بازدان بۆ ناوەڕۆک
  • هەولێر: 15°C (کەمێک هەوری)
  • سلێمانی: 10°C (کەمێک هەوری)
  • دهۆک: 13°C (ساماڵ)
  • هەڵەبجە: 13°C (کەمێک هەوری)
  • کەرکووک: 15°C (کەمێک هەوری)
  • زاخۆ: 13°C (ساماڵ)
  • گەرمیان: 15°C (کەمێک هەوری)
AD • ڕیکلام بۆ ڕیکلام پەیوەندی بکە
هەواڵی گرنگ ڕاپۆرتە هەواڵ

داهاتووی کوردستان لە دەستی کێدایە؟

لە نێوان بەرژەوەندی حیزبی و بەرژەوەندی نیشتمانی

ئیرادە میدیا (فەرمی)

9 خولەک خوێندنەوە

داهاتووی کوردستان لە دەستی کێدایە؟

پوختەی گرنگترین خاڵەکان:

  • هەولێر و بەغدا؛ پەیوەندییەکی پڕ لە ناکۆکی
  • پرسی بەڕێوەبردنی کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم
  • نەبوونی ستراتیژیی نیشتمانیی هاوبەش
  • کوردستان و دەرفەتە مێژووییە لەدەستچووەکان
  • ئەمریکا و وڵاتانی دراوسێ؛ هاوپەیمانی و بەرژەوەندی
  • ئابووری؛ ژیانی خەڵک لە سەرووی پۆست و وەزارەتەکانەوە

کوردستان ئەمڕۆ بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت، ناکۆکییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، گرفتە ئابوورییەکان، پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی هەولێر و بەغدا و فشارەکانی وڵاتانی دراوسێ، هەموویان کاریگەرییان لەسەر ئێستا و داهاتووی هەرێمی کوردستان هەیە.

د. نەبەز مەجید ئەمین، مامۆستای زانکۆ، نووسەر و مێژوونووس، لە تێڕوانینی خۆیەوە پرسیارێکی بنەڕەتی کردووەو دەڵێت: ئایا داهاتووی کوردستان تەنها لە دەستی ئەمریکا و وڵاتانی دراوسێدایە، یان خودی هێزە سیاسییە کوردییەکانیش بەرپرسیارێتییەکی مێژووییان لە ئەستۆدایە؟

بێگومان، ئەمریکا دەتوانێت هاوپەیمانێکی گرنگ بێت، تورکیا و ئێرانیش دراوسێی هەمیشەیی کوردستانن، بەڵام هیچ هێزێکی دەرەکی ناتوانێت جێگەی یەکڕیزی ناوخۆ، متمانەی سیاسی و حوکمڕانیی باش بگرێتەوە،ئەوەش ئەو خاڵە سەرەکییەیە کە د. نەبەز مەجید ئەمین گرنگی پێداوەو بەرپرسیارێتیی داهاتووی کوردستان تەنها لە دەرەوەی سنوورەکانی ناوچەکەدا نییە، بەڵکو لە ناو خودی سیستەمی سیاسی و شێوازی بەڕێوەبردنی هەرێمیشدایە.

«لە سەرەتای ئەزموونی حوکمڕانیی هەرێمەوە»

بۆ تێگەیشتن لە دۆخی ئێستا، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای ئەزموونی سیاسیی هەرێمی کوردستان،دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 و هەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی 1992، کوردستان هەنگاوێکی گرنگی نا بەرەو دامەزراندنی دامەزراوەکانی خۆی،ئەو قۆناغە هیوایەکی نوێی بۆ خەڵک دروست کرد، بەڵام ناکۆکییە سیاسییەکان و شەڕی ناوخۆی ساڵانی 1994 تا 1998 ئەو ئەزموونەی تووشی قەیرانێکی گەورە کرد.

دەرئەنجامی ئەو ناکۆکییانە تەنها لە سنووری ملمڵانێی نێوان حیزبەکاندا نەمایەوە؛ بەڵکو کاریگەریی لەسەر دامەزراوەکان، ئیدارەی ناوچەکان، یەکگرتوویی هێزەکان و متمانەی نێوان لایەنە سیاسییەکان هەبوو، لەو قۆناغەدا، جیاوازییە سیاسییەکان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بوونە هۆی دروستبوونی دوو ناوەندی دەسەڵات لە هەولێر و سلێمانی.

