1     کاتژمێر پێش ئێستا 13 جار خوێنراوەتەوە

ئه‌مریكا بڕیارێكى قورس دژى عێراق ده‌دات.. داواكاریه‌ك ئاراسته‌ى وه‌زیرى جه‌نگ ده‌كرێت

بەڵگەنامەیەکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەربارەی یاسای بودجەی بەرگریی، داوا لەوەزیری جه‌نگ (پیتەر هیگسیت) دەکات کە سزای دارایی بخاتەسەر هەر بڕە پارەیەک کە بۆ عێراق تەرخاندەکرێت لەبودجەی ساڵی 2026، ئەو سنووردارکردنەش دەمێنێتەوە، مەگەر حکومەتی عێراق کاریگەریی گرووپە چەکدارەکان، بەتایبەت ئەوانەی نزیکن لەئێران وەک ڕێکخراوی بەدر بەسەرۆکایەتی هادی عامری، کەمبکاتەوە.

لەبڕگەی 1228دا، ئەم ڕاپۆرتە ڕێگە بەکەمکردنەوەی تا 75%ی بودجەی هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەدات، تائەوکاتەی وەزیری جه‌نگى ئەمریکا بەلیژنە سەربازییەکانی کۆنگرێس ڕادەگەیەنێت، حکومەتی عێراق هەنگاوی ڕاستەقینەی ناوە.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت، ئەم هەنگاوە ڕاستەقینانە بریتین لەکەمکردنەوەی توانای شەڕکردنی میلیشیا پەیوەستەکان بەئێرانەوە، لەڕێگەی چەکداماڵینێکی ئاشکراو گەڕاندنەوەی چەکدارەکان بۆ ژیانی ئاسایی، هەروەها، بەهێزکردنی دەسەڵاتی سەرۆک وەزیرانی عێراق وەک سەرۆکی گشتیی سوپاو هێزە ئەمنییەکان، لەگەڵ لێکۆڵینەوەو سزادانی ئەندامانی ئەو میلیشیایانە یان ئەو ئەندامانەی هێزی ئەمنی کە بەبێ فەرمانی سەرەوە کاردەکەن‌و هێرشدەکەنەسەر ئەمریکی یان عێراقییەکان، یان بەشێوەیەکی نایاسایی‌و تێکدەرانە کاردەکەن.

بڕگەی 1227 باس لەقەدەغەکردنی تەرخانکردنی پارە بۆ ڕێکخراوی بەدر دەکات، ڕونیدەکاتەوە کە هیچ بڕە پارەیەکی مۆڵەتپێدراو، لەوانەش هی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بۆ ساڵی 2026، نابێت بدرێتە ڕێکخراوی بەدر یان هیچ ڕێکخراوێکی تر کە دەزگای هەواڵگریی وەزارەتی بەرگریی وەک درێژکراوە یان جێگرەوەی بەدر دایدەنێت.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەدا، وەزیری جه‌نگ دەتوانێت ئەو سنووردارکردنانە بۆ ماوەی 180 ڕۆژ هەڵبگرێت، ئەگەر ئەمە لەبەرژەوەندیی نیشتمانیی ئەمریکا بێت، ئەمەش بەداواکارییەکی نووسراو دەبێت کە پێشکەش بەلیژنەکانی کۆنگرێس دەکرێت‌و هۆکارو شێوازی کارکردنی بۆ گەیشتن بەئامانجەکان لەخۆدەگرێت.

ڕاپۆرتەکە باسی لەوەشکردووه‌، ئەم ڕێوشوێنانە بۆ ئەو بڕە پارانە جێبەجێناکرێن کە لەناو بودجەی هێزە ئەمنییەکانی عێراقدا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دیاریکراون.

ڕاپۆرتەکە داوادەکات، وەزیری بەرگریی دەبێت تا 31ی ئاداری 2026، ڕاپۆرتێک لەسەر دۆخی زیندانەکانی سوریا بۆ گیراوەکانی داعش پێشکەش بکات کە لەژێر پارێزگاریی هێزەکانی سوریای دیموکراتدان، دەبێت ئەم ڕاپۆرتە دۆخی ژیان لەو زیندانانە، پلانە درێژخایەنەکانی پاراستنیان، ژمارەی مەزەندەکراوی گیراوەکان‌و هەوڵەکانی وەزارەتی بەرگریی بۆ گەڕاندنەوەی ئەو گیراوانە بۆ وڵاتی خۆیان یان وڵاتێکی تر، بەهاوکاری لەگەڵ لایەنە ناوخۆیی‌و نێودەوڵەتییەکان، بگرێتەوە.

