دۆخی سیاسی و یاسایی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە قۆناغێکی نوێی یەکلاکردنەوە؛ لە لایەکەوە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵاکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جووڵانەوەی نەوەی نوێی بۆ دەركردنی فەرمانی وەلائی بە ئامانجی ڕاگرتنی کارەکانی پەرلەمانی کوردستان ڕەت کردەوە.
سەبارەت بەو سکاڵایەی کە لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جووڵانەوەی نەوەی نوێوە لە دژی دانیشتنی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی تۆمار کرابوو، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاری خۆی لەبارەی داواکارییەکی کاتیی سکاڵاکاران دەرکرد، بە جۆرێک کە سەرەڕای ڕەتکردنەوەی دەرکردنی "فەرمانی وەلائی"، بەڵام سکاڵا بنەڕەتییەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە و لە وادەی خۆیدا دادبینیی بۆ دەکرێت.
«وردەکاریی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و فەرمانی وەلائی»
بۆ تێگەیشتن لە دۆخەکە، پێویستە جیاوازی لە نێوان «سکاڵای بنەڕەتی» و «فەرمانی وەلائی (سالاری)»دا بکرێت:
فەرمانی وەلائی چییە؟ کاتێک سکاڵایەک لەسەر بڕیارێک یان دامەزراوەیەک تۆمار دەکرێت، لایەنی سکاڵاکار دەتوانێت داوا لە دادگا بکات بۆ ئەوەی تا کاتی یەکلاکردنەوەی سکاڵا بنەڕەتییەکە، فەرمانێکی خێرا و کاتی (وەلائی) دەربکات بۆ ڕاگرتنی کارەکانی لایەنی بەرامبەر، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە گۆڕانکاریی زیاتر.
بڕیارەکەی دادگا: ئەوەی لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە ڕەت کراوەتەوە، تەنها داوای دەرکردنی فەرمانی وەلائی بووە، نەوەک سکاڵا بنەڕەتییەکە. واتە دادگا گوتویەتی فەرمانی کاتی بۆ ڕاگرتنی کارەکان دەرناکەین، بەڵام ئەمە بە مانای تیاچوونی سکاڵاکە نایەت.
«بنەمای سکاڵاکە و داهاتووی کارەکانی پەرلەمان»
لە ڕۆژی ١٠ی ئەم مانگەدا، لە دوای ئەوەی لە ٤ی تشرینی دووەم کۆبوونەوەی تەواوکاریی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو و دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردرا، هەریەک لە یەکێتی و نەوەی نوێ سکاڵایان لە دادگای فیدراڵی تۆمار کرد و داوایان کرد کە دانیشتنەکە و سەرجەم ڕێکارەکانی وەک هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی بە نایاسایی هەڵوەشێنرێنەوە، و داوای فەرمانی وەلائییان کردبوو تا پەرلەمان کارەکانی ڕابگرێت.
بەپێی یاسا، هەڵوەشاندنەوەی فەرمانی وەلائی یان ڕەتکردنەوەی، مانای ئەوەیە کە ئەو دامەزراوەیەی سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە، دەتوانێت بە شێوەیەکی کاتی بەردەوام بێت لە جێبەجێکردنی کارەکانی تا ڕۆژی دادگاییە سەرەکییەکە. کەواتە، دانیشتنەکەی ٤ی تشرینی دووەم و سەرجەم کار و بڕیارەکانی پەرلەمانی کوردستان تا کاتی دەرچوونی بڕیاری کۆتایی لەسەر بنەڕەتی سکاڵاکە، بە کارایی و یاسایی دەمێننەوە و پەرلەمان دەتوانێت بە ئاسایی بەردەوام بێت لە ئەنجامدانی ئەركەکانى، لە کاتێکدا لایەنەکان چاوەڕێی دادبینی و یەکلاکردنەوەی کۆتایی دۆسیەکە دەکەن لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە.
لەم چوارچێوەیەدا، عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست، لە لێدوانێکدا ڕەخنەی لە هەڵوێستی لایەنەکان گرت و ڕایگەیاند کە سەرەتا داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانیان دەکرد، بەڵام دواتر بۆ تەنها ڕاگرتنی کارەکانیان سکاڵایان کرد کە لەلایەن دادگای فیدراڵەوە ڕەت کرایەوە، و جەختی کردەوە کە ئێستا دروستترین بژاردە هەر هەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی پەرلەمانە.