هەرچەندە لە ساڵی 2006دا ڕێککەوتنی ستراتیژیی نێوان پارتی و یەکێتی هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ هاوبەشکردنی دەسەڵات و کۆتاییهێنان بە بەشێک لە دابەشبوونی سیاسی، بەڵام پرسی یەکخستنی دامەزراوەکان و کۆتاییهێنان بە کاریگەرییە حیزبییەکان بە تەواوی چارەسەر نەبوو.

«دووئیدارەیی؛ زامێکی کۆنی سیستەمی سیاسی»

یەکێک لە گرنگترین ئاستەنگەکانی بەردەم داهاتووی کوردستان، کێشەی دووئیدارەییە، ئەم کێشەیە تەنها بە جیاوازیی ناوچەیی و ئیداری سنووردار نابێت، بەڵکو پەیوەندی بە شێوازی دابەشکردنی دەسەڵات، بەڕێوەبردنی دامەزراوەکان، سیستەمی ئەمنی و ئابووری و پەیوەندیی نێوان حیزب و حکومەتەوە هەیە.

لە ڕاستیدا، پرسی دووئیدارەیی ئەو پرسیارە دروست دەکات کە ئایا هاوڵاتیی هەرێم لە هەموو ناوچەکاندا بە یەک ئاستی خزمەتگوزاری و ماف و دەرفەتەکان بەهرەمەندە؟ ئایا دامەزراوە حکومییەکان بە یەک یاسا و سیستەم کار دەکەن، یان هێشتا کاریگەرییە سیاسی و حیزبییەکان لە شێوازی بەڕێوەبردنیاندا دیارن؟

لەو ڕووەوە، یەکخستنی دامەزراوەکان نابێت تەنها بە گۆڕینی ناوی بەش و دەزگا حکومییەکان بێت؛ بەڵکوو پێویستە دەسەڵات، بڕیار، دارایی و بەرپرسیارێتی لە چوارچێوەی سیستەمێکی یەکگرتووی یاساییدا ڕێکبخرێن.

«پەرلەمان و قەیرانی پێکهێنانی حکومەت»

پەرلەمانی کوردستان دەبوو ببێتە ناوەندی یاسادانان، چاودێری و چارەسەرکردنی ناکۆکییە سیاسییەکان؛ بەڵام دوای هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری 2024، ناکۆکییەکان لەسەر شێوازی دابەشکردنی دەسەڵات و پۆستە سەرەکییەکان پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمیان درێژ کردەوە.

لەو هەڵبژاردنەدا پارتی دیموکراتی کوردستان 39کورسی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسیی بەدەستهێنا؛ بەڵام هیچ کام لە دوو حیزبە سەرەکییەکە زۆرینەی پێویستیان بەدەست نەهێنا. ئەمەش پێویستیی ڕێککەوتن و هاوپەیمانیی سیاسی زیاتر کرد.

بەڵام ناکۆکییەکان لەسەر پۆستەکان و شێوازی هاوبەشکردنی دەسەڵات وای کرد پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت بۆ ماوەیەکی درێژ بوەستێت. لە ٤ی تشرینی دووەمی 2026 پەرلەمان دوای نزیکەی دوو ساڵ وەستان، بە بەشداریی 52 ئەندام دانیشتنەکەی دەستپێکرد، بەڵام یەکێتی و هەندێک لایەنی سیاسیی دیکە بەشدارییان نەکرد.

دواتر، ناکۆکییەکان قووڵتر بوون؛ یەکێتیی نیشتمانی ڕایگەیاند، کە لە حکومەتی هەرێم دەکشێتەوە و سەرۆکی ئەو حیزبە هەڕەشەی دروستکردنی ئیدارەیەکی جیاوازی لە ناوچەی سلێمانی کرد، ئەوەش ترسی گەڕانەوەی دۆخی دووئیدارەیی زیاتر کردووە.

