیەمان، کاتێک ئۆندەر تەنها 8 ساڵ بوو، باوکی بەهۆی نەخۆشی جگەرەوە کۆچی دوایی کرد، دواتر خێزانەکەی بۆ ماڵی باپیری دایکی گواسترانەوە، ژیانی سەختی خێزانەکەی ناچاری کرد لە تەمەنێکی زووەوە کار بکات، لە کاتێکدا هێشتا لە قوتابخانە بوو، وەک شاگردی فۆتۆگرافەر دەستی بە کارکردن کرد، ئەمەش تا پۆلی دەیەمی خوێندنی ئامادەیی بەردەوام بوو.
ئۆندەر لە تەمەنی 16 ساڵیدا، بەشداری لە خۆپیشاندانێکی ناڕەزایی دژی کۆمەڵکوژی مەڕەش کرد ئەوەش بووە هۆی یەکەم دەستگیرکردنی ، لە ساڵی 1980، لە زانکۆی ئەنقەرە وەرگیرا بۆ خوێندنی زانستە سیاسییەکان، بەڵام لە کۆتایی ساڵی یەکەمدا بەهۆی بەشداریکردنی لە بزووتنەوەیەکی سیاسی قوتابیاندا دژی کودەتای سەربازی 12ی ئەیلول، دەستگیرکرا و حوکمی 12ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا، حەوت ساڵی گەنجی لە زیندانەکانی مەمەک، ئولوجانلار و هەیمانا بەسەربرد، لەوێ ڕووبەڕووی ئەشکەنجە بووەوە و بەشداری لە چەندین مانگرتن لە خواردندا کرد.
دوای ئازادبوونی لە ساڵی 1987، لە چەندین کاری جیاوازدا ئۆندەر کاریکرد، لەوانە کرێکاری کشتوکاڵی وەرزی، پەنچەرچێتی، کرێکاری بیناسازی و شۆفێری بارهەڵگر. بەڵام سینەما خۆشەویستی ڕاستەقینەی ئەو بوو، هەرئەوەش هۆکار بوو لەوەی ئۆندەر وەک سیناریست و ئەکتەر و دواتریش دەرهێنەر لە چەندین فیلمی بەناوبانگدا بەشداری هەبێت و خەڵاتە بەناوبانگە نێودەوڵەتیەکان بباتەوە .
لە ساڵی 2010، کاری ڕۆژنامەوانی دەستپێکرد لە ڕۆژنامەی "بیرگون"، دواتر لە ڕۆژنامەی "ڕادیکاڵ"دا ستوونی دەنووسی، نووسینەکانی گرنگی کۆمەڵایەتی و بیرەوەری و هاوپشتی لەخۆدەگرت، لە ساڵی 2011 گۆڕانێکی گەورە بوو لە ژیانی ئۆندەردا، بە بانگهێشتی بلۆکی کار، دیموکراسی و ئازادی، خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کاندید کرد و وەک نوێنەری سەربەخۆی ئەستەنبوڵ هەڵبژێردرا، دواتر پەیوەندی بە پارتی ئاشتی و دیموکراسی بەدەپەوە کرد.
لە ساڵی 2013، کاتێک خۆپیشاندانەکانی پارکی گێزی ڕوویاندا، ئۆندەر بە وەستانی لەبەردەم ئامێرەکانی کار و هەوڵدان بۆ پاراستنی درەختەکان و پارکەکان ناوبانگی پەیدا کرد و بووە ئامانجی هێزی پۆلیس و جەندرمەی ئەو وڵاتە و بریندار کرا، لە هەمان ساڵدا، ئۆندەر ڕۆڵێکی گرنگی گێڕا لە پرۆسەی چارەسەر، بوو بە بەشێک لە شاندی ئیمرالی و چاوپێکەوتنی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پەکەکە کرد.
لە نەورۆزی ئامەد، پەیامی ئۆجەلانی بۆ میلیۆنان کەس خوێندەوە، بەهۆی ئەم ڕووداوە، بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندەی تیرۆریستی" دادگایی کرا و حوکمى سێ ساڵ و شەش مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنرا، لە ساڵی 2018 دەستگیر کرا، بەڵام دوای بڕیاری دادگای دەستووری تورکیا کە ئازادی دەربڕینی پێشێل کراوە، لە ساڵی 2019 ئازاد کرا.
لە ساڵی 2023، ئۆندەر لە پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) وەک نوێنەری ئەستەنبوڵ هەڵبژێردرا و بووە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، هەروەها بووە ئەندامی شاندی دووەمی ئیمرالی.
ئەمساڵیش ئوندەر وەک ئەندامی شاندی ئیمراڵی ڕۆڵی بەرچاوی هەبوو لە سەرپێخستنی پرۆسەکە و چاوی بە ئۆجەلان کەوت لە زینداندا و پەیامی ئەویان گەیاندە جیهان دواتر گومانى زۆر لەنەخۆشیەکەى کرا، بەوەى کەسانێک هەبن بۆ ئەوەی بانگەوازی ئاشتی بەلاڕێدا بەرن هەر وەک چۆن بە ئۆزال کرا پێشتر و کاتێک ویستی پرسی کورد لە باکور چارەسەر بکات، بۆ ئەوەش عبدوڵا ئۆجەلان پێشتر ئاگاداری داوە لە ڕەشێکی لەو چەشنە کە بەردەوام تورکە ڕەگەز پەرستەکان کاریان لەسەر کردووە .
-
عایشەگوڵ دۆغان: لەوانەیە لە ماوەیەکی کورتدا پەکەکە بەڕێوەچوونی کۆنگرەی خۆی ڕابگەیەنێت
|
-
پەکەکە 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست
|
-
عەلى حەمە ساڵح: ئایندەى هاوڵاتى و حکومەتى هەرێم لەبەردەم کارەساتدایە
|
-
داواى دەستلەکارکێشانەوەى وەزیرى تەندروستى دەکرێت
|
-
ئەمڕۆ پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە رۆژنامەیی وەقائیعی عێراقی بڵاودەكرێتەوە
|
-
پارتی و یەکێتی گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەت ڕادەگرن
|
-
سەنتەری میترۆ: ئەگەر هەیە بەشێك لە ڕۆژنامەنووسان بەهۆی ژیری دەستکردەوە کارەکانییان لەدەست بدەن
|
-
كەجەكە: كورد پشتیوانێكی گرنگی لەدەستدا و كەلێنەكەی بە ئاسانی پڕ نابێتەوە
|
-
سرى سورەییا کۆچى دوایى کرد
|
|
|