2025-05-03
478 جار خوێنراوەتەوە
ئۆندەر: تورکمانێک لە پێناو مافی کورداندا خەباتی کرد
ئیرادە میدیا
سری سورەیا ئۆندەر نوسەر، ئەکتەر، دەرهێنەر، رۆژنامەنوس و سیاسەتمەداری تورکمانان گەرچی بە مرۆڤێکی بەئیرادەی بەهێزی سیاسی و باوەڕی توند و بوێر و پتەوی خۆی لەپێناو ئازادی گەلی کوردا ناسراو بوو.
ئۆندەری چەپ و دیموکراتیخواز ماوەی 47 ساڵە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەناو بزوتنەوە و رێکخستنە ئازادیخوازەکانی گەلی کوردا تێکۆشان بۆ گەڕانەوەی مافە داگیرکراوەکانی کوردان دەکات.
ئۆندەر ساڵی 1962 لە شاری ئادیامانی باکوری کوردستان لەناو کۆمەڵگای کوردیدا لە باوک و دایکێکی تورکمانی سەرتاش و ئەرزوحاڵچی لەدایک دەبێت، باوکی لەدامەزرێنەرانی لقی ئادیامانی پارتی کرێکارانی تورکیا بووە.
سری سورەیا ئۆندەر، لە تەمەنی هەشت ساڵیدا باوکی بەنەخۆشی جگەر کۆچی دوایی دەکات دوای ئەوە لەگەڵ هەر چوار خوشک و براکانیدا بەناچاری لەماڵی باپیرەیان دەژین.
لەتەمەنێکی بچووکدا دەبێتە شاگردی وێنەگرێک و بژێوی خێزانەکەی دابین دەکات، ئۆندەر لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت، رەنگە عەشقم بۆ هونەر لەوێوە سەرچاوەی گرتبێت.
لەساڵی 1987 دا کاتێک خوێندکاری قۆناغی ناوەندی دەبێت بۆ ئیدانەکردنی ئەو زوڵمەی لە گەلی کورد دەکرێت بەشداری خۆپیشاندانەکان دژ بە کۆمەڵکوژی ئەو ساڵەی کوردانی عەلەوی مەڕەش دەکات و بەو هۆیەوە دەستگیر و زیندانی دەکرێت.
ئۆندەر پاش ئازادبوونی دەچێتە کۆلێژی زانستە سیاسیەکانی زانکۆی ئەنقەرە، بەڵام لە کودەتای ساڵی 1982ی جەنەراڵ کەنان ئەڤرەندا دەستگیر دەکرێت و ماوەی حەوت ساڵ لەزیندان دەمێنێتەوە.
لەهەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیادا ساڵی 2011 لەناو بەرەی ڕەنج و دیموکراتی و ئازادی کە پارتی ئاشتی و دیموکراتی "دەبەپە" پشتگیری دەکرد دەبێتە کاندید لە لقی دووی ئەستەمبوڵ و بۆ یەکەمجار دەبێتە پەرلەمانتار.
لەساڵی 2014 دەبێتە کاندیدی "هەدەپە" بۆ سەرۆکی شارەوانی ئەستەمبوڵ بەڵام ساختەکارییەکانی دەوڵەت ڕێگری لەسەرکەوتنی دەکات.
لەهەڵبژاردنەکانی پەلەمانی تورکیا بۆ ساڵی 2015 جارێکی دیکە لەسەر لیستی "هەدەپە" دەبێتە کاندیدی شاری ئەنقەرە و سەرکەوتوو دەبێت بۆ پەرلەمانی تورکیا.
ئۆندەر ساڵی 2023 دەبێتەوە بە کاندیدی "دەم پارتی" لەسەر شاری ئەستەمبوڵ و ئەمجارەش سەردەکەوێت.
ئەو سیاسەتمەدارە تورکمانە بەهۆی پەرۆشی بۆ دۆزی ڕەوای گەلی کورد و خۆشەویستی بۆ نەتەوەی کورد لەساڵی2013 تا5ی نیسانی 2015 دەبێتە ئەندامی سەرەکی شاندی دانوسانکاری "ئیمراڵی" بۆ دیدارەکانی ئاشتی لە نێوان دەوڵەتی تورک و ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و پەکەکەدا.