دەربارەی هێزەکانی ئەمریکا لەسوریا، ڕاپۆرتەکە ڕوونیکردەوە کە پێویستە لەسەر وەزیری بەرگریی، بەهەماهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، لەماوەی 120 ڕۆژدا دوای پەسەندکردنی ئەم یاسایە، ڕاپۆرتێک پێشکەشبکات، ئەم ڕاپۆرتە دەربارەی دۆخ‌و شوێن‌و چالاکییەکانی هێزەکانی ئەمریکایە لەسوریا، ئایا گەیشتوونەتە ئامانجەکانیان یان نا و چۆن لەگەڵ هێزەکانی حکومەتی سوریاو هاوپەیمانانی دیکە کاردەکەن بۆ شەڕی دژی داعش.

هەروەها، پێویستە دیاریبکرێت کە هێزەکانی ئەمریکا لەسوریا چۆن ڕۆڵدەگێڕن لەترساندن‌و ڕێگریکردن لەئێران‌و گرووپە وابەستەکانی، لەوانەش هێزی قودسی سەر بەسوپای پاسداران‌و ئەو گرووپانەی لەسوریا کاردەکەن.

ڕاپۆرتەکە داوادەکات دیاریبکرێت کە هێزەکانی ئەمریکا چۆن یارمەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات‌و خەڵکی تر دەدەن بۆ پاراستنی سەقامگیریی‌و ئاسایش لەکاتی پێکهێنانی حکومەتێکی نوێی سوریا کە نوێنەرایەتیی هەمولایەنێک بکات‌و مافەکانی کەمینەکان بپارێزێت.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، وەزارەتی جه‌نگ دەبێت ڕوونبکاتەوە چۆن بەشداردەبێت لەڕێگریکردن لەناسەقامگیریی کە لەوانەیە لەسوریاوە بڵاوبێتەوەو ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئەمریکا، هاوپەیمانان‌و شەریکەکانی، لەوانەش ئیسرائیل.

هەروەها دەبێت وەسفی هەر گۆڕانکارییەکی ئەگەری لەدۆخی هێزەکانی ئەمریکا لەسوریاو کاریگەرییە پێشبینیکراوەکانی ئەو گۆڕانکارییە لەسەر هاوکاریی ئەمریکا لەگەڵ هێزە هاوبەشەکانی لەسوریا بکات.

  • ئه‌مریكا بڕیارێكى قورس دژى عێراق ده‌دات.. داواكاریه‌ك ئاراسته‌ى وه‌زیرى جه‌نگ ده‌كرێت

  • تره‌مپ ده‌یه‌وێت كار به‌ستراتیژیه‌تێكى 200 ساڵه‌ى ئه‌مریكا بكات.. ئه‌وروپییه‌كان توڕه‌ن

  • سودانی لەسەر بەتیرۆریست ناساندی حزبوڵڵاو حوسییەکان هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كات

  • بەناوبژیوانیی ئەمریکیه‌كان، ئیسرائیلیه‌كان چوونه‌ پایته‌ختى لوبنانه‌وه‌

  • زانیاریى گرنگ له‌باره‌ى هێرشه‌كه‌ى سه‌ر كۆرمۆر.. سه‌ره‌تا به‌درۆن چاودێریى‌و دواتر موشه‌كباران كراوه‌

  • ئه‌ردۆغان هاته‌ده‌نگ‌و به‌بارزانى ده‌ڵێت: هه‌رگیز ئه‌وه‌ى وتوتانه‌ قبوڵى ناكه‌ین

  • شیعه‌كان‌و ده‌سته‌واژه‌ى بێ ئه‌ده‌بى دیبلۆماسى..هێرشێكى توند ده‌كرێته‌سه‌ر ساڤایا

  • دامەزراوەی پەی: لەئەنجامی ململانێی پارتی و یەكێتی كوردستان بێ پەرلەمانە

  • کۆمپانیای لانازو ڕاگواستنی زۆرە ملێی گوندی لاجان لە سنوری هەولێر

سەرەکی