ئەمڕۆ لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری هەولێر، کۆبوونەوەی نێوان شاندی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڕێوەچوو و کۆتایی هات. ئەمە یەکەم دیداری فەرمیی نێوان هەردوو لایەنە لە دوای کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان لە ڕۆژی ٤ی ئەم مانگەدا و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتییەکەی بەبێ بەشداریی یەکێتی.
«پێکهاتەی شاندەکان و گۆڕینی شوێنی کۆبوونەوە»
لە کۆبوونەوەکەدا یەکێتی تیمی دانوستانکاری گۆڕی و هەریەکە لە د. ڕێواز فایەق و د. یوسف گۆران، ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، بەشداربوون. لە بەرامبەریشدا شاندی پارتی پێکهاتبوو لە مەحموود محەمەد و د. پشتیوان سادق.
هەرچەندە سەرەتا بڕیار بوو کۆبوونەوەکە لە شاری سلێمانی ئەنجام بدرێت، بەڵام دواتر لەسەر بڕیار و پێشنیازی یەکێتی، شوێنی کۆبوونەوەکە بۆ شاری هەولێر گواسترایەوە.
«تەوەر و ئامانجە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە»
بەپێی زانیارییەکانی ئیرادە میدیا، کۆبوونەوەکە چەند ئامانج و تەوەرێکی سەرەکی لەخۆگرتبوو:
هێورکردنەوەی دۆخەکە و گەیاندنی پەیام: بەشێکی کۆبوونەوەکە بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان و گەیاندنی پەیامی مەسعود بارزانی و پارتی بوو بە یەکێتی بە شێوەیەکی فەرمی؛ ئەمەش دوای ئەوەی بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاندبوو کە پەیوەندی و گفتوگۆکان دەبێت بە فەرمی بن نەک لە ڕێگەی بەیاننامەوە.
خستنەڕووی گلەیی و تێبینییەکان: گەیاندنی ڕەخنە، گلەیی، تێبینی و سەرنجی هەردوو لایەن بە یەکتر سەبارەت بە دۆخ و پێشهاتەکانی نێوانیان.
پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمان: گفتوگۆکردن لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بەبێ یەکێتی و بەشداریی سێ پەرلەمانتاری یەکێتی لەو پرۆسەیەدا، کە بووە هۆی توڕەیی و نیگەرانیی یەکێتی.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئیرادە میدیا، شاندی یەکێتی بە ڕوونی بە شاندی پارتی ڕاگەیاندووە کە بۆ ڕەخساندنی زەمینەی کۆبوونەوەی دیکە:
نابێت هیچ دانیشتنێکی دیکەی پەرلەمان ئەنجام بدرێت.
پێویستە پارتی تەنها بە کورسییەکانی خۆیەوە گفتوگۆ بکات، نەک بە ناوی ئەو لایەن و پەرلەمانتارانەی کە بەشدارییان لە کۆبوونەوەی کاراکردنەوەی پەرلەماندا کردبوو.
هاوکات ئیرادە میدیا زانیویەتی کە لە ئێستادا ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی باڵا لە نێوان پارتی و یەکێتی، بە سەرۆکایەتیی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی، و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی.