4   کاتژمێر پێش ئێستا 44 جار خوێنراوەتەوە

حزبە كوردیەكانی رۆژهەڵات لەگەڵ ئەمریكا لەسەر چی رێككەوتوون؟

سێ سەرچاوە ئاشكرایانكردووە، حزبە كوردیەكانی رۆژهەڵات، لەچەند رۆژی رابردوودا لەگەڵ ئەمریكا گفتوگۆیان كردووە كە چۆن هێرش بكەنە سەر هێزە ئەمنیەكانی ئێران، هەروەها باسیان لە تواناكانیان بۆ ئەو كارە كردووە.
رۆژنامەی شەرقولئەوسەت بڵاویكردووەتەوە: ئامانجەكە ئەوەیە رێگاكە بۆ خەڵكی ناڕازی لە ئێران خۆش بكرێت دژ بە سیستمی ئێران بوەستنەوە، ئەویش دوای كوژرانی عەلی خامنەیی رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران و بەرپرسانی باڵای ئێران بەهۆی هێرشی ئەمریكا و ئیسرائیلەوە كە رۆژی شەممەی رابردوو دەستیپێكرد.
بەوتەی سەرچاوەكان هێشتا لایەنەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بڕیاری كۆتاییان نەداوە، بەڵام ئەو حزبانەی رۆژهەڵات داوای هاوكاری سەربازییان لە ئەمریكا كردووە، هەر بۆ ئەو مەبەستەش بەرپرسانی عێراقی و هەرێمی كوردستان لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە پەیوەندییان پێوەكراوە.
بەوتەی تۆڕی سی ئێن ئێنی ئەمریكی، بۆ هەر هێرشێكی حزبە كوردیەكان ئاژانسی سی ئای ئەی ئەمریكی لە پەیوەندیدایە لەگەڵیان، ئەوەش لەكاتێكدایە پێشتر ماڵپەڕی ئاكسیۆسی ئەمریكی هەواڵی پەیوەندیەكی تەلەفۆنی نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستانی بڵاوكردەوە.
بەوتەی ئاژانسی رۆیتەرز، ئاژانسی هەواڵگری ئەمریكا لەوە دەكۆڵێتەوە كە ئایا چۆن دەتوانێت چەك بگەیەنێتە دەستی ئەو حزبە كوردیانە، یاخود لەگەڵ ئەو هێزانەدا هێزی ئەمریكا بچێتە ناو ئێرانەوە.
بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵانە لەكاتێكدایە، تائێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنی عێراقی لەوبارەیەوە روونكردنەوەیان نەداوە، بەڵام راگەیەندراوێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەنجامدانی پەیوەندییەكی تەلەفۆنی سەرۆكی ئەمریكای لەگەڵ سەرۆكی یەكێتی ئاشكراكرد.
ئەنجامدانی هەر پرۆسەیەكی هاوبەشی حزبە كوردیەكانی رۆژهەڵات و ئەمریكا دژ بە ئێران، رەنگە سەرئێشەی گەورە بۆ هەرێمی كوردستان دروستبكات، بەوپێیەی ئەمریكا چەند بنكەیەكی لە هەرێمی كوردستانە، بۆیە رەنگە پرۆسەكە گەورەتربێت لەوەی میدیاكان باسی دەكەن، بەوەش مەترسی بە ئامانجگرتنی هەرێمی كوردستان گەورەترە.

ئەم ڕۆژانە مێژووی 23 ساڵ بەر لە ئێستا دووبارە دەبێتەوە، بە دیاریكراوی ساڵی 2003 جۆرج بووشی كوڕ، سەرۆكی ئەوكاتەی ئەمریكا تەلەفۆنەكەی هەڵدەگرت و زەنگی بۆ سەركردە كوردەكانی باشووری كوردستان لێدەدا و پلانی دوای ڕووخانی رژێمی سەدام حسێنیان دادەنا، ئەو ڕۆژانە ئەمریكییەكان تێگەیشتبوون بەبێ كورد، ئەستەمە قۆناغی دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حسێن ئیدارە بدرێت.