ئەم گەشە سیاسییانە پرسیارێکی گرنگ دەخەنەڕوو: ئایا پەرلەمان و دامەزراوە دەستوورییەکان دەتوانن ببنە شوێنی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، یان ملمڵانێی حیزبی هێشتا دەبێتە هۆی وەستانی دامەزراوەکان؟

«هەولێر و بەغدا؛ پەیوەندییەکی پڕ لە ناکۆکی»

داهاتووی کوردستان تەنها بە ناکۆکییە ناوخۆییەکانەوە پەیوەست نییە؛ پەیوەندیی هەولێر و بەغداش ڕۆڵێکی بنەڕەتی لە دیاریکردنی دۆخی سیاسی و ئابووریی هەرێمدا هەیە.

پرسی نەوت، بودجە، مووچەی فەرمانبەران، داهاتی ناونەوتی و دەسەڵاتی دارایی، لە گرنگترین خاڵە ناکۆکەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵن، ئەم ناکۆکییانە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا کاریگەرییان لەسەر سەقامگیریی دارایی و ژیانی هاووڵاتیان هەبووە.

لە تشرینی دووەمی 2026دا گفتوگۆکان لەسەر ڕەشنووسی بودجەی ساڵی 2027، داهاتی نەوت و گەرەنتیی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەردەوام بوون،بەڵام جیاوازیی نێوان هەولێرو بەغداد لەسەر ڕێژەی بەشی هەرێم لە بودجە و بڕی نەوتی پێویست بۆ گواستنەوە بۆ بەغداد بەردەوامەوهێشتا لە گفتوگۆدان.

لەبەر ئەوە، پرسیارەکە تەنها ئەوە نییە کە هەرێم چەند بودجەیەک وەردەگرێت؛ بەڵکوئەوەیە تا چەند دەتوانێت سیاسەتێکی دارایی جێگیر دابڕێژێت، سەرچاوەکانی داهاتی خۆی بەڕێوە ببات و لەسەر بنەمای دەستوور مافە دارایی و ئیدارییەکانی بپارێزێت.

«پرسی بەڕێوەبردنی کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم»

یەکێک لە بابەتە هەستیار و چارەنووسسازەکانی پرسی کورد لە عێراق، دۆخی بەڕێوەبردنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمە؛ ناوچەیەک کە بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکان، ملمڵانێی دەسەڵات و نەبوونی چارەسەرێکی کۆتایی بۆ ماددەی 140ی دەستووری عێراق، هێشتا ڕووبەڕووی کێشەی سیاسی، ئیداری و ناسنامەییە.

کەرکوک، لەگەڵ ناوچە جێناکۆکەکانی دیکە، نموونەیەکی ڕوونی ئەم دۆخەن، ئەم ناوچانە تەنها لە ڕووی جوگرافییەوە گرنگ نین؛ بەڵکو لە ڕووی مێژوویی، نیشتمانی، ئابووری و ستراتیژیشەوە پێگەیەکی تایبەتییان هەیە.

چارەسەرکردنی ئەم پرسانە پێویستی بە هەڵوێستێکی نیشتمانیی یەکگرتوو، دیپلۆماسییەکی بەهێز و پابەندبوون بە دەستوور هەیە. بە تایبەتی، جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستووری عێراق، کە بۆ چارەسەرکردنی دۆخی ناوچە جێناکۆکەکان دانراوە، هێشتا یەکێکە لە بابەتە گرنگە چارەسەرنەکراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

لەو بارودۆخەدا، ئەگەر هێزە سیاسییە کوردییەکان بەهۆی ناکۆکیی ناوخۆییەوە هەڵوێستی هاوبەشیان نەبێت، ئەوا دەتوانێت پێگەی کورد لە گفتوگۆکانی بەغدا لاواز بکات و چارەسەرکردنی ئەم پرسانە زیاتر دوا بخات، بۆیە پاراستنی مافە دەستوورییەکان و چارەسەرکردنی پرسی ئەم ناوچانە دەبێتە بەشێکی دانەبڕاو لە هەر ستراتیژییەکی نیشتمانیی هاوبەش بۆ داهاتووی کوردستان.

