دادوەرێکی فیدراڵیی ئەمریکا لە شاری نیویۆرک، ڕۆژی ١٠ی شوباتی داهاتووی وەک وادەیەکی نوێ دیاریکرد بۆ بەردەوامیدان بە ڕێکارە سەرەتاییەکانی دادگاییکردنی "محەمەد باقر ساعدی"، ئەندامی کەتائیبی حزب اللەـی عێراقی، کە تۆمەتبارە بە داڕشتنی پیلان لە ناو زیندانەوە بۆ هێرشکردنە سەر بنکەی ئاسمانیی "فێرفۆرد"ی بەریتانی، ئەمەش دوای دانیشتنێکی پڕ لە ئاڵۆزی کە بووە هۆی دەرکردنی ناوبراو لە هۆڵی دادگا.
«تەنانەت لە ناو زیندانی ئەمریکاشەوە پیلانی هێرشی داڕشتووە؛ وەزارەتی دادی ئەمریکا دەڵێت سەرکردەیەکی "حزب اللە"ی عێراقی لە ڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنی و بە کۆدی نهێنی لەگەڵ خێزانەکەی لە عێراق، فەرمانی داوە بۆ بەئامانجگرتنی بنکەی ئاسمانیی "فێرفۆرد"ی بەریتانی، بەڵام پۆلیسی بەریتانیا پێش جێبەجێکردنی پیلانەکەی پووچەڵ کردووەتەوە»
دانیشتنێکی پڕ لە گرژی و دەرکردن لە هۆڵی دادگا دانیشتنەکەی ڕۆژی پێنجشەممە لە دادگای فیدراڵیی مانهاتن نزیکەی دوو کاتژمێری خایاند و گرژیی زۆری تێکەوت. کاتێک دادوەر "کۆلین مەکماهۆن" داوای لێکرد وەڵامی تۆمەتەکان بداتەوە، ساعدی لە ڕێگەی وەرگێڕەوە وتی: "من پیاوی دەوڵەتم نەک بازرگان، و بێتاوانم لەو تۆمەتانەی ئاراستەم کراون."
دواتر ساعدی چەند جارێک هەوڵیدا ڕاستەوخۆ قسە لەگەڵ دادوەر بکات، بەڵام دادوەر هۆشداریی پێدا کە ئەو کارە گونجاو نییە. لە کاردانەوەیەکدا ساعدی هاواری کرد و دەستی بۆ تیمی پارێزەرانی بەرگری ڕاکێشا و وتی: "لەم ساتەوە ئەوان چیتر نوێنەرایەتیی من ناکەن"، چونکە خێزانەکەی دەیانەوێت پارێزەری دیکەی بۆ بگرن. بەهۆی دروستکردنی پشێوی و بەردەوامبوون لە هاوارکردن، پۆلیسی فیدراڵی ناوبراویان لە هۆڵی دادگا بردە دەرەوە.
کێشەی کتێبە ئایینییەکان و مامەڵەکردن وەک "دیلی جەنگ" بەشێکی دانیشتنەکە تایبەت بوو بەو کۆتوبەندە ئەمنییانەی لە زینداندا خراونەتە سەر ساعدی. پارێزەرانی بەرگری ناڕەزایەتییان دەربڕی لەوەی حکومەت ڕێگریی لێدەکات دەقە ئایینییەکان بە زمانی عەرەبی بخوێنێتەوە یان ڕاپۆرتی هەواڵی لە خێزانەکەیەوە پێبگات.
