خۆپیشاندان بۆ ئازادکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان
5   کاتژمێر پێش ئێستا 91 جار خوێنراوەتەوە

ساڵێک بەسەر دەستپێشخەریی بۆ ئاشتی و پلانگێڕییەکە تێدەپەڕێت

ناوەندی هەواڵ

هەرچەندە دەسەڵاتدارانی توركیا باس لە بەرەوپێشچوون لەو پرۆسەیە دەكەن كە ساڵێك لەمەوبەر بە دەستپێشخەری عەبدوڵا ئۆجەلان دەستیپێكرد، بەڵام پەكەكە سورە لەسەرئەوەی بەرەوپێشچوونی پرۆسەكە پەیوەستە بە ئازادكردنی ئۆجەلانەوە.

توركیا چاوی لە راپۆرتی كۆتایی و پەكەكەش چاوی لەسەر ئازادی ئۆجەلانە

پەكەكە چەند هەنگاوێكی بۆ پرۆسەی ئاشتی نا، پرۆسەی چەك سوتاندنی ئەنجامدا و لە كۆنگرەیەكدا خۆی هەڵوەشاندەوە، بەڵام توركیا هەنگاوێكی جددی نەناوە و چاوەڕێی راپۆرتی كۆتایی لیژنە پەرلەمانیەكەیە، پەكەكە و كوردیش چاویان لە ئازادكردنی عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی ئەو حزبەیە كە زیاتر لە 26 ساڵە لە دوورگەی ئیمراڵی دەستبەسەرە.

بەوتەی جەودەت یەڵماز، جێگری سەرۆكی توركیا، لیژنەی هاوپشتی نیشتمانی و برایەتی و دیموكراتی، ئەو لیژنەیەی پەرلەمان پێكیهێناوە تا چوارچێوەیەكی یاسایی بدات بە پرۆسەكە، بەمزووانە راپۆرتی كۆتایی رادەگەیەنێت، كە لەسەر بنەمای راپۆرتی حزبەكان بنیاتنراوە.

جێگری سەرۆكی توركیا دەڵێت "پێویستە تەئكید بنەوە لە واقیعدا بەرەوپێشچوون هەبووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە و چەكدانانی، لەگەڵ چاودێریكردنی بە ئامڕازێكی دیاریكراو".

یەڵماز بەرپرسیارێتی بەرەوپێشچوونی پرۆسەكەش دەخاتە ئەستۆی پەرلەمان و دەڵێت "دەكەوێتە سەرشانی پەرلەمان كە پرۆسەكە بگۆڕێت بۆ واقیعێكی دانپێدانراو لەرێگەی یاساوە".

خێراكردنی هەنگاوەكانی پرۆسەكە

لەبارەی ئەو دیدارەی چوارشەممەی رابردوو لەنێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا و وەفدی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی روویدا، یەڵماز دەڵێت "ئەردۆغان هەر لە سەرەتاوە چاودێری پرۆسەكە دەكات، چەند كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ وەفدەكە ئەنجامداوە، دەشكرێت دیدارەكەی چوارشەممە وەك ئاماژەیەكی باش بۆ خێراكردنی هەنگاوەكانی پرۆسەكە ببینین".

ئەفكان ئالا، جێگری سەرۆكی پارتی دادوگەشەپێدان، كە بەشداربووە لە دیداری ئەردۆغان و وەفدی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی كە پەروین بوڵدان و میدحەت سانجاریش لە وەفدی ئیمراڵی ئامادەبوون تێیدا، باس لەوەدەكات "پرۆسەكە بەرێگایەكی راستدا دەڕوات، بە هەنگاوی متمانەپێكراوە و بەبێ هیچ دوودڵییەك".

ئالا دەشڵێت "هەندێك درەنگ كەوتن پێشتر روویدا، بەڵام هیچ دوودڵییەك لە پرۆسەكەدا نییە، لیژنە پەرلەمانیەكە كاری خۆی ئەنجامدا، ئێستاش خەریكی ئامادەكردنی راپۆرتی كۆتایین".

جێگری سەرۆكی ئاكپارتی، هیوای خۆشی پیشان دەدات لەوەی چەند رۆژی داهاتوو راپۆرتەكە "بەبێ هیچ ئاستەنگییەك تەواو دەبێت".

راپۆرتە پەرلەمانیەكە

لە توركیا چاوەكان لەسەر راپۆرتی كۆتایی لیژنە پەرلەمانیەكەن كە بۆ پرۆسەی ئاشتی پێكهێنراوە، بەتایبەت چاوی كورد، بۆ ئەوەی بخرێتە بەردەم پەرلەمان، بەڵام پێویستە لە لیژنە پەرلەمانیەكەش دەنگی زۆرینەی 51 ئەندامەكە بهێنێت تا بخرێتە بەردەم پەرلەمان و دەنگی لەسەر بدات.

راپۆرتەكە چی تێدایە؟

بەوتەی چەند سەرچاوەیەكی پەرلەمانیی، راپۆرتەكە چەند پێشنیازێك لەخۆدەگرێت سەبارەت بە هەمواری چەند یاسایەك، لەوانەش یاسای بەرەنگاربونەوەی "تیرۆر" و رێوشوێنە تاوانكارییەكان و جێبەجێكردنی رێوشوێنە ئەمنییەكان، بە ئامانجی هاندانی ئەندامانی پەكەكە بۆ چەكدانان و گەڕانەوە بۆ توركیا و باكوری كوردستان و "تێكەڵبوون بە كۆمەڵگە".

