لۆگۆی گۆڕان
1 کاتژمێر پێش ئێستا
58 جار خوێنراوەتەوە
ئایندەی گۆڕان لەبەردەم کۆنفرانس و کۆمسیۆندا
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ 16ـی شووباتی 2026، كۆنفرانسی بزوتنەوەی گۆڕان لە شاری كەركوك بەڕێوەدەچێت. لەم كۆنفرانسەدا هەردوو ئاراستەكەی ناو بزووتنەوەكە كە پێكهاتوون لە ئاراستەی گردی زەرگەتە و ئاراستەی كوردسات بەشداری دەكەن. بەستنی ئەم كۆنفرانسە لەم بەروارەدا لەسەر بنەمای ڕێنماییەكانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دیاریكراوە.
بڕیار لەسەر دیاریكردنی ڕێكخەری نوێ و ئەندامانی جڤاتی بزووتنەوەكە دەدرێت
كۆنفرانسەكە بە بەشداری 2132 كەس بەڕێوەدەچێت، كە تێیدا بڕیار لەسەر دیاریكردنی ڕێكخەری نوێ و ئەندامانی جڤاتی بزووتنەوەكە دەدرێت. تائێستا ئاراستەی كوردسات كاندیدی تایبەتی خۆیان دیاری كردووە كە دانا ئەحمەد مەجیدە، بەڵام كاندیدی فەرمی ئاراستەكەی دیكە بۆ وەرگرتنی پۆستی ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان دیارنییە.
لەبارەی ئەگەری كاندیدبوونی كوڕانی نەوشیروان مستەفاوە ، سەرچاوەیەك لەناو كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان بۆ ئیرادە وتی: نما نەوشیروان مستەفا و چیا نەوشیروان مستەفا ناتوانن خۆیان كاندید بكەن چونكە ناوی ئەو دوو كەسە لەناو لیستی دەستەی گشتی بزووتنەوەكەدا نییە، كە پێكهاتووە لەو 2132 كەسە، بەڵام مافی دەنگدان و بەشدارییان لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ناوخۆیی بزووتنەوەكەدا هەیە.
نەوشیروان مستەفا خاوەنی سێ منداڵە كە دوو كوڕ و یەك كچن، بەناوەكانی( نما، چیا، چرا).
كێشەی نێوان دوو ئاراستەی بزووتنەوەی گۆڕان زیاتر لە ساڵێكە بەردەوامە
كێشەی نێوان دوو ئاراستەی بزووتنەوەی گۆڕان زیاتر لە ساڵێكە بەردەوامە، تاوەكو ئەمڕۆ هیچ كام لەو دوو ئاراستەیە كە هەردوولایان خۆیان بە خاوەنی بزووتنەوەكە دەزانن، نەیانتوانیوە خاوەندارێتی بزوتنەوەكە بەدەستبهێنن.
هەردوو ئاراستەكەی گۆڕان پێكەوە و بە جیاش ساڵی رابردوو كۆنفرانسیان بەڕێوەبرد، بەڵام هیچیان لە بەدەستهێنانی رەزامەندی كۆمیسیۆن و خاوەنداریكردنی فەرمیی جووڵانەوەكە سەركەوتوو نەبوون.
رۆژی 24-05-2025، بزووتنەوەی گۆڕان كۆنفرانسێكی هاوبەشی لە شاری سلێمانی ئەنجامدا، بەڵام بەهۆی ناكۆكی هەردوو ئاراستەكەوە بێ ئەنجام كۆتایی هات و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق پەسندی نەكرد.
لە 05-04-2025 ئاراستەی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەكە كۆنفرانسی گشتی كرد؛ ئاراستەكەی دیكەی بزووتنەوەكە 26ـی نیسانی هەمان ساڵ كۆنفرانسێكی بەڕێوەبرد، بەڵام هیچیان بۆ خاوەنداریكردن لە حیزبەكە پەسندكردنیان لە كۆمیسیۆنەوە پێنەدرا.
بەگوێرەی دەستووری ناوخۆی گۆڕان، بزووتنەوەكە پێكدێت لە خانەی راپەڕاندن، جڤاتی نیشتمانی، جڤاتی گشتی، ژوورەكان، فراكسیۆنەكانیان لە پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاكان، ئەنجوومەنی قەزاكان و تیمی گۆڕان لە حكومەت.
جڤاتی نیشتمانی، ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و رێكخەر، باڵاترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لە گۆڕاندا.
پەیڕەوی ناوخۆ چی دەڵێت؟
بەپێی دەستووری نێوخۆیی بزوتنەوەكە، خانەی راپەڕاندن بەرپرسە لە جێبەجێكردنی بڕیار و راسپاردەكانی جڤاتی نیشتمانی. خانەكە لە حەوت كەس پێكدێن، رێكخەری گشتی، سكرتێرەكانی كاروباری جڤاتی نیشتمانی، فراكسیۆن، ژوورەكان و باژێروانەكان و سەرۆكی جڤاتی گشتی.
لە مێژووی سیاسی بزوتنەوە و حزبە كوردییەكان، كێشەكان سەردەكێشن بۆ باڵباڵێن و جیابوونەوە، بەدەگمەن حزبێكی كوردی سودی لە جیاوازیەكان بۆ بەهێزبوون بینیوە و لەكۆتاییدا ناكۆكیی و جیاوازیەكان بە جیابوونەوە و باڵباڵێن كۆتاییان هاتووە.
-
ئایندەی گۆڕان لەبەردەم کۆنفرانس و کۆمسیۆندا
|
-
نهێنی گەڕانەوەی پارەی زۆری کارەبا بۆ هاوڵاتیان
|
-
ستراتیژی هەسەدە و داواکارییەکانی مەزڵوم عەبدی بۆ ئایندەی کورد لە سوریا
|
-
480 ڕۆژ بێحکومەت: هاوکێشەی یەکێتی و پارتی لەنێوان دەنگۆی ڕێککەوتن و دۆخی ڕاستەقینەی سیاسیدا
|
-
هەڕەشەکەی هاکان فیدان ئاماژەی هێرشە بەرەو شەنگال یان قەندیل
|
-
کێ گەمارۆی سەر کۆبانێی داوە و بۆ ناتوانرێت هاوکاریەکان بگەیەنرێتە شارەکە
|
-
دامەزراوەی پەی بۆ دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، مەترسی لەبەردەم دەرگایە، كەی بە هۆش دێنەوە؟
|
-
مەریوان وریا قانع: هیچ جیاوازییەک لەنێوان جیفری ئیپستین و داعشدا نییە
|
-
پێش دەستپێکردنی دانوستانەکانی عومان؛ ئەمریکا پەیامێک ئاراستەی ئیسرائیل دەکات
|
|
|
|