سری سورەیا ئۆندەر هاوشانی پەرلەمانتاران پەروین بوڵدان و ئیدریس بالوکەن یەکێک بوو لەو کەسانەی لە 28ی شوباتی 2015 دا ڕێکەوتن و لێکتێگەیشتنی ئاشتی لە نێوان کورد و دەوڵەتی تورکی واژۆ کرد، بەڵام لە مانگی نیسانی هەمان ساڵدا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان تاکلایەنە ڕێکەوتنەکەی هەڵوەشاندەوە و دۆزەخی شەڕی داگیرساندەوە.
ئۆندەر لە نەورۆزی ساڵی 2013 شاری "ئامەد" دا نامەی ئۆجالانی بۆ ئاشتی و دیموکراتی خوێندەوە، هەربۆیە پاش تێکچوونی پڕۆسەی ئاشتی خوێندنەوەی ئەو نامەیە دەکرێتە بیانوو و لە 3ی تشرینی دووەمی ساڵی 2018 دەستگیری دەکرێت تا 4 تشرینی یەکەمی 2019 لەزینداندا دەمێنێتەوە.
بەڵام هیچ یەکێک لەو گرتن و لەمپەرانە ناتوانێت لەمپەربێت لەبەردەم تێکۆشانی مرۆڤدۆستانەی سری سورییا ئۆندەر و لە 28ی کانونی یەکەمی 2024 دا جارێکی دیکە دەبێتەوە نێوەندکار و دۆسیەی ئاشتی و چارەسەری دیموکراتی پرسی کورد دەگرێتەوە دەستی لە نێوان ئیمراڵی و ئەنقەرەدا.
جیاواز لە مەیدانی سیاسی ئۆندەری سیاسەتمەدارو تێکۆشەرو ئاشتی خواز نوسەر و ئەکتەرێکی بەتوانایە کە بەرهەمەکانی لەسەر ئاستی تورکیا زۆرترین دەنگدانەوەی هەبووە و چەندین خەڵاتی وەرگرتووە.
بەشێک لەبەرهەمەکانی بریتین لە:
پەرتوکی بەینەلمیلەل ساڵی 2009
زنجیرە فیلمی ئەمرکە فەرماندەم 2005 بۆ 2008
زنجیرە فیلمی پیاوێکی بێدڵ 2008
ئۆندەر وەک دەرهێنەر یاخود نوسەر و ئەکتەریش خاوەنداری و بەشداری لە 13 فیلمدا هەیە کە ژمارەیەک خەڵاتی وەرگرتووە لەوانە:
خەڵاتی هەژدەهەمین ڤیستڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی ئەنقەرە بۆ باشترین سیناریۆ
خەڵاتی چواردەهەمین ڤیستڤاڵی فیلمی گۆزەی ئاڵتون بۆ باشترین سیناریۆ
خەڵاتی حەوتەمین ڤیستڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی کاراچی بۆ باشترین دەرهێنەر
ئۆندەر لە زۆربەی فیلمەکانیدا گوزارشت لە مەعانات و ئەو زوڵم و نەهامەتیانە دەکات کە لەلایەن ڕژێمەکانی تورکیاوە بەسەر گەلی کورد دا هاتوون هەر لە شار و چیاکان تا کونجی تاریکی زیندانەکان.
ئۆندەر لە پەڕتوکی بەینەلمیلەلەدا دەڵێت، گریان برای پێکەنینە، ئەو نەگری ناتوانێت پێبکەنێت.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بۆ کۆچی دوایی ئۆندەر دەڵێت:"بەڕێز سری سورەیا ئۆندەر بە کارکردنی دڵسۆزانەی لە پێناو ئاشتیی و پێکەوەژیانی ئاشتییانەدا نموونەی باڵای مرۆڤپەروەریی نیشاندا، هەمیشە یادی لە ویژدانی ئەوانەی کە بڕوایان بە ئاشتییە بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
سەڵاحەدین محەمەد بەهادین، ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، بۆ کۆچی دوایی ئۆندەر، پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی کەسوکار و خانەوادەکەی کردووە و هیوای بەردەوامی لە ڕێبازی مرۆڤدۆستی و ئاشتیی خواستووە.