هەر بەپێی پێشنیازی هەمواركردنی یاساكان، ئاسانكاری دەكرێت بۆ ئازادكردنی نزیكەی 4200 زیندانیی، جگە لە چاوخشاندنەوە بە "قەیووم" كە بەسەر چەندین شارەوانیدا سەپێندراون كە زۆربەیان كوردین و سەرۆكە لەسەر كارلادراوەكانیان بە هەڵبژاردن دیاریكراون.

باسی ئازادكردنی ئۆجەلان ناكات

بەپێی ئەو زانیاریانەی لە سەرچاوە پەرلەمانیەكانەوە دەست میدیاكانی توركیا كەوتوون، راپۆرتەكە هیچ پێشنیازێكی بۆ مافی هیوا تێدا نییە كە عەبدوڵا ئۆجەلان دەگرێتەوە، لەكاتێكدا 27 ساڵە لە زیندانی ئیمراڵی دەستبەسەرە و ئەو مافە بەپێی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و دادگای دەستوری توركیاش دەیگرێتەوە.

تونجەر باكرهان هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی و یەكسانی گەلان "دەم پارتی" لەوبارەیەوە رایگەیاند:"پێویستە مافی هیوا لە راپۆرتی لیژنە پەرلەمانیەكەدا جێی بكرێتەوە".

وتیشی:"مانەوەی ئۆجەلان لەم دۆخەدا لەگەڵ پرۆسەكە یەكناگرێتەوە". سەبارەت بە كۆبوونەوەكانی وەفدی دەم پارتی بۆ ئیمراڵیش پێچەوانەی قسەی بەرپرسانی توركیا و ئاكپارتی، باكرهان وتی:"تائێستا هیچ شتێكی باوەڕپێكراو لە كۆبوونەوەكان دەرنەكەوتووە، هیوادارین هەنگاوی ئەرێنی بنرێن".

لەكاتێكدا نەتەوەییەكانی توركیا داوا دەكەن مافی هیوا عەبدوڵا ئۆجەلان نەگرێتەوە، بەڵام لە ساڵیادی دەستگیركردنەكەیدا خۆپیشاندانی بەرفراوان بۆ ئۆجەلان بەڕێوەچوو.

دەستگیرکردنی ئۆجەلان

عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری پەكەكەكە، لە 15 ی شوباتی 1999 لەلایەن هەواڵگری توركیاوە لە كینیا دەستگیركرا، دوای ئەوەی رووی كردە چەند وڵاتێك و پەنایان نەدا، سەركردایەتی پەكەكەش دەستگیركردنی وەك پیلانگێڕییەكی نێودەوڵەتی لێكدەدەنەوە.

پەكەكە ئازادكردنی ئۆجەلان دەبەستێتەوە بە سەركەوتنی پرۆسەی ئاشتییەوە

یەكێك لە بەرپرسانی پەكەكە بەناوی "هێلین ئیرین" قسەی بۆ ئاژانسی راگەیاندنی فەڕەنسا" كردووە و دەڵێت "داوای ئازادكردنی ئۆجەلان دەكەین تا بتوانین لەسەر مێزی گفتوگۆ سەبارەت بە پرسی كورد دابنیشین، چونكە رێبەری گەلی كوردە و 27 ساڵە لە زیندانە".

ساڵێك بەسەر دەستپێشخەرییەكەی ئۆجەلان تێدەپەڕێت

عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە، لە 27 ی شوباتی ساڵی رابردوو، بانگەوازێكی لەپێناو ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكرات راگەیاند، كە تێیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە و چەكدانانی لێكردن، داواشیكرد ئەو پرۆسەیە چوارچێوەیەكی یاسایی وەربگرێت، دوای ئەوەش پەكەكە بەپێی بانگەوازی ئۆجەلان چەند هەنگاوێكی نا و خۆی هەڵوەشاندنەوە و پرۆسەی چەك سوتاندنی جێبەجێكرد، بەڵام بەهۆی سستی هەنگاوەكانی توركیا پرۆسەی چەكدانانی تەواوەتی ئەنجام نەدرا.

  • ساڵێک بەسەر دەستپێشخەریی بۆ ئاشتی و پلانگێڕییەکە تێدەپەڕێت

  • ئەمڕۆ 15ساڵ بەسەر مەرگی هونەرمەند حمە جەزا تێدەپەڕێت

  • لاهور جەنگی بورهان لە هاوسەرۆکی یەکێتیەوە بۆ زیندان

  • رۆژهەڵات..لەحوكمڕانى سەفەوییەكانەوە بۆ كۆمارى ئیسلاميى ئێستا

  • ئایا عێراق دەبێتە پەناگەیەکی ئارام بۆ حوسییەکان؟

  • رایخى سێهەم.. ناسراوترین لۆگۆى جیهان

  • نێڵسۆن ماندێلا.. ئەو پیاوە لێبوردەیەى سەرەتا ناوى گێرەشێوین بو

  • جۆزیف گۆبڵز.. ئەو وەزیرەى تەنها رۆژێك راوێژكارى ئەڵمانیا بو

  • ئەو سەرۆكەى رۆژێك پێش مردنى وتارێكى نوسى و تەنها خۆى بینى

سەرەکی