ئێستا ساڵی 2026ە و نزیكەی 23 ساڵ بەسەر پەیوەندییەكانی بووش لەگەڵ تاڵەبانی و بارزانی بۆ ڕووخانی ڕژێمی بەعس تێپەریوە، لەپێشهاتێكی نوێدا دۆنالد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و مەسعود بارزانی ئەنجامدا. هێشتا دیار نییە بە دیاریكراوی ترەمپ چی لە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەوێت، بەڵام ئەوە ڕوونە كە تەلەفۆنی ترەمپ ڕاستەوخۆ بۆ سەرۆكەكانی ئەو دوو حزبە، دانپێدانانە بەوەی حوكمی دیفاكتۆی هەرێمی كوردستان لەدەستی ئەواندایە.

وەك چۆن بووشی كوڕ ساڵی 2003 ڕاستەوخۆ لەگەڵ ناوەندی بڕیاردانی كورد كە تاڵەبانی و بارزانی بوون قسەیكرد، ئەمجارەش ترەمپ لەگەڵ خاوەن بڕیار و قسەی یەكەمی كورد لە باشووری كوردستان گفتوگۆی كرد، كە تاڵەبانی كوڕ و بارزانی باوكە.

ئاژانسی ئاكسیۆس-ی ئەمریكی بە پشتبەستن بە سێ سەرچاوەی ئاگادار ئاشكرایكردووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، ڕۆژی یەكشەممە 1ی ئاداری 2026، دوو پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ سەركردەكانی كورد لە عێراق ئەنجامداوە، سەبارەت بە پرسی جەنگی ئەمریكا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و لێكەوتەكانی قسەی لەگەڵ كردوون.

ئاژانسەكە نوسیوێتی. گرنگی پەیوەندییە تەلەفونییەكە بۆ ئەوە دەگەرێتەوە، هەرێمی كوردستان خاوەنی هەزاران چەكدارە لەسەر سنورەكانی ئێران و خاوەنی ناوچەیەكی گرنگ و ستراتیژییە، ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت ڕەنگە واشنتۆن سەرقاڵی داڕشتنی پلانێكی نوێ بێت بەو پێیەی ئەمریكییەكان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی كە تەنها بە فڕۆكە و بۆردومان ناتوانن كۆتایی بە كۆماری ئیسلامی ئێران بهێنن، بۆیە بەدوای هێزێك دا دەگەڕێن كە لەسەر زەوی و بە پێی خۆی بچێتە ناو خاكی ئێرانەوە.

مەكتەبی سیاسی یەكێتی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی ترەمپ بۆ بافڵ تاڵەبانی پشتڕاستكردەوە و رایگەیاند: بژاردەكانی ئەم قۆناغە خراوەتەڕوو. بەڵام هێشتا بارەگای بارزانی بێدەنگیی هەڵبژاردووە و لەسەر ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە زانیاریی ئاشكرا نەكردووە، بەڵام بەپێی زانیارییەكان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا مەكتەبی سیاسی پارتی زنجیرەیەك كۆبوونەوەی بەرفراوانیان دوور لەڕاگەیاندن ئەنجامداوە، بۆ هەڵسەنگاندنی پێشنیازەكانی ترەمپ،  بەڵام ڕوون نییە  بارزانی داواكارییەكانی ترەمپی رەتكردووەتەوە یان پەسەندی كردووە.
لە پەیوەندیە تەلەفونیەكەدا، ترەمپ بەهیچ شێوەیەك باسی لە بەكارهێنانی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانی نەكردووە، بەڵكو پێی راگەیاندون كۆماری ئیسلامی ئێران لەسەرە مەرگدایە و داوایكردووە گرفت بۆ پڕچەككردنی هێزە كوردیەكانی رۆژهەڵات دروست نەكرێت، بەڵكو لەلایەن هەرێمەوە هاوكاری لۆجیستی بكرێن.

ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت ئەو چەكە قورس و سوكانەی لە رۆژئاوای كوردستان پاشەكشەی پێكراوە ڕادەستی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بكرێت، هاوكات لە رێگەی دروستكردنی چەند یەكەیەكی تایبەت و هەواڵگرییەوە بە زوترین كات ئامادەبكرێن بۆ چونە سەر سنورەكانی ئێران.

