سیستمی پاسەوانی و کۆمپانیا ئەمنییەکان لە هەرێمی کوردستان چەندین ڕێنمایی و مەرجی توندی لەخۆ گرتووە، لەوانە قەدەغەکردنی کارکردنی کارمەندە سەربازییەکان وەک سکیوریتی. لەم ڕاپۆرتەدا، بەرپرسی کارگێڕیی کۆمپانیایەک و سەرچاوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆ وردەکاریی گرنگ لەبارەی مەرجەکانی دامەزراندن، مووچە، شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ هاوڵاتیان و ڕێنماییە ئەمنییەکان دەخەنە ڕوو.
«مەرجەکانی دامەزراندنی سکوورتی و قەدەغەکردنی سەربازییەکان»
دواڕۆژ عەلی، بەڕێوەبەری کارگێڕی لە کۆمپانیای زینانە بۆ سکیوریتی، لە لێدوانێکدا بۆ «ئیرادە میدیا» ئاماژەی بەوە کرد کە دامەزراندنی کارمەندی سکیوریتی بەو شێوەیە نییە بۆ هەر شوێنێک هەر کارمەندێک دابنرێت، بەڵکو دەبێت بەگوێرەی سروشتی شوێنەکە بێت.
سەبارەت بە مەرجەکانیش، دیاری کرد کە پێویستە تەمەنی کارمەند لە ٢١ ساڵ کەمتر نەبێت، نەخۆشیی درێژخایەنی نەبێت، قیافەی گونجاو بێت و زمانی عەرەبی و هەندێک جار زمانی ئینگلیزی بزانێت. هەروەها بۆ پرسگەی شوێنە گرنگەکان، کۆمپانیاکانی سکیوریتی بە تەواوی پابەندی ڕێنمایی و یاساکانی وەزارەتی ناوخۆن.
لە لایەکی ترەوە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆ بە «ئیرادە میدیا»ی ڕاگەیاند: "لە وەزارەتی ناوخۆ لیژنەی سەرپەشتیی کۆمپانیا ئەمنییەکان هەیە، لە ڕێنماییەکاندا هاتووه کە نابێت کارمەندانی سکیوریتی سەربازیی بن، بەپێچەوانەوە سەرپێچیی مەرجەعی خۆی کردووە، بەگوێرەی یاساش پێناسە و جلوبەرگیان بۆ ڕێکخراوە."
«ڕۆڵی ئاسایش و ئەو شوێنانەی پێویستیان بە سکیوریتی هەیە»
دواڕۆژ عەلی باسی لەوەش کرد، لەناو ئاسایشدا بەشی کۆمپانیا ئەمنییەکان هەیە و ئاسایش ڕێنمایی دەدات لەڕووی کارمەندەوە، بە جۆرێک دەبێت ئاسایش ئاگاداری دامەزراندن بێت بۆ ئەوەی ئەگەر کەسێک پێشینەی تاوانی هەبێت، گونجاو نەبێت، یان لە دەزگا ئەمنییەکانی وەک وەزارەتی ناوخۆ و ئاسایش کاربکات، ڕەتبکرێتەوە.
ناوبراو شوێنە پێویستەکانی دیاری کرد و وتی: "سکیوریتی پێویستە بۆ هەندێک شوێن لەوانە نەخۆشخانە تایبەتەکان، مۆتێل و هۆتێلەکان، سیتییەکان، ئەی تی ئێم و هەندێک لە مارکێتەکان." سەبارەت بە سیتییەکانیش ڕایگەیاند لەوێ بەشی خزمەتگوزاری هەیە و ڕێنمایی تایبەت هەیە، ئەگەر خاوەن یەکەیەکی نیشتەجێبوون دراوسێکەی بێزار بکات یان پێچەوانەی ڕێنماییەکان بجوڵێتەوە، ئاگادار دەکرێتەوە.
«شێوازی بەڕێوەبردنی کێشەکان و سیستمی «بلاك لیست»»
سەبارەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان، بەڕێوەبەری کارگێڕیی کۆمپانیای زینانە ئەوەی خستە ڕوو کە ئەوان بە حیكمەتی خۆیان و کارمەندەکانیان توانیویانە کۆنتڕۆڵی دۆخەکان بکەن. هەمیشە ڕێنمایی کارمەندەکانیان کردووە کە بە قسەی خۆش و وتەی جوان مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانە بکەن کە مەستن، بەخشراون، یان کەسوکاری نەخۆشن، و بەبێ گرژی کۆتایی بە کێشەکە بهێنن، خۆشبەختانە هیچ سکاڵایەک لەسەر کارمەندەکانیان نییە.
سەبارەت بە سیستمی "بلاک لیست"یش، ئاماژەی بەوە کرد کە خاوەنی شوێنەکان یان بەڕێوەبەری کارگێڕیی دامەزراوەکان ئاگاداریان دەکەنەوە ئەگەر کەسێک دەنگەدەنگ بکات یاخود پشێوی بنێتەوە، لەو حاڵەتەدا ناچارن ئاسایش ئاگادار بکەنەوە. لە بەرانبەردا، سەرچاوەکەی وەزارەتی ناوخۆ سەبارەت بە بلاک لیست بۆ هاوڵاتیان ڕایگەیاند: "لەڕووی یاسایی و مرۆییەوە دەبێت نەخۆش بە هەموو شێوەیەک چارەسەر بکرێت، بەپێچەوانەوە یاسای (عدم إغلاق المريض) دەیگرێتهوە."
«مووچەی کارمەندانی سکیوریتی چەندە؟»
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، دواڕۆژ عەلی سەبارەت بە مووچەی کارمەند و سەرپەرشتیارانی سکیوریتی ڕایگەیاند کە مووچەکەیان لە (٤٥٠) هەزار دینارەوە دەست پێدەکات و بەگوێرەی شوێن و گرێبەستی کۆمپانیاکان دەگۆڕێت، هەروەها ڕەگەزی مێش لەم پرۆسەیەدا بەشدارن و بەڕۆژدا دەوام دەکەن.