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایگەیاندووە، سری سورەیا ئۆندەر کەسایەتییەکی دیار و دڵسۆزی گەلی کورد بوو، کە لە چەند قۆناغێکدا داکۆکیکاری ڕاستەقینەی مافەکانی گەلەکەمان بوو، هەموو هەوڵێکی بۆ چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان و سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی بوو لە باکووری کوردستان و تورکیا، لەدەستدانی بەڕێزیان جێگەی داخە و گەلی کورد دڵسۆز و خەمخۆرێکی راستەقینەی لەدەستدا.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات، ڕایگەیاندووە، بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی بەڕێز سری سورەیا ئۆندەر، سیاسەتمەدار و ئەندامی شاندی ئیمرالیمان پێگەیشت.
ماندوبون و خەباتی بۆ ئاشتی و چارەسەری و پێکەوەژیان جێگەی خۆی لە دڵ و یادەوەری گەلاندا گرتووە. پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی خانەوادەکەی و هاوڕێیانی و دەم پارتی و چالاکانی ئاشتی دەکەین.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ کۆچی دوایی سری سورەیا ئۆندەردەڵێت: هیوادارین هەرچی زووترە ئاواتە مەزنەکەی بە هەوڵی ئاشتیخوازان بێتەدی.
مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاندووە، هاتووە، خوالێخۆشبوو سری سورەیا ئۆندەر کە ئەندامی شاندی ئیمرالیش بوو، بەشی زۆری ژیانی خۆی بۆ خەباتی سیاسی و ئاشتییانە تەرخان کرد و هەوڵەکانی بە ئاراستەی چارەسەری ئاشتی لە تورکیا جێگەی پێزانینێکی زۆرە.
هاوسەرۆکانی دەم پارتی: خەونەکانی سری سورەیا ئۆندەر خەونی ئێمەیە:
تولای حاتیمۆغولاری دەڵێت: "هاوڕێی زۆر بەڕێزمان سری سورەیا ئۆندەرمان لەدەست دا… ئازار و زیانەکەمان زۆر گەورەیە. دەزانم کە وشەکان بۆ هەموومان بێ توانان و دڵی هەموو تورکیای گرێداوە، ئەو کەسێک بوو کە ئێمەی لە هەستی هاوبەشدا یەک خستبوو و بە باوەڕی بە ئاشتی توانی هەموو کەسێک لە باوەش بگرێت. ئەو بەهایەک بوو کە جوانی و خۆشی ئەم خاکەی تێدا کۆببووەوە. نە ئەم خاکە و نە خەڵکی ئەم وڵاتە تێکۆشانەکەی بۆ ئاشتی، سەرەڕای نەخۆشییە قورسەکانی، لەبیر ناکەن، بەڵێنت پێ دەدەین هاوڕێم، ئەم خاکە دێرینە بەدڵنیاییەوە ئاشتی بەدەست دێنێت."
تونجەر باقرخانێش دەڵێت:"ئازیزمان سری سورەیا ئۆندەرمان لەدەست دا، ئەم وڵاتە بەهایەکی گەورەی لەدەست دا کە بۆ چرکەیەکیش سەرەڕای باجە قورسەکان دوودڵ نەبوو لە دەربڕینی ڕاستی، دەنگی ئاشتی، دڵێکی ئازا کە بۆ برایەتی گەلان لێی دەدا، ئێستا بێدەنگە، سری تەنها سیاسەتمەدارێک نەبوو؛ ئەو یادەوەری، کەرامەت و خۆشی تورکیا بوو،کەسێک بوو کە بە وشەکانی بەرەنگاری دەکرد و بە پێکەنینی هیوای دەبەخشی،ئازاری لەدەستدانی زۆر گەورەیە. بەڵام دەزانین کە خەونەکانی سری خەونی ئێمەن، ڕێگای ئەو ڕێگای ئێمەیە، سەفەرت بەخێر هاوڕێم. بەڵێنت پێ دەدەین، ئاشتی دێتە ئەم وڵاتە."
لاهور جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل، بەبۆنەی کۆچی دوایی سری سورەیا ئۆندەر ڕایگەیاندووە، کۆچى دوایی ئۆندەر هەڵقوڵاوی ئەو حەقیقەتە مێژوویی و بەرجەستەکراوەیە کە بەرێزیان لەژیانیدا پێی دەناسرایەوە، بەوەی کە کەسایەتییەکی ئاشتیخواز، دادپەروەر و دڵسۆز بە گەلی کورد و تورکیش بوو.
مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبارەی کۆچی سری سورەیا ئۆندە دەڵێت:" ئۆندە خەباتکارێکی ناسراوی پرۆسەی ئاشتی بوو لە تورکیا و ڕۆڵيکی کارا و لەبیرنەکراوی لە بەهێزکردنی برایەتی و تەبایی نێوان هەردوو گەلی کورد و تورک گێڕا.
هاوکات دەربارەی کۆچی دوایی ئۆندەر عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانی کراوی گەلی کورد لەزیندانی ئیمراڵییەوە دەڵێت،" بەکۆچی دوایی سری سورەیا ئۆندەری ئازیز، خەمێکی قووڵ نیشتە سەر دڵمان، ئەو کەسێکی زۆر بەڕێز بوو، ڕۆڵەیەکی ڕاستەقینەی گەلان بوو، نەریتی ئەنادۆڵ و تورکمان ڕۆڵەیەکی گەورەی لەدەست دا، هەموو کۆمەڵگاکانی ناوچەکەمان و گەلەکانمان هاوڕێیەکی گەورەیان لەدەست دا، ڕێزێکی زۆرم بۆ یادی ئەو هەیە، لە 27ی شووباتدا، لە دوا دیدارماندا دوا ڕستەی کە بۆ بانگەوازەکەمان زیادمان کرد، بە دەستی خۆی تۆماری کردبوو و دەیویست خۆی بیخوێنێتەوە، کۆشش و ماندووبوونێکی لەبیرنەکراوی هەبوو بۆ پێکەوە ژیان لە ئاشتیدا، کاراماییەکی وەستایانەی هەبوو بۆ گۆڕینی هەموو نەرێنییەکان بە ئەرێنی، ناسنامەیەکی ڕاستەقینەی ئاشتی و کەلتووری ئاشتی بوو.
ئەو زۆر باش دەیزانی کە ئاشتی و پرۆسەی ئاشتی چی بە هەموومان دەبەخشێت و ئەمەش حەسرەتی گەورەی ئەو بوو، ئەم هیوایە هەرگیز ناکرێت بە تەواونەکراوی بهێڵرێتەوە، ئەوەی بۆ هەموومان گرنگە، گواستنەوەی ئەم ڕۆحەیە بۆ ئاشتی و تاجدارکردنییەتی بە ناوی سری سورەیا ئۆندەر.
جارێکی دیکە پابەندبوونی هەمیشەییم بۆ یادی ئەو دەردەبڕم؛ سەرەخۆشی لە خێزانە بەڕێزەکەی، هاوڕێیانی، ئازیزانی و هەموو گەلەکانمان دەکەم.
سری سورەییا ئۆندەر چەند ڕۆژێک دوای گەیاندنی پەیامی ئاشتی ئۆجالان بە ئەردۆغان و بڕیاردانبۆ؟ دیداری دواتریان لەگەل وەزیری دادی تورکیا، بەڵام لە شەوی 15ی نیسانی ئەمساڵدا توشی نەخۆشی جەڵدەی دڵ بوو، بەڵام ئێوارەی ئەمڕۆ دوای نزیکەی 20ڕۆژ مانەوەی لەنەخۆشخانە ئەو دۆستە بەهادارەی کوردان کۆچی دوایکرد.
-
نەتەوە یەکگرتووەکان: لە تورکیا پێشکەوتن نییە، پێشێلکاری بەردەوامە!
|
-
ئۆندەر: تورکمانێک لە پێناو مافی کورداندا خەباتی کرد
|
-
ئەمریکا و ئۆکرانیا لەسەر دۆسییەکی تایبەت رێککەوتن
|
-
سەرۆکایەتیی سوریا: فیدڕاڵی و خۆسەری لە رۆژئاوا ڕەتدەكەینەوە
|
-
51 ساڵ بەسەر بۆردومانی قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانیدا تێپەڕ دەبێت
|
-
ئەنفال تاوانی سەدە، جینۆساید دژی نەتەوەیەک
|
-
22 ساڵ بەسەر رووخاندنی دەسەڵاتى بەعس لە عێراق تێدەپەڕێت
|
-
ترەمپ: شەممەی داهاتو گفتوگۆی راستەوخۆمان لەگەڵ ئێران دەبێت
|
-
ئاهەنگی نەورۆز لە 25 وڵات و ناوچەی جیهاندا بەڕێوەدەچێت
|
|
|