هەرچەندە جێگری داواکاری گشتی پاساوی ئەوەی هێنایەوە کە ئەو نووسراوانەی خێزانەکەی بۆیان ناردووە دەقیان تێدایە کە "تۆڵەسەندنەوەی خوێناوی پاساو دەدەن"، بەڵام دادوەر مەکماهۆن قسەکەی پێبڕی و وتی: "ببوورە، لە کتێبی پیرۆزیشدا (ئینجیل) دەقی وا هەن کە دەکرێت بە هەمان شێوە بخوێندرێنەوە"، و ئاماژەی بەوەدا کە ڕەنگە ڕێگە بدات کتێبی ئایینیی پێبدرێت. هاوکات پارێزەرەکەی داوای کرد ساعدی وەک "جەنگاوەرێک لە ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران" مامەڵەی لەگەڵ بکرێت نەک تاوانبارێکی مەدەنی، چونکە پێشتر لە تورکیا دەستگیرکراوە و بەبێ ڕێکاری یاسایی ڕادەستی ئەمریکا کراوە.
وردەکاریی پیلانی هێرشکردنە سەر بنکە بەریتانییەکە بەپێی تۆمەتنامە هەموارکراوەکەی وەزارەتی دادی ئەمریکا، ساعدی کە هەڵگری هەردوو ڕەگەزنامەی عێراقی و ئێرانییە، بە هاوکاریی ئەندامێکی سوپای پاسدارانی ئێران بە ناوی "موحسین موهاجیری" و هاووڵاتییەکی ئێرانی بە ناوی "محەمەد عەلی حەسەنی"، پیلانیان داڕشتووە بۆ بەئامانجگرتنی بنکەی ئاسمانیی "فێرفۆرد" لە ڕۆژئاوای ئینگلتەرا، کە فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی ئەمریکای تێدا جێگیرکراون.
داواکاری گشتی دەڵێت ساعدی لە ناو زیندانەوە لە ڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە لەگەڵ دایک و خوشکەکەی لە عێراق، زمانی نهێنی (کۆد)ی بەکارهێناوە بۆ گواستنەوەی پارە و گەیاندنی پەیام سەبارەت بە جێبەجێکردنی "کارەکە". لە پەیوەندییەکدا لە ٢٤ی ئەیلوولی ڕابردوو بە خێزانەکەی وتووە: "پارەکەم بدەنێ تا بتوانین ئەو کارە بکەین." تەنها سێ ڕۆژ دوای ئەو پەیوەندییە، پۆلیسی بەریتانیا سێ بارهەڵگری گوماناویی دەستگیرکرد کە بەرەو بنکە ئاسمانییەکە دەڕۆیشتن و ٧ کەسیشی دەستگیرکرد.
«پیاوە نزیکەکەی قاسم سولەیمانی لە بەردەم دادگای مانهاتن دەڵێت: "من پیاوی دەوڵەتم و بێتاوانم". دادگاییکردنی ئەم تۆمەتبارە عێراقییە کە بە ئاسانکاری بۆ ٢٠ هێرشی تیرۆریستی لە ئەوروپا و کەنەدا تۆمەتبار کراوە، دوای دروستبوونی گرژی لە دانیشتنەکەدا بۆ ١٠ی شوباتی داهاتوو دواخرا.»
پەیوەندیی لەگەڵ قاسم سولەیمانی محەمەد باقر ساعدی لە مانگی ئایاری ڕابردوو لە تورکیا دەستگیرکرا، دوای ئەوەی هەوڵیدابوو کەسێک بەکرێ بگرێت بۆ ئەنجامدانی هێرش لە ناو ئەمریکا (لەوانەش پەرستگایەکی جوولەکە لە مانهاتن)، بەڵام دواتر دەرکەوت ئەو کەسە بریکارێکی نهێنیی ئەمریکا بووە.
ناوبراو بە تێوەگلان لە ئاسانکاری بۆ لانیکەم ٢٠ هێرشی تیرۆریستی لە ئەوروپا و کەنەدا تۆمەتبار کراوە، و داواکارانی گشتیی ئەمریکا جەخت دەکەنەوە کە پێشتر بە شێوەیەکی نزیک لەگەڵ "قاسم سولەیمانی"، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس کاریکردووە و کەسێکی نزیک بووە لە ڕابەری باڵای پێشووی ئێران، عەلی خامنەیی.