لەلایەكی دیكەوە، ژمارەیەك سەرچاوە بە سی-ئێن-ئێنیان وتووە” دەزگای هەواڵگریی ئەمریكا CIA لەگەڵ هێزە كوردییەكاندا كار دەكات بە ئامانجی دروستكردنی ڕاپەڕینێكی بەرفراوان لە ئێران، هاوكات دەیانەوێت هێزە كوردییەكان هێرش بكەنە سەر هێزەكانی ئاسایشی ئێران و قەتیسیان بكەن ئەمەش دەرفەتی تەواوەتی دەداتە واشنتۆن بۆ ڕوخانی دەسەڵات لە ئێران".

هەرچەندە هێج وادەیەك بۆ جێبەجێكردنی پلانەكە لەلایەن میدیاكانی ئەمریكاوە ئاماژەی پی نەكراوە، بەڵام بڵاوبونەوەی هەواڵی پەیوەندیی ترەمپ بە مستەفا هیجری سكرتێری گشتی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، ئەوەمان پێدەڵیت ڕەنگە پلانەكە چوبێتە بوار جێبەجێكردنەوە و بەمنزیكانە حزبەكانی رۆژهەڵات جوڵەی جیاواز بكەن.
راپۆرتەكە ئاماژەی بەوە كردوە ئەمریكا بۆ جێبەجێكردنی پلانەكە پێویستی بە هاوكاریی سەركردایەتی كورد لە عێراق هەیە بۆ ئەوەی خاكی هەرێم وەك بنكەیەكی سەربازیی و هەواڵگریی بەكاربهێنرێت. هەر ئەمەش وای كردوە سەرۆكی ئەمریكا ڕاستەوخۆ لەگەڵ خودی بافڵ تاڵەبانی و مەسعود بارزانی قسە بكات.
ئاكسیۆس كە سەرچاوەی هەواڵەكەیە باسی لەوە كردوە خودی پەیوەندییە تەلەفونییەكەی ترەمپ بەرهەمی چەند مانگێك بووە لە لۆبیكردنی پشت پەردەی ئیسرائیل، بەو پێیەی “بۆچوونی نەتانیاهۆ ئەوەیە كوردەكان دێنە مەیدان و كورد سەرهەڵدەدات.”

زانیارییەكان باس لەوەدەكەن، سەركردایەتی كورد لە ئێستادا بێدەنگی و ترسێكی قوڵ دایگرتون بوون بە دوو بەشەوە، بەشێكیان پییان وایە لەم دۆخەی ئیستای جیهان دا ناتوانرێت وەڵامی ترەمپ نەدرێتەوە و پێویستە هاوكاری هێزەكانی ئەمریكا بكرێت، بەشەكەی دیكەشیان دەترسن ئێران بەو ئاسانییە نەڕوخێت و لە داهاتودا هەریمی كوردستان باجی زۆر قورس بدات و لە كۆتایشدا تەنیا بمێنێتەوە.

 
 

  • حزبە كوردیەكانی رۆژهەڵات لەگەڵ ئەمریكا لەسەر چی رێككەوتوون؟

  • ​ترەمپ بۆچی پەیوەندی بە بارزانی و تاڵەبانییەوە کردووە؟

  • "ئەم دەرفەتە لەدەست مەدەن"

  • ئاماری سێ رۆژی جەنگ لە ئێران لەنێوان خەڵكی سڤیل و هێزەكانی حكومەت

  • عەلی ڕەزا ئەعرافی لە سێبەری خامنەییەوە بۆ لوتکەی دەسەڵات و چارەنووسێکی نادیار

  • لاریجانی هەڕەشە دەكات؛جگە لە رابەر چەند سەركردەی دیكە لە هێرشەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل لە ئێران كوژراون؟

  • ئێران بۆ ئەمریکاو ئیسرائیل:ڕێگایەکتان دەستپێکرد کۆتایییەکەی بەدەستتان نابێت

  • بۆچی شەڕ لەنێوان پاكستان و ئەفغانستان سەریهەڵدا؟

  • رۆژنامەیەكی ئەمریكی داواكانی وڵاتەكەی لە ئێران ئاشكرادەكات

سەرەکی