2025-05-04 287 جار خوێنراوەتەوە

پارتی و یەکێتی گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەت ڕادەگرن

ناوەندی هەواڵ

پارتی و یەکێتی گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەت ڕادەگرن و لایەنەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتیش بە هەوڵی هەمان کەسایەتیەکانی کۆنفرانسی میزۆپۆتامیا خۆیان ڕێکدەخەن، بەرپرسێکیش دەڵێت متمانەیان بە نەوەی نوێ نیە.

پارتی و یەکێتی گفتوگۆکانیان ڕاگرتووەو ئێستا سەرقاڵی گەڵاڵەکردنی پرۆژەیەکن بۆ ئەوەی بە یەک لیست لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە هەڵبژاردنی مانگی 11ی پەرلەمانی عێراق بەشداری بکەن، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانیش سەرقاڵی دروستکردنی بەرەیەکی یەکگرتوون بەڵام "ئیرادە" زانیویەتی نەوەی نەوێ تا ئێستا گرێکوێرەی ئەو بەرەیە و متمانە پێکراوی تەواوی لایەنەکان نیە.

پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان دانوستانیان بۆ پێكهێنانی حكومەت راگرتووە، ئەوان ئێستا سەرقاڵی گفتوگۆن بۆ پێكهێنانی لیستی هاوبەش لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی هەولێریش پێدەچێت بۆ هەمان مەبەست بووبێت نەک پێکهێنانی حکومەت و کابینەی 10 ی هەرێمی کوردستان.

بە پێی زانیاریەکانی "دەزگای میدیایی ئیرادە" لەدوای كۆبوونەوەكەی 28 نیسانی نێوان بافڵ تاڵەبانی و مەسرور بارزانی لە دوکان، ئەو دوولایەنە ڕێککەوتوون بۆ ئەوەی لانی کەم تا یەکلای بوونەوەی گۆڕانکاریەکانی ناوچەکە و روونبوونەوەی ئایندەی سیاسی و پەرلەمانی عێراق، خۆیان لە پێکهێنانی حکومەت دوابخەن و هەردوولاشیان هەرێمەکە بەو شێوەی کە هەیە بەڕێوەبەرن.

هاوکات کۆبونەوەکانیان لە پێکهێنانی حکومەتەوە بگۆڕن بۆ گفتوگۆ لەسەر گەڵاڵە کردنی پرۆژەیەک بۆ بەشداری کردنیان بە یەک لیست لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بە تایبەت لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.

لەگەڵ جموجوڵەکانی یەکێتی و پارتی و لێکتێگەشتنەکانیان، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی هەرێمی کوردستانیش لە جوڵەیەکی خێراو بەردەوامدان، لایەنە ناکۆکە ئۆپۆزسیۆنەکان لەگەڵ یەکدی دیدار و کۆبوونەوەیان هەیە ، چەندین کەسایەتی دیار لە نێوان ئەو لایەنانە هاتووچۆ دەکەن بۆ ئەوەی بە هەموویانەوە لەسەر پرۆژەیەک ڕێکبکەون بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی عێراق.

"ئیرادە" لە زاری بەرپرسی یەکێک لەو پارتانە ئەوەی زانیوە کە گفتوگۆکان بەردەوامن و لێکتێگەشتنی باش هەن ، هەموو لایەنە ناکۆکەکان بە روونی قسەیان لەگەڵ یەکدی کردووە ،لەوانە و بە ئاشکرا کۆبوونەوەکانی "كۆمەڵ، یەكگرتوو، بەرەی گەل" ئەوانەشی لەپشت پەردەوە بە نهینی ئەنجامدراون کۆبوونەوەکانی نێوان "ڕەوتی هەڵوێست و نەوەی نوێن" ئەوە جگە لەوەی هەمان ئەو لایەنانە و بەرپرسەکانیان کەمتا زۆر پێکەوە دنیشتوون و قسە و گفتوگۆیان لەگەڵ ئەنجامدراوە.
 
لەو بەرەیەدا کۆمەڵێک پەرلەمانتار و کەسایەتی دیادری سیاسی بوونیان هەیە لەوانە  "د. یوسف محمد سادق ، محمود ڕەزا و ئەحمەدی حاجی ڕەشید و د.غالب"  و چەندین کەسایەتی دیاری دیکە ، یان بەشێوەیەکی ڕوونتر بڵێم بەشێکی زۆر لەو کەسایەتیانەی کە پێشتر لە کۆنفرانسی میزۆپۆتامیا لە سلێمانی  بینراون، ئێستا سەرقاڵی یەکخستنی ئەو لیستەن کە دەکرێت بەدیلێکی باشی پارتی و یەکێتی بن.

ئەو بەرپرسە  ئەوەشی ئاشکرا کرد، پرۆژەکە تێیدا مەبەست ئەوەیە ئەو لایەنانە چیتر پەرتەوازە و لاواز دەرنەکەون بەرامبەر "پارتی و یەکێتی" و پرۆژەیەکی بەدیل بن لە پەرلەمانی داهاتووی عێراقدا ، بەڵام وەک بەرپرسەکە ووتی" ڕاست و دروست هەندێک تێبینییان هەیە لەسەر ئەدا و شێوازی مامەڵەی نەوەی نوێ و سەرۆکەکەی" ئەو وتی "ڕاست بڵێم ئەوان متمانەیان بە خودی سەرۆکی ئەو حزبە نیە، ئەو لە ڕابردوودا چەندین جار هەوڵی لەو شێوەی پەکخستووە" بۆیە ئەوان لەدوای ئەوەن چۆن بتوانن متمانە بەو حزبە بکەن، کە تەنها خودی شاسوار عبدالواحید بەڕێوەی دەبات.

 

  • عایشەگوڵ دۆغان: لەوانەیە لە ماوەیەکی کورتدا پەکەکە بەڕێوەچوونی کۆنگرەی خۆی ڕابگەیەنێت

  • پەکەکە 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست

  • عەلى حەمە ساڵح: ئایندەى هاوڵاتى و حکومەتى هەرێم لەبەردەم کارەساتدایە

  • داواى دەستلەکارکێشانەوەى وەزیرى تەندروستى دەکرێت

  • ئەمڕۆ پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە رۆژنامەیی وەقائیعی عێراقی بڵاودەكرێتەوە

  • پارتی و یەکێتی گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەت ڕادەگرن

  • سەنتەری میترۆ: ئەگەر هەیە بەشێك لە ڕۆژنامەنووسان بەهۆی ژیری دەستکردەوە کارەکانییان لەدەست بدەن

  • كەجەكە: كورد پشتیوانێكی گرنگی لەدەستدا و كەلێنەكەی بە ئاسانی پڕ نابێتەوە

  • سرى سورەییا کۆچى دوایى کرد

سەرەکی