2025-09-01 8342 جار خوێنراوەتەوە

كەیسەكەى شاسوار.. قەرزەکان یان تەسفیەی سیاسی؟

 

پوختە

دادگاییکردنی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەى نەوەی نوێ بەردەوامە و 79 داوای یاسایی لەسەر تۆمارکراوە، لەنێویاندا 70 سکاڵا لەلایەن خاوەن پشکەکانی کۆمپانیای چاڤی لاندەوە تۆمارکراوە، هەروەها پێنج سکاڵای دیکەش لەلایەن دەزگاکانی حکومەتەوە پەیوەستن بە نەدانی قەرزەکانەوە.

هاوكات دوێنێش بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانییەکان لە وەزارەتی دارایی لە هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، دەستیان بە ڕێکكارەکان کردوە بۆ فرۆشتنی موڵکەکانی سەر بە کۆمپانیاکانی شاسوار عەبدولواحید، "نالیا و چاڤی"، دوای ئەوەی بە فەرمانی دادگا دەستیان بەسەردا گیرا.

بەڕێوەبەرایەتییەكە لەرێى بڵاوكراوەیەكەوە ئەوەى خستۆتەڕو كە ئامانج لەو هەنگاوانە وەرگرتنەوەی ئەو قەرزانەیە کە ئەو دو کۆمپانیایە ماوەى چەند ساڵێكە كەوتۆتە سەریان.

لایەنى حكومى پێشتر لەسەر شاسوار چییان دەوت؟

جوتیار عادل وتەبێژی پێشوی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2020دا شاسوار عەبدولواحیدى بە گەندەڵیى كردن  لە نزیکەی 70 ملیار دیناری عێراقی دا تۆمەتبار کرد.

ڕۆژی 24ی ئاب، بەڕێوەبەرایەتی گشتی باجەکان و خانوبەرەى میرى  داوایکرد، سەرۆکی شارەوانی سلێمانی دەستپێشخەری داخستنی پرۆژەى گەشتیاریى "چاڤی لاند" بکات، ئەمەش بە پشتبەستن بە بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان.

بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، پێشتر چەند ئاگادارییەکی فەرمی بۆ خاوەنی چاڤی لاند نێردراوە، ئەوەش بەپێی نوسراوی ژمارە 1394 کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی باجەوە لە بەرواری 15ی تەمموزی 2025 دەرچوە، نوسراوەكەش بۆ خەرجکردنی ئەو بڕە باجە بوە کە كەوتۆتە سەر كۆمپانیاكانى شاسوار، بەڵام تا ئێستا ناوبراو ئەو باجەی نەداوە کە بەپێی یاسا دەبێت بدرێت.

نەوەى نوێ چى لەسەر پێشهاتەكان دەڵێت؟

وەك پێشتر لە هەواڵێكى ئیرادە دا ئاماژەمان پێدابو، سروە عەبدولواحید، سەرۆكى لیستى نەوەی نوێ و خوشکی شاسوار، تێکچونی باری تەندروستی براكەى لە زیندان راگەیاند، هاوكات وتیشى: سەردان و بینینى براكەى قەدەغەكراوەو ئەو دۆخەی بە "پێوەرێکی ئارەزومەندانە و سیاسی بە ئاست بەرز" وەسف کرد و هۆشداریشی دا کە "شەقامی کوردی لە بەرامبەر ئەم پێشێلکاریانەدا بێدەنگ نابێت".

جێى ئاماژەیە، ڕۆژی 21ی ئاب دادگای سلێمانی ڕەتیکردەوە سەرۆکی جوڵانەوەى نەوەی نوێ بە کەفالەت ئازاد بکات و دادگاییەکەی بۆ 28ی ئاب دواخست، دواتر دادگاییکردنەکە بۆ 2ی ئەیلول كە دەكاتە سبەى دواخرا.

گێڕانەوەكانى پشت دەستگیركردنى شاسوار چین؟

سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکردنی شاسوار، گێڕانەوەی جۆراوجۆر هەیە، کەسایەتییە ئۆپۆزسیۆنەکان پارتە کوردییەکان بەوە تۆمەتبار دەکەن کە بەر لە هەڵبژاردنەکانی داهاتو لە ڕوی سیاسییەوە ناوبراویان کردۆتە ئامانج، پارتی دیموکراتی کوردستانیش پێداگریی دەکات کە دەستگیرکردنەکەی بە هۆکاری یاسایی بوە.

پێویستە بوترێت، دەستگیرکردنی ناوبراو شتێکی نوێ نییە، بەوپێیەی لە ساڵی 2017 و دیسانەوە لە ساڵی 2019 بە هۆکاری جیاواز دەستگیرکراوە.

دەستگیرکردنی سەرۆکی جوڵانەوەى نەوەی نوێ لە کاتێکدایە کە ناکۆکی سیاسی بەردەوام لە نێوان هەردو پارتی دەسەڵاتداری هەرێم لەسەر پۆستەکانى ئەو حكومەتەى كە پێكناهێنرێت و بۆتە خەون؛ ئاڵۆزتر بون و کێبڕکێی هەڵبژاردن لەنێوان هێزە سیاسییەکان لە خولى هەڵبژاردنی یاسادانانی مانگی تشرینى دوەم زیاتر دەبێت.

كەواتە لەنێوان دو گێڕانەوەى جیاوازدا روداوەكان تێدەپەڕن، گێڕانەوەیەكیان ئەوەیە حكومەت شاسوار تۆمەتبار دەكات بە گەندەڵیى و خۆدزینەوە لە باج، كە لە راستیشدا باجێكى زۆرى لەسەر كەڵەكە بوە، گێڕانەوەى دوەمیش لە زارى ئەندامانى جوڵانەوەكەیەتى؛ كە خەریكى چنینى بەرگى بە "پاڵەوان" بونن بۆى.

 

  • سلێمانى؛ رێساى پێشهاتە سیاسییەكان دەگۆڕێت

  • هێرشى ئەمریكاو ئیسرائیل بۆسەر میلیشیاكان بەنهێنى دەستیپێكرد

  • هێرشى ئه‌مریكاو ئیسرائیل بۆسه‌ر عێراق ده‌ستیپێكرد.. ورده‌كارییه‌كه‌ى ئاشكراده‌كرێت

  • بازرگانه‌ عێراقیه‌كه‌ چۆن ویستى فێڵ له‌ئه‌مریكا بكات؟ ئه‌مریكا سزایه‌كى توندیدا

  • ئێران نزیكه‌ له‌چه‌كه‌ مه‌ترسیداره‌كه‌.. نزیكه‌ له‌دروستكردنى 10 بۆمى ئه‌تۆمیى

  • دیمەشق دەرگاى دۆزەخى هۆل بە روى عێراق دا دەكاتەوە

  • وەزارەتی دارایی کاتی فرۆشتنی موڵکەکانی چاڤیلاندى ئاشکراکرد

  • نهێنى پشت كشانەوەى یاساى حەشدى شەعبى ئاشكرادەبێت

  • هێمن مامه‌ند ئه‌و ڕۆژنامه‌نوسه‌ى به‌دواى ئارامیدا وێڵبوو

سەرەکی