«نەبوونی ستراتیژیی نیشتمانیی هاوبەش»

یەکێک لە کێشە بنەڕەتییەکانی سیاسەتی کوردی ئەوەیە کە هێشتا ستراتیژییەکی نیشتمانیی هاوبەش نییە کە هێزە سیاسییەکان لەسەر خاڵە سەرەکییەکانی داهاتووی کوردستان کۆیان بکاتەوە،زۆرجار هەر حیزبێک لە ڕوانگەی بەرژەوەندیی خۆیەوە مامەڵە لەگەڵ پەیوەندییەکانی بەغدا و وڵاتانی دراوسێ و هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان دەکات؛ ئەوەش دەتوانێت هەڵوێستی کورد لەسەر بابەتە نیشتمانییەکان لاواز بکات.

ستراتیژیی نیشتمانیی هاوبەش واتە ڕێککەوتن لەسەر پاراستنی دەستکەوتە دەستوورییەکان، یەکخستنی دامەزراوەکان، مافەکانی کورد لە چوارچێوەی عێراقدا، چارەسەرکردنی پرسی ناوچە جێناکۆکەکان و دیاریکردنی سنووری بەرژەوەندیی نیشتمانی لە پەیوەندییە دەرەکییەکاندا.

بێ ئەوەی ئەم خاڵانە ببنە بنەمای ڕێککەوتنێکی سیاسیی بەردەوام، هەر ڕێککەوتنێک لەوانەیە تەنها چارەسەرێکی کاتی بۆ دابەشکردنی دەسەڵات بێت، نەک هەنگاوێک بەرەو چارەسەرکردنی قەیرانە بنەڕەتییەکان.

«کوردستان و دەرفەتە مێژووییە لەدەستچووەکان»

یەکێک لە مەترسییە گەورەکانی بەردەم کوردستان ئەوەیە کە ناکۆکییە ناوخۆییەکان وای لە هێزە سیاسییەکان بکەن لە بەرامبەر گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا بێهێز و بێهەڵوێست بن. کاتێک پێگەی سیاسیی کورد لە بەغدا لاواز دەبێت، ئەوە تەنها حکومەتی هەرێم نییە کە زیانی پێ دەگات؛ بەڵکوو پرسی کورد لە ناوچە جێناکۆکەکان، لەوانە کەرکووک، و داهاتووی مافە دەستوورییەکانی کوردیش دەکەوێتە مەترسییەوە.

کوردستان پێویستی بە پرۆژەیەکی نیشتمانیی هاوبەش هەیە؛ پرۆژەیەک کە لەسەرووی سنووری حیزب و ناوچە و بەرژەوەندیی تاکەکەسییەوە بێت. چونکە ئەگەر هێزە سیاسییەکان لە ناوخۆدا یەکڕیز نەبن، لە دەرەوەش ناتوانن بە هەمان ئاست پێگە و مافەکانی کورد بپارێزن.

«ئەمریکا و وڵاتانی دراوسێ؛ هاوپەیمانی و بەرژەوەندی»

کوردستان بەهۆی شوێنی جوگرافی و گرنگیی سیاسی و ئەمنییەوە، هەمیشە بووەتە بەشێک لە هاوکێشەی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، تورکیا، ئێران و بەغدا،هەر یەک لەو هێزانە لە ڕوانگەی بەرژەوەندیی خۆیەوە مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەکات.

د. نەبەز مەجید ئەمین لە قسەکانیداجەخت لەوە دەکاتەوە، کە ئەمریکا دەتوانێت هاوپەیمانێکی گرنگ بێت و تورکیا و ئێرانیش دراوسێی هەمیشەیی کوردستانن، بەڵام هیچ هێزێکی دەرەکی ناتوانێت جێگەی یەکڕیزی ناوخۆ، متمانەی سیاسی و حوکمڕانیی باش بگرێتەوە.

قسەی ئەو مامۆستایەی زانکو، خاڵێکی گرنگە لە تێگەیشتن لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان؛ چونکە هاوپەیمانییەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی دروست دەبن و بە پێی گۆڕانی بارودۆخ و هاوکێشەی سیاسی دەگۆڕێن. بۆیە پێویستە هەرێم لە ڕێگەی سیاسەتێکی هاوسەنگ و دیپلۆماسییەکی یەکگرتووەوە بەرژەوەندییەکانی خۆی بپارێزێت، نەک ئەوەی ناکۆکیی ناوخۆ ببێتە دەرفەت بۆ زیادبوونی کاریگەریی هێزە دەرەکییەکان.

«ئابووری؛ ژیانی خەڵک لە سەرووی پۆست و وەزارەتەکانەوە»

ئەمڕۆ هاوڵاتیی کوردستان زیاتر لە هەر شتێک پێویستی بە ئارامی، مووچەی بەردەوام، هەلی کار، خزمەتگوزاریی باش و حکومەتێکی کارایە، بۆ خەڵک گرنگ نییە کام حیزب چەند پۆست و وەزارەت بەدەست دەهێنێت؛ گرنگ ئەوەیە ئەو دەسەڵاتە چەندە لە خزمەتی ژیان و داهاتوویاندا دەبێت.

بەڵام دۆخی ئابووریی هەرێم هێشتا ڕووبەڕووی چەند ئاستەنگێکی بنەڕەتییە: پشتبەستن بە داهاتی نەوت، کێشەی مووچە، کەمیی هەلی کار، لاوازیی بەرهەمهێنانی ناوخۆ و نەبوونی هاوسەنگی لە دابەشکردنی دەرفەتە ئابوورییەکان.

چارەسەری ئەم کێشانە پێویستی بە سیاسەتێکی ئابووریی درێژخایەن هەیە؛ سیاسەتێک کە کشتوکاڵ، پیشەسازی، گەشتوگوزار و وەبەرهێنانی ناوخۆ و دەرەکی پەرە پێ بدات، شەفافیەت لە داهات و خەرجییەکاندا دابین بکات و دەرفەتی کار بۆ گەنجان زیاد بکات.

«متمانەی نێوان دەسەڵات و هاووڵاتیان»

د. نەبەز مەجید، جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەمڕۆ کوردستان پێویستی تەنها بە ڕێککەوتنێکی نوێی نێوان سەرکردە سیاسییەکان نییە، بەڵکو پێویستی بە متمانەیەکی نوێی نێوان دەسەڵات و هاوڵاتیان هەیە؛ متمانەیەک کە لەسەر دادپەروەری، شەفافیەت و پێشخستنی بەرژەوەندیی گشتی بنیات بنرێت.

ئەم متمانەیە بە وتە و بەڵێنی سیاسی دروست نابێت؛ بەڵکو بە ئەنجامی کارکردنی دامەزراوەکان، جێبەجێکردنی یاسا، بەرپرسیارێتیی حکومەت و پاراستنی مافی هاووڵاتیان بەدەست دێت.

نەوەی نوێی کوردستانیش داواکارییەکی ڕوونی هەیە: ژیانێکی باشتر، دەرفەتی کار، ئازادی، دادپەروەری و داهاتوویەکی ڕوون. بۆیە دەبێت بەشداریی خەڵک لە بڕیارسازی و چاودێریی دەسەڵات بە شێوەیەکی کردەیی بەهێز بکرێت.

«مێژوو، جوگرافیا و وانەکانی ڕابردوو»

ئەزموونی مێژوویی کوردستان ئەوەمان فێر دەکات کە ناکۆکیی ناوخۆ، هەر کاتێک لە سنووری ملمڵانێی سیاسی تێپەڕیوە، زیانەکەی تەنها بەر حیزبەکان نەکەوتووە، بەڵکو خەڵک و داهاتووی نیشتمانیشی گرتووەتەوە.

تەنها شتێک کە گرنگەو بەردەوام خەڵکە بەزموونەکەی هەرێمی کوردستان جەختی لێدەکەنەوە ئەوەیە کە (مێژوو ناگۆڕدرێت، بەڵام دەتوانین وانەی لێ وەربگرین،جوگرافیا ناگۆڕدرێت، بەڵام دەتوانین بە ژیری مامەڵەی لەگەڵ بکەین.

ئەو بۆچوونەش، واتە کوردستان ناتوانێت واقیعی جوگرافی و سیاسیی خۆی بگۆڕێت، بەڵام دەتوانێت بە دیپلۆماسی، یەکڕیزی و سیاسەتێکی هاوسەنگ کاریگەریی ئەو واقیعە کەم بکاتەوە، هەروەها ناکۆکیی سیاسی بە فەرمان کۆتایی نایەت، بەڵام دەتوانرێت بە گفتوگۆ، یاسا و ڕێزگرتن لە دامەزراوەکان چارەسەر بکرێت.

«داهاتووی کوردستان لە نێوان چەند ڕێڕەودا»

لە بەردەم ئەم بارودۆخەدا، کوردستان ڕووبەڕووی چەند ڕێڕەوێک دەبێتەوە، بەردەوامبوونی ناکۆکییە سیاسی و ئیدارییەکان دەتوانێت کاریگەریی لەسەر یەکگرتوویی دامەزراوەکان و متمانەی خەڵک بەردەوام بکات، لە بەرامبەردا، ڕێککەوتنێکی سیاسیی بەردەوام، یەکخستنی دامەزراوەکان و گەڕاندنەوەی ڕۆڵی پەرلەمان دەتوانێت بنەمای قۆناغێکی نوێی حوکمڕانی دابنێت.

بەڵام ئەو ڕێککەوتنە نابێت تەنها سازشێک بێت بۆ دابەشکردنی پۆست و وەزارەت؛ دەبێت لەسەر بنەمای ڕێککەوتن لەسەر یاسا، دەسەڵات، بەرپرسیارێتی، دارایی و یەکگرتوویی دامەزراوەکان بێت.

لە هەمان کاتدا، پەیوەندیی هەولێر و بەغدا پێویستی بە چارەسەرێکی دەستووری و بەردەوام هەیە، و هەرێمیش دەبێت لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا بەرژەوەندیی خۆی بە شێوەیەکی هاوسەنگ بپارێزێت.

«داهاتووی کوردستان لە دەستی کێدایە؟»

داهاتووی کوردستان تەنها بە بڕیاری واشنتن، ئەنقەرە، تاران یان بەغدا دیاری ناکرێت؛ بڕیار و هەڵوێستی هێزە سیاسییەکانی خۆیشی ڕۆڵێکی بنەڕەتییان هەیە.

هاوپەیمانەکان دێن و دەڕۆن، حکومەتەکان دەگۆڕێن و سەرکردەکانیش نامێنن؛ بەڵام کوردستان و خەڵکەکەی دەمێننەوە.

بۆیە گرنگترین پرسیار ئەمڕۆ ئەوە نییە کێ دەسەڵاتی زیاتر بەدەست دەهێنێت، بەڵکوو ئەوەیە: ئایا دەتوانین بەرژەوەندیی کوردستان بخەینە سەرووی بەرژەوەندیی حیزبەکانەوە؟

داهاتووی کوردستان بە یەک فاکتەر دیاری ناکرێت؛ بەڵکو بە کۆی بڕیارە سیاسییەکان، شێوازی حوکمڕانی، توانای دامەزراوەکان، پەیوەندییە دەرەکییەکان و بەشداریی خەڵک پێک دێت.

وەڵامی ئەم پرسیارەش لە کۆتاییدا دەگەڕێتەوە بۆ بەرپرسیارێتیی ئەو هێزانەی ئێستا دەسەڵاتیان لە دەستدایە و ئەو کۆمەڵگەیەی کە خاوەنی ماف و چارەنووسی خۆیەتی.

کوردستان تەنها ئەوە نییە کە لە ڕابردوودا خەباتی بۆ کراوە؛ ئەوەیە کە ئەمڕۆ چۆن بەڕێوە دەبرێت و سبەی چۆن بۆ نەوەکانی داهاتوو دەمێنێتەوە.

ئەم بابەتە بەسوودە؟ لەگەڵ هاوڕێکانت هاوبەشی بکە:

بابەتە پەیوەندیدارەکان

هەمووی لە ڕاپۆرتە هەواڵ
AD • ڕیکلام بۆ ڕیکلام پەیوەندی بکە