6   کاتژمێر پێش ئێستا 1621 جار خوێنراوەتەوە

بۆ ده‌نگدانى سبه‌ینێ كۆمسیۆن به‌رچاو ڕوونیه‌ك به‌هاوڵاتیان ده‌دات

كۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كان، هۆشداریى له‌دووباره‌بوونه‌وه‌ى هه‌ڵه‌یه‌ك ده‌دات‌و ڕایدەگەیەنێت، "پێشتر به‌هۆى ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ نیو ملیۆن ده‌نگ فه‌وتاوه‌"، ده‌شڵێت، "هه‌ڵه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، ته‌نها كاندید هه‌ڵبژێردرێت بێ قه‌واره‌كه‌ى، یانیش دوو كاندید هه‌ڵبژێردرێت".

حه‌سه‌ن هادى زایر ئه‌ندامى تیمى ڕاگه‌یاندنى كۆمسیۆن، له‌لێدوانێكدا، هاوڵاتیانى له‌هه‌ڵه‌یه‌ك ئاگاداركرده‌وه‌و ڕایگەیاند، "پێشتر به‌هۆى ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌وه‌ له‌2021 نزیكه‌ى نیو ملیۆن ده‌نگ فه‌وتاوه‌".

وتیشی، "زه‌قترین هه‌ڵه‌ كه‌ ده‌بێته‌ هۆى پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، نیشانه‌ له‌ژماره‌ى كاندید بدرێت، بێئه‌وه‌ى لیسته‌كه‌ى نیشانبكرێت، یان نیشانه‌ له‌دوو لیستى جیاواز بدرێت له‌یه‌ككاتدا، یان نیشانه‌ له‌لیستێك ده‌درێت، كه‌چى نیشانه‌ له‌چه‌ند ژماره‌یه‌كى كاندیدان ده‌درێت".

ئاماژەی بەوەشدا، بێ هیچ بیانوویه‌كى تر، ئه‌م شێوازه‌ ده‌نگدانه‌ یه‌كسه‌ر ده‌نگه‌كه‌ پووچه‌ڵده‌كاته‌وه‌.

ئەندامه‌كه‌ى تیمی ڕاگەیاندنی کۆمسیۆن باسی له‌وه‌شكردوه‌، لەگەڵ دەستپێکردنی دەنگدانی تایبەت، كۆمسیۆن "بەردەوامە لەجێبەجێکردنی پلانی هۆشیاری میدیایی خۆی لەڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی جۆراوجۆرەوە، جگە لەهەڵمەتە مەیدانییەکان لەقوتابخانەو زانکۆکان، بۆ ڕونکردنەوەی ڕێکاری دروستی دەنگدان‌و کەمکردنەوەی ڕێژەی هەڵە".

لای خۆیەوە سەعد الراوی جێگری پێشوی سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، ڕایگەیاندووه‌، “عێراق بەپەلە پێویستی بەدامەزراندنی پەیمانگایەک هەیە بۆ پەروەردەی هەڵبژاردن بۆ ڕاهێنان‌و شیاوکردنی ئەو گروپە جیاوازانەی بەشدارن لەپرۆسەی هەڵبژاردندا، لەوانەش لایەنە سیاسییەکان‌و کاندیدەکان‌و دەنگدەران، هەروەها لەقۆناغە سەرەتاییەکانەوە کەلتوری دیموکراسی بخرێتە ناو پرۆگرامەکانی خوێندنەوە”.

ئه‌وه‌شیخسته‌ڕوو، "ئەزمونە نێودەوڵەتییەکان، وەک ئەوانەی لەئوسترالیا، سەلماندویانە کە چاندنی هۆشیاری هەڵبژاردن لەتەمەنی منداڵییەوە دەستپێدەکات، کاتێک منداڵ فێردەبێت چۆن نمونەیەک لەپۆلدا هەڵبژێرێت، بۆ ئەوەی گەورەببێت بەتێگەیشتن لەمانای هەڵبژاردنی سیاسی دروست‌و هەڵبژاردنی نمونەیەک لەسیاسەتدا".

جەختیكرده‌وه‌، "نەبوونی کلتوری هەڵبژاردنی دامەزراوەیی بوەتە هۆی لاوازی لە هەڵسوکەوتی هەردوو دەنگدەران‌و زۆرێک لەکاندیدەکان، ئەوەش لەکوالێتی پڕۆسەی دیموکراسی لەوڵاتدا ڕەنگدەداتەوە".

به‌گوێره‌ی ئاماره‌كانی كۆمسیۆن، لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی 2021دا، نزیکەی نیو ملیۆن دەنگدان پوچەڵکرانەوەو دەنگەکانیان لەکۆی زیاتر لەنۆ ملیۆن بەشداربوو هەژمارنەکرا، كه‌ ئه‌و ژماره‌یه‌ ده‌توانێت ببێتە هۆی گۆڕانکارییەکی گەورە لەئەنجامەکاندا.

  • یه‌كێتیى به‌فه‌رمى كشانه‌وه‌ى كاندیده‌كانى ڕاده‌گه‌یه‌نێت

  • سه‌رۆكى لیستى یه‌كێتیى له‌دهۆك چوه‌ ناو پارتیه‌وه‌

  • کارەبای سلێمانی 13 موڵکی کۆمپانیای چاڤی دەفرۆشێت

  • وه‌زاره‌تى گواستنه‌وه‌ ڕونكردنه‌وه‌ له‌باره‌ى نه‌مانى هێڵى ئینته‌رنێت ده‌دات

  • بۆ ده‌نگدانى سبه‌ینێ كۆمسیۆن به‌رچاو ڕوونیه‌ك به‌هاوڵاتیان ده‌دات

  • وەزیری بەرگری ئیسرائیل بۆ ئەردۆغان: تۆ کوردەکانت کۆمەڵکوژ کردووە

  • دوای ٧٥ ساڵ بۆ یەکەمین جار سەرۆکی سوریا دەچێتە کۆشکی سپی

  • ڕێژەی بەشداریکردن لە دەنگدانی تایبەت لە هەرێم گەیشتە 98٪

  • دانوستاندنی نهێنی واشنتن و دیمەشق بۆ کردنەوەی بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکی لە سوریا

سەرەکی