لە نێوان هەوڵە چڕەکانی بەغدا بۆ دابینکردنی مووچەی سلێمانی، حەوت مەرجە قورسەکەی بودجەی ٢٠٢٧ و مەترسیی دوو ئیدارەیی؛ هەرێمی کوردستان لە بەرەبەیانی وەرچەرخانێکی مەترسیداردایە
قەوارەی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژوویی و هەستیاردایە؛ لە لایەکەوە ململانێ و جەمسەرگیريیەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گەیشتوونەتە لوتکە و دیاردەی دوو ئیدارەیی و قەبارەی مەترسیی لێکترازان و جیابوونەوەی «هەرێمی سلێمانی» زەق بووەتەوە، لە لایەکی ترەوە، هەوڵەکان لە بەغدا بۆ مامەڵەکردنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ سلێمانی، هاوتەریب لەگەڵ توندکردنی گەمارۆکانی بودجەی ٢٠٢٧ و گۆڕانکارییە دەستوورییەکان، قەوارەی هەرێم دەخەنە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختەوە.
«مۆدێلی نوێی بەغدا بۆ مووچەی سلێمانی و کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی»
لە پەرەسەندنێکی نوێدا، هەوڵەکان بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی پارێزگای سلێمانی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە پێدەنێتە قۆناغێکی نوێوە. وەزیری دارایی عێراق ڕەزامەندیی سەرەتایی لەسەر جێگیرکردنی بڕگەیەکی تایبەت لە ڕەشنووسی بودجەدا نیشانداوە بە مەبەستی دابینکردنی بودجەی فەرمانگەکانی سلێمانی بە شێوەیەکی جیاواز، بە مەرجێک لە کۆبوونەوەی فەرمیی ئەنجومەنی وەزیراندا پەسەند بکرێت.
بڕیارە ئەم دۆسیە هەستیارە ببرێتە سەر مێزی کۆبوونەوەی سەرکردەکانی (چوارچێوەی هەماهەنگی)، کە چاوەڕوان دەکرێت بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی نەوەی نوێ، تێیدا بەشداری بکەن بۆ دروستکردنی کۆدەنگی لەسەر پڕۆژەکە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی تشرینی دووەم، کەمپینی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ بەهەرێمکردنی پارێزگای سلێمانی لە بەردەرکی سەرا و باخی گشتی دەستی پێکرد، کە ئەوەش ڕەنگدانەوەی قووڵبوونەوەی دابەشبوونی جوگرافی و کارگێڕییە.
لە بەرامبەردا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جەختی کردەوە، پاراستن و ئاوەدانکردنی قەوارەی هەرێم ئەرکێکی نیشتمانییە و حکومەت لە هیچ هەوڵێک سڵ ناکاتەوە بۆ ڕێگریکردن لە دابەشکردنی، و داوای لە سەرجەم کوردستانییە دڵسۆزەکان کرد ڕووبەڕووی ئەو هەڵمەتانە ببنەوە کە دەیانەوێت هەرێم لاواز یان دابەش بکەن.
«کۆبوونەوە نهێنییەکەی لەندەن؛ نەخشەی گۆڕینی دەستوور»
هاوتەریب لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییە ناوخۆییانە، جووڵە دیپلۆماسییەکان لە دەرەوەی وڵات ئاماژە بە گۆڕانکاریی گەورە لە سیستمی حوکمڕانیی عێراق دەکەن. بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی «عەرەبی جەدید»، لە کۆبوونەوەی نێوان فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق و تۆماس باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە لەندەن، باسی لە گۆڕینی دەستووری عێراق و وەرچەرخانی سیستمی سیاسی لە «پەرلەمانی»یەوە بۆ «سەرۆکایەتی» کراوە.
زێدان ئاماژەی بەوە کردووە کە لایەنە کوردییەکان تێبینیان لەسەر سیستمی سەرۆکایەتی هەیە چونکە هێز و هەژموونی پارتە سیاسییەکان لاواز دەکات، بەڵام گەشبین بووە کە بەهۆی لاوازبوونی پێگەی پارتە تەقلیدییەکان و هاتنەپێشەوەی دەنگی نوێ لە سایەی حکومەتەکەی عەلی زەیدیدا، دەتوانرێت سازان بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور بکرێت. هەروەها زێدان هۆشداریی داوە لە لێکەوتە سیاسییەکانی داخستنی سنووری عێراق و ئێران لەسەر داوای واشنتن.
«بودجەی ٢٠٢٧؛ حەوت مەرجە قورسەکەی بەغدا و گورزی کۆتایی لە کەرتی غاز»
لاوازبوونی پێگەی کوردی بەهۆی پەرتەوازەیی ناوخۆییەوە، ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەی لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٧ هەبووە و بەغدا حەوت مەرجی زۆر توندی بۆ خەرجکردنی پشکی هەرێم داناوە: یەکەم قەرەبووکردنەوەی مافە داراییەکان: پاکتاوکردنی شایستە داراییەکانی (٢٠٠٤-٢٠٢٦) کە ١٢.٧٧٥ ترلیۆن دینارە لە ماوەی ٣ ساڵدا. دووەم بڕی بەرهەمی نەوت: پابەندکردنی هەرێم بە هەناردەکردنی لانیکەم ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا لەرێگەی سۆمۆوە یان ڕادەستکردنی بە وەزارەتی نەوت. سێیەم داهاتی نانەوتی: ڕادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان و وردبینیکردنی مانگانە لەلایەن دیوانی چاودێریی داراییەوە. چوارەم ڕادەستکردنی غازی زیادە: ڕادەستکردنی تەواوی غازی زیادەی هەرێم بە بەغدا، کە ئەمەش هەموو هیوایەک بۆ دروستکردنی تۆڕی بۆریی غازی ماڵان لەناوخۆی هەرێم لەناودەبات. پێنجەم هەڵوەشاندنەوەی شەرعییەتی گرێبەستەکان: بێبەشکردنی هەرێم لە واژۆکردنی گرێبەستی نەوت و غاز بەبێ ڕەزامەندیی وەزارەتی فیدراڵی، کە ڕاستەوخۆ گرێبەستەکانی (وێستێرن زاگرۆس) و (HKN) دەخاتە قەیرانی یاساییەوە. شەشەم کەمکردنەوەی پشکی هەرێم: دابەزاندنی پشکی هەرێم بۆ ١٢.٧٪ لە بری ١٤.١٤٪. ٧. خەرجیی فیعلی: بەستنەوەی پشکی هەرێم بە خەرجیی ڕاستەقینەی فیعلییەوە دوای دەرکردنی خەرجییە سیادییەکان.
دەرئەنجام
ئەو دۆخە دارایی، کارگێڕی و سیاسییەی ئەمڕۆ هەرێمی کوردستانی تێکەوتووە، دەرەنجامی ململانێی توندی نێوان هێزە سیاسییەکان و نەبوونی دیدگایەکی ستراتیژییە. ئەگەر یەکێتی و پارتی کۆتایی بە دوو ئیدارەیی نەهێنن و بەرەنگاری مەترسییەکان نەبنەوە، ئەوا وەک پەندە کوردییەکە دەڵێت، هەرێم بەرەو داڕمان دەچێت و «ساڵ بە ساڵ خۆزگەم بە پار» دەبێتە واقیعی